800 ملیار دیناری مانگانە بۆ خەرجی موچە

Draw Media

2023-09-15 09:19:30




 
(درەو):
لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە یاسای بودجەی عێراق هەموار بكرێتەوە، تا ئەوكاتە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (800 ملیار) دینار بە هەرێمی كوردستان بدات‌و سەرباری ئەوە حكومەتی هەرێم (300  ملیار) دیناری مانگانەی ناوخۆ بەكاربهێنێت بۆ تەواوكردنی خەرجی موچە، ئەمە پێشنیازی وەفدی هەرێم بووە لە بەغداد، رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدات.

دوو پێشنیازی هەرێم لە چاوەڕوانی بڕیاردا!
وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لە بەغداد گەڕایەوە، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی بە گەشبینییەوە دەركەوتن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە وەفدی كوردستان دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، وەفدی هەرێم بۆ پرسی پشكی كوردو موچە لە بودجەی گشتی عێراقدا دوو چارەسەری خستوەتەڕوو كە ئەمانەن:
•    چارەسەری كورتخایەن:
بەغداد بۆ مانگەكانی (8،7)و تاوەكو سەری ساڵی 2023 حكومەتی عێراق مانگەكانە بڕی (800 ملیار) دینار وەكو قەرز بدات بە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچە، ئەمە لەگەڵ بەكارهێنانی بڕی (300 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ تەواوكردنی خەرجی مانگانەی موچە كە بڕەكەی (944 ملیار) دینارە، بەپێی ئەم پێشنیازە، حكومەتی هەرێم مانگانە بەتێكڕای پارەكەی بەغدادو داهاتی ناوخۆوە بڕی (ترلیۆنێك‌و 100 ملیار) دینار داهاتی لەبەردەستدا دەبێت، بڕی (944 ملیار) دیناری بۆ خەرجی موچەی موچەخۆران تەرخان دەكات‌و بڕی (160 ملیار) دیناریش بۆ خەرجی وەزارەت‌و پرۆژەكان تەرخان دەكات.  
بۆ جێبەجێكردنی ئەم پێشنیازە‌و بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق، وەفدی حكومەتی هەرێم دوێنێ چاوی بە هەریەكە لە (خەمیس خەنجەر- حەیدەر عەبادی- محەمەد حەلبوسی- نوری مالیكی- هادی عامری- قەیس خەزعەلی)، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەو لایەنانە بەڵێنیان بە وەفدەكەی هەرێم داوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لەرێگەی وەزیرەكانیانەوە دەنگ بە پێشنیازەكەی وەفدی هەرێم بدەن.
•    چارەسەری درێژخایەن:
وەفدی هەرێم هەرێم پێشنیاری كردووە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە هەمواری ژمارەیەك لە بڕگەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق، ئەم تەنیا هەمواری بڕگەكانی تایبەت بە هەرێم نەگرێتەوە، بەڵكو داواكاری لایەنەكانی تریش لەبارەی هەمواری یاسای بودجە لەپرۆژەیەكی هەمواردا كۆبكرێتەوە.
بۆ كورد تەوەری سەرەكی هەمواركردن لە یاسای بودجەدا لابردنی ئەو بڕگەیە كە دەڵێ سایشتەی دارایی هەرێمی كوردستان لە خەرجی فیعلی عێراقدا، چونكە ئەم بڕگەیە بووەتە هۆی كەمبونەوەی شایستە داراییەكانی هەرێم، تا ئەوكاتەی هەمواری یاسای بودجە دەكرێتەوە، وەفدی هەرێم داوا دەكات بەپێی پێشنیازی چارەسەری كورتخایەن مامەڵەی دارایی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand