"بەرمیلە بارووتەكەی كەركوك" دەتەقێتەوە

Draw Media

2023-09-08 21:17:05




درەو:

 (بیكەر - هامڵتۆن) لە راپۆرتەكەیاندا كەركوكیان بە "بەرمیلە باروت" ناوبردو پێیان وابوو كەركوك بەردەوام لەبەردەم تەقینەوەدایە، ئێستا دوای (17) ساڵ لە راپۆرتەكەی (بیكەر - هامڵتۆن)، گرژی و ئاڵۆزی و جوڵەی هێزەكان لە شاری كەركوك بەتەواوی ئارام نەبووەتەوە، چوار گەنجی كورد بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان كوژران، ئیسماعیل قائانی چووە كەركوك، بارودۆخەكە بە دنەدانی ئەمریكاو توركیا دەزانن، هاكان فیدان پەكە*كە و توركامنەكانیش چەكدارە ئێرانیەكان تۆمەتبار دەكەن، ئێستا ئاراستەكان دەركەوتوون، لایەنە كوردیەكانیش بەسەر دوو ئاراستەدا دابەشبوون، پارتی لەگەڵ ئاراستەی توركیا و ئەمریكا و توركمانەكانی كەركوكە، یەكێتی لەگەڵ ئاراستەی ئێران و لایەنە شیعەكانی كەركوكە.
 
گرژییەكانی كەركوك
ئێوارەی 2ی ئەیلولی رابردوو خۆپیشاندانی پێچەوانە لە دژی گردبوونەوەو خۆپیشاندانی لایەنە شیعەكان لەبەردەم بارەگاكەی پارتی لە كەركوك دەستیپێكرد، خۆپیشاندانی گەنجە كوردەكانی كەركوك فراوانتر بوو، هێزی ئۆپەراسیۆن و دژەتیرۆرو  ئەمنی نیشتمانی لە كەركوك جوڵەی پێكرا، بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی كورد، هێزە ئەمنییەكان سڵیان لە تەقەكردن و كوشتن نەكردەوە، دواجار بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان چوار گەنجی كورد (هاوكار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەمەد، حسێن سابیر) شەهیدكران، گردبوونەوەی بەردەم بارەگاكەی پارتی لە كەركوك هەڵگیرا، بەڵام شارەكە پڕكرا لە هێزی سەربازی، سوپاسالاری عێراق بەخۆی و هێزێكی زۆرەوە چەند رۆژێكە لەكەركوكە، گەنجە خوێنگەرمە كوردەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بانگەوازی خۆپیشاندان دەكەن، هێزە ئەمنییەكانیش شەقامەكان دەتەنن.

كاردانەوەكان:
مەسعود بارزانی وتی: لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت.
بافڵ تاڵەبانی: بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین خوێنی گەنجەكانمان بڕژێت لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە ژیانیانەوە بكرێت
چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەكان: سەقامگیری كەركوك بەرپرسیارێتی هەموانە، هێزە سیاسیەكان دووربكەونەوە لە گوتاری توندو كار بۆ هێوركردنەوە بكەن
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی فراكسیۆنی توركمانی: هەبوونی چەكداری تیرۆریستی پە*كە*كە و گروپە چەكدارە ئێرانییەكان لە ناوكەركوكدا هۆكاری نانەوەی پشێوییەكانن لە كەركوك.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا: كەركوك زێدی توركمانە، رێگە بە تێكدانی ئاسایش‌و یەكێتیی خاكەكەی نادەین.
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری‌ گشتی‌ عەسائیبی‌ ئەهلی‌ حەق سەبارەت بە شاری كەركوك ڕایگەیاند، كەركوك عێراقییەو توركمانەكانیش عێراقین، هیچ دەوڵەتێك مافی ئەوەی نییە دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆی عێراقدا بكات

دەركەوتنی ئاراستەكان
هەموو لایەنەكان هەست بە جموجوڵی سەربازی و سیاسی دەكەن لە كەركوك، چی لە ئاستی ناوخۆیی چی لە ئاستی هەرێمایەتی، توركیا لە ئاستی سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوە و سەرۆكی میت هاتە سەر خەت و توند بوو لەسەر رووداوەكانی كەركوك و تا گەیشتە ئەوەی كەركوك بە نیشتمانی توركامنەكان دابنێت.
ئێران سەرەرای بوونی چەكدارانی حەشدی شەعبی و گروپەكانی نزیك لە ئێران دوو رۆژ دوای خۆپیشاندانەكان ئیسماعسل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی گەیشتە كەركوك و دوای مانەوەو كۆبوونەوە نهێنییەكانی چووە كەربەلا.
توركیا لە ئێستادا پێی وایە چەكدار و رێكخستنەكانی پەكەكە بە كارئاسانی گروپە شیعەكانی نزیك لە ئێران بەتەواوی لە كەركوك گەشەیان كردووە، ئەمەش هەم بۆ پارتی و هەم بۆ توركیا جێگای نیگەرانی گەورەیە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركان لە لێدوانەكانی باسی مەترسیەكانی بوونی پەكەكەی كردووە لە شاری كەركوك، ئەم بۆچوونە لە زاری هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیاش چەند جارێك باسكرا، بەو پێیەی توركیا درۆنەكانی لە هەموو خاكی هەرێم خستووەتە كار جگە لە كەركوك، بۆیە پێی وایە پەكەكە بەو كەركوك كشاوە، بۆیە توركیا بیر لە دەستوەردان دەكاتەوە لە كەركوك كە خۆی ئامانجێتی بۆ پشتیوانی توركمانەكان و پەكەكە دەكاتە بیانوو، بۆیە پشتیوانی لە ئاراستەی كاركردنی پارتی دەكات، كە لەلایەك دژی پەكەكەیەو لەلایەكیش پشتیوانی توركمانەكانە، لەلایەكی تریش پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كەركوك بە هاوبەشی لەگەڵ حزبی ئیسلامی عێراقی لیستیان دەبێت، بۆیە ئێستا بەرەی پارتی ، توركیا ، توركمان و بەشێك لە سونەكانی كەركوك دەركەوتووە، چونكە كە رەنگە گرەو لەسەر كورسی زۆرو بردنەوەی پارێگاری كەركوك بكەن.
ئێرانیش لە رێگەی حەشدی شەعبی و گروپەكانی نزیك لە خۆی دەیەوێت بە هاوكاری یەكێتی جڵەوی كەركوك لە دەستی خۆیدا بێت بە هێزو هەڵبژاردنیش لەلای خۆی بمێنێتەوە، بۆیە لە بەغدادەوە لە رێگەی حكومەت و هێزەوە  دەیانەوێت نەخشەی كەركوك وەك ئێستا لە دەستی خۆیان بمێنێتەوە.
رەنگە ئەم دۆخەی كەركوك تا هەڵبژاردن گەرم بێت و ململانێی ئەم دوو ئاراستەیە سەربكێشێت بۆ خۆپیشاندان و توندوتیژی تر، كە رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێك لە نەخشەكە بگۆڕێت بەڵام كەركوك هەر لەدەستی ئەم گروپەی ئێستا بمێنێتەوە.

بەرمیلە باروتەكەی (بیكەر – هامڵتۆن)
ئەو كات كەركوك لەناو جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوری عێراق بوو (ئاساییكردنەوە، سەرژمێری، راپرسی) كورد فشاری دەكرد دەبێت مادەكە جێبەجێبكرێت كۆتایی 2007 راپرسی بكرێت بۆ یەكلاكردنەوەی شاری كەركوك، لایەنەكانی دیكە دژی بوون، بارودۆخی عێراق لەرووی ئەمن و ئاساییشەوە جێگیر نەبوو.
 ئەوكات لە راپۆرتی خۆیاندا گروپی دیراسەكردنی عێراق بەسەرۆكایەتی (جەیمس بیكەر - لی هاملتۆن)لە راسپاردەی(30)ی راپۆرتەكەیاندا باسیان لە كەركوك كرد دەكرێت ببێتە بەرمیلێك بارووت.
لە راسپاردەی 30 راپۆرتەكەی (بیكەر - هامڵتۆن)دا هاتووە:(لە بەر ڕۆشنایی باری ترسناكی كەركوك ، زۆر پێویستی بە چارەسەری نێودەوڵەتی هەیە بۆ دووركەوتنەوە لە توند و تیژی چاوەڕوان كراو، بەهۆی كێشەو پێكهاتەی جیاوازی كەركوكەوە، دەكرێت كەركوك ببێتە بەرمیلێك باڕووت، بۆیە ئەنجام دانی راپرسی دەربارەی چارەنووسی كەركوك بەر لە كۆتایی ساڵی 2007 دا ، وەك لە دەستووری عێراق دا داوای كراوە ، دەبێتە هۆی تەقینەوەی بارودۆخەكە، لە بەر ئەمە پێویستە دوا بخرێت .......)
ئەو بەرمیلە باروتەی (بیكەر - هامڵتۆن) باسیان لێوەكردووە، رووداوو پێشبینیەك نیە رابوردبێت، ئەگەرێكە كە هەمیشە لە بەردەمی كەركوكدایە، بەو پێیەی كەركوك سەرەرای پێكهاتەو ئایینی جیاواز، دەستی هەرێمایەتی بەردەوام لەناودا یاری دەكات و لە هەر گۆڕانكارییەكدا ئەگەری رووداوو خۆپیشاندان و نائارامی هەیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand