كێ دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی؟

Draw Media

2023-08-27 19:53:31



راپۆرت: درەو
یەكێتیی لە كۆنگرەی پێنجەمدا ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ نزیكەی (50) ئەندام كەمدەكاتەوە، ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیی چۆن یەكلادەكرێنەوە؟ كێ دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی؟ چارەنوسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی چی لێدێت؟ سەرۆكی یەكێتیی جێگری دەبێت؟ ئەگەر هەبێت جێگرەكان كێ دەبن؟
یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆژی 27ی ئەیلولی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستێت، ئەمە دەبێتە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی، دواین كۆنگرەی یەكێتیی لە كۆتا رۆژەكانی 2019دا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیی لە كۆبوونەوەكانیدا جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی كۆنگرەی پێنجەم كردەوە.

كۆنگرەی یەكێتی
بەپێی مادەی (14)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی" كۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتەو هەر چوارساڵ جارێك دەبەسترێت"، واتا كۆنگرەی پێنجەم دەبێتە تاكە كۆنگرەی یەكێتیی كە بەر لەوادەی خۆی بەڕێوەبچێت،
بەپێی مادەی (15)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی ئەندامانی كۆنگرە پێكدێن لە:
-    ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر كە لە ئێستادا (عومەر شێخ مووس و فوئاد مەعسوم) لە ژیاندا ماون.
-    پێشمەرگەكانی ساڵی 1976
-    ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی (121) هەڤاڵ
-    ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە (9) ئەندامن بە سەرۆكەوە.
-    ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆنگرەكانی پێشوو كە لە ریزەكانی یەكێتی لە خەبات بەردەوامن.
-    ئەندامانی تری كۆنگرە بە هەڵبژاردن دەبن.
تەلار لەتیف وتەبێژی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیاردراوە (600) كەس دەبنە ئەندامی كۆنگرەی پێنجەم.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی یەكێتیی قسەی كردووە، لە كۆنگرەی پێنجەمدا ئەوەی تائێستا باسی لێوە دەكرێت ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی لە (121) ئەندامەوە كەمدەكرێتەوە بۆ (51) ئەندام بە سەرۆكەوە، واتا (70) ئەندام كەمدەكرێتەوە، لە كۆنگرەدا سیستەمی هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێتەوەو ئەنجومەنی باڵای سیاسی كارادەكرێت و دەسەڵاتی زیاتری پێدەدرێت.

چارەنوسی ئەنجومەنی باڵای سیاسی
ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی كە لە كۆنگرەی چوارەمدا دروستكراو لە سەرۆكێك‌و (8) ئەندام پێكدێت، بڕیارە لە كۆنگرەی پێنجەمدا دەسەڵاتی زیاتر بكرێت، ئەكتیف بكرێت و ژمارەی ئەندامانیشی زیاد بكرێت.
بە پێی ئەو زانیارییانەی تائێستا دەست (درەو) كەوتوون، باس لە دوو سیناریۆ دەكرێت:
سناریۆی یەكەم: كۆسرەت رەسوڵ عەلی وەك سەرۆكی ئەنجومەنەكە بەردەوام دەبێت و جێگری بۆ دیاری دەكرێت و كارا دەكرێت، بە كۆمەڵێك دەسەڵاتەوەو ناوەكەشی دەگۆڕدرێت بۆ ئەنجومەنی دانایان.
سیناریۆی دووەم: هەریەك لە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنەكەو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنەكە رێزلێنانیان بۆ دەكرێت و هەر یەك لە بەرهەم ساڵح یان مەلا بەختیار دەكرێنە سەرۆكی ئەنجومەنەكەو ئەندامێكی تری بۆ زیاد دەكرێت، ئەم سیناریۆیەیان زیاتر باس دەكرێت.

سەرۆكی یەكێتیی
لە كۆنگرەی پێنجەمدا بەتەواوی سیستەمی هاوسەرۆكایەتیی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەگەرچی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021وە سیستمی هاوسەرۆكایەتیی لەناو یەكێتیدا بەشێوەیەكی كرداریی هەڵوەشایەوە‌و بافڵ تاڵەبانی دوای كۆنترۆڵكردنی دەزگا ئەمنی‌و هەواڵگرییەكان لاهور شێخ جەنگیی دروخستەوە، بەڵام لە فۆرم‌و لەڕووی یاساییەوە هاوسەرۆكایەتیی لەناو یەكێتیدا هەر بەردەوام بوو، رۆژی 28ی ئایاری 2022 یەكێتیی "دیدار"ی بەست، لەم دیدارەدا بە فەرمی بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناسێندرا، بەڵام دیدارەكە نەیتوانی لەڕووی یاساییەوە شوێنی كۆنگرە بگرێتەوە، بۆیە لاهور شێخ جەنگیی هەر بەردەوام بوو لەسەر هەوڵە یاساییەكانی لە هەولێرو بەغدادەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەرۆكییەكەی، ئەم هەوڵانە بێ ئاكام مانەوە، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی بەپلەی یەكەم بۆ كۆتایهێنانە بە هەموو ئاسەوارەكانی هاوسەرۆكایەتیی‌و دورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگی لەریزەكانی یەكێتیی‌و یەكلاكردنەوەی حزبەكە بۆ بافڵ تاڵەبانی.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی یەكێتیی تائێستا باس لە دوو سیناریۆ دەكرێت:
سیناریۆی یەكەم: بافڵ تاڵەبانی لە كۆنگرەدا دەكرێتە سەرۆكی یەكێتیی بە بێ هیچ جێگرێك.
سیناریۆی دووەم: بافڵ تاڵەبانی لە كۆنگرەدا دەخرێتە دەنگدانەوەو هاوشێوەی مام جەلال بە چەپڵەڕێزان دەكرێتە سەرۆك، بافڵ تاڵەبانیش پێشنیاز دەكات بۆ راپەڕاندنی كارەكانی سێ جێگری هەبێت ئەوانیش (قوباد تاڵەبانی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، رەفعەت عەبدوڵا) بە پێشنیازی بافڵ تاڵەبانی ئەوانیش دەنگیان پێدەدرێت و دەبنە جێگری سەرۆكی یەكێتیی.

ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كێ دەبن؟
ئەوەی تا ئێستا باس دەكرێت ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی بۆ نزیكەی (50) ئەندام كەمدەكرێتەوەو بە سەرۆكەوە دەبێتە (51) ئەندام، دواتریش لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی (17) ئەندام بۆ مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێرن و لەناو ئەوانیش (7) ئەندام بۆ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی.
ئەوانەی دەبنە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كێ دەبن؟ (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتیی كرد، هەموویان جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە ئەندامانی سەركردایەتی پێشتر رەزامەندیان لەسەر دەدرێت و هاوشێوەی كۆنگرەكانی پێشووی یەكێتیی و بەشێك لە حزبەكان بە لیست دەبێت، ئەوەی تائێستا ناویان دێت لەناو لیستی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیدا لەناو كۆنگرەی پێنجەم بەمشێوەیە دەبێت:
•    بافڵ تاڵەبانی
•    قوباد تاڵەبانی
لە سنوری شاری سلێمانی
•    شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
•    سەركەوت زەكی
•    تەلار لەتیف
•    زیاد جەبار
•    هاوڕێ دارا
 

لە سنوری شارەزوور
•    وەهاب هەڵەبجەیی
•    سالار سەرحەد
•    شێخ ئەحمەد
لە سنوری گەرمیان
•    عیماد ئەحمەد
•    شێركۆ میروەیس
•    پۆلا سیروان تاڵەبانی
رابیحە حەمەد بەغدا
سنوری پارێزگای كەركوك
•    ئاسۆ مامەند
•    رەفعەت عەبدوڵا
•    رزگار حاجی
•    ستران عەبدوڵا
•    رێبوار تەها
•    دابان شەدەڵە
•    خاڵە كاكەمەند
•    یوسف گۆران
•    خالید شوانی
•    فریال عەبدوڵا

سنوری پارێزگای هەولێر
•    دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
•    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ
•    رێواز فایەق
•    د. مەجید حەمە ئەمین
•    بوهان سەعید سۆفی
•    هەرێم كەمال ئاغا
•    د. شەونم
•     عەباس فەتاح
•    د. دارا رەشید
•    فەیسەڵ كەریم خان


سنوری پشدەرو بتوێن
•    ئەحمەد زرار
•    بێگەرد تاڵەبانی
سنوری بادینان
•    ئاراس ئاغا
•    ئەمین بابەشیخ

دیاریكردنی ئەو ناوانە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و پەیوەندی (درەو) بووە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی یەكێتیی، هەرچەندە بەشێكیان باسیان لەوە كرد چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لە گەنجەكان و پەرلەمانتاران ناویان لە لیستی سەركردایەتی یەكێتی هەبێت و ببنە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و تا نزیكی رۆژی هەڵبژاردن گۆڕانكاری لە ناوو لیستی ئەنداماندا بكرێت، بۆیە بەشێك لە سەركردە بەئەزمونەكانی یەكێتیی خۆیان بەدوور دەگرن لەوەی لەناو كۆنگرە خۆیان هەڵبژێرن، پێش كۆنگرە رێككەوتن نەكرێت ناچنە ناو كۆنگرەوە، چونكە هیچ كەس زەمانەتی دەرچوونی نیە، تا بە تونێلی بافڵ تاڵەبانیدا تێپەڕ نەبێت.

ئەنجومەنێك بۆ تێكۆشەرەكان
ئەوەی لە ئێستاوە دەردەكەوێت بەشێكی زۆری سەركردایەتییەكانی یەكێتی ناتوانن سەركەون یان نایانەوێت بچنە هەڵبژاردنەوە بۆ سەركردایەتی یەكێتیی، بۆیە ئەنجومەنێكیان بۆ دروستدەكرێت بەناوی (ئەنجومەنی تێكۆشەران)، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی دەڵێت:" لە كۆنگرە ئەنجومەنێكی كارا لە هەڤاڵانی تێكۆشەر دروست بكەین كە سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی كارەكانمان".
بەپێی بەدواداچوونەكان ئەو ئەنجومەنە هاوشێوەی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی دەبێت و ژمارەیان (80 بۆ 100) ئەندام دەبێت، ئەم ئەنجومەنە بۆ بەشێك لەو ئەندامانەی سەركردایەتی و پێشمەرگەی دێرین و سەركردەی دێرینی یەكێتی دەكرێتەوە، لەپێناو كەمكردنەوەی بەشێك لە ناڕەزاییەتیەكان، چونكە یەكێتیی دەیەوێت كەمترین ناڕەزایەتی و زیان بكات لە كۆنگرەی پێنجەم، لەبەر ئەوەی دوو هەڵبژاردنی چارەنوسازی لە پێشەوەیە، 18/12/2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و چارەنوسی یەكێتیی لە كەركوك، 25/2/2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و چارەنوسی یەكێتی لە هەرێمی كوردستان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand