سودانی قەرزەكەی بۆ 700 ملیار زیاد كرد

Draw Media

2023-09-17 13:20:35



(درەو):
مەسرور بارزانی بە (500 ملیار) دینار قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ قایل نەبوو، سودانی قەرزەكەی زیاد كرد بۆ (700 ملیار) دینار بۆ مانگەكانی (9،10،11)، بەڵام قەرزەكە هەر وەكو بڕیاری پێشووی حكومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی (3) مانگ بەردەوام دەبێت نەك (6) مانگ وەكو ئەوەی وەفدی هەرێم داوای كردبوو، بەم (700 ملیار) دینارەی بەغدادەوە، حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی سێ مانگ داهاتەكانی بۆ بڕی (ترلیۆن‌و 45 ملیار) دینار‌و بە ئاسانی دەتوانێت خەرجی موچە دابین بكات، بەڵام چارەنوسی موچەی مانگەكانی (8،7) بە نادیاری دەمێنێتەوە.

قەرز لە 500 ملیارەوە بۆ 700 ملیار دینار
دوای دوو رۆژ چاوەڕوانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، دواجار ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە‌و بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ، هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار وەكو قەرز بە حكومەتی هەرێم بدات بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران.
رۆژی 14ی ئەم مانگە وەفدێكی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتیی دەكرد‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی ئەندامبوون تێیدا، چووە بەغداد.
وەفدی حكومەتی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو پێشنیازی كرد.
پێشنیازی یەكەم: حكومەتی عێراق بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێك بڕی (800 ملیار) دینار بە قەرز بە حكومەتی هەرێم بدات بۆ موچەی فەرمانبەران.
پێشنیازی دووەم: لە ساڵی 2024دا یاسای بودجەی گشتی عێراق هەموار بكرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێشنیازی یەكەمی حكومەتی هەرێمی خستە دەنگدانەوە، بەڵام لە بری (800 ملیار) دینار، بڕیاریدا (700 ملیار) دینار بە قەرز بنێرێت، هەروەها لەبری ناردنی پارە بۆ ماوەی (6) مانگی ئەمساڵ، تەنیا بۆ ماوەی (3) مانگ قەرزەكە دەنێرێت.
بەپێی بڕیاری حكومەتی عێراق، ئەو (700 ملیار) دینارە قەرزە بۆ مانگەكانی (11،10،9)ی ئەمساڵ دابین كراوە، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگەكانی (8،7)ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە‌و ئەمڕۆ لە عێراق وەزارەتی دارایی دەستیكرد بە دابینكردنی موچەی مانگی (9)ی وەزارەتەكانی خۆی.
رۆژی 3ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەی خۆیدا بڕیاریدا بۆ مانگەكانی (11،10،9)ی ئەمساڵ، بڕی (500 ملیار) دینار بە قەرز بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم بەم بڕە پارەیە قایل نەبوو، ئەوەی ئەمڕۆ رویداوە تەنیا زیادكردنی بڕی قەرزەكەیە لە (500 ملیار)ەوە بۆ (700 ملیار) دینار.  
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەیەكەم كاردانەوەداو بەشێوەیەكی خێرا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و پێشوازی لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد، واتا قایل بەو (700ملیار) دینار قەرزەی كە حكومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی تەنیا سێ مانگ بۆی دەنێرێت.

داهاتی حكومەت بۆ موچە
ئێستا ئیتر دوای ناردنی پارەكە لە بەغدادەوە، داهاتی هەرێم بۆ سێ مانگ بەمشێوەیە دەبێت:
•    بڕی (700 ملیار) دیناری قەرزی حكومەتی عێراق
•    بڕی (320 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ هەر مانگێك
•    بڕی (25 ملیار) دیناری یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە
تێكڕای ئەم داهاتانە بۆ هەر مانگێك كۆبكرێتەوە بڕەكەی دەگاتە (ترلیۆنێك‌و 45 ملیار) دینار، خەرجی موچەی هەر مانگێكی موچەخۆران لە هەرێمی كوردستان بڕەكەی (944 ملیار) دینار، واتا بەم داهاتە حكومەتی هەرێم دەتوانێت خەرجی موچە دابین بكات‌و بڕی (100 ملیار) دیناریشی لەبەردەستدا دەمێنێتەوە بۆ خەرجی وەزارەتەكان.

میكانیزمی دابەشكردنی موچە چۆن دەبێت ؟
ئێستا حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی (3) مانگ زامنی خەرجی موچەی كردووە، بەڵام موچەی دوو مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانی نەداوە كە موچە مانگەكانی (تەموزو ئاب)ە، هێشتا دیار نییە ئایا وەزارەتی دارایی هەرێم یەكەم موچە چۆن دابەش دەكات، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دوو سیناریۆ لەبەردەستدایە:
سیناریۆی یەكەم: وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی تەموز رابگەیەنێت‌و بۆ دوو مانگەكانی تریش بەگوێرەی ریزبەندی مانگەكان موچەی (ئاب‌و ئەیلول) دابەش بكات.
سیناریۆی دووەم: هاوشێوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی بۆ ئەو سێ مانگە موچەی مانگەكانی (11،10،9) دابەش بكات‌و دوو موچە فەوتاوەكەی مانگەكانی (8،7) فەرامۆش بكات‌و هاوشێوەی موچە فەوتاوەكانی تری سەردەمی كابینەی نۆیەم، بەرپرسیارێتییەكەی بخاتە ئەستۆی حكومەتی عێراقەوە.
سیناریۆی سێیەم: وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ گەیشتنی پارە قەرزەكەی بەغدا، بەسەر یەكەوە موچەی مانگەكانی (8،7)ی موچەخۆران دابەش بكات، ئەمە سیناریۆیەكی لاوازە‌و پێشبینی نەكراوە، بەتایبەتیش كە پێدانی (700 ملیار) دینارەكەی بەغداد تەنیا بۆ ماوەی (3) مانگەو لە باشترین حاڵەتدا پێشبینی دەكرێت عێراق (700 ملیار) دیناری تر بۆ موچەی مانگی (12) بۆ هەرێم بنێرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand