ده‌قی بڕیاری تایبه‌ت به‌ ناردنی 700 ملیار دیناره‌كه‌ی هه‌رێم

Draw Media

2023-09-17 16:31:11



(درەو): 
حكومەتی عێراق بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دیناری تر قەرز بە حكومەتی هەرێم دەدات، ئەم قەرزە لە شایستەی دارایی هەرێم لە بودجەی 2023 دەبڕدرێت، ئەگەر شایستەی هەرێم لە 2023دا بەشی پێدانەوەی قەرزەكانی نەكرد، لە شایستەی هەرێم بۆ ساڵی 2024 دەبڕدرێت، واتا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ وه‌رگرتنی ئه‌م قه‌رزه‌ لێكه‌وت له‌سه‌ر ساڵی دارایی داهاتووی هه‌رێم به‌جێبهێڵێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌م سێ مانگه‌دا هه‌ردوو حكومه‌ت نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنێكی ریشه‌یی له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ یاسای بودجه‌. 
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەقی بڕیاری كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی لەبارەی ناردنی پارە بە قەرز بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.
ئەم بڕیارە دوای سەردان‌و رێككەوتنی رۆژی 14ی ئەم مانگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دێت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەتدا هیچ بڕیارێكی نوێ لەبارەی پێدانی قەرزو ناردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەرنەچووە، ئەوەی كراوە هەمواری بڕیاری كۆبونەوەی رۆژی 3ی ئەم مانگەی حكومەتی عێراق بووە، كۆبونەوەیەك كە تێیدا بڕیار درا بۆ ماوەی (3) مانگ، مانگانە بڕی (500 ملیار) دینار قەرز بە هەرێمی كوردستان بدرێت بەمەبەستی دابینكردنی خەرجی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حكومەتی هەرێم پێی قایل نەبوو، وتی: بەشی خەرجی موچەی موچەخۆران ناكات. 
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەمشێوەیە هەمواری بڕیارەكەی رۆژی 3ی ئەم مانگەی كردووە:  
•    لەپێناو پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەگەڵ خانەنشینان، تا ئەوكاتەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ پاكتاوی ئەوانە دەكات كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمدایە، وەكو جێبەجێكردنی یاسای گشتی بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵانی (2023، 2024، 2025)، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە هەمواركردنی بڕیاری ژمارە (23500)ی ساڵی 2023، بەمشێوەیە: 
1-    بانكەكانی رافیدەین‌و رەشید‌و (TBI) بڕی (2 ترلیۆن‌و 100 ملیار) دینار بۆ ئەمساڵی دارایی وەكو قەرز بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن‌و بە سێ جاری هاوتا بە (700 ملیار) دینار بۆ هەرجارێك، لە مانگی ئەیلولەوە ئەم پارە دەدرێت. 
2-    وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، لە تەرخانكراوەكانی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 دەدات، ئەمەش دوای پاكتاوكردنی ئەوەی لە ئەستۆیدایە (مەبەستی پابەندییە داراییەكانی سەر شانی هەرێمە). 
3-    ئەگەر ئەوەی لە پشكی هەرێم دەمێنێتەوە بەشی پێدانەوەی قەرزەكانی نەكرد بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی (2) لە سەرەوە، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی قەرزی ناوبراو لە تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی (2024) بەو بانكانە دەداتەوە كە ناویان هاتووە یان لە هەر شایستەیەكی دارایی تری تر دەیداتەوە، بەر لە پێدانی هەر شایستەیەك بە هەرێم. 
4-    وەزارەتی دارایی دانراوێكی بانكیی لای ئەو بانكانە دادەنێت كە ناویان هێنراوە، دانراوەكە هاوتایە لەگەڵ بڕی قەرزی هەریەكەیان‌و دوای جێبەجێكردنی هەردوو بڕگەی (2،3)ی سەرەوە دەكشێندرێتەوە. 
5-    دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، وردبینی دەكات لە ژمارەی فەرمانبەران‌و ئەوانەی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی‌و خانەنشین دەیانگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بڕی موچەكانیان، بەگوێرەی لیستی رادەستكراو بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەمەش لەماوەیەكدا كە لە (30) رۆژ زیاتر نەبێت لە رێكەوتی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە، بەگوێرەی ئەو مەرجانەی لەلایەن هەردوو دیوانەكەوە دانراوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand