سبەینی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە

Draw Media

2023-10-07 09:02:05




درەو:
لەسەر بانگهێشتی بافڵ تاڵەبانی، سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی سازدەكات، هێشتا بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە دیار نیە، بەڵام ئەركی سەرۆكی یەكێتیە دوای كۆنگرە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دیاری بكات و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند بكرێن و ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی پشتیوانی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیش دیاری بكات.
رۆژی 27ی ئەیلولی رابردوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەی پێنجەمی بەست، پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكرد و بافڵ تاڵەبانی بەسەرۆكی یەكێتی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژارد كە (61) ئەندامە بەسەرۆكەوە پێكهاتووە، بەپێی مادەی (21)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لە دوای كۆنگرە سەرۆكی یەكێتی بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكات بۆ كۆبوونەوەو سەرپەرشتی یەكەم كۆبوونەوە دەكات، ئەنجومەنی سەركردایەتی بەرزترین دەسەڵاتە لە نێوان دوو كۆنگرەداو رێژەی یاسایی دانیشتنەكان بە ئامادەبوونی (50+1)ی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت، تا ئێستا دیار نیە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دادەنرێن یان نا؟
لەداوی كۆنگرە ئەركی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنەكانی (پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاكانی یەكێتی و ئەنجومەنی پشتیوانی) دیاری بكات، ئەمە سەرەرای ئەوەی كۆنگرە دەستی بافڵ تاڵەبانی واڵاكردووە بۆ ئەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی زیاد بكات، بۆ ئەو كەسانەی لە حكومەت و پەرلەمانن و ئەو كەس و لایەنانەی دەچنە ناو یەكێتیەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بافڵ تاڵەبانی چەند كارەكتەرێكی ناو حكومەت كە مافی خۆ كاندیدكردنیان نەبوو بباتە ئەنجومەنی سەركردایەتی:
-    د. دارا رەشید
-    بێگەرد تاڵەبانی
-    سەمیر هەورامی

-    فەهمی بورهان
-    خالید شوانی

ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی:
بەپێی مادەی (54)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی ئۆرگانێكی باڵای یەكێتیەو ئەركی رێنماییكردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی تری یەكێتیە بۆ پرسە سیاسی و ستراتیژییەكان.
ژمارەی ئەندامەكانی (9 - 15) ئەندامەو جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی ئەنجومەنەكەیە لە شوێنی كۆسرەت رەسوڵ     عەلی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پاش كۆنگرە ئەندامانی ئەنجومەنەكە دیاری دەكات

ئەنجومەنی پشتیوانی:
ئەنجومەنی پشتیوانی لە مادەی (57)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا هاتووە:
ئەنجومەنێكە لە ئەندامانی كارای خولی پێشووی سەركردایەتی و تێكۆشەرانی یەكێتی پێكدێت و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكە (100) ئەندامەو لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی
بەپێی مادەی (32)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، مەكتەبی سیاسی ئۆرگانێكی باڵای ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیەو ناوەندی سەرەكی بڕیاردانی حزبە لەسەرجەم بوارەكانی پەیوەست بە یەكێتی و هەرێم و عێراق و جیهان.
ژمارەی ئەندامانی (12- 14) ئەندامی سەركردایەتی دەبێت و لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێت و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەند دەكرێت.
تا ئێستا دیار نیە لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە بڕیارە سبەینێ بەڕێوە بچێت دیاری دەكرێن یان نا، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەم ئەندامانەی سەركردایەتی یەكێتی كە چانسیان هەیە بكرێنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی (14) كەسیان دەكرێنە ئەندامی مەكتەبی سیاسی:
•  قوباد تاڵەبانی
•  نزار ئامێدی  
• ستران عەبدوڵا  
• رێواز فایەق  
• هاوڕێ دارۆ شێخ نوری  
• یوسف گۆران
•  عیماد ئەحمەد
•  شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
• ئاسۆ مامەند
• رەفعەت عەبدوڵا
• دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
• شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ
• د. جوان ئیحسان
• شاڵاو عەلی عەسكەری
•  خەسرەو گوڵ محەمەد
•  بورهان سەعید سۆفی

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand