بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەنگدان‌و ژماردنی دەنگەكان بە ئەلیكترۆنی دەبێت

Draw Media

2023-09-20 12:01:08




راپۆرت: درەو
رۆژی 5ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رێنمایی تایبەت بە دەنگدان‌و جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەركردووە، بەپێی رێنماییەكان، دەنگدان‌و ژماردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت نەك شێوازی دەستیی، كارتی بایۆمەتری لەگەڵ رەگەزنامە یاخود كارتی نیشتمانی مەرجە بۆ بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەكەدا.  

هەرێمی كوردستان یەك بازنە دەبێت
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەرێگەی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكانی خۆیەوە، بە نوسراوێك رێنمایی تایبەت بە (دەنگدان‌و جیاكردنەوە‌و ژماردنی دەنگەكان)ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەوانەی ئۆفێسەكانی كۆمسیۆن كردووە لە هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی ئەوەی لە رێنماییەكانی كۆمسیۆندا هاتووە، لەسەر بنەمای یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەموار كراو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بەشێوەی یەك بازنەیی بەڕێوەدەچێت، واتە هەرێمی كوردستان بەگشتی یەك بازنەی هەڵبژاردن دەبێت.
دوای زیاتر لە 15 مانگ ناكۆكی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەر لەوەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتن لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، شێوازی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكەن بە "فرە بازنەیی"، واتە هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە ئۆكتۆبەری 2021دا بەڕێوەچوو، پارتی لەسەرەتاوە جەختی لەسەر ئەوە دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی تر شێوازی هەڵبژاردن یەك بازنەیی بێت، لەمەشدا هەریەكە لە حزبی شیوعی كوردستان‌و پارتی سۆسیال دیموكرات‌و بزوتنەوەی ئیسلامی پاڵپشتیان دەكرد، چونكە ئەم لایەنانە پێیان وابوو لە شێوازی فرە بازنەیدا دەنگەكانیان دەفەوتێت‌و توانای سەرخستنی كاندیدەكانیان نابێت، بەڵام لەبەرامبەردا یەكێتیی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی پشتیوانیان شێوازی فرەبازنەیی دەكرد، پێیانوا بوو شێوازی یەك بازنەیی دەبێتە هۆی ئەوەی پارتی جارێكی تر زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان كۆنترۆڵ بكات.
سەرباری ئەوەی هەردوو بەرە ناكۆكە لەسەر شێوازی فرە بازنەیی رێككەوتن‌و بڕیاریاندا كوردستان بكەن بە چوار بازنەی هەڵبژاردن‌و هەر پارێزگایەك بازنەیەك بێت (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی دابەشكردنی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن رێگر بوو لەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە بۆ فرە بازنەیی‌و بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵیشەوە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەسەردا هات‌و یاسا كۆنەكە وەكو خۆی مایەوە.
بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستانیش كاراكردنەوەكەی پەكی كەوت‌و بەوهۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەنای بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بردو ئەركی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی كوردستانی پێ سپارد.

دەنگدانی رەوەندی كوردی
سەرباری ئەوەی لە هەڵبژاردنی لەدوای هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە ساڵی 2009، ئیتر رەوەندی دەرەوە لە بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن بێبەشكراون، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جارێكی ترو بۆ هەڵبژاردنی شوباتی داهاتی پەرلەمانی كوردستان جارێكی تر دەنگدانی رەوەندی دەرەوەی جێگیركردووە.
لەڕووی یاساییەوە بەشداری رەوەندی دەرەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هیچ گرفتێكی تێدا نییە، بەڵام چەند هەڵبژاردنێكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ئەوە رادەگەیەنێت كە توانای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی لە دەرەوە نییە.

كێ مافی دەنگدانی هەیە؟
بەگوێرەی رێنماییەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەوانەی مافی دەنگدانیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، تەمەنی 18 ساڵییان تەواو كردبێت‌و كارتی بایۆمەترییان هەبێت لەگەڵ رەگەزنامە یاخود كارتی نیشتمانی.

دەنگدانی تایبەت
رێنماییەكانی كۆمسیۆنی ئاماژە بەوە دەكات، دەنگدانی تایبەت بەر لە 48 كاتژمێر لە دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێتن دەنگدانی تایبەت ئەمانە دەگرێتەوە:
•    هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ- پێشمەرگە- سوپا- كارمەندانی نەخۆشخانەكان- كارمەندانی زندانەكان‌و زیندانیان
بەگوێرەی رێنماییەكان، دەنگدانی تایبەت‌و گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی شوباتی داهاتوودا، لە كاتژمێر (7:00) بەیانی دەستپێدەكات‌و لە كاتژمێر (6:00)ی ئێوارە كۆتایی دێت.  

دەنگدان ئەلیكترۆنی !
سەرباری ئەو ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانانەی كە بەهۆی دەنگدان‌و ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكانەوە لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی عێراقدا دروستبوو، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش هەمان میكانیزم پەیڕەو بكات.
بەپێی ئەوەی لە رێنماییەكەی كۆمسیۆندا هاتووە، پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی شوباتدا بەمشێوەیە دەبێت:
•    پرۆسەی دەنگدان بەشێوەە ئەلیكترۆنی بەڕێوەدەچێت، لەڕێگەی بەكارهێنانی ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی، كە لەسەر ئاستی وێستگەی دەنگدان تۆماری دەنگدەرانی تێدا هەڵگیراوەو هەڵدەسێت بە خوێندنەوەی تۆماری كارتی بایۆمەتری دەنگدەرو لەرێگەیەوە بەراوردكاری دەكرێت لەنێوان پەنجەمۆرو خوێندنەوەی (QR)ی كارتی دەنگدان، هەروەك بەراوردكاری دەكرێت لەنێوان تۆماری كارتەكە‌و تۆماری ئامێرەكەو، كارتەكە دەخرێتە ناو ئامێری جیاكردنەوەو ژماردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان بۆ خوێندنەوەو شیكردنەوەی كارتەكە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی.  
•    ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی بۆ هەموو وێستگەیەكی دەنگدان دابین دەكرێت‌و تەنیا تۆماری ئەو وێستگەیەی تێدا دەبێت.
•    دەنگدەر بەشێوەی نهێنی دەنگدەدات‌و بە قەڵەمێكی تایبەت كە كۆمسیۆن بۆ ئەم مەبەستە تەرخانی دەكات، مۆر لەو لیست‌و كاندیدانە دەدات كە هەڵیاندەبژێرێت.

ژماردنی دەنگەكانیش ئەلیكترۆنی دەبێت
جیاكرنەوەو ژماردنی دەنگەكان یەكێك لەو قۆناغە هەستیارانەی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان كە بەردەوام كێشەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 2021دا دروستبووە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پەرلەمانی عێراقی پابەند كرد بەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەشێوەیەك هەموار بكاتەوە كە ژماردنی دەنگەكان تێیدا بەشێوەی دەستیی بێت، نەك ئەلیكترۆنی، پەرلەمانی عێراق كە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەمجومەنی پارێزگاكانی هەموار كردەوە لەبەر رۆشنایی ئەم بڕیارەدا، لەپاڵ بەكارهێنانی ئامێری خێراكردنی ئەنجامەكاندا، ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی جێگیركرد.
بەڵام بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە ئاڕاستەی ئۆفێسەكانی خۆی كردووە لە هەرێمی كوردستان، بۆ هەڵبژاردنی مانگی شوباتی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، میكانیزمی جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان بەمشێوەیە دەبێت:
•    بۆ جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان پشت بە ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان دەبەسترێت.
•    سەرجەم تۆمارەكانی دەنگدان (بە ژمارەی نهێنی كارتەكانی دەنگدان/ QR) لە ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنییەوە بۆ ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان لەرێگەی كێبڵێكەوە كە هەردوو ئامێرەكە بەیەكترییەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش بۆ بەراوردكردنی كارتی دەنگدانی ناو سندوقەكان لەگەڵ تۆماری ناو ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی.
•    لەدوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، پرۆسەی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی لەناو وێستگەی دەنگدان ئەنجام دەدرێت لەرێگەی ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی دەنگەكان كە بەستراوە لە سندوقی دەنگدان.
•    تۆماری ئەنجامی هەڵبژاردن لەناو میمۆری ئامێری جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنیدا هەڵدەگیرێت.
•    لەرێگەی (V.SAT)ەوە ئەنجامی ئەلیكترۆنی دەنگدان رەوانەی سەنتەری بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت.
•    راپۆرتی كاغەزیی ورد لەبارەی ئەنجامی دەنگدان لە وێستگەكان دەردەكرێت‌و كۆپییەكی دەدرێت بە بریكاری هەموو حزب‌و لیستەكان‌و كاندیدەكان.

میكانیزمی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن
بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆن، دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاكردنەوەو ئەژماركردنی ئەلیكترۆنی دەنگەكان‌و چاپكردنی راپۆرتی ئەنجامەكان‌و رادەستكردنی بە نوێنەری لایەنەكات، بەڕێوەبەری وێستگەی دەنگدان هەڵدەسێت بە راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی تایبەت‌و گشتیی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand