بەرپرسانی كورد موچەكانیان لە بەغدایە

Draw Media

2023-10-05 19:10:05




 شیكاری: درەو
زۆربەی بەرپرسانی كورد لە رێگەی هەژماری بانكیەوە موچە لە بەغداد وەردەگرن، (44) وەزیر و (4) سەرۆك كۆمارو (430) پەرلەمانتار و (4) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و دەیان بەرێوەبەری گشتی و راوێژكار و سوپاسالار و فەرماندە، موچەی حازری و بەشی هەرە زۆریشیان خانەنشینی لە بەغداد وەردەگرن، بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی هەرێم دەیانەوێت هاوشێوەی بەرپرسانی كورد، موچەكانیان لە بەغداد وەربگرن.
چەند رۆژێكە كەمپەین و واژۆكۆكردنەوەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەوڵی پەرلەمانتاران لە ئارادایە بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) واژیان كۆكردووەتەوەو پێشكەشیان كردووە بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگەی بەغدادەوە بێ، .بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوە كە لە هەمواری یاسای بودجەدا ئەو پرسە جێگە بكاتەوە، بەشێك لە موچەخۆران بایكۆتی دەوامیان كردووەو دەڵێن: بۆچی بەشی زۆری بەرپرسان موچە لەبەغداد وەردەگرن ئاساییەو بۆچی بۆ ئێمە ئاسایی نیە، فەرمانبەرانی بەشێك لە دامەزراوە فیدراڵیەكان لە هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لە بەغداوە موچە وەردەگرن وەك فەرمانبەرانی ( نشینگە، پاسپۆرت، كۆمسیۆن، بەداوەكان، زیندانییەكان، كۆڵێجی سەربازی قەڵاچوالان و زاخۆ،  پاسەوانی سنور ....
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رایگەیاند: ئەوانەی داوایانكردووە راستەوخۆ حكومەتی بەغداد موچەی موچەخۆران بدات كە ئەمە پێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی هەرێم‌و لاوازكردنی قەوارەی هەرێمە، موچە لە بابەتەكانی تریش جیابكرێتەوە هەر دەبێت لەرێگەی حكومەتی هەرێمەوە دابەشبكرێت.
لە دوای ساڵی 2003 و روخانی رژێمی بەعسەوە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری كورد پۆستی باڵایان هەبووە لە عێراق و موچەیان لە بەغداد وەرگرتووەو ئێستاش خانەنشینی لە بەغداد وەردەگرن، لەم راپۆرتەدا ووردەكاری پۆستەكانی كورد لە بەغداد دەخەینە روو.
#  كورد لە (20) ساڵی ڕابردوودا بە (44) وەزیر بەشداری لە (8) كابیەی حكومەتی عێراقیدا كردووە.
# (18) ساڵە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار لای كوردە.
# (4) جار جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لای كورد بووە
# (18) ساڵە جێگری سەرۆكی پەرلەمان لای كوردە.
# یەك جار پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لای كورد بووە
# لە دوای ساڵی (2003)ەوە كورد (430) ئەندامی گەیاندووە بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەردەوام جێگری ئەنجومەكە لای پێكهاتەی كورد بووە.
# سەرەڕای ئەو پۆستانە زیاتر لە سەد  بریكاری وەزیر و باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون بە ‌كورد. زیاتر لەوانەش زۆرتر لە 30 پۆستی سوپا سالار و فەرماندەی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگیری عێراق لە پشكی كورد بوون.

یەكەم؛ كورد لە ئەنجومەنی حوكمدا
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لە 9ی نیسانی 2003 سەركردایەتی كورد بە دوو ئیدارەیی هەرێمەوە چووە بەغداد، ئەنجومەنی حوكم دروستكرا لە (12ی تەمووزی 2003 بۆ 1ی حوزەیرانی 2004) كە لە (25) ئەندام پێكهاتبوو، لەناویاندا (5) ئەندامی كورد بوون ئەوانیش: (مە‌سعود بارزانی - سە‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، جە‌لال تاڵە‌بانی - سكرتێری گشتی یە‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، سە‌لاحە‌دین بەهادین - ئەمینداری یە‌كگرتوی ئیسلامی، د مە‌حمود عوسمان - سە‌ربە‌خۆ و دارا نورە‌دین - سە‌ربە‌خۆ).
لە ئەنجومەنی حوكمدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بەشێوەی خول هەر مانگەی یەكێكیان دەبووە سەرۆك كە (12) یان بۆ سەرۆكایەتی دیاریكران، لەناویاندا (مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی) كوردی تێدابوو.
هەر لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا كوردا بە (5 وەزیر) بەشداری لە وەزارەتەكانی ئەنجومەنی حوكمدا كرد ئەوانیش؛ (هۆشیار زێباری - وە‌زیری كاروباری دە‌رە‌وە‌، نە‌سرین بە‌رواری - وە‌زیری شارە‌وانییە‌كان، د. لەتیف رە‌شید - وە‌زیری سە‌رچاوە‌كانی ئاو، محە‌مە‌د تۆفیق رە‌حیم - وە‌زیری پیشە‌سازی و عە‌بدوڕە‌حمان سدیق كە‌ریم - وە‌زیری ژینگە).
 لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا بڕیاری نوسینەوەی دەستورو داڕشتنەوەی سیستمی نوێی عێراق درا، بە وتەی بەرپرسێكی باڵای كورد كاتێك گفتوگۆكرا بۆ داواكاری كورد، بەرپرسانی كورد نەیاندەزانی لەكوێوە دەست پێبكەن، هیچ نوسین و دۆكییۆمێنتێكی رەسمیان بەردەست نەبوو، ناچار گەڕانەوە بۆ رێككەوتننامەی 11ی ئازاری 1970، بەتایبەتیش ئەو مادانەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران هەمان مادەی رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 بوو، بۆ نمونە:
-    كورد زمانی كوردی كرد بە زمانی رەسمی لە پاڵ زمانی عەرەبی، لە مادەی یەكی ریككەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە "زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی رەسمی دەبێت"، بەهەمان شێوە لە دەستوری عێراقیشدا 2005 هاتووە.
-    لە مادەی 2ی رێككەوتنی 11ی ئازاردا نوسراوە "كوردەكان بەشداری تەواوی حوكم دەكەن بە سوپاشەوە".
-    لە مادەی 6ی رێككەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە بودجەیەكی پێویست بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان تەرخان دەكرێت، بە هەمان شێوەی بودجەی هەرێم بەرێژەی 17% دیاریكرا.
-     لە مادەی 8ی بەیانی 11ی ئازاردا هاتووە "كوردەكان و عەرەبەكان دەگەرێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان"، بەهەمان شێوە لە مادەی 58ی دەستوری كاتی و لە ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەییدا واهاتووە، لەدوای ئاساییكردنەوەی ئینجا بڕیاری لێدەدرێت.
واتا ئەوەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، بە دەستكاریەكی كەمەوە لە رێككەوتننامەی 11ی ئازارەوە وەرگیراوە.

دووەم؛ حكومەتی كاتی عێراق بەسەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) 2004
حكومەتی كاتی عێراق بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) لە حوزەیرانی 2004 پێكهات، كورد بەشداری لەم حكومەتە كردو تێیدا؛ (د.فوئاد مە‌عسوم، بووە سە‌رۆكی كۆمە‌ڵە‌ی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمان)و لەگەڵ 75 ئەندامی كورد لەو ئەنجومەنە لەكۆی 275 ئەندامی كۆمەڵەی نیشتیمانی عێراق، د. رۆژ نوری شاوە‌یس كرا بە جێگری سە‌ركۆماری عێراق. لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران و 5 وەزیری كورد لەم كابینەیەدا بەشداربوون ئەوانیش؛ (د. بە‌رهە‌م ئەحمەد ساڵح - جێگری سە‌رۆك وە‌زیرانی عێراق، وشیار زێباری - وە‌زیری كاروباری دە‌رە‌وە‌، د. لە‌تیف رە‌شید - وە‌زیری سە‌رچاوە‌ی ئاو، نە‌سرین بە‌رواری - وە‌زیری شارە‌وانی، نەرمین عوسمان – وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ژنان و بە‌ختیار ئە‌مین كرا بە وە‌زیری مافی مرۆڤ).
 


سێیەم: حكومەتی كاتی عێراق بەسەرۆكایەتی (ئیبراهیم جەعفەری) 2005
لەسەردەمی كابینەی ئیبراهیم جەعفەریدا كە لە نیسانی ساڵی 2005 پێكهات، كورد سەڕەرای پۆستە وزارییەكان، بۆ یەكەم جار پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی بەدەست هێنا، لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە، هاوكات عارف تە‌یفور، بووە جێگری سە‌رۆكی پارلە‌مانی عێراق، لەگەڵ 58 پارلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران، د.رۆژ شاوە‌یس، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانی عێراق، هەریەك لە (هۆشیار زێباری - وە‌زیری دە‌رە‌وە‌، د لە‌تیف رە‌شید - وە‌زیری سە‌رچاوە‌ی ئاو، د بە‌رهە‌م ساڵح، وە‌زیری پلاندانان، عە‌بدولباست كە‌ریم مە‌ولود - وە‌زیری بازرگانی، د.جوان فوئاد مە‌عسوم - وە‌زیری اتصالات، د.ئیدرس هادی - وە‌زیری كاروباری كۆمە‌ڵایە‌تی و نە‌رمین عوسمان - وە‌زیری كاروباری ژنان) دانران.

چوارەم؛ كابینەی یەكەمی نوری مالیكی 2006 - 2010  
دوای ناڕازیبوونی كورد لەسەر ئەدای ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالیكی لە مایسی 2006 كابینەیەكی نوێی راگەیاند، كورد بە چەند پۆستێك لەو حكومەتەدا بەشداربوو، سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن تاڵەبانییەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەلایەن عارف تە‌یفور و د.رۆژ نوری شاوە‌یس، نوێنە‌ری كورد لە‌ ئە‌نجومە‌نی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی عیراقداو 57 پارلەمانتار، هەریەك لە (د.بە‌رهە‌م ساڵح بە جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، هۆشیار زێباری - وە‌زیری كاروباری دە‌رە‌وە‌، د. لە‌تیف رە‌شید - وە‌زیری سە‌رچاوە‌ی ئاو، فە‌وزی حە‌ریری - وە‌زیری پیشە‌سازی، بە‌یان دزە‌یی - وە‌زیری شارە‌وانی، دارا نورەدین – وەزیری داد، عەلی بابان – وەزیری پلاندانان و نە‌رمین عوسمان بە وە‌زیری ژینگە) دیاریكران‌.
لەسەردەمی كابینەی یەكەمی نوری مالیكیدا مادەی 140 كە 30ی كانونی یەكەمی 2007 دوا وادەی بوو، كۆتایی هات و جێبەجێش نەبوو، نوێنەرانی كوردیش هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو.

پێنجەم؛ كابینەی دووەمی نوری مالیكی  2010 - 2014
كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە 25/11/2010 دروستكرا، كورد بەچەند پۆستێك بەشدار بوو، هاوكات جارێكی تر رازی بوو بە دووبارە كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ سەرۆكی حكومەتی عێراق و حكومەتەكە لە شاری هەولێریشەوە پێكهات. سەرەڕای جێبەجێنەكردنی هیچ ماف و داواكارییەكی كورد بە مادەی (140)یشەوە، لەو كابینەیەدا پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن عارف تەیفور لەگەل 57 پارلەمانتاری كوردو د.رۆژ شاوە‌یس، جێگری سەرۆك وەزیران هەریەك لە (هۆشیار زێباری - وە‌زیری دە‌رە‌وە‌، دیندار دۆسكی - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، خەیروڵا عەبدولكەریم - وەزیری بازرگانی و عەبدولمەجید حەمە ئەمین بە وەزیری تەندروستی) دیاری كران.

 

شەشەم؛ كابینەی حەیدەر عەبادی  2014 - 2018
كابینەی حەیدەر عەبادی لە 8/9/2014 لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هات، لەو كابینەیەدا سەرەڕای پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن د. فوئاد مەعسوم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئارام شێخ محەمەد، لەگەل 62 پارلەمانتاری كورد، هەریەك لە د.رۆژ شاوە‌یس، جێگری سەرۆك وەزیران  (هۆشیار زێباری - وە‌زیری دارایی‌، د.دەرباز محەمەد - وەزیری كۆچ و كۆچبەران، فریاد رەواندوزی - وەزیری رۆشنبیری، بەیان نوری - وەزیری كاروباری ژنان و سامان عەبدوڵا بە وەزیری دەوڵەت) دانران.
بەڵام بەبیانووی چاكسازی و بچوكردنەوەی حكومەتەوە، حەیدەر عەبادی هەریەك لە د.رۆژ شاوە‌یس، جێگری سەرۆك وەزیران و بەیان نوری وەزیری كاروباری ژنان، سامان عەبدوڵا وەزیری دەوڵەتی ئیزنداو هۆشیار زێباری وەزیری دارایش لە پەرلەمان متمانەی لێسەندراوە.
 


حەوتەم؛ كابینەی عادل عەبدول مەهدی 2018 - 2020
دوای ئەوەی لە 12/5/2018 كورد توانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی (58) كورسی بەدەستبهێنێت، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی جارێكی تر مسۆگەر كرد (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش درا بە (بەشیر حەداد)، لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كورد بە سێ وەزیر بەشدار بوو ئەوانیش؛ (فواد حسێن – وەزیری دارایی، بەنگین ڕێكانی – وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكرن و حاكم فاروق ئەمین شوانی بە وەزیری داد) دامەزرێندران، بەڵام كابینەكە تەمەنی خۆی تەواو نەكرد لە ساڵی (2020) سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستی لەكار كێشایەوه.

هەشتەم؛ كابینەی مستەفا كازمی 2020-2022
دوای ئەوەی لە عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی (2020) دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە (مستەفا كازمی) وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی پێدرا كە كورد تێیدا (58) كورسی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی تێدا هەبوو جگە لەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی لای (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) بەردەوام بوو، لە كابینەكەی مستەفا كازمی كورد بە سێ وەزیر بەشدار بوو ئەوانیش؛ (فواد حسێن – وەزیری دارایی، نازەنین محەمەد وسو – وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكرن و حاكم سالار حەبدولستار بە وەزیری داد) دامەزرێندران، تائێستا وەك حكومەتی كاربەڕێكەر لە كارەكانیان بەردەوامن چاوەڕوانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقن.

نۆیەم؛ كابینەی محەمەد شیاح سودانی 2022 تا ئێستا
لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە پرۆسەی هەڵبژاردن لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، لە (27ی تشرینی یەکەمی 2022) كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی پێكهات.
 كورد لە خولی پێنجەم (63) كورسی پەرلەمانی هەیە، بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانیشەوە كە (شاخەوان عەبدوڵا)یە لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق  (د. لەتیف رەشید)، هاوكات لە كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی كورد بە چوار وەزیر بەشدارە ئەوانیش؛ (فواد حسێن - وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران، بەنگین رێكانی - وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكرن، خالید شوانی - وەزیری داد، نزار ئامێدی - وەزیری ژینگە)

دەیەم؛ پۆستەكانی دیكەی كورد لەبەغداد
سەرەڕای ئەو پۆستانەی كورد كە تائێستا بەسەرجەم خولەكانی پەرلەمانەوە (430) پەرلەمانتارو یەك جار سەرۆكی پەرلەمان و (4) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و (5) ئەندامی ئەنجومەنی حوكم و سەرۆكی كۆمەڵەی نیشتیمانی و سەرۆك كۆمارو (44) وەزیرو لەگەڵ زیاتر لە سەد بریكاری وەزیرو باڵیۆزی وڵاتان و بەرێوەبەری گشتی و ئەندام و سەرۆكی دەستە، دراون به ‌كورد. زیاتر لەوانەش زۆرتر لە 30 پۆستی سوپا سالارو فەرماندەی هێزی ئاسمانی و فەرماندەو دەزگای هەواڵگری عێراق لە پشكی كورد بوون.
نەوشیروان مستەفا لە وتارێكدا بەناوی (كێ بە‌رپرسە‌ لە‌ جێبە‌جێ نە‌بونی مادە‌ی 140؟ ئە‌مریكا، عە‌رە‌ب، ‌یان كورد؟) كە لە 27/8/2007 دا بڵاویكردوەتەوە ئاماژە بەوە دەكات (با لە‌ نوێنە‌رە‌كانی كورد كە‌ لە‌ بە‌غداد بون و ئیستا لە‌ بە‌غدادن پرسیار بكرێ: چییان بۆ خۆیان كردوە‌و چییان بۆ كە‌ركوك و ناوچە‌ كوردستانییە‌كان كردوە‌؟ بۆ خۆیان، چە‌ندیان پارە‌ی موچە‌ی وە‌زیری و ئە‌ندام پارلە‌مانی وەرگرتووەو دوای گۆڕانییشیان، چە‌ندیان موچە‌ی خانە‌نشینی وە‌رگرتوە‌، چە‌ندیان خانو و زە‌وی وە‌رگرتوە‌، چە‌ند سە‌یارە‌یان وە‌رگرتوە‌، چە‌ند حیمایە‌یان دامە‌زراندوە‌، چە‌ندیان لە‌ خزم و دۆست و ناسیاوی خۆیان دامە‌زراندوە‌، چە‌ند جار سە‌فە‌ری دە‌رە‌وە‌یان كردوە‌، چە‌ند عە‌قدیان ئیمزا كردوە‌... بە‌ڵام بۆ كە‌ركوك و ناوچە‌ كوردستانیە‌كان چی ‌یان كردوە‌؟)
لە كابینەیەكەوە بۆ كابینەیەكی دیكەو لە خولێكەوە بۆ خولێكی دیكەی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەكی زۆری نوێنەری كورد چۆنەتە بەغدادو بەشداربوون لە جومگە سەرەكییەكانی حكومەت و تەواوی دامودەزگاكانی دەوڵەتداریدا، بەڵام لەگەڵ زۆری و زەوەندی نوێنەرانی كورد لە بەغداد، نەك هەر پرسە سیاسی و ئابورییەكانی كورد یەكلانەكراونەتەوە بەڵكو ئاڵۆزترو پڕ كێشە تر بوون، لە بودجە، مادەی 140، پرسی پێشمەرگەو نەوت و دەسەڵاتەكانی هەرێم!!!.

بەشێك لەو بەرپرسانەی كورد كە موچەیان لە بەغداد هەبووەو هەیە:
-    مەسعود بارزانی  ئەندامی ئەنجومەنی حوكم
-    فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق+ سەرۆكی پەرلەمان
-    بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق
-    لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق
-    سەڵاحەدین بەهادین ئەندامی ئەنجومەنی حوكم
-    مەحمود عوسمان ئەندامی ئەنجومەنی حوكم
-    عەلی باپیر ئەندامی پەرلەمانی عێراق -پێشوو
-    عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- پێشوو
-    بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- پێشوو
-    شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
-    ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق- پێشوو
-    هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراق - پێشوو
-    عەبدولڕەحمان سدیق وەزیری ژینگەی عێراق- پێشوو
-    محەمەد تۆفیق رەحیم وەزیری پێشەسازی عێراق - پێشوو
-    نەرمین عوسمان وەزیری كاروباری ژنانی عێراق- پێشوو
-    جوان فوئاد مەعسوم وەزیری گەیاندنی عێراق - پێشوو
-    فەوزی هەریری وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق- پێشوو
-    دیندار دۆسكی وەزیری كۆچ و كۆچبەران- پێشوو
-    دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەران- پێشوو
-    د. عەبدولمەجید حەمەئەمین وەزیری تەندروستی عێراق- پێشوو
-    بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق
-    خالید شوانی وەزیری دادی عێراق
-    بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق - پێشوو
-    ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق -پێشوو

سەرچاوەكان
-    راپۆرتی سایتی (درەو): پۆستە باڵاكانی كانی كورد لە بەغداد (2004 – 2022)
-    محەمەد رەوف، خاكی دابڕێندراو، چاپی یەكەم 2017، لاپەرە، 350-365.
-    وەرزنامەی فۆكەس پرۆسەی حوكمڕانی و هەڵبژاردن لە عێراق (2003 - 2021)، ژمارە 12ی ئۆكتۆبەری 2021.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand