بەغداد موچەی چەند فەرمانبەری هەرێم دەدات؟

Draw Media

2023-10-06 20:32:49




راپۆرتی  درەو:
هەرێمی كوردستان (ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆری هەیە، بەڵام (658 هەزار) فەرمانبەری هەرێم لای بەغداد تۆماركراوە كە دەكاتە (52%)ی كۆی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە (48%)ی موچەخۆرانی هەرێم بەفەرمی ناویان لای بەغداد نیە، ئەگەر حكومەتی عێراق بڕیار بدات موچەی موچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ بدات، چۆن و بە چی میكانیزمێك دەبێت ؟ بەغداد موچەی كۆی موچەخۆرانی هەرێم دەدات یاخود تەنیا ئەو فەرمانبەرانەی كە لای بەغداد تۆماركراون؟

چارەنووسی موچەی موچەخۆران
لە چەند رۆژی رابردوودا فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) جگە لە فراكسیۆنی پارتی، واژۆیان لەسەر نوسراوێك كرد بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگەی بەغداو بانكی (TBI)ەوە بدرێت، نوسراوەكە ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرا، لەكاردانەوەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ رایگەیاند: ئەگەر موچە لە بابەتەكانی تریش جیابكرێتەوە هەر دەبێت لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێت، ئەمەش وەك جۆرێك لە رازی بوون لێكدرایەوە كە كێشەی نیە بەغداد راستەوخۆ موچە بدات بەڵام دەبێت لە رێگەی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێـت.
ئەگەر بەغداد بچێتە ژێر باری ئەم پێشنیازە چەند فەرمانبەرو موچەخۆری هەرێمی كوردستان لێی سودمەند دەبێت؟

بەغداد موچەی كێ دەدات؟
ئێستا چارەنووسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پەیوەستكراوە بە هەمواری یاسای بودجەی عێراقەوە، جا لەرێگای بەغدادەوە راستەوخۆ بدرێت یاخود وەك پشكی هەرێم لە یاسای بودجەدا بێت و بەو شێوەیەی ئێستا بنێردرێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پاڵپشت بە لایەنە شیعەكان كە موچەی موچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لە بابەتەكانی تری پشكی هەرێم و بخرێتە خشتەی موچەی موچەخۆرانی عێراقەوە، سودانی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی شیعەو لایەنە عێراقییەكان بەڵێنیانداوە لە هەمواری یاسای بوودجەدا كە كۆتایی ئەمساڵ لە مانگی (12) ئامادە دەكرێت، چارەسەری موچەی موچەخۆرانی هەرێم بكرێت جیگەی بۆ بكرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵە (2023 - 2024-2025 ) بەڵام دەبێت ساڵانە هەموار بكرێت و خشتەو (تەخسیسات) و ژمارەكان بگۆڕدرێن، بۆیە دەتوانرێت لە كاتی گۆڕینی خشتەو ژمارەو تەخسیساتەكان پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش چارەسەر بكرێت و بخرێتە ناو خشتەی موچەخۆرانی عێراقەوە جا راستەوخۆ بەغداد لەرێگەی ئەژماری ئەلكترۆنی و بانكی (TBI) بێت یاخود بە مەبلەغ بنێردرێت و حكومەتی هەرێم خۆی دابەشی بكات.

بەغداد چۆن موچە دەدات؟
لە حاڵەتی جێگیركردن و جیاكردنەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بابەتەكانی دیكەو خرایە خشتەی موچەخۆرانی عێراقەوە، ئەوا دوو رێگە هەیە بۆ ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم:  
پێشبینی یەكەم:
لە هەمواری یاسای بودجەداو لەناو خشتەی موچەخۆرانی عێراقدا جێگەی موچەخۆرانی هەرێم دەكرێتەوە، بەڵام پشكی موچەی موچەخۆران راستەوخۆ لە بەغدادەوە دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم و حكومەتی هەرێم خۆی موچەكە دابەش دەكات، كە لەیاسای بودجەی عێراقدا  ئەوەی بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە مانگانە دەكاتە (906) ملیار دینار بەم شێوەیە:
•    كۆی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە خشتەكانی یاسای بودجەدا ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە.
•    كۆی موچەی تەرخانكراو بۆ ساڵێك:  (9 ترلیۆن و 300 ملیار ) دینارەو مانگانە دەكاتە (775) ملیار دینار،
•    بۆ موچەی خانەنشینانی هەرێم ساڵانە (ترلیۆنێك و 346 ملیار) دینارو  مانگانە دەكاتە (112) ملیار دینار.
•    بۆ موچەی (23)هەزار پێشمەرگە ساڵانە ( 228) ملیار دینار مانگانە دەكاتە (19) ملیار دینار
واتا كۆی ئەو موچەیەی بۆ موچەخۆران و خانەنشینان و پێشمەرگە تەرخانكراوە، دەكاتە (906) ملیار دیناری مانگانە و ئەگەر وەك خۆی بێت ئەوا لەگەڵ (25) ملیار دیناری هاوپەیمانان بە ئاسانی بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكات، لەو حاڵەتەدا بەغداد پارەی موچەی موچەخۆران دەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم و ئەویش خۆی دابەشی دەكات.
پێشنبینی دووەم:
ئەگەر ئەو پێشنیازە سەربگرێت و بەغداد راستەوخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەرێگەی بانكی (TBI)ەوە بدات ئەو كات گۆڕانكاری درووست دەبێـت، چونكە ژمارەكان جیاوازن ئەوەی لای بەغدایە لەگەڵ ئەوەی هەرێم، جیاوازیەكە (597 هەزار) موچەخۆرە.
•    ئەوەی لای بەغداد تۆماركراوە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە دەكاتە (52%)ی كۆی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان ( ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆرە بەم شێوەیە:
•    ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم: (ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) موچەخۆر
•    ژمارەی فەرمانبەر: (752 هەزارو 959) كەس  بەرێژەی (60%)
•    ژمارەی موچەخۆر: 502 هەزارو 364) كەس بەرێژەی (40%)
•    فەرمانبەری مەدەنی: 430 هەزارو 231
•    سەربازی: 217 هەزارو 979
•    پۆلیس و ئاساییش: 104 هەزارو 699
•    خانەنشینی: 246 هەزرو 269
•    چاودێری كۆمەلایەتی: 159 هەزارو 158 كەس
•    شەهیدان: 96 هەزارو 937
خۆ ئەگەر بەغداد بڕیار بدات تەنیا موچەی ئەو فەرمانبەرانە بدات كە لای خۆی تۆماركراوەو ژمارەیان ( 658 هەزارو 189) فەرمانبەرە لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم جگە لە موچەخۆران (752 هەزار) فەرمانبەری هەیە ئەوانەی لەكاردان، واتا نزیكەی (100هەزار) فەرمانبەری فیعلی هەرێم بێ موچە دەبن، لەگەڵ ئەوەی (597 هەزار) موچەخۆری هەرێم بێ موچە دەبن.
چونكە ئەگەر بەغداد بیەوێت راستەوخۆ موچەی موچەخۆران بدات دەبێت كۆی فایل و ئەوەلیات و پلەبەندی و خزمەت و ناونیشانی موچەخۆران بداتە بەغداد كە ئەمەش ئاسان نیە، كە تەنیا (52%)ی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەلیاتیان لای بەغدادە،
خاڵێكی تر  پرسی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمە كە نزیكەی (48%)ی كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ سلكی سەربازیەو ژمارەیان (433) هەزار كەسە.
🔸ژمارەی هێزە ئەمنییەكان
🔹پێشمەرگەو ناوخۆ: 217 هەزارو 979 كەس
🔹 پۆلیس و ئاساییش:: 104 هەزارو 699 كەس
🔹 خانەنشینی سەربازی: 110 هەزارو 729 كەس
كۆی گشتی هێزی سەربازی: 433 هەزارو 407 كەس

🔸موچەی مانگانەی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكان:
🔹وەزارەتی ناوخۆ : 178 ملیار و 489 ملیۆن دینار
🔹وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار و 61 ملیۆن دینار
🔹ئەنجومەنی ئاساییش و دەزگا: 62 ملیارو 997 ملیۆن دینار
🔹خانەنشینی سەربازی: 75ملیار و 630 ملیۆن دینار
🔹كۆی گشتی: (450 ملیارو 177 ملیۆن) دینارە، دەكاتە 48%ی كۆی موچەی موچەخۆران كە بۆ مانگێك (944 ملیار) دینارە
 

راپۆرتی پەیوەندیدار
لە (49%)ی پارەی موچەی هەرێم بۆسلكی سەربازییە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand