شەش مانگ بەسەر ڕاگرتنی نەوتی هەرێم تێپەڕی

Draw Media

2023-09-25 17:12:09




شیكاری: درەو

🔹 لە (25/3/2023 – 25/9/2023) واتە (6) مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە.
🔹 پاڵپشت بە داتاکانی دیلۆیت لە پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، تواندراوە بە تێکڕای مانگانە زیاتر لە (12 ملیۆن و 461 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت.
🔹 واتە لە ماوەی (6) مانگدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە زیاتر لە (74 ملیۆن و 766 هەزار) بەرمیل نەوت.
🔹 تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی (25/3/2023 – 25/9/2023) بریتی بووە لە (82 دۆلار و 38 سەنت).
🔹 ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم و سێیەمی ساڵی (2022) دا رویدابوو. ئەوا؛
🔹 تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 38 سەنت).
🔹 کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (5 ملیارو 51 ملیۆن و 146 هەزار) دۆلار.

ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و زیانە داراییەکانی
دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەوەی "توركیا ر‌ێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی  پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عیراقەوە بەبێ ر‌ەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت".
دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردووەو لە (25ی ئازاری 2023) بە فەرمی بووە هۆی كە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە.
ئێستا شەش مانگ تێپەڕیوە، سەرباری ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق گەیشتوون بەجۆرێک لە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا نەیتواندراوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو زیانە داراییانەی لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە ماوەی (25/3/2023 – 25/9/2023) دەکەوێتەوە. بە جۆرێک؛
•    بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەم و سێیەمی ساڵی (2022)، واتە هەمان ئەو ماوەیەی کە لە ساڵی (2023) نەوتی هەرێمی تێدا ڕاگیراوە؛
-    حکومەتی هەرێم بە تێکڕای مانگانە (12 ملیۆن و 461 هەزار و 65) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی کردووە.
-    هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی لە ماوەی ناوبراودا بە (15 دۆلار) کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە.
-    هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (54%) داهاتی نەوت چووە بۆ خەرجی پرۆسەکەو (46%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.
کەواتە لەسەر بنەمای هەردوو ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت لە ماوەی چارەکی دووەم و سێیەمی ساڵی (2022) ئەم گریمانەنانەی لای خوارە ڕوندەکەینەوە؛
•    لە (25/3/2023 – 25/9/2023) واتە (6) مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە.
•    هەرێم دەیتوانی بە تێکڕای مانگانە (12 ملیۆن و 461 هەزار و 65) بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
•    واتە لە ماوەی (6) مانگدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە (74 ملیۆن و 766 هەزار و 392) بەرمیل نەوت.
•    تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (82 دۆلار و 38 سەنت).
•    ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم و سێیەمی (2022)دا رویدابوو. ئەوا؛
•    تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 38 سەنت).
•    کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (5 ملیارو 51 ملیۆن و 146 هەزار و 388) دۆلار.
•    ئەگەر ئەو بڕەی داهات (54%) بۆ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم رۆشتبا، ئەوا هاوتا دەبوو بە (2 ملیار و 727 ملیۆن و 619 هەزار و 49) دۆلار.
•    بەم پێیەش بڕی (2 ملیار و 323 ملیۆن و 527 هەزار و 338) دۆلاری بە رێژەی (46%) دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەم خشتەی خوارە پرۆسەکە رونتر دەکاتەوە.


سەرچاوەکان؛
راپۆرتەکانی دیلۆیت لە سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛
•    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی 2022 تاکو ٣٠ی حوزەیرانی 2022.
•    بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی 2022 تاکو٣٠ ئەیلوولی 2022.

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand