پۆستە باڵاكانی كورد لە بەغداد

Draw Media

2023-09-05 09:35:23



 

درەو:
وەفدی هەرێمی كوردستان لە دانوستانەكانی بەغداددا شكستی هێناو "بەغداد مامەڵەی پارێزگایەك لەگەڵ هەرێم دەكات"، بەڵام دەیان پۆستی باڵا لە بەغدا لە پشكی كوردەو لەو پرسەدا رۆڵیان نیە، سەرۆك كۆمارعێراق، جێگری سەرۆكی پەرلەمان عێراق، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، چوار وەزیر و بریكاری وەزارەتی نەوت و دارایی (63) پەرلەمانتار و دەیان بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر لە پشكی كوردن.
پۆستەكانی كورد لە بەغداد:
•    لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق
•    شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمان
•    فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە
•    خالید شوانی وەزیری داد
•    بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە
•    نزار ئامێدی وەزیری ژینگە
•    مەسعود حەیدەر بریكاری وەزیری دارایی
•    عزەت سابیر بریكاری وەزارەتی نەوت
•    31 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی
•    18 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی
•    9 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ
•    4 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو
•    1 پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ
•    كۆی گشتی 63 پەرلەمانتاری كورد
•    دەیان سەرۆكی دەستەو بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار
لایەنە كوردییەكان لەكاتی دابەشكردنی پۆستەكانی پشكی كورد لە بەغداد، چەندین مانگ ململانێ و ناكۆكیی و شەڕی پۆستەكان دەكەن، لە كاتی قەیران و درووستبوونی كێشەو ناوكۆكی ئەو پۆستانە هیچ رۆڵێكیان نیە.
لە كاتێكدا كورد بە چەندین پۆست بەشدارە لە حكومەتی عێراق و (63) پەرلەمانتاری هەیەو پۆستی باڵای سەرۆك كۆماری بەدەستەوەیە، بەڵام وەفدی هەرێمی كوردستان دوای (19) جار سەردانی بەغداد، دەڵێن: گفتوگۆكان بێئەنجامبوون و بەغداد وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات".
تا ئێستا پەیوەندییەكی روون و درووست نیە لە نێوان وەفدی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغداد، زۆر جار نوێنەرانی كورد لە بەغداد دەڵێن"لە میدیاكانەوە  دەیزانین كە وەفدی هەرێم لەبەغدادن" هیچ تەنسیق و هەماهەنگییەك نیە لە نێوانیان، سەرەڕای ناكۆكی نێوان لایەنە كوردییەكان كە پێگەی هەرێمی بەتەواوی لە بەغداد لاواز كردووە.

پشكی هەرێم بەشێكی زۆری دەچێت بۆ دەزگا و سەرۆكایەتیانەی كە لە دەستی كوردان:
-    مانگانە (9 ترلیۆن‌و 976 ملیار) دینار خەرجی فیعلی عێراقە  (مانگی حوزەیران وەك نمونە وەرگیراوە)، ئەمە دوای دەركردنی خەرجی سیادی كە (2 ترلیۆن‌و 975 ملیار) دینارە لەگەڵ دەركردنی  خەرجی حاكیمە كە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینارە.
-    ئەوەی وەكو خەرجی فیعلی مانگانە بۆ عێراق دەمێنێتەوە بڕەكەی (4 ترلیۆن‌و 721 ملیار) دینارە، رێژەی (12.67%)ی ئەم پارەیە پشكی هەرێمی كوردستانە.
-    بەپێی ئەم هاوكێشەیە هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی (598 ملیار) دیناری لە خەرجی فیعلی عێراق بەردەكەوێت.

خەرجی سیادی
كۆی گشتی خەرجی سیادی لە بودجەی عێراقدا بڕەكەی (58 ترلیۆن‌و 294 ملیار) دینارە
دیارترین ئەو پارانەی كە لەم خەرجییەدا لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بریتییە لە:
•       بڕی (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دیناری پارەی تەرخانكراو بۆ كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان (بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە)
•       بڕی (288 ملیارو 304 ملیۆن) دیناری تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ موچەی پێشمەرگە
•        خەرجی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە پشكی كوردەو ئێستا (لەتیف رەشید) سەرۆك كۆماری عێراقە، خەرخی تەرخانكراو بۆ ئەم سەرۆكایەتییە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا كە لە پشكی هەرێمی كوردستان  بڕدراوە، بۆ یەك ساڵی دارایی بڕی (94 ملیارو 200 ملیۆن) دینارە، ئەم پارەیە بۆ خەرجی موچەو بەكاربردنی سەرۆك كۆمارو موچەی لیواكانی سەرۆكایەتی كۆمار تەرخان دەكرێت كە كوردن‌و سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەو پارەی بۆی تەرخانكراوە بڕی زیاتر لە (25 ملیارو 827 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە.
•       پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو دامەزراوە  فیدراڵییانەی ترە كە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا، پارەی لە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ بڕدراوە، تێكڕای خەرجی پەرلەمانی عێراق بۆ یەك ساڵی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (418 ملیارو 872) دینار دیاریكراوە، 63 پەرلەمانتاری كوردو (شاخەوان عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد لە بەشێكی ئەم پارەیە سودمەند دەبن لەرێگەی موچە‌و تەرخانكراوی ترەوە، تاوەكو نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق لە كۆی ئەو پارەی بۆی تەرخانكراوە، تەنیا بۆ خەرجی بەكارخستن زیاتر لە  (267 ملیارو 600 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە.
•        سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش خەرجییەكانی لەچوارچێوەی سیادیدا دانراوە‌و هەرێمی كوردستان لەم خەرجییەشدا پشكێكی تری لێبڕاوە، تێكڕای خەرجی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی، لەیاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (ترلیۆنێك‌و 228 ملیار) دینار دیاریكراوە، چوار وەزیری كورد كە دوانیان یەكێتیی‌و دوانیان پارتین‌و یەكێكیان (فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیرانە، لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە لەم پارەیە سودمەند دەبن، تەنیا لە مانگی شەشی ئەمساڵدا خەرجی بەگەڕخستنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (522 ملیار) دینار بووە.
•       وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردە (فوئاد حسێن)، خەرجییەكانی لەناو چوارچێوەی خەرجی سیادی دانراوەو لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، خەرجی ئەم وەزارەتە بۆ ساڵێكی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی (837 ملیارو 318 ملیۆن) دینار دیاریكراوە، واتا ئەم وەزارەتە مانگانە نزیكەی (70 ملیار) دینار لە بودجەی گشتی عێراق دەبات.

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

هەرێم دانوستانی یاسایی دۆڕاند، دانوستانی سیاسی دەكات؟

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand