یەكێتیی نەخشەی سیاسی خۆی دادەڕێژێتەوە

Draw Media

2023-08-20 18:32:55



راپۆرت: درەو
دواجار یەكێتیی بڕیاریدا بەر لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان‌و پەرلەمانی كوردستان كۆنگرە بكات، ئەم كۆنگرەیە بە پلەی یەكەم بۆ دورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگیی و نزیكەكانیەتی، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا پێگەی گروپەكانی تری ناوخۆی یەكێتیی دەستنیشان دەكات. سەركردایەتیی یەكێتیی ژمارەیان كەمدەكرێتەوە، تێكەڵەیەك لە سەركردە كۆن‌و نوێیەكان دروستدەكرێت، ئەوانەی لەگەڵ ماڵی مام جەلالدا نین، چانسیان پێدەدرێت بچنە بەردەم كۆنگرەو بیدۆڕێنن. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرت.

كۆنگرەی بەر لە دوو هەڵبژاردن
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە كەركوكەوە بڕیاریدا لەسەر ئەوەی لە رۆژی 27/9ی ئەمساڵدا كۆنگرە سازبدات، كۆنگرەی ئەمجارەی یەكێتیی دەكەوێتە پێش دوو هەڵبژاردنی گرنگەوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە رۆژی 18/12ی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت هەروەها هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان 25/2ی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
یەكێتیی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، هەوڵە بەردەوامەكانی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە بێ ئاكام مایەوە، سەرباری ئەوەی یەكێتیی پۆستی پارێزگای كەركوكی كرد بە مەرج بۆ بەشداریكردنی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام لەگەڵ پارتی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكراو پۆستەكەی وەرنەگرتەوە، ئێستا تاكە دەرفەت لەبەردەمیدا هەڵبژاردنەكەی مانگی 12ی ئەمساڵە، یەكێتیی بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە كەركوك تەنیا یەك هاوپەیمانی هەیە كە ئەویش حزبی شیوعی كوردستانە، پارتیش كە ركابەری سەرەكییە تەنیا یەك حزبی كوردستانی هاوپەیمانێتیی لەگەڵدا كردووە كە بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستانە، واتا ركابەرێتیی ئەمجارەی پارتی‌و یەكێتیی لە كەركوك قورس دەبێت.
رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە یەكێتیی وادەی سازدانی كۆنگرەی خۆی بۆ مانگی ئەیلول پێشخست، بەتایبەتیش لەكاتێكدا دەنگۆ هەبوو ئەم كۆنگرەیە بكەوێتە كۆتاییەكانی ئەمساڵ.
كۆنگرەی پێنجەم كاریگەریی لەسەر پێگەی یەكێتیی لە هەردوو هەڵبژاردنەكە بەجێدەهێڵێت، بەهەمان شێوە پێگەی یەكێتیی لە هەردوو هەڵبژاردنەكە كاریگەریی لەسەر دەرەنجامەكانی كۆنگرەكە‌و ئەگەری پەرتبوونی یەكێتیی لە داهاتوودا دەبێت، بەتایبەتیش ئەگەر یەكێتیی نەتوانێ‌ لەو هەڵبژاردنانەدا پارێزگاریی لە دەنگەكانی بكات.   

ئەنجومەنی باڵا نامێنێت ؟
سەرچاوەكان لەناو یەكێتییەوە باسلەوە دەكەن، لە كۆنگرەی پێنجەمدا یەكێتیی دەیەوێت ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی خۆی كەمبكاتەوە (كۆنگرەی چوارەم 124 ئەندامی بۆ سەركردایەتی هەڵبژارد)، بڕیارە كۆنگرەی پێنجەم ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ 50 تا 60 ئەندام كەمبكاتەوە.
لەپاڵ ئەمەدا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی كە لە سەرۆكێك‌و (8) ئەندام پێكدێت، ئەگەر هەیە لە كۆنگرەدا ئەم ئۆرگانەش هەڵوەشێندرێتەوە‌و لەبری ئەوە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە لە مەكتەبی سیاسیدا دابنرێت، بەمەش سەركردایەتییەكی نوێ بۆ یەكێتیی دروستبكرێت لە سەركردە كۆن‌و نوێیەكانی حزب دروستبكرێت، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە لەسەر ئەو پرسە، چونكە رەئی بەرامبەر وایە كە ئەو ئەنجومەنە وەك خۆی بمێنێتەوە.
سەركردە كۆنەكانی یەكێتیی كە ئێستا لەناو ئەنجومەنی باڵای سیاسیدا كۆبونەتەوە، هەموویان چانسی ئەوەیان پێنادێت ببن بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، زانیارییەكان باسلەوە دەكەن چەند كەسێكی دیاریكراویان لەلایەن ماڵی مام جەلالەوە پاڵپشتییان لێدەكرێت بۆ ئەوەی بۆ سەركردایەتی‌و دواتریش بۆ مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردرێن، ئەوانەی دەمێننەوە تەنیا چانسی ئەوەیان پێدەدرێت بچنە بەردەم كۆنگرەو خۆیان بۆ سەركردایەتی كاندید بكەن، كۆنگرەیەك كە پێشوەختە ئەندام‌و دەنگدەرەكانی یەكلابوەتەوە‌و هەموو كەسێك چانسی سەركەوتنی بۆ سەركردایەتی تێیدا زامن نەكراوە.

چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی‌و هاوسەرۆكایەتیی
سەرباری ئەوەی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021وە سیستمی هاوسەرۆكایەتیی لەناو یەكێتیدا بەشێوەیەكی كرداریی هەڵوەشایەوە‌و بافڵ تاڵەبانی دوای كۆنترۆڵكردنی دەزگا ئەمنی‌و هەواڵگرییەكان لاهور شێخ جەنگیی دروخستەوە، بەڵام لە فۆرم‌و لەڕووی یاساییەوە هاوسەرۆكایەتیی لەناو یەكێتیدا هەر بەردەوام بوو، رۆژی 28ی ئایاری 2022 یەكێتیی "دیدار"ی بەست، لەم دیدارەدا بە فەرمی بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناسێندرا، بەڵام دیدارەكە نەیتوانی لەڕووی یاساییەوە شوێنی كۆنگرە بگرێتەوە، بۆیە لاهور شێخ جەنگیی هەر بەردەوام بوو لەسەر هەوڵە یاساییەكانی لە هەولێرو بەغدادەوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەرۆكییەكەی، ئەم هەوڵانە بێ ئاكام مانەوە، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی بەپلەی یەكەم بۆ كۆتایهێنانە بە هەموو ئاسەوارەكانی هاوسەرۆكایەتیی‌و دورخستنەوەی یەكجاریی لاهور شێخ جەنگی لەریزەكانی یەكێتیی‌و یەكلاكردنەوەی حزبەكە بۆ بافڵ تاڵەبانی.
لاهور شێخ جەنگیی كە تائێستا خۆی وەكو بەشێك  لە یەكێتیی وێنا دەكات، لەدوای كۆنگرەی پێنجەمەوە هیچ بژاردەیەكی لەناوخۆی یەكێتیدا لەبەردەمدا نامێنێت.
لاهور شێخ جەنگیی بەمدواییە هەوڵێكی دا بۆ ئەوەی ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكانی دەرەوەی یەكێتیی‌و پارتی لەچوارچێوەی لیستێكدا بۆ هەڵبژاردن لە كەركوك كۆبكاتەوە، ئەم هەوڵەی سەركەوتوو نەبوو، بەڵام لە دوای كۆنگرەی پێنجەمەوە دەبێت ئیتر بڕیاری خۆی یەكلابكاتەوە لەبارەی ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لیستی خۆی دەبێت یاخود نا.

ماڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و كەركوكییەكان
لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییدا كە كۆتا رۆژەكانی 2019 بەڕێوەچوو، باڵی كۆسرەت رەسوڵ گورزی گەورەی لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە بەركەوت، كۆسرەت رەسوڵ كە پێشبینی دەكرا گەمە سیاسییەكانی بخاتەگەڕ بۆ پەرتكردنی ركابەرەكانی، بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی لە گەمەكە هاتە دەرەوە، ئەنجومەنەكەشی بوو بە ژێر ململانێی هاوسەرۆكەكان‌و نەیتوانی رۆڵی خۆی بگێڕێت، لەمەشدا بە پلەی یەكەم دۆخی تەندروستی كۆسرەت رەسوڵ رۆڵی هەبوو.
لە رووداوەكانی 8ی تەموزەوە كوڕانی كۆسرەت رەسوڵ بەخێرایی بەلای بافڵ تاڵەبانیدا شكانەوە، تۆڵەی دەرەنجامەكانی كۆنگرەی چوارەمیان لە لاهور شێخ جەنگیی كردەوە، بۆ ئەم پاڵپشتییە لە بافڵ تاڵەبانی چاویان لەوە بوو پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتیی وەربگرن، بەڵام بافڵ تاڵەبانی جێگری بۆ خۆی دانەناو بۆ كۆنگرەی پێنجەمیش هەروا دەكات.
لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە كوڕانی كۆسرەت رەسوڵ لە هاوپەیمانێتیدان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، دەیانەوێت درێژە بەم هاوپەیمانێتییە بدەن‌و لە كۆنگرەی پێنجەمیشدا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا پێگەی خۆیان لە سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زامن بكەنەوە.
گروپی كەركوكییەكانیش كە لە كۆنگرەی چوارەمدا لەدوای لاهور شێخ جەنگییەوە براوەی یەكەم بوون، سەرباری ئەوەی ئێستا ئەو پێگە بەهێزەی پێشتریان نەماوە، بەڵام ئەگەر هەمان رۆڵی كۆنگرەی چوارەم بگڕێن، جارێكی تر پێگەی خۆیان مسۆگەر دەكەنەوە.

یەكێتی‌و كۆنگرە
رۆژی 27ی ئەیلولی ئەمساڵ یەكێتیی كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی پێنجەمە، دواین كۆنگرەی یەكێتیی لە كۆتا رۆژەكانی 2019دا بەڕێوەچوو، كۆنگرەیەك كە بۆ یەكەمجار سیستمی "هاوسەرۆكایەتی" لەناو یەكێتیدا چەسپاند‌و تەنیا نزیكەی (ساڵ‌و نیوێك) بەردەوام بوو، بەهۆی تەقیتەوەی ناكۆكی نێوان دوو هاوسەرۆكەكەوە (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی)، لە 8ی تەموزی 2021دا ئەم شێوازە لە سەرۆكایەتیكردنی حزب هەڵوەشایەوە كە یەكێتیی لە پەكەكە‌و حزبەكانی نزیك لە پەكەكەوە وەریگرتبوو، لەوكاتەوە یەكێتیی گەڕاوەتەوە بۆسەر شێوازە كۆنەكەی خۆی، بەڵام بە جیاوازییەكی كەمەوە، لەبری سكرتێر، سەرۆك دانراوە‌و سەرۆكیش كە بافڵ تاڵەبانییە، خۆی كەسی یەكەم‌و كۆتایی‌و جێگری نییە.  
یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (4) كۆنگرە‌و دوو پلینیۆم‌و دیدارێكی كردووە.
كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، بەڵام كۆنگرەی پێنجەم پێشبینی ئەوەی لێناكرێت پەرتبوون دروست بكات، بەتایبەتیش كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا كوڕانی تاڵەبانی بەتەواوەتی هەموو جومگەكانی حزبەكەیان كۆنترۆڵ كردووە‌و دەیانەوێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی پێشوەختەدا كۆنگرەكە بەوشێوەیە یەكلابكەنەوە كە دەیانەوێت.  
یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون یان زۆر لاواز بوون، دەنگی ناڕەزایەتیی لەناو یەكێتیدا زۆر بە كزی دەبیسترێت، هەموان دەیانەوێت لەپاڵ ماڵی مام جەلال‌و بە رێككەوتن پێگەی خۆیان لە كۆنگرەی پێنجەمدا بپارێزن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئابوری‌و چەك‌و پەیوەندییەكانی یەكێتیی لەلایەن كوڕانی تاڵەبانییەوە كۆنترۆڵكراون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand