كورد لە هاوكێشەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراقدا

Draw Media

2023-08-11 21:03:29



درەو:

كورد بەسێ‌ هاوپەیمانێتی لەكەركوك و شیعەكان بەسێ‌ هاوپەیمانێتی گەورەو سوننەكانیش بە پێنچ هاوپەیمانێتی, بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەكەن, كە بڕیاڕە رۆژە (18) كانونی یەكەم ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

كەركوك بۆ كورد لەم هەڵبژاردنەدا خاڵی یەكلاكەرەوەیە, پەرتەوازبون و ململانێی حزبی, دەرفەتی وەرگرتنەوەی كورسی پارێزگاری شارەكەی زەحمەت كردووە, لەبەرامبەردا دەرگای گۆڕینی ئەمری واقیعی لەدوای روداوەكانی (16)ی ئۆكتۆبەری ساڵی (2017) بۆ شەرعیەتی سندوقەكانی دەنگدان, لەبەردەم پێكهاتەكانی تر خستووەتە سەرپشت, بەوەش چارەنوسی كەركوك كەوتووەتە تونێلێكی نادیارەوە.  

فەرمانگەی كاروباری پارتەكان و رێكخراوە سیاسیەكان, لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق, لیستی هاوپەیمانێتیەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق راگەیاند.
بەپێی راگەیاندراوەكەی كۆمیسیۆن, (50) هاوپەیمانێتی سیاسی لە عێراق, كێبڕكێ‌ لەسەر بەدەستهێنانی (275) ئەنجومەنە خۆجێیەكان دەكەن لە (15) پارێزگای عێراق, كە بڕیاڕە رۆژی (18)ی كانونی یەكەمی (2023) بەڕێوەبچێت.

چارەنوسی كەركوك لە ململانێكاندا

هێزە كوردیەكان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا, كێبڕكێی لەسەر (71) كورسی پارێزگاكانی كەركوك و سەڵاحەدین و دیالەو نەینەوا دەكەن.
*پاێزگای كەركوك (15) كورسی
*پارێزگای نەینەوا (26) كورسی
*پارێزگای سەڵاحەدین (15) كورسی
پارێزگای دیالە (15) كورسی
لەكۆی ئەو (50) هاوپەیمانێتیەی, هێزو لایەنە بەشدارەكان لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق پێكیانهێناوە, كورد سێ‌ هاوپەیمانێتی هەیە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای  كەركوك.
*هاوپەیمانی (كەركوك هێزو ئیرادەمانە), هاوپەیمانێتی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستانی.
*هاوپەیمانی (مەشخەڵی كەركوك), هاوپەیمانێتی نێوان یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان و  كۆمەڵی دادگەری كوردستانە.
*هاوپەیمانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی ئیسلامی عێراقی و چەند لایەنێكی دیكە (.هێشتا رایان نەگەیاندووە)
_جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات.
-بزوتنەوەی گۆڕان, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات.
-حزبی سۆسیالیستی كوردستان, بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك دەكات.
-حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە.

دەنگی حزبەكان لە سێ‌ هەڵبژاردندا

لەسێ‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا, كە ساڵەكانی (2014_2018_2021) بەڕێوەچووە, دەنگی حزبە كوردییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە بووە:
*ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (2014):
-یەكێتی نیشتمانی كوردستان (209.964) دەنگ
-پارتی دیموكراتی كوردستان(63.076) دەنگ
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (6.933) دەنگ
-كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (4.908) دەنگ
*ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (2018):
-یەكێتی نیشتمانی كوردستان (177.920) دەنگ
-پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری نەكرد.
-جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ (13.655) دەنگ
-یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (4.784) دەنگ
-كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (1.500) دەنگ
*ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی (2021):
-یەكێتی نیشتمانی كوردستان (70.866) دەنگ
-پارتی دیموكراتی كوردستان (49.538) دەنگ
-جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ (25.391) دەنگ
-یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری نەكرد.
-كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەشداری نەكرد.
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا, رێژەی دەنگی پێكهاتەكانی كەركوك بەم شێوەیەیە:
بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك كە لە (10/10/2021) بەڕێوەچوو _ كە پارێزگاكە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێكهاتبوو, لە سەر ئاستی هەرسێ بازنەكەی هەڵبژاردن (409 هەزار و 494) دەنگی ڕاستەقینە بەدەستهاتووە، بەجۆرێك؛
•پێكهاتەی كورد زۆرینەی دەنگەكانی پارێزگاكەی بردووەتەوە بە (160 هەزار و 370) دەنگ.
• پێكهاتەی عەرەب بە پلەی دووەم دێت بە (120 هەزار و 672) دەنگ.
• پێكهاتەی توركمان پلەی سێیەمی هەیە بە (45 هەزار و 773) دەنگی
• سەربەخۆكانیش (82 هەزار و 679) دەنگیان بەدەستهێناوە.

پەرتەوازەبوونى كوردو لێكەوتەكانی

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەناوچە جێناكۆكەكان بەگشتی و شاری كەركوك بە تایبەتی,  بۆ كورد هەڵبژاردنێكی چارەنوساز دەبێت, بە تایبەت كە كورد لەدوای روداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی (2017)وە پۆستی پارێزگاری شارەكەی لەدەستداوە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە, دەرفەتێكی گرنگە بۆ گەڕانەوەی ئەو پۆستە بۆ كورد, بەڵام ململانێ حزبیەكان و پەرتەوازەبوونی كورد بۆ كۆمەڵێك لیست و قەوارەی جیاوازو ناتەبا, سەرەتایەكی نەرێنیە بۆ ئەو هەوڵەو دەرگاكان بۆ هێزە باڵادەستەكانی بەغداد واڵا دەكات, بۆ گۆڕینی ئەو ئەمری واقیعەی لەكەركوك سەپاندویانە, بۆ شەرعیەتی سندوقەكانی دەنگدان و كۆتایهێنان بە هەژمون و پێگەی سیاسی كورد لەو شارە.
دابەشبونی كورد لەكەركوك, ئەگەر لەڕووی ژمارەی دەنگ و كورسیشەوە كاریگەریەكی ئەوتۆی نەبێت, ئەوا لە دوو خاڵی جەوهەریدا لێكەوتەی دیاری  دەبێت:  
یەكەم؛ لاوازی لایەنە كوردییەكان دەردەخات بۆ گەیشتن بە لێكنزیكبوونەوەیەكی هاوبەش، بەتایبەت لە پرسێكی گرنگی نەتەوەیی و پەیوەست بە "خاك"، ئەگەری قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانیش زیاتر دەكات بە تایبەت ڕەنگدانەوەی دەبێت لە سەر دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانیش، سەرباری ئەوەی جۆرێك لە بێهیوایی لای هاوڵاتیانی كورد لە پارێزگای كەركوك دروست دەكات و دوور نییە ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی ڕێژەی بەشداری كورد لە هەڵبژاردن.
دووەم؛ بەپێی ماددەی (19)ی هەمواری یاسای هەڵبژاردن "هیچ پەرلەمانتارێك یان ئەندامێكی ئەنجومەن یان حزب یاخود كوتلەی براوەی هەڵبژاردن, ناتوانێت بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانی یان حزب یاخود كوتلەی دیكە, تا دوای پێكهێنانی حكومەت یان هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەكانی". ئەمەش ڕێگە خۆشدەكات بۆ ئەوەی گەورەترین كوتلەی نێو ئەنجومەنی پارێزگا، كاندیدی خۆی پێشكەش بكات بۆ پۆستی پارێزگار، بێگومان ئەو كوتلەیەش پێكهاتەی كوردی نابێت، ئەگەر كورد بە پەرتەوازەیی بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكات.

كەركوك و پێكهاتەكانی تر

حەوت هاوپەیمانی لە پێكهاتەكانی تر, كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسیەكانی پارێزگاری كەركوك دەكەن, كە سێ هاوپەیمانی سوننەكان و هاوپەیمانێتیەكی شیعەو هاوپەیمانێتیەكی توركمان دوو هاوپەیمانی هێزە مەدەنیەكانن.
-هاوپەیمانی (القیادة) كە هاوپەیمانی ( محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەرە).
-هاوپەیمانێتی (العروبة) هاوپەیمانێتی نێوان عەزم و بەرەی عەرەبی یەكگرتووە, بەسەرۆكایەتی ( موسەنا سامەڕایی و وەسفی عاسی).
-هاوپەیمانێتی (العربي فی كركوك) كە سێ حزبی عەرەبی سوننە لەخۆ دەگرێت و راكان جبوری سەرۆكایەتی دەكات.
-هاوپەیمانێتی ( الاطار الوطنی) هاوپەیمانێتی ( نوری مالكی، هادی عامری، هومام حەمودی، عەمار حەكیم) .
-هاوپەیمانێتی (بەرەی توركمانی عێراقی یەكگرتوو) كە هاوپەیمانێتی (8) پارتی توركمانیە
-هاوپەیمانێتی (الائتلاف الوطنیە) بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی
-هاوپەیمانێتی ( المدنی الدیموقراطي) بەسەرۆكایەتی عەلی كازم
شیعەكان بەسەر سێ‌ هاوپەیمانێتی گەورەدا دابەشبون, بەچەندین ناوی جیاواز لە(15) پارێزگاكەی عێراق بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن, هاوكات سوننەكانیش بەسەر پێنج هاوپەیمانێتی دیاردا دابەشبون, كە هاوشێوەی شیعەكان لە زۆرینەی پارێزگاكەی عێراق, لە ژێر ناوی جیاواز و هاوپەیمانێتی جۆراوجۆر بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكەن.

هاوپەیمانێتی شیعیەكان

-هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا, كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات (12) حزب لەخۆدەگرێت و لە (10) پارێزگای عێراق بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكات.
-هاوپەیمانێتی (الاطار الوطنی) كە نوری مالیكی و هادی عامری و عەمار حەكیم و هومام حەمودی پێكیانهێناوەو لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و كەركوك بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
ئەم هاوپەیمانێتیە, لەگەڵ چەند حزبێكی تردا بەناوی هاوپەیمانی(الحدبا‌ء الوطنی) لەپارێزگای نەینەواو هاوپەیمانی (دیالتنا الوطنی) لە پارێزگای دیالە بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكات.
-هاوپەیمانی (قوی الدولة) كە عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و باقر جەبر سۆلاغ و چەند كەسایەتیەكی تر پێكیانهێناوەو لە (10) پارێزگای عێراق بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات.


هاوپەیمانێتی سوننەكان

-هاوپەیمانی(تقدم الوطني) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات و لە پارێزگاكانی بەغدادو نەینەواو ئەنبارو دیالەو سەڵاحەدین, بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
-هاوپەیمانی (القیادة) كە هاوپەیمانی خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسیەو لە بەسرەو واست و كەركوك و بابل بەشداری هەڵبژاردن دەكات و محەمەد تەمیم سەرۆكایەتی دەكات.
-هاوپەیمانی (العقد الوطني) كە چوار حزب لە خۆدەگرێت و خالید عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكات.
-هاوپەیمانی (الحسم الوطني) سابت مەحەمەد عەباسی سەرۆكایەتی كات و لەهەر (15)پارێزگاكەی عێراق بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
-هاوپەیمانی (عزم العراق) كە موسەننا سامەڕائی سەرۆكایەتی دەكات و لە بەغدادو دیالەو ئەنبارو نەینەوا بەشداری هەڵبژاردن دەكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand