شەڕی حەماس و ئیسرائیل: چەند سەرنجێک

Draw Media

2023-10-09 07:32:21



سه‌ردار عه‌زیز

یەکەم، لە ئاستی مرۆیدا غەزە بەندیخانەیەکی گەورەیە. بە دیوارو دەریا دەورە دراوە. ئەمەی ڕویدا لە هەوڵی هەڵاتنی بەندی دەچوو.

دووەم، لە ساڵانی رابوردودا پرسی فەلەستین زۆر خرایە پەراوێزەوە. بە جۆرێک کە جاران دەیانگوت بەبێ چاره‌سەری پرسی فەلەستین ئاشتی نابێت، بەڵام ئاساییکردنەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیلدا وەها دەبینرا کە ناوچەکە ئەو قۆناغەی تێپەڕاند. دەرکەوت وەها نیە.

سێیەم، ئەوەی ڕویدا پەشۆکان و سوپرایز بوو بۆ سیستەمێکی سەربازی کە لە دونیادا وەها دەبینرێت کە لە ڕووی تەکنەلۆجی و زانیارییەوە یەکەمی بێ ڕکەبەرە.

چوارهەم، حەماس ڕوداوێکی قارەمانی تۆمار دەکات بەڵام هەوڵێکی خۆکوژیی بوو.

ئیسرائیل

پێنجەم، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە باشترین کاتی جیوپۆلەتیکیدایە، بەوەی هەموو نەیارەکانی لاوازن و سەرقاڵی دۆخی ناوخۆیی خۆیانن، بەڵام ئەم هێرشە تۆقاندی.

شەشەم، ئیسرائیل لەم ساڵانەی دوایدا بە ئاڕاستەیەکی دینی دژە دیموکراسی و توندڕەوی و پەرتبوون دەچێت. هەموو ئەمانە کاریگەرن لەوەی کە چۆن هۆکاری ئەم دۆخە بوو، هەروەها چۆن مامەڵەی دەکات.

حەوتەم، ئیسرائیل پەنجا ساڵ لەمەوپێش توشی پەشۆکانێکی هاوشێوە بوو، ئێستا ئیسرائیل لەڕووی توانای تەکنەلۆجی و سەربازییەوە بەهێزترە، بەڵام لە ڕوی مرۆییەوە، خەڵکەکەی شەڕ کەر نین.

ڕەهەندی هەرێمی

هەشتەم، ڕێکەوتنی سعودی- ئیسرائیلی- ئەمریکی لەدوا قۆناغدا بوو. بەو جۆرێک سعودییەکان گەرەنتی پاراستن لە ئەمریکا وەربگرن و ڕێگەیان پێبدرێت ببنە خاوەن ئەتۆمی ئاشتی.

نۆیەم، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حیزب اللە دێتە ناو شەڕەکەوە یان تەنها لە ئاستێکی سنورداردا پشتیوانییەکی سیمبولی پێشان دەدات. ئەمە پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێرانەوە. ئەمریکا بۆ ڕێگریی لەوە کەشتیە فڕۆکەهەڵگرەکەی بەرەو ناوچەکە خستوەتە ڕێ. ئێران هەتا ئێستا براوەیە. چونکە قوربانی یەکەمی هێرشەکەی حەماس پرۆسەی ئاساییکردنەوەی سعودیە- ئیسرائیلە.

دەیەم، ئەمریکا دەیویست ناوچەکە بەو هێمنییە بهێڵێتەوە هەتا پاش هەڵبژاردن. تەنانەت شانازیشیان پێوەدەکرد، وەک سولیڤان لە فیستڤاڵی ئەتلانیتیکدا ئاماژەی پێدا ڕۆژانی پێشوو. بەڵام بە هێمن هێشتنەوەی ناوچەکە ڕەنگە بەو شێوەیە مەحاڵ بێت.

ڕەهەندی نێودەوڵەتی

یانزە، گەرچی پرسی فەلەستین پاش پرسی کورد کۆنترین کێشەی ناوچەکەیە، بەڵام لە نەخشەی نوێی جیهاندا خۆی دەبینێتەوە. خێرا زیلینیسکی پشتیوانی ئیسرائیلی کرد. گەرچی لە دڵەوە پێی ناخۆشە، چونکە سەرنج و هاوکاری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەچێت. بەم پێیە ڕوسیا پێی خۆشە.

دوانزە، ئەمریکا سیستەمێکی سیاسی شلۆقاوی هەیە. کۆنگریس بێ سەرۆکە، وڵات پەرتە، شەڕی کەلتوری ئەمریکای داخانکردوە.

سیانزە، چین ناڕاستەوخۆ هۆکارە، بەڵام چین لە هەڵوێستێکی ئاساندا نیە، بۆیە ڕەنگە هیچ نەڵێت یان داوای ئاشتی یان تەشەنەنەکردن بکات. چونکە چین سود لە ئەی ئای ئیسرائیلی دەبینێت و هەروەها وەک سیمبول پشتیوانی فەلەستینیەکانە بۆ دەرخستنی دژە ئەمریکایی و ئیمپریالیزمی خۆی.

کورد

چواردە، مامەڵەی تورک لە گەڵ ڕۆژئاڤادا لە زۆر ڕوەوە لە مامەڵەی ئیسرائیل دەچێت لە گەڵ غەزەدا. دژایەتی هێرشی غەزە و پشتیوانی ئەردۆگان جگە لە نیفاق هیچی تر نیە.

پانزە، ڕەنگە ئێران بکەوێتە ژێر فشارەوە، ئەمە ئەگەر وەها بێت بۆ کورد باشە. چونکە هەوڵی ئارامی لە قازانجی کورد نەبوو، بە تایبەتی لە عێراق.

چواردە، کورد لە ڕوی مرۆییەوە لە فەلەستینیەکان دەچێت، لە روی جیوپۆلەتیکیەوە ڕەنگە زیاتر سودمەندبێت کە ئەمریکا بایەخ بە ناوچەکە بدات، نەک فەرامۆشی بکات وەک یەک دوو ساڵی رابوردوو بینیمان. بەڵام پێویست ناکات کورد پشتیوانی هیچ لایەک بێت، بە فەرمی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand