"بەغداد مانگانە 430 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت"

Draw Media

2023-09-01 20:02:21




درەو:
وەفدی بەغداد بە وەفدی هەرێمیان راگەیاندووە لەو (598) ملیار دینارەی بۆ پشكی هەرێم دیاری كراوە، مانگانە (53) ملیاری قەرزی بانكی بازرگانی و (50) ملیار دیناری قەرزی (400) ملیار دینارەكەو (50%)ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی لێدەبڕن، ئەوەی دەمێنێتەوە مانگانە دەكاتە (430) ملیار دینار كە دەینێرین بۆ هەرێمی كوردستان، بەو پێیەش حكومەتی هەرێم تەنیا بۆ دابەشكردنی موچە (178) ملیار دینار كورتهێنانی دەبێت، وردەكاری گفتوگۆكانی وەفدی هەرێم لەبەغداد و شێوازی دیاریكردنی پشكی هەرێم لەم راپۆرتەدایە.

رۆژی 30ی ئاب جارێكی تر لە هەولێرەوە وەفدی هەرێم بەرەو بەغداد بەڕێكەوت، وەفدەكە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و ئابوری سەرۆكایەتی كرد لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كۆبوونەوەو دواتر بۆ ووردەكاری بودجەو پشكی هەرێم لەگەڵ ژمێریار و یاسایی و بەرێوەبەری گشتییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق كۆبوونەوە.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكدا كردووە، وەفدی حكومەتی عێراق بە وەفدەكەی هەرێمیان راگەیاندووە، ئێوە قەرزاری بەغدادن، بەغداد مانگانە (400) ملیار دیناری وەك قەرز بۆ هەرێم ناردووە، پارەی چی بنێرێن، بۆیە لەو پارەیەی مانگی پێشوو بۆ هەرێم نێردراوە و بڕەكەی (598) ملیار دینارە، بەشێكی لێدەبڕین.
لە گفتوگۆكانیاندا وەفدی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمیان راگەیاندووە ئێمە یاسا جێبەجێ دەكەین و قسەمان لەسەر بابەتی سیاسی نیە، بە پێی ئەوەی لێكدانەوەمان بۆ كردووە ئێوە چەند جارێك مانگانە (400) ملیار دینارتان بەقەرز لە بەغدادەوە وەرگرتووە، ئەوە بەقەرز ئەژماركراوە لەسەرتان لە ئێستادا بڕەكەی (2) ترلیۆن دینارە، (ترلیۆنێك و 600 ملیار) دینار لەسەر دەمی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی نێردراوەو (400) ملیار دیناریش كابینەكەی مستەفا كازمی.
بۆیە وەفدی عێراق بە وەفدەكەی هەرێمی كوردستانیان راگەیاندووە دوای لێكدانەوەو لێدەركردنی قەرزو پابەندییەكانی مانگانە (430) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەینَرین.
ئەوەی دەست (درەو) كەوتووە بەم شێوەیەیە:
•    وەفدی عێراق بە وەفدی هەرێمیان راگەیاندووە، بەپێی یاسای بودجە مانگانە (598) ملیار دینار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت بەم شێوەیە (مانگانە 9 ترلیۆن و 976 ملیار دینار خەرجی فیعلی عێراقە، دوای دەركردنی خەرجی سیادی كە (2 ترلیۆن و 975 ملیار) دینار و  خەرجی حاكیمە (2 ترلیۆن و 280 ملیار) دینارە ئەوەی دەمێنێتەوە ( 4 ترلیۆن و 721 ملیار) دینارەو (12.67)ی پشكی هەرێم لەو ژمارەیە دەردەكرێت و دەكاتە (598) ملیار دینار).
•    وەفدە ژمێریاری و تەكنیەكیەكەی بەغداد ئەوەیان بە وەفدی هەرێم راگەیاندووە، لەو 598 ملیار دینارەی پشكی هەرێمە بەشێكی تری لێدەبڕێت، مانگی داهاتوو بەو شێوەیە نانێردرێت بەم شێوەیە:.
•    مانگانە بڕی (54) ملیار دیناری قەرزی (TBI) بانكی بازرگانی لەو (598) ملیار دینارە دەبڕدرێت.
•    مانگانە بڕی (50) ملیار دینار دەبڕێت چونكە هەرێمی كوردستان نزیكەی (2) ترلیۆن دینار قەرزارە ئەوەی مانگانە بە قەرز (400) ملیار دیناریان بۆ هەرێم ناردووە.
•    مانگانە بڕی (60 - 65) ملیار دیناری دیكە دەبڕدرێت لەو (598) ملیار دینارە كە (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەو دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی بەغداد.
واتا پشكی هەرێمی كوردستان بە (598) ملیار دینار دیاریكراوە، بەڵام ئەم بڕە پارانەی لێدەبڕدرێت بەم شێوەیە:
•     مانگانە (53) ملیار دیناری قەرزی بانكی بازرگانی
•    مانگانە بڕی (50) ملیار دیناری قەرزی (400) ملیار دینارەكە
•    مانگانە بڕی (65) ملیار دیناری (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان
•    كۆی گشتی لێبڕینەكان دەكاتە (168) ملیار دینار لە پشكی هەرێم دەبڕێت.

ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە (598 ملیار - 168ملیار = 430ملیار) دینار ، واتا لەمەودوا حكومەتی عێراق بڕی (430) ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) وەفدی ژمێریاری و تەكنیكی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمیان راگەیاندووە، ئەوەی ئێمە دەیكەین تێگەیشتنی یاساییانەو ژمێریاریانەی ئێمەیە بۆ بودجە بەم شێوەیەیە، ئەگەر چارەسەری سیاسیتان دەوێت ئەوا با سیاسیەكانی هەرێم لەگەڵ سیاسیەكانی بەغداد رێكبكەون و ئەوكات شتێكی دیكەیە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت وەفدی باڵای هەرێم سەردانی بەغداد بكات.
ئەگەر بەم شێوەیە هەرێمی كوردستان رازی بێت ئەوا مانگانە بڕی (431) ملیار دینار لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.
بە ئەژماركردنی ئەو پارەیەی لە بەغدادەوە دێت بۆ هەرێم داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ موچە بەم شێوەیە دەبێت:
•    430ملیار دینار پارەی بەغداد
•    25 ملیار دینار پارەی  هاوپەیمان بۆ پێشمەرگە (بۆ موچەی مانگی حوزەیران 25 ملیار دینار پێویست بووە)
•    308 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ
•     (763) ملیار دینار كۆی گشتی ئەو پارەیەیە كە لەبەردەستی حكومەتدایە.
ئەم بڕە پارەیە بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناكات، سەرەرای خەرجییەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
•    مانگانە تەنیا بۆ موچە (942) ملیار دینار پێویستە (بۆ موچەی مانگی حوزەیران 942 ملیار دینار پێویست بووە)
•    واتا (178) ملیار دینار كورتهێنان هەیە تەنیا بۆ موچە، سەرەرای خەرجی وەزارەتەكان و پێداویستیەكانی رۆژانە كە نزیكەی (100) ملیار دینارە مانگانە، خەرجی كارەباش نزیكەی (100) ملیار دینارە بەڵام ماوەیەكە حكومەت پارەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا نادات.

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand