پشكی كوردستان لە خەرجی فیعلی عێراقدا

Draw Media

2023-09-15 11:15:35




 
راپۆرت: درەو
لەبری پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە رێگای دانوستانی سیاسی هەڵبژارد، بە زارەكی لایەنە عێراقییەكانی قایل كردووە بەوەی یاسای بودجە هەموار بكرێتەوە، بۆ هەرێمی كوردستان گرنگترین هەموار لە بودجەدا گۆڕینی ئەو بڕگەیەیە كە دەڵێ "پشكی هەرێم لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت"، خەرجی فیعلی چییە ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا.

هەرێم داوای هەموار دەكات
دوای زیاتر لە دوو مانگ‌و نیو لە بڵاوبونەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق لە رۆژنامەی وەقایع‌و كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا نەكەوتە بواری جێبەجێكردن، لەدواین پەرەسەندندا حكومەتی هەرێم پێشنیازێكی خستوەتە بەردەم حكومەتی فیدراڵی عێراق بۆ هەمواری یاسای بودجە لە ساڵی داهاتوودا.
بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی یەكشەممە واتای 17ی ئەم  مانگە لە كۆبونەوەی خۆیدا دەنگ لەسەر ئەم پێشنیازە بدات، ئەو سەرچاوانەی كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون ئاماژە بەوە دەكەن، لایەنە عێراقییەكان لەوانە (مالیكی- عامری- قەیس خەزعەلی- حەیدەر عەبادی- خەمیس خەنجەرو حەلبوسی) بەڵێنیانداوە لەڕێگەی وەزیرەكانیانەوە رۆژی یەكشەممە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا پشتیوانی خۆیان بۆ پێشنیازەكەی حكومەتی هەرێم بكەن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێشنیازی هەمواری بودجە لەلایەن هەرێمەوە تەنیا بۆ ئەو ماددەو بڕگانەی بودجە نییە كە هەرێم تێبینی هەیە لەسەریان، بەڵكو هەموو ماددەكانی تریش دەگرێتەوە كە لایەنەكانی تر سەرنج‌و  رەخنەیان هەیە لەبارەیەوە.

رێككەوتنی سیاسی لەبری پەنابردن بۆ دادگا
26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە پێشبینی ئەوەی تێدا كرابوو كە كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵدا دروست دەبێت، بۆیە لە بڕگەی (حەوتەم)ی ماددەی (13)ی یاساكەدا رێوشوێن بۆ چارەسەری كێشەكان دەستنیشان كراوە‌و لەم بڕگەیەدا هاتووە:" لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، پێشنیازو چارەسەرەكانی بەرزبكاتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرا ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە بڕیاری پێویست بدات".
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەمدواییە حوكمی خۆی لەبارەی ئەم بڕگەیەی یاسای بودجە دەركردو رایگەیاند" پەرلەمانی عێراق بۆی نییە بڕیار لەسەر كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ بدات، ئەم دەسەڵاتە بەپێی دەستور دراوە بە دادگای فیدراڵی".
دوای راگەیاندنی شكستی دانوستانەكان لەبارەی یاسای بودجە لەلایەن هەردوو حكومەتەوە، دەبوو بەگوێرەی ئەم بڕگەی یاسای بودجە، لیژنەی هاوبەشی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ پێشنیازو چارەسەری خۆیان لەناو راپۆرتێكدا ئامادە بكردایە‌و ئاڕاستەی دادگای فیدراڵییان بكردایە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ناكۆكییەكانیان بدات، بەڵام حكومەتی هەرێم خۆی لە دادگای فیدراڵی بەدوور گرت‌و رووی لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی كرد، رەنگە هۆكارەكەی ئەوە بێت لە ساڵی رابردووەوە دادگای فیدراڵی عێراق زۆرینەی بڕیارەكانی لە بەرژەوەندی هەرێمدا نەبووە.

كوردو هەمواری بودجە
ئەوەی بۆ حكومەتی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا زۆر جێگای سەرەنجە‌و داوای دەستكاریكردنی دەكرێت بابەتی دیاریكردنی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لەناو چوارچێوەی خەرجی فیعلی عێراقدا.
وشەی "خەرجی فیعلی" ئەم رۆژانە لەلایەن بەرپرسانی هەردوو حكومەتەكەوە زۆر باسدەكرێت، ئەم وشەیە لە ساڵی 2015دا بۆ یەكەمجار پەڕیوەتە ناو یاسای بودجەوە لە عێراق، واتا لەماوەی ساڵانی 2003 تا 2014 كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغدادەوە هاتووە، لەسەر بنەمای ئەو ژمارانە بووە كە لە بودجەكاندا دیاریكراوە، نەك لەسەر بنەمای خەرجییە فیعلییەكان.
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و ئەندامی وەفدی دانوستانكاری هەرێم دەڵێ:" ئەگەر خەرجی فیعلی لەناو یاسای بودجەدا نەهاتایە، دەبوو (10 ترلیۆن‌و 800 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكرایە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی كە بۆ 15 پارێزگاكە خەرجی دەكات لەوە 12,67%ی خەرج دەكات بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم‌و ئامادە نییە خەرجی فیعلی هەرێمی كوردستانیش بخاتە ناو خەرجی فیعلی عێراقەوە".

خەرجی فیعلی چییە ؟
خەرجی فیعلی كە ئێستا سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بریتییە لەو خەرجییانەی كە دوای لێدەركردنی هەردوو خەرجی (سیادی)‌و (حاكیمە) دەمێنێتەوە.
بەپێی ئەوەی لە ماددەی (11) لە یاسای بودجە هاتووە، خەرجی فیعلی بریتییە لە (خەرجی رەوەن‌و خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) دوای لێدەركردنی هەردوو خەرجی (سیادی)‌و (حاكمە)، پشكی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت.
لە دوو مانگی رابردوودا وەفدی حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عێراق بابەتی خەرجی فیعلی تەوەری سەرەكی ناكۆكییەكانیان بوو لە یاسای بودجەدا.
بەپێی لێكدانەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ماف‌و شایستەی دارایی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 384 ملیار) دینارە.
وەزارەتی دارایی هەرێم پێیوا بوو، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی مانگانەش مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، دەبێت مانگانە (ترلیۆنێك‌و 174 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت.
بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق لێكدانەوەیەكی جیاوازتری بۆ ئەم بابەتە دەكرد، لێكدانەوەكەی بەمشێوەیە بوو:
* بەپێی یاسای بودجە مانگانە (598) ملیار دینار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت بەمشێوەیە:
- مانگانە (9 ترلیۆن‌و 976 ملیار) دینار خەرجی عێراقە  (مانگی حوزەیران وەك نمونە وەرگیراوە)، ئەمە دوای دەركردنی خەرجی سیادی كە (2 ترلیۆن‌و 975 ملیار) دینارە لەگەڵ دەركردنی خەرجی حاكیمە كە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینارە.
- ئەوەی وەكو خەرجی فیعلی مانگانە بۆ عێراق دەمێنێتەوە بڕەكەی (4 ترلیۆن‌و 721 ملیار) دینارە، رێژەی (12.67%)ی ئەم پارەیە پشكی هەرێمی كوردستانە.
- بەپێی ئەم هاوكێشەیە هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی (598 ملیار) دیناری لە خەرجی فیعلی عێراق بەردەكەوێت.
سەرباری ئەمە هێشتا حكومەتی عێراق ئامادە نەبوو بڕی (598 ملیار) دینارە مانگانە بۆ هەرێم بنێرێت، چونكە وەكو بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمیان وتبوو، بەپێی یاسای بودجە دەبێت لەو (598 ملیار) دینارە، مانگانە ئەم پارانەی لێ دابشكێندرێت:
• مانگانە (53) ملیار دیناری قەرزی بانكی بازرگانی (TBI)
• مانگانە بڕی (50) ملیار دیناری قەرزی (400) ملیار دینارەكە (ئەمە تێكڕای بڕی ئەو پارانەیە كە بەر لە پەسەندكردنی بودجە حكومەتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچەی فەرمانبەران بە قەرز لە حكومەتی عێراق وەریگرتووە‌و تێكڕای بڕی پارەكە 2 ترلیۆن دینارە)
• مانگانە بڕی (65) ملیار دیناری رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان (چونكە داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم مانگانە بەبڕی 130 ملیار دینار خەمڵێندراوە‌و لەم داهاتە بەگوێرەی یاسای بودجە بەغداد رێژەی 50%ی دەبات)
• كۆی گشتی ئەم پارانە دەكاتە (168) ملیار دینار‌و لە پشكی هەرێم دەبڕێت.
بەم پێیە لەكۆی (598 ملیار) دیناری پشكی مانگانەی هەرێم لە خەرجی فیعلی عێراق، عێراق بڕی (430 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەم بڕە پارەیە هێشتا نیوەی ئەو خەرجییەش نەبوو كە مانگانە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان پێویستی پێی بوو كە بڕە (944 ملیار) دینارە.
لەسەر بنەمای ئەم دانوستانانە، بۆ حكومەتی هەرێم گرنگترین هەموار كە لە یاسای بودجەدا بكرێت ئەوەیە دەستكاری ئەو بڕگەی یاسای بودجە بكرێت كە دەڵێ پشكی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكرێت، چونكە:
•    بەپێی ئەم بڕگەیەی یاسای بودجە، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%)ی خەرجییەكانی عێراق دیاریكراوە، لەبەر ئەوەی (53%) خەرجییەكانی عێراق بۆ سیادی و حاكیمە دەڕوات، ئەمە وایكردووە پشكی هەرێم لە بودجەكەدا كەم ببێتەوە.

خەرجی حاكیمە‌و سیادی چییە؟
ئەوەی كاریگەری گەورەی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دروستكردووە، جیاكردنەوەی دوو جۆر خەرجی فیدراڵیە لە كۆی خەرجی فیعلی عێراق (خەرجی سیادی‌و حاكیمە) كە رێژەی 53%ی كۆی گشتی خەرجییەكانی عێراق پێكدەهێنێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%) خەرجییەكانی عێراق دابین دەكرێت، ئەمەش لە رێژەی فیعلی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە.
خەرجی حاكیمە بریتییە لەو خەرجییانەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە بۆ هەموو پارێزگاكان بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە دابین دەكرێن‌و ئەم بوارانە دەگرێتەوە:
•    كۆبونی خۆراك (بڕەكەی بە تێكڕا بۆ یەك ساڵی دارایی بە زیاتر لە 3 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار ئەژمار كراوە، لەمە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 463 ملیار دیناری بەردەكەوێت).
•    خەرجی سكاڵاكانی ناكۆكی موڵك‌و ماڵ (تێكڕای ئەم خەرجییە لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی بە بڕی 50 ملیار دینار دانراوە، 6 ملیارو 335 ملیۆن دیناری بەر هەرێم دەكەوێت)
•    خەرجی كڕینی دەرمان (تێكڕای ئەم خەرجییە بۆ ساڵێك بە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێك‌و 651 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە 209 ملیار دیناری بەردەكەوێت
•    پاڵپشتی بۆ كڕینی بەرهەمی گەنم‌و جۆ (3 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار بۆ ئەم خەرجییە تەرخانكراوە، لەم بڕە 443 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت).
•    خەرجی هاوردەكردنی وزە (بڕی ترلیۆنێك‌و 129 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە لەماوەی ساڵێكدا، لەمە بڕی 143 ملیار دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت).
•    سەرژمێری گشتی دانیشتوان (100 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، بڕی زیاتر لە 12ی ملیاری بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە).
•    خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان (بڕی 345 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە بڕی 43 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە).
تێكڕای خەرجی حاكیمە بۆ ساڵێكی دارایی لە بودجەی عێراقدا بە بڕی (10 ترلیۆن‌و 438 ملیار) دینارە، لەمە بڕی (ترلیۆنێك‌و 322 ملیار) دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، مانگی حوزەیران كە یاسای بودجە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی عێراق بۆ ئەو مانگە خەرجی حاكیمەی بە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینار دیاری كردووە، مەرج نییە بۆ مانگەكانی تر هەمان خەرجی حاكیمە هەبێت، چونكە بەپێی یاسای بودجە بە تێكڕا نابێت ئەم خەرجییە تا كۆتایی ساڵ لە بڕی (10 ترلیۆن‌و 438 ملیار) دینار زیاتر بێت.

خەرجی سیادی
كۆی گشتی خەرجی سیادی لە بودجەی عێراقدا بڕەكەی (58 ترلیۆن‌و 294 ملیار) دینارە
دیارترین ئەو پارانەی كە لەم خەرجییەدا لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بریتییە لە:
•    بڕی (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دیناری پارەی تەرخانكراو بۆ كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان (بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە)
•    بڕی (288 ملیارو 304 ملیۆن) دیناری تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ موچەی پێشمەرگە
•    خەرجی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە پشكی كوردەو ئێستا (لەتیف رەشید) سەرۆك كۆماری عێراقە، خەرخی تەرخانكراو بۆ ئەم سەرۆكایەتییە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا كە لە پشكی هەرێمی كوردستان  بڕدراوە، بۆ یەك ساڵی دارایی بڕی (94 ملیارو 200 ملیۆن) دینارە، ئەم پارەیە بۆ خەرجی موچەو بەكاربردنی سەرۆك كۆمارو موچەی لیواكانی سەرۆكایەتی كۆمار تەرخان دەكرێت كە كوردن‌و سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەو پارەی بۆی تەرخانكراوە بڕی زیاتر لە (25 ملیارو 827 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە.
•    پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو دامەزراوە  فیدراڵییانەی ترە كە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا، پارەی لە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ بڕدراوە، تێكڕای خەرجی پەرلەمانی عێراق بۆ یەك ساڵی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (418 ملیارو 872) دینار دیاریكراوە، 63 پەرلەمانتاری كوردو (شاخەوان عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد لە بەشێكی ئەم پارەیە سودمەند دەبن لەرێگەی موچە‌و تەرخانكراوی ترەوە، تاوەكو نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق لە كۆی ئەو پارەی بۆی تەرخانكراوە، تەنیا بۆ خەرجی بەكارخستن زیاتر لە  (267 ملیارو 600 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە.
•    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش خەرجییەكانی لەچوارچێوەی سیادیدا دانراوە‌و هەرێمی كوردستان لەم خەرجییەشدا پشكێكی تری لێبڕاوە، تێكڕای خەرجی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی، لەیاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (ترلیۆنێك‌و 228 ملیار) دینار دیاریكراوە، چوار وەزیری كورد كە دوانیان یەكێتیی‌و دوانیان پارتین‌و یەكێكیان (فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیرانە، لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە لەم پارەیە سودمەند دەبن، تەنیا لە مانگی شەشی ئەمساڵدا خەرجی بەگەڕخستنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (522 ملیار) دینار بووە.
•    وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردە (فوئاد حسێن)، خەرجییەكانی لەناو چوارچێوەی خەرجی سیادی دانراوەو لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، خەرجی ئەم وەزارەتە بۆ ساڵێكی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی (837 ملیارو 318 ملیۆن) دینار دیاریكراوە، واتا ئەم وەزارەتە مانگانە نزیكەی (70 ملیار) دینار لە بودجەی گشتی عێراق دەبات.
خەرجی سیادی كە لە پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا بڕاوە، جگە لەو دامەزراوانەی لە سەرەوە باسكران، ئەم دامەزراوانەی تریش دەگرێتەوە‌و لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت:
-    ئەنجومەنی نوێنەران
-    سەرۆكایەتی كۆمار
-    ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران
-    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
-    دەستەی حەشدی شەعبی
-    وەزارەتی دەرەوە
-    دەزگای دژەتیرۆر
-    وەزارەتی بەرگریی
-    دیاریكردنی رێژەیەك لە تەرخانكراوی هێزی وشكانی سوپای عێراق لەبواری وەبەرهێنان‌و بەكارخستن بۆ هێزی پێشمەرگە بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی هێزی ناوبراو بەوپێیەی بەشێكە لە سیستمی ئەمنی عێراق
-    دادگای باڵای فیدراڵی
-    كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە خەرجی هەڵبژاردنەكانیشەوە
-    دەستەی لێپرسینەوە‌و دادەپەروەریی
-    دەستەی سكاڵاكانی موڵكایەتی جگە لە قەرەبووەكان
-    دەستەی عێراقی بۆ سەرچاوە تیشكدەرەكان
-    دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق
-    تێچووی دانوستان‌و داواكارییە یاساییەكان
-    پشكداری لە خەرجی وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو
-    خەرجی بەكاربردن لە وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو و گواستنەوەی لەلایەن هەرێمەوە
-    بڕی پشكدارییە عەرەبی‌و نێودەوڵەتییەكان
-    خەرجی رەوەنی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی‌و پاسپۆرت‌و مانەوە‌و فەرماندەیی هێزی سنورو پۆلیسی فیدراڵی
-    پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی باری شارستانی‌و مانەوە لەنێویشیاندا كارتی نیشتمانی‌و فەرماندەیی هێزی سنور
-    ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی
-    پارەداركردنی هاوبەش
-    پرۆژەی بەندەرەكان
-    پرۆژەكانی هێڵی ئاسن
-    پرۆژەی پردو سودی گشتی پرۆژەكانی بەڕێوەبردنی ئاسمانیی
-    پرۆژەی گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدان
-    سودی سەر قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتی
-    سودەكان لەسەر قەرزی جایكا JICA
-     سودی سەر قەرزەكانی ئیتالیا
-    سودی قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان
-    سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە
-    سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای ما بین النهرین-ی گشتی بۆ بازرگانی بنەتۆو
-    سودەكان لەسەر قەرزی ئەڵمانی KFW
-    سودەكان لەسەر قەرزی بانكی ژاپۆن بۆ هاوكاری نێودەوڵەتیی JBICی ژاپۆنی
-    سودەكانی لەسەر قەرزی سویدی
-    سودەكان لەسەر قەرزی چین
-    سودەكان لەسەر قەرزی سیمنسی ئەڵمانی
-    سودەكانی بیمەی هەناردەكردن
-    سودەكانی بیمەی سیادی
-    سودەكان لەسەر قەرزی فەڕەنسا
-    سودەكان لەسەر قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی
-    سودەكانی سەر قەرزی سعودیە
-    سودی سەر قەرزی ئیتالی SACE
-    سودی سەر قەرزی كوەیت
-    سودی سەر قەرزی ئەمریكا
-    سودی سەر قەرزی فەڕەنسا BPI
-    سود لەسەر قەرزی بەریتانیا UKEF
-    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی كۆری
-    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی هیندی
-    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی ئەمریكی
-    سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی یانەی پاریس
-    سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس
-    سودەكانی قەواڵەی سڕینەوەی قەرزی كەرتی تایبەت لە دەرەوە
-    سودی سەر شایستەكانی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری
-    سودی سەر حەواڵە كۆنەكانی خەزێنە
-    سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەلایەن هەریەكە لە بانكی رەشیدو رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە
-    سودی حەواڵە داشكێندراوەكانی خەزێنە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی/ 2015و 2016
-    سودی سەر قەرزی قەواڵەی دەرەكی- یۆریۆبۆند
-    سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكان‌و بانكی بازرگانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی ساڵی/ 2015
-    پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنەی كۆن
-    قیستی ئەو قەرزانەی كە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە بەخشراوە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2015‌و 2016
-    پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی یانەی پاریس
-    پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس
-    پاكتاوی قەرزەكان لە دەرەوە، پاكتاوی خەختینەیی قەرزی بچوكی كەرتی تایبەت لە دەرەوە
-    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتیی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەوانە SDR
-    پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی ئەمریكی
-    پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی JICA، پێدانەوەی قیستی بیمە سیادییەكان
-    پێدانەوەی قیستی بیمەی هەناردەكردن
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی سیمنسی ئەڵمانی
-    قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئەڵمانی KFW
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی سعودیە
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی بەریتانی UKEF
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی چین
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی SACE
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی JBICی ژاپۆنی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی سویدی
-    پێدانی شایستەی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری
-    پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان
-    پێدانەوەی قەرزی سندوقی نێودەوڵەتیی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی
-    پێدانەوەی قەرزی كوەیت
-    پێدانەوەی قەرزی فەڕەنسی BPI
-    پێدانەوەی قەرزی فەرەنسی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی كۆری
-    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی هیندی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی ئەمریكی
-    پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان بۆ سڕینەوەی قەرزەكان
-    پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە‌و كۆمپانیای ما بین النهرین بۆ بنەتۆو
-    پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانەوە
-    پێدانەوەی قیستی قەواڵە خۆجێییەكان
-    قیستەكانی سەر حەواڵەی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەریەكە لە بانكەكانی رەشید‌و رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە‌و كرێی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی گیارە

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand