"نەوەیەکی هەڵەبجە لە هارڤەردە"

Draw Media

2023-09-06 13:25:48



 

چيرۆکی ئەو کچە خوێندکارەی لە گەورەترین ناوەندی جیهانەوە شەڕ بۆ مافەکانی کورد دەکات

ئامادەکردنی: گۆران دوکانی ـ ئەمەریکا

"دەلال کێیە؟"

کچە خوێندکار دەلال حەسەنی تەمەن 19 ساڵ لە باوکێکی عەرەب و دایکێکی کورد لەشاری شیکاگۆی ئەمەریکا لەدایک بوە، لەئێستادا خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی ئەدەب و مێژووە لە زانکۆی هارڤەرد، لەم چاوپێکەوتنەدا دەلال باس لەوە دەکات کە خولیای نوسین و داکۆکیکردنە لە مافەکانی مرۆڤ، ئەو خەونەکانی هێندە زۆرن بۆیە هەندێکجار وەک شاعیرێک دەردەکەوێت بە نوسینی شیعری نەتەوەیی، هەندێک جاریش وەک میدیاکارێک و چالاکوانێک دەردەکەوێت بەچاوپێکەوتنەکانی لە میدیا ئەمریکیەکاندا ئەمە جگە لەوەی دەلال سەرنوسەری ڕۆژنامەیەکی خوێندکاریی بووە و لە ئێستاشدا نوسەرە لە ڕۆژنامەیەکی زانکۆی هارڤەرد.

"دەربارەی زانکۆی هارڤەرد"

زانکۆی هارڤەرد Harvard University دەکەوێتە شاری بۆستن لە ویلایەتی ماسەچوتس_ئەمەریکا، هارڤەرد لە 8ی سێپتەمبەری 1636 دامەزراوە و تاکو ئێستا گەورەترین و گرانترین زانکۆیە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا، داهاتی زانکۆی هارڤەرد 5.84 ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا، تێچووی خوێندن لە زانکۆی هارڤەرد لە کۆلێژێکەوە بۆ کۆلێژێکی دیکە جیاوازە بەڵام بە گشتی چوار ساڵی تێچووی خوێندکارێک بە هەموو خەرجییەکانەوە 334,152$ دۆلارە، بە پشتبەستن بە دوا داتای ساڵی خوێندنی 2022-2023ی زانکۆی هارڤەرد.
چەندین سەرکردەو کەسایەتی بەناوبانگی جیهان بڕوانامەی زانکۆی هارڤەردیان بەدەستهێناوە، لەوانە هەشت سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و دەیان شاعیرو فەیلەسوف و سیاسەتمەدارو گەردوونناس و دادوەرو یاساناس و کۆمەڵناس و تەلارسازو وەرزشەوان و هونەمەندو ئەستێرەی سینەمایی لەگەڵ چەندین گەورە ملیارد لێری جیهانی، دەلال کە لە ئێستادا خوێندکاری هەمان زانکۆیە بەتەواوی بڕوا بەخۆبونەوە گووتی "ئاواتمە بە هەمان شێوەی ئەو کەسایەتیە ناودارانەی کە بڕوانامەی زانکۆی هارڤەردیان بەدەستهێناوە لە ئایندەدا هەمان ناوبانگ بۆ خۆم و نەتەوەی کورد بەدەست بێنم".

"لە هارڤەرد خوێندنەکەی بێ بەرامبەرە"

ساڵانە زانکۆی هارڤەرد وەک زۆربەی زانکۆکانی دیکە لەڕێگەی پڕۆگرامی بەخشیشی خوێندن Scholarship هەروەها چەند پرۆگرامێکی دیکەی جیاوازەوە هاوکاری و لێخۆشبوونی تێچووی خوێندنی کۆی کۆلێژەکانی بۆو خوێندکارانە ئامادە دەکات کە لە قۆناغی ئامادەیی High School پلەی بەرز بەدەست دێنن و خوێندکاری زیرەکن و شایستەن بەو لێخۆشبونانەی زانکۆی هارڤەرد، دەلال یەکێکە لەو خوێندکارە ئاست بەرزو شایستانەی بەهۆی زیرەکی و لێهاتویی لە خوێندنی قۆناغی ئامادەیدا هەر چوار ساڵی خوێندنەکەی لە زانکۆی هارڤەرد بەخشراوە و بێ بەرامبەرە کە لەئێستادا دەلال قۆناغی دووەمی بەشی ئەدەب و مێژووە لە زانکۆی هارڤەرد، بەنیازیشە لەدوای ئەو چوار ساڵە بۆ بەشی یاسا نێودەڵەتیەکان بخوێنێت لە هەمان زانکۆدا.

"دەلال، نەوەیەک لە کیمیای و دوکەڵ"

شیلان عەلی دايکی دەلال خەڵکی شاری هەڵەبجەی شەهیدە، عەلی فەتاحی باوکی شیلان ئەندامی ڕێکخستنە نهێنیەکانی حیزبی شیوعی بووە، لە ڕۆژی کیمیابارانەکەی هەڵەبجەدا شەهید دەبێت، شیلان و خوشک و براکەی بەناوەکانی بەهرەو ئالان هەرسێکیان لە کەسوکارەکەیان دادەبڕێن و بە برینداری ڕوو دەکەنە ووڵاتی ئێران تاکو ساڵی 1992 لە کۆچ ڕەوەکەدا لەگەڵ کەسوکارەکەیان یەکدەگرنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و لەشاری سلێمانی نیشتەجێ دەبن، لە ساڵی 1998دا ڕوو دەکەنە ووڵاتی سوریا دوای سێ ساڵ مانەوەیان لە سوریادا لە ساڵی 2001دا بەڕێدەکەون بۆ وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو لەشاری شیکاگۆ دەگیرسێنەوە، شیلانی دایکی دەلال لەساڵی 2003دا لەگەڵ هاوڵاتیەکی بەڕەگەز عەرەب خەڵکی شاری جەبلەی سوریا بە ناوی مازن حەسەن هاوسەرگیری دەکات و لەساڵی 2004دا دەلال لەدایک دەبێت.

"باوکە عەرەبەکەی هاندەرێتی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد"

کەم تا زۆر کەسانێکی ڕەگەز پەرست هەن لەناو زۆربەی نەتەوە جیاجیاکانی جیهاندا بەگشتی و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕەست بە تایبەتی وە بە پێچەوانەشەوە کەسانێک هەن بڕوایان بە پێکەوە ژیان و برایەتی گەلان هەیە، دەلال ئەگەرچی باوکی بە ڕەگەز عەرەبە بەڵام وەک دەلال و دایکی دەڵێن "یەکێک لە پاڵپشتە هەرە سەرسەختەکانی دەلال باوکێتی کە هەمیشە هانی دەدات داکۆکیکارێکی سەرسەختی نەتەوە بێ ناسنامەو بێ دەوڵەت و بێ پشتوپەناکەی دایکی بێت" هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی دەلال لە تەمەنی منداڵیەوە هەستی کوردبوون و نیشتیمان پەروەری بۆتە خەمێکی گەورە بۆی "جلی کوردی و ئاڵای کوردستان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزە جۆراوجۆرەکانی کورد لە ئەمەریکا لایەن دەلالەوە بە هاوکاری و پاڵپشتی باوکە بە ڕەگەز عەرەبەکەیەتی".

"دەلال شەڕ لەسەر ناوی (ژینا) دەکات"

لە دوتوێی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دامەزراوەی مەلالە فاوندەیشندا، لە ژێر ناونیشانی (ژنانی کورد لە پێشڕەوی شۆڕشدان لە ئێران) دەلال وێڕای ئەوەی باس لە داگیرکاری سەدان ساڵەی کوردستان دەکات لە لایەن دەسەڵات و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا هاوکات باس لە ئازایەتی و خەباتی بەردەوامی ژنانی کورد دەکات، دەلال لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژە بە بابەتێکی خۆی دەکات کە لە ڕۆژی 2ی نۆڤەمبەری 2022دا لە ڕۆژنامەی (زە هارڤەرد کریمزن)دا بڵاوی کردۆتەوە، لەو نوسینەیدا بە وردی باس لە سەرهەڵدانەکانی شۆڕشی ژینا ئەمینی دەکات لە ئێران و نیگەرانیەکانی خۆی لە دوو بابەتدا چڕ دەکاتەوە لەسەر گۆڕینی ناوی ژینا بۆ مەهسا و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان و کپ کردنەوەی دەنگی کوردەکان لەو شۆڕشەی ئێراندا، دەلال لەو نوسینەیدا کە لەژێر ناونیشانی (ژینا ئەمینی ژنێکی کوردی وەک من بوو) بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت: "لە کاتێکدا من هەمیشە لەگەڵ ئێرانییەکان دەبم لە وەستانەوە دژی ئەم دەسەڵاتە، بەڵام ناتوانم هەست بە توڕەیی و ناڕەزایی بەرامبەر سڕینەوەی دەنگی کورد لەم بزووتنەوەیەدا نەکەم" هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات "هەر لە تەمەنی گەنجیەوە ژنانی کوردی وەک من بەم دەستەواژە بەهێزە ئاشنا دەبن (ژن، ژیان، ئازادی) خێزانەکانمان فێرمان دەکەن کە ئەم دەستەواژەیە بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی ڕزگاریخوازانە لە دژی ئەو زلهێزانەی کە داگیرمان دەکەن، ئەم دەستەواژەیە لە لایەن خەباتکارانی بەرخۆدانی کوردی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە داڕێژراوە. ئەوان فێرمان دەکەن کە ئێمەش، بەشێکین لەو بزووتنەوەیە بۆ زێدی خۆمان؛ بۆ ژن و ژیان و ئازادی". دوای وەرگێڕانی ئەو دەستەواژە شۆڕشگێڕییە لە کوردییەوە بۆ فارسی (زن، زندگی، آزادی) دەلال توڕە دەکات و دەڵێت "بەبێ دانپێدانان بە ناسنامەی کوردایەتی ژینا و کاریگەرییەکانی لەسەر مردنی، ئەم دەستەواژەیە شتێکی وێرانکەرە. ئەو دەستەواژەیەی لەگەڵیدا گەورە بووم، ئەو دەستەواژەیەی کە یارمەتیدام پەیوەندیم بە میراتی کوردایەتییەوە ببەستمەوە، لێم سەندرایەوە – لە ئێمە. زۆر کەس تا ئەو کاتەی بە زمانی فارسی، لە مانشێتەکاندا وەک بەشێک لە بزووتنەوەی (بۆ ژنانی ئێران) نەیانبینیبوو، هەرگیز ناوی (ژن، ژیان، ئازادی)یان نەبیستبوو.
دەلال لە کۆتای چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ دەزگای مەلالە فاوندەیشندا شیعرێکی خۆی بڵاوکردۆتەوە کە بۆ ژینا ئەمینی نوسیوە لەژێر ناونیشانی (کوردستانی ژینا).

"لە 15 ساڵیدا سەرنووسەری ڕۆژنامە بووە"

دەلال جگە لەوەی چەندین بابەتی لە ڕۆژنامە ئەمەریکیەکاندا بڵاوکردۆتەوە کە دیارترینیان چاوپێکەوتنێکی ناوبراوە لەگەڵ ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریکی (شیکاگۆ تریبیون) هەروەها لەگەڵ میدیاکانی ۆڵد شیکاگۆ، دەیلی هێڕڵد، سکاڵر پرۆگرام، مەلالە فاوندەیشن و چەند میدیایەکی تردا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە، لە ئێستاشدا نوسەری ڕۆژنامەی زە هارڤەرد کریمزنی زانکۆی هارڤەردە، هەروەها پێشتر کاتێک تەمەنی تەنها 15 ساڵ بوو سەرنووسەری ڕۆژنامەی خوێندکارانی ئامادەیی مەین ئیست بوو لە شارۆچکەی پارک ڕیج کاتێک کە خوێندکاری قۆناغی ئامادەیی بوو لەو قوتابخانەیەدا.

"چاوپێکەوتن لەگەڵ هیلەری کڵنتن دەکات"

ئارەزووی دلال بۆ جیهانی ڕۆژنامەگەری و سیاسەت وای لێکرد چاوپێکەوتن لەگەڵ هیلەری کڵنتن ئەنجام بدات، دوای ئەوەی هیلەری کڵنتن، سیناتۆر و خانمی یەکەمی پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمەریکا و کاندیدی پێشوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی 11ی ئۆکتۆبەری 2019 سەردانی کۆمەڵەی مێژووی پارک ڕیچ دەکات کە بریتیە لە (ژنانی پێشەنگی پارک ڕیچ) ئەم چالاکییەی هیلەری کڵنتن وەک یەکەم نمایشی فیلمی "Dare To Dream" بوو، کە فیلمێکی دیکۆمێنتارییە و ماوەکەی 14 خولەکەو باس لە ژیانی هیلەری دەکات کە لە پارک ڕیج گەورە بووە و هاوڕێ و هاوپۆلەکانی لە قوتابخانەکانی مەین ئیست، مەین ساوس، ئیمێرسن و فیڵد بەشدارن. لەناو هەموو خوێندنگەکانی پارک ڕیچی نزیک شاری شیکاگۆدا دوو خوێندکار هەڵدەبژێرن چاوپێکەوتن لەگەڵ هیلەری کڵنتندا ئەنجام بدەن کە یەکێک لەو خوێندکارانەی خوێندنگەی مەین ئیست دەلال دەبێت، دەلال ئاماژە بەوە دەکات "زۆر ئامانجی بوو لەو چاوپێکەوتنەدا چەند پرسیارێک دەربارەی دۆزی کورد لە هیلەری کڵنتن بکات بەڵام لەلایەن بەرپرسانی خوێندنگەکەیەوە ئاگادار کراوەتەوە پرسیارەکانی تەنها لە چوارچێوەی ئەو کورتە فیلمەدا بێت کە لەسەر ژیانی هیلەری دروستکراوە".

 

 

"بەنیازە خۆی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا کاندید بکات"

وەک کچە خوێندکارێکی زیرەک و خاوەن ئەزموونی قۆناغی ئامادەی خوێندنگەی مەین ئیست و سەرنووسەری ڕۆژنامەی خوێندنگەکەیان و ئەو چاوپێکەوتنەش کە لەساڵی 2019دا لەگەڵ هیلەری کڵنتندا ئەنجامیدابوو، شیکاگۆ تریبیون چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەلالدا ئەنجام دەدەن، لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکانی ڕۆژنامەکەدا دەلال بەوپەڕی ئازایی و بڕوابەخۆبونەوە دەڵێت: "دەمەوێت بچمە قوتابخانەی یاسا و ببمە پارێزەری مافی مرۆڤ. ئەوە دەبینم کە پیشەکەم بەرەو ئەوێ دەڕوات. من دەمەوێت لە داهاتوودا خۆم بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید بکەم. بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە ئەوە خەونی منە، دەمەوێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ووڵات دروست بکەم، لە ئۆفیسی ئۆڤاڵدا Oval Office زۆر پرس هەیە کە پێویستە گرنگیان پێ بدرێت بەڵام لەبەرچاو ناگیرێن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand