سبه‌ینێ چاره‌نوسی بزوتنه‌وه‌ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌

Draw Media

2023-09-29 18:33:49



راپۆرت: درەو 
هاوكات لەگەڵ كارەكانی كۆنگرەی یەكێتیدا، سبەینێ بزوتنەوی ئیسلامی كوردستانیش دەچێتە ناو كۆنگرەیەكی چارەنوسسازەوە، ئەم كۆنگرەیە خاوەندارێتی بزوتنەوە لەنێوان حاجی كامیل‌و حاجی عیرفان یەكلادەكاتەوە، دوو حاجییەكە بەبێ رێككەوتنی پێشوەختە دەچنە بەردەم دەنگدانی كۆنگرە، وردەكاری زیاتر لەم  راپۆرتەدا. 

2 هەزار كەس مافی دەنگدانی هەیە
سبەینێ چارەنوسی خاوەندارێتی بزوتنەوەی ئیسلامی لەنێوان حاجی (عیرفان عەبدولعەزیز)‌و حاجی (كامیل حاجی عەلی). 
هۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە سبەینێ دەبێت بە شایەتحاڵ لەسەر چارەنوسی ئەو ناكۆكییە ناوخۆییەی كە لەناو بزوتنەوەی ئیسلامیدا سەریهەڵداوە، (2 هەزار) كەس مافی بەشداریكردنیان هەیە لەم كۆنگرەیەدا كە ناوی لێنراوە (كۆنگرەی دامەزراندن). 
ئەو 2 هەزار كەسەی كە مافی دەنگدانیان پێدراوە، ئەو كەسانەن كە ساڵی 2016 ناویان لەلایەن بزوتنەوەی ئیسلامییەوە نێردراوە بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق. 

ناكۆكی نێوان دوو حاجییەكە
ئایاری ئەمساڵ، دادگای سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەركرد.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، فەرمانی دەستگیركردنەكە لەسەر سكاڵایەكە كە (كامیل حاجی عەلی)ی تۆماریكردووە، حاجی كامیل رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ بەفەرمی خۆی وەكو رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند، ئیتر لێرەوە ناكۆكیی نێوان هەردوو حاجییەكە كەوتە قۆناغێكی نوێوە. 

كۆنگرەی 12و تەقینەوەی ناكۆكییەكان
رۆژی 5ی شوباتی 2022 كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی ئیسلامی لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا تەنیا یەك كاندید هەبوو بۆ پۆستی رابەری گشتی كە ئەویش كامیل حاجی عەلی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو سەقفەی بۆ دەنگی رابەر دانرابوو، وەكو رابەر دانەنرا.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كرد بوو،‌ بەپێی پەیڕەوی بزوتنەوە مافی ئەوەی نەبوو خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، ئەمە وایكرد تەنیا كامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكات. 
بەر لە كۆنگرە، حاجی كامیل‌و حاجی عیرفان رێككەوتنیان كرد لەسەر پێوەرێك، پێوەرەكە ئەوە بوو "ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەم دەنگەی بەدەستنەهێنا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە".
ئەم  میكانیزمە مشتومڕی دروستكرد لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام ئەوكات عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی رابەری ماوەتەواوبوو دەیوت" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە". 
"مامۆستا مەلا عوسمان (یەكەم رابەری بزوتنەوە) موئامەرەیەكیان لێكرد‌و بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت" ئەوكات حاجی عیرفان بەمشێوەیە باسی لە پیلانگێڕییەكە دژی مامۆستا مەلا عوسمان كرد.  
بەم میكانیزمە، كامیل حاجی عەلی كە تاكە كاندید بوو دەنگی 50+1ی كۆنگرەی بەدەستنەهێنا‌و عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەكو رابەر مایەوە.
ئەم دۆخە ناكۆكییەكی نوێی لەناو بزوتنەوەدا دروستكرد، كامیل حاجی عەلی و لایەنگرەكانی ئەنجامی كۆنگرەكەیان رەتكردەوە، هەردوو تەرەفی ناكۆك كێشەكانیان بردە فەرمانگەو حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆمسیۆن هەردوولای ناچاركرد جارێكی تر بچنە ناو كۆنگرەیەكی نوێوەو لەوێدا ناكۆكییەكانیان بەلادا بخەن.  
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە جیابونەوەی تەواوەتی، كۆبونەوەیەك لەنێوان هەردوو حاجییەكەدا بەڕێوەچووە، لەم كۆبونەوەیەدا حاجی كامیل تەئكیدی كردوەتەوە كە باڵەكەی ئەو جیابونەوەی خۆیان رادەگەیەنن، ئیتر مشتومڕ دروستبووە، ئێستا حاجی كامیل بانگەشەی ئەوە دەكات لە كۆبونەوەكەدا حاجی عیرفان هەڕەشەی كوشتنی لێكردووە‌و بۆ ئەمەش لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە. 
ئێستاش كە كۆمسیۆن ناچاریكردوون لە كۆنگرەدا كێشەكانیان بەلادا بخەن، كامیل حاجی عەلی پێشنیاری كرد، هیچ كامیان خۆیان بۆ پۆستی رابەر كاندید نەكەنەوە، بەڵام حاجی عیرفان ئەم پێشنیارەی رەتكردەوە. 

لەبارەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە
بزوتنەوەیەكی ئیسلامی كوردستان ساڵی 1987 لەلایەن مەلا (عوسمان عەبدولعەزیز) لە ئێران دامەزراوەو تا ئێستا (12) كۆنگرەی بەستووە. ئایاری 2001 عەلی باپیرو ژمارەیەك لەسەركردەكانی تری ئەم بزوتنەوەیە جیابونەوە‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیان راگەیاند كە ئێستا ناوەكەی گۆڕدراوە بۆ (كۆمەڵی داگەریی كوردستان). 
دوای كشانەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی بەعس لە هەرێمی كوردستان، یەكەم شەڕی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان ساڵی 1993 لەنێوان بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا روویدا، لەم شەڕەدا یەكێتی رابەری گشتی بزوتنەوە (عوسمان  عەبدولعەزیز)ی دەستگیركرد‌و دواتر لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئازادی كرد‌و بارزانی لە پیرمام پێشوازی لێكردن، لەچوارچێوەی هەوڵێكی ئێرانییەكاندا دوای یەكەمین شەڕی ناوخۆیی، بزوتنەوەی ئیسلامی‌و یەكێتیی نیشتمانی كۆتاییان بە شەڕ هێناو رێككەوتنیان كرد، لەوكاتەوە تاوەكو ساڵی 2001 ناوچەی هەڵەبجە‌و خورماڵ‌و هەورامان بوو بە ناوچەی جێ هەژموونی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و لەو ساڵەدا لەچوارچێوەی شەڕی "دژ بە تیرۆر"دا، هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان كردەسەر هەندێك گروپ كە لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوبونەوە، (عەلی عەبدولعەزیز) دووەم رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیشیان دەستگیركرد، ئیتر لێرە بەدواوە بزوتنەوە ناوچەی هەژمون‌و هێزی چەكداری خۆی لەدەستدا‌و كۆمەڵی ئیسلامیشی لێ جیابووەوە. 
رۆژی 11ی ئایاری ئەمساڵ، لایەنگرانی حاجی كامیل لە هۆڵی هونەر لە شاری سلێمانی ویستیان كۆنگرە رێكبخەن، بەڵام رێگەیان پێنەدرا سندوقی دەنگدان دابنێن، بۆیە لە باخچەی هۆڵی هونەردا بەشێوەی "بەیعەت"، حاجی كامیلیان وەكو رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی ناساند. 
لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی لەژێر ناوی "لیستی ئیسلامی" بەشداریكرد‌و (49 هەزارو 108) دەنگی بەدەستهێنا، كە رێژەی 5%ی تێكڕای دەنگەكانی ئەو هەڵبژاردنەی پێكدەهێنا. 
ساڵی 2009 لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئەم بزوتنەوەیە (27 هەزارو 147) دەنگی بەدەستهێناو دوو كورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010ی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەكانی كەمیكرد‌و تەنیا (7 هەزارو 481) دەنگی بەدەستهێنا‌و هیچ كورسییەكی نەبردەوە. 
ساڵی 2013 لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، بزوتنەوەی ئیسلامی (21 هەزارو 834) دەنگی بەدەستهێنا‌و یەك كورسی بردەوە. 
بەپێی داتاكانی بەردەستی (درەو)، لە ساڵی 1992 بۆ 2013 دەنگی بزوتنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا لە (49 هەزار) دەنگەوە بۆ (21 هەزار) دەنگ كەمیكردووە، واتە نزیكەی 50%ی دەنگەكانی خۆی لەدەستداوە.
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كرد‌و هیچ یەكێك لە كاندیدەكانی سەرنەكەوت بۆ پەرلەمان، لەهەمان ساڵدا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی هەڵبژاردنی كرد‌و بەشداری نەكرد.ش

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand