وەفدی هەرێم گەیشتە بەغدادو دانوستانێكی نوێ دەكرێت

Draw Media

2023-09-14 08:06:51



(درەو): 
وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و ئەندامێتی (قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم،  ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران) گەیشتە بەغداد. 
سەردانەكە دوای ئەوە دێت هەردوو حكومەتی هەرێم‌و عێراقی فیدراڵی لایخۆیانەوە شكستی دانوستانەكانیان لەبارەی یاسای بودجەو پشكی هەرێم لە یاساكەدا راگەیاند. 
بەر لەم سەردانە وەفدێكی یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی تارانی كرد، گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بینی، هاوكات لە هەولێریش سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ هەردوو باڵیۆزی ئێران‌و ئەمریكا لە عێراق گفتوگۆی لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد كرد. 
لەدوای ئەم جموجوڵانە، یەكێتیی‌و بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كە ماوەیەك بوو لە وەفدەكانی هەرێم بۆ بەغداد دووركەوتبووەوە، گەڕایەوە ناو وەفدەكە. 
لەسەرەتای 2023ەوە، وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (19) جار چوونە بەغداد، بەڵام ئەم سەردانە زۆرانە نەیتوانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یاسای بودجەدا زامن بكات، ئەمەش لەسەردەمێكدا كە حكومەتی هەرێم نزیكەی 80%ی داهاتەكانی لەدەستداوە، بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتەوە لەرێگەی توركیا،
لە 26ی حوزەیرانی رابردووەوە یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن كە بۆ ماوەی سێ ساڵە (2023-2024-2025)، هەردوو حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم تێگەیشتنیان لەبارەی بڕگەكانی یاسای بودجە جیاوازو ناكۆكە، حكومەتی هەرێم پێیوایە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە بودجەكەدا  (16 ترلیۆن‌و 498) ملیار دینارە بۆ یەك ساڵی دارایی، واتا مانگانە بڕی (1 ترلیۆن‌و 375) ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (906) ملیار دیناری بەتەنیا تەرخانكراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە. 
بەڵام وەزیری دارایی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕ‌ێژەی یەك لەسەر دوانزەی رێككەوتنی فیعلی لەگەڵ هەرێم كارمانكردووە، بەپێی ئەو رێككەوتنەش هەرێمی كوردستان تەنها 2 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار شایستەیەتی، بەپێی ئامارەكان لەماوەی ئەو 6 مانگەدا حكومەتی هەرێم بەداهاتی نەوتی‌و نانەوتی زیاتر لە 8 ترلیۆن دینار داهاتی هەبووە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم (5 ترلیۆن‌و 800 ملیار) دینار بگەڕ‌ێنێتەوە بۆ حكومەتی ناوەند.
لەماوەی رابردوودا هەولێرو بەغداد لە بارەی پاكتاوی حساباتی ساڵانی رابردوو هەروەها داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان‌و خەرجی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەناو یاسای بودجەدا ناكۆك بوون، ناكۆكییەك كە هێشتا بەردەوامە‌و ئەوانەی لە نزیكەوە ئاگادارن دەڵێن بە گفتوگۆكردن لەبارەی ژمارەكانەوە هەرگیز ناگاتە چارەسەرو پێویستی بە دانوستان‌و رێككەوتنی سیاسی هەیە.
ئەم بارودۆخە بارگرانییەكی نوێی بۆ موچەخۆران لە هەرێم دروستكردووە، هێشتا موچەی مانگەكانی تەموزو ئابیان وەرنەگرتووە، بەگوێرەی ئاژانسی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی ئەم دۆخە سەختەوە نامەیەكی بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا نوسیوە‌و داوای لێكردوە پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان بكات. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand