كوردەکان لەکوێی جیهاندا دەژین و خەریکی چین؟

Draw Media

2023-08-03 22:31:23



 

ڕاپۆرتی: گۆران دوکانی ـ ئەمەریکا

بەشی دووەم و کۆتایی

"پێشەکی"

كورد وەک زۆربەی نەتەوەکانی دیکەی جیهان ژمارەیەکی زۆری لە ووڵاتانی تاراوگەدا نیشەتەجێن کە بەملیۆنان کورد مەزەندە دەکرێن، گەلی کورد کەدەکەوێتە ڕۆژئاوای ئاسیاوە، باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران و باکووری عێراق و باکووری سوریا دەگرێتەوە، لەشارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا (بەتایبەت ئیستەنبوڵ) و ئەوروپای ڕۆژئاوا (بەپلەی یەکەم لەووڵاتی ئەڵمانیا) زۆرینەیەکی کورد دەژین، پێکهاتە بەرچاوەکانی ڕەوەندی کورد لە ئەنادۆڵی ناوەڕاست و خوراسان و قەفقازدا ئێکسلاڤەکانی کورد هەن. ژمارەی دانیشتوانی کورد لەنێوان 60 بۆ 65 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت لەجیهاندا.

"کام ووڵاتانە زۆرترین کوردی لێیە"

ئەگەرچی سەرژمێریەکی وورد لەبەردەستدا نیە بەڵام ڕێژەی دانیشتوانی کورد بەپێی تازەترین داتا لەووڵاتانی ڕۆژئاوادا بەم جۆرەرە خەمڵێنراوە:
ـ گەورەترین ڕەوەندی کوردی لە ووڵاتی ئەڵمانیایە کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 1.5 یەک ملیۆن و نیو کورد لەو ووڵاتەدا بژین و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لە شاری کۆڵنە.
ـ فەرەنسا بە پلەی دووەم دێت کە زۆرترین کوردی لێ نیشتەجێیەو ژمارەیان نزیکەی 240 هەزار کوردەو گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لە دەوروبەری شاری پاریسە.
ـ هۆڵندا بە پلەی سێهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 150 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری دانهاخە.
ـ سوید بەپلەی چوارهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 110 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری ستۆکهۆڵمە.
ـ شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) بەپلەی پێنجەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 90 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری بێرمینگهامە.
ـ بەلجیکا بەپلەی شەشەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 75 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری برۆکسلە.
ـ سویسرا بە پلەی حەوتەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 65 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری باسلە.
ـ ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەپلەی هەشتەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 60 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری ناشڤێڵە.
ـ يۆنان بەپلەی نۆهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 50 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری ئەسینایە.
ـ نەرویج بەپلەی دەهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 45 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەشاری ئۆسڵۆیە.
ـ كەنەدا بەپلەی یانزەهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 30 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەدەوروبەری شاری تۆرنتۆیە.
ـ ئوسترالیا بەپلەی دوانزەهەم دێت، ژمارەی دانیشتوانی کورد لەو وڵاتەدا بەنزیکەی 12 هەزار مەزەندە دەکرێت و گەورەترین کۆمەڵگای کوردیيش لەدەوروبەری شاری سیدنیە.
جگە لەم ووڵاتانە ژمارەیەکی زۆری کورد لە ووڵاتەکانی (ئازەربایجان، ڕووسیا، کازاخستان، ئەرمینیا، کیرگستان، جۆرجیا، نیوزلەندا، نەمسا، دانیمارک، فینلەندا، ئایسلەندا، ئایرلەندا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پرتوگال، لوکسمبۆرگ) دەژین، کەمەزەندە دەکرێت ژمارەی سەرجەمیان زیاتر لە 1.2 یەک ملیۆن و دووسەد هەزار کوردبێت.

"کام ووڵاتانە گرنگن بۆ دروستکردنی لۆبی"

لەهەموو وڵاتێکی ڕۆژئاوایدا دەتوانرێت پەیامی پرسە نەتەوەیی و ئابوور و سیاسی و دیپلۆماتی و فەرهەنگی و ژیاریەکان بگەێنرێتە ناوەندە پەیوەندیدارەکان بەڵام ئەو وڵاتانەی کە باشترینن بۆ دروستکردنی لۆبی و گەیاندنی دەنگی حکومەت و نەتەوەکان بریتین لە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا)، یەکێتی ئەوروپا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، کەنەدا، ئوسترالیا" جگە لەناوەندە باڵاکانی ئەم وڵاتانە چەند ناوەندێکی دیکەش هەن کە زۆرجار ڕوویداوە چەند حکومەتێک لۆبی تێدا ئەنجام بدەن ئەو ناوەندانەش دیارترینیان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).

"كام ووڵاتانە زۆرترین هەوڵی لۆبی دەدەن"

گومانی تێدانیە وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ناوەندە سیاسیەکانی چەقی دروستکردنی گەورەترین لۆبین لەسەر ئاستی جیهاندا بۆیە زۆربەی ووڵاتانی دنیا بەگرنگیەوە لۆبی لە ئەمەریکادا ئەنجام دەدەن، ئەگەر تەنها ساڵی 2010 وەک نموونەیەک وەربگرین حکومەتەکانی دەرەوە نزیکەی 460 ملیۆن دۆلاریان بەتەنها لەو ساڵەدا خەرجکردووە بۆ لۆبیکردنی ئەندامانی کۆنگرێس و بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا.
ئەو ووڵاتانەی کەهەمیشە لەڕێگەی ڕەوەندی نەتەوەکانی خۆیانەوە کەنیشتەجێی ئەمەریکان لە هەوڵی لۆبیکردندان و بۆ ئەو مەبەستەش زۆرترین پارە خەرج دەکەن بریتین لە (ئیسڕائیل، سعودیە، تورکیا، میسر، پاکستان، ئیمارات، چاینا).

"كورد و لۆبی"

بەشێکی زۆر لە نەتەوەکانی دنیا لەڕێگەی لۆبیکردنەوە لە ووڵاتە ڕۆژئاوایەکاندا مافەکانی خۆیان بە دەست هێناوە یاخود بونە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بەڵام حاڵی لۆبی کوردی لە تاراوگەدا لەخراپترین ئاستدایە تەنانەت شتێک نیە بەناوی لۆبی کوردی ئەوەشی کەهەیە نەک هەر لۆبیەکی کوردی نەتەوەیی نیە بەڵکو لۆبیەکی حیزبی و خێڵەکی و بنەماڵەیەو لێدانە لە پرسە ڕاستەقینەکەی لۆبی کوردی.

"کورد و سیاسەت"

ئەگەرچی ناوەندو دامەزراوە كوردیەکان مێژوویەکی دێرینیان هەیە لە تاراوگەدا، تەنانەت لە هەندێک ولاتدا لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا کورد بونی هەبوە بەلام بەهۆی ناتەبایی و خۆخۆری ناوخۆی کورد تاکو ئەمڕۆ کورد خراپترین سیاسەتی کردوە لە ووڵاتانی ڕۆژئاوادا، ئەگەر ویلایەیەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک نموونەیەک وەربگرین کە چەقی لۆبی و سیاسەت و دیپلۆماسیەتە بەلام جگە لەوەی کورد نەک لۆبییەکی حەکیمانەی تێدا ئەنجام نەداوە تەنانەت خراپترین سیاسەتیش دەکەن لەم وولاتە زلهێزەی جیهاندا.
ئەگەرچی کورد بەژمارە نوێنەری زۆری هەیە لە ئەمەریکادا بەڵام لەبەر ئەوەی کورد خاوەنی گوتارێکی یەکگرتووی نەتەوەیی نیە و سیاسەتوان و دیپلۆماتی باشی نیەو تەنانەت هەندێک لایەن ئەندامەکانیان لەسەر ئەساسی خزمایەتی و حیزبایەتی و بنەماڵەی دامەزراندوە ئەم نوێنەرانەی کورد لە ئەمەریکا نەیانتوانیوە هیچ شتێکی بەسود بۆ بەرژەوەندی کورد بەدەست بێنن. نوێنەرەکانی کورد لە ئەمەریکادا بریتین لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان HDP، پارتی یەکێتی دیموکرات PYD، لەگەڵ چەند نوێنەرایەتیەکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات.
ساڵی 2013 چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیم لەگەڵ پرۆفیسۆری ئەمەریکی "بڕاندن لێری" ئەنجامدا، ناوبراو ڕاوێژکاری پێشوی بێڵ کڵینتنی سەرۆکی ئەمەریکا و ڕاوێژکاری پێشوی بانکی مۆنی سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ کاروباری سیاسی، لێری کە زۆر خۆی بەدۆستی کورد دەزانێت، لەو دیدارە ڕۆژنامەوانیەدا باسی لەوەکرد "کوردەکان ناتەبایی بەشێوەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەر و بەربڵاو ڕووی تێکردون کەمن ئەم دووبەرەکیەم لەناو هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا نەبینیوە" هەروەها گوتی "زۆرجار ڕوویداوە لەسەر پرسێکی سیاسی کە پەیوەندی بەچارەنوسی کوردەوە هەبوە پێنج نوێنەری جیاوازی کورد هەریەکەیان داواکاری جیاوازیان پێشکەش بە ئەمریکیەکان کردوە لەسەر ئەو پرسە، ئەمەش نیگەرانی لای ئەمریکیەکان دروست کردوە" هەروەها لێری لەو چاوپێکەوتنەدا زۆر بەڕاشکاوی باسی لەوەکرد "ئەو دۆستایەتیەی ئەمریکیەکان بۆ کورد هەیانە بێ بەرامبەر لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا ئەو دۆستایەتیە بێ بەرامبەرەیان نەکردوە، بەڵام کوردەکان نەیانتوانیوە ئەو دۆستایەتییە بێ بەرامبەرەی ئەمەریکا بقۆزنەوە و بۆ پرسە نەتەوەیەکانیان سودی لێ ببینن".

"کورد و ئاین"

كوردەکان هيچکات وەک نەتەوە موسوڵمانەکانی دیکەی تاراوگە نەیانتوانیوە ئاین بکەنە فاکتەرێک بۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەیان و تەنانەت بۆ خۆشگوزەرانی خۆیان و خێزان و نەوەکانیشیان، کورد لەزۆربەی مزگەوت و ناوەندە ئیسلامیەکانی ئەمەریکاو ئەوروپادا هەتا ئەمڕۆ پاشکۆی تورک و عەرەب و ئەفغانی و پاکستانیەکانە چونکە كوردەکانی ئەمەریکاو ئەوروپا تاکو ئەمڕۆ بە ملیۆنان دۆلاریان بۆ دروستکردنی مزگەوت و مەلاو ناوەندی ئیسلامی کۆکردۆتەوە کەچی زۆربەی ئەو مزگەوت و ناوەندە ئیسلامیانە لەلایەن عەرەب و تورک و پاکستانیەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێن و بەڕێوەدەبرێن بەڵام تاکو ئەمڕۆ کوردەکان ئامادەنین پارە بۆ ناوەندێکی کەلتووری و فەرهەنگی و هونەری کۆبکەنەوە هەرئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆرینەی ئەمەریکی و ئەوروپی و نەتەوە جیاوازەکانی دیکەی جیهان تاکو ئەمڕۆ نازانن وشەی کورد یان کوردستان چیە.
موسوڵمانە کوردەکانی تاراوگەنشین ئامادەیی ئەوەیان تێدایە (پارە بۆ کڕینی قەبر کۆبکەنەوە تاکو دوای مردنیان بە دەستوری ئیسلامی بیاننێژن) بەلام تاکو ئەمڕۆ ئامادەنین پارە کۆبکەنەوە بۆ کردنەوەی خوێندنگەیەک کە منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی بکەن هەر ئەوەشە وایکردوە زۆربەی منداڵی خێزانە کوردەکانی تاراوگە کوردی نازانن یان کوردیەکی زۆر خراپ قسەدەکەن، بەڵام بەشێک لە خێزانە کوردەکان منداڵەکانیان دەنێرن بۆ فێربونی وانەی ئیسلامی لە مزگەوتەکانی ئەمەریکاو ئەوروپادا کە لەلایەن مەلا تورک و عەرەب و ئەفغانی و پاکستانیەکانەوە وانەی ئاینیان پێ دەگوترێتەوە ئەمەش زۆرجار کارەساتی زۆر گەورەی لێ کەوتۆتەوە، بۆ نموونە "بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی کەناڵی BBC مەدرەسەکانی بەریتانیا لە ماوەی سێ ساڵدا ڕووبەڕووی زیاتر لە 400 تۆمەتی دەستدرێژی جەستەیی بۆسەر منداڵانی موسوڵمان بوونەتەوە" بەو هۆیەشەوە تاکو ئەمڕۆ چەندین مەلا سزا دراون کەچەند مەلایەک تاوانەکانیان هێندە گەورەیە سزای زیندانیکردنی هەتا مردنیان بەسەردا سەپێنراوە، بەشێک لەو سەرپێچیانە بریتین لە "لێدانی منداڵان لەکاتی لێپرسینەوەی وانەی ئاینیدا، فێرکردن و ڕاهێنانی منداڵان لەسەر چۆنیەتی شێوازی سەربڕینی مرۆڤ، دەستدرێژی کردنی سێکسی بۆسەر منداڵان...هتد."

لەلایەکیترەوە ئەو هەموو کارەسات و تراژیدیایە بەسەر پارچەکانی کوردستاندا هاتوە تاکو ئەمڕۆ هيچ کۆمەڵگایەکی کوردنشین لە شارە جیاجیاکانی تاراوگەدا نەیانتوانیوە وەک پێویست هاوکاریەکی دەستەجەمعی گەورە کۆبکەنەوە بۆ ئاوارەو لێقەوماوانی کورد کە جێگەی دەستخۆشی و ئافەرین بێت، ئەوەیشی کە کراوە هاوکاریەکی هێندە کەم بوە کە ئەرزشی بۆ کارەساتەکان نەبوە، بۆ نموونە: سەنتەرێکی کوردی لە ئەمەریکا بۆ منداڵانی شەنگال و کۆبانی گەورەترین ڕیکلام و هەڵمەتیان لەهەموو ئەو شارانەی ئەمەریکا ڕاگەیاند کە کوردەکانی لێ نیشتەجێن تەنها 10 هەزار دۆلاریان بۆ کۆکرایەوە لەکاتێکدا نیوەی ئەو بڕە پارەیەش بەتەنها خێرخوازێک بەخشیبوی! ئەمە لەکاتێکدا نزیکەی 60 هەزار کورد لە ئەمەریکادا دەژین!، تەنانەت لەو وڵاتانەی دیکەشدا کە ڕێژەیەکی زۆر کوردی لێیە بەهەمان شێوەیە یان هەر نەبوە یان ئەگەر هاوکاریش کۆکرابێتەوە زۆر کەم بووە، لەکاتێکدا بۆ نموونە تورکەکانی دانیشتوی ووڵاتانی تاراوگە لەکاتی ڕوودانی زەمین لەرزەکەی فێبریوەری ئەمساڵدا بە ملیار دۆلاریان بۆ هاونیشتیمانیانی خۆیان کۆکردەوە بەجۆرێک تەنها 10 کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی سندوقی هاوکاری تورکیا 3 ملیۆن دۆلاریان کۆکردەوە ئەمە لەکاتێکدا پێش ڕاگەیاندنی سندوقی هاوکاریەکەشیان 3,410,000 سێ ملیۆن و چوارسەد و دە هەزار دۆلاریان کۆکردبۆوە!
تەنانەت ئەو ڕووحیەتی هاوکاریە لای کوردە دەوڵەمەند و خاوەن بزنسەکانی تاراوگەشدا نیە جگە لە حەمدی ئولکایە کە بازرگانێکی کوردە لە ئەمەریکا هەمیشە بەشێک لە سەروەت و سامانەکەی بۆ ڕووداوە کارەساتبارەکانی کوردستان بەخشیوە هیچ بازرگان و دەوڵەمەندێکی دیکەی تاراوگە نابینیت هاوکاریەکی هێندە گەورەی کردبێت کەجێگەی باس بوبێت.

"کورد و کەلتوور"

خاڵێکی دیکەی نامۆ و ناشرینی کورد لە تاراوگەدا کە میدیاو ڕێکخراوە جیهانیەکان پێیان وایە لە کەلتوورەوە بۆ کوردەکان ماوەتەوە ئەویش کوشتن و ئازاردانی کچان و ژنانە لەلایەن باوک و برا و مێردو کەسە نزیکەکانیانەوە، ئەم کارەی کوردەکان وێنایەکی تەواو ناشرینی دروست کردوە لای ولاتانی ڕۆژئاوایی چونکە چەندین جار بۆتە مانشێت و ڕاپۆرتی میدیا جیهانیەکان و ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، لەنموونەی ڕاپۆرتی "نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، ڕێکخراوی هیومان ڕایس وەچ، ڕێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ...هتد".
بەپێی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتە جیهانیەکان بێت کورد یەکێکە لە نەتەوە هەرە پێشەنگەکانی جیهان کە لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستان و لەسەر ئاستی تاراوگەشدا کوردەکان کوشتنی ژنان و ئازاردانی جەستەیی و ڕوحی ژنان بۆتە بەشێک لە کەلتووریان، لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین ژنی کورد لە ووڵاتانی تاراوگەدا کوژراون یان دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر یانیش ئازاری جەستەیی و ڕوحی دراون لەژێر بیانوی شەرەف و ناموسدا کە دووان لەو کەیسانە دەنگدانەوەیەکی فراوانی جیهانیان بەدوای خۆیاندا هێنا لەلایەن میدیاکانەوە، کەیسی خنکاندنی بەناز مەحمود لە لایەن کەسوکارەکەیەوە لە وڵاتی بەریتانیا و کەیسی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی ئەڵمانی و دواتریش کوشتنی لەلایەن پەنابەرێکی کوردی باشوورەوە.
جگە لە پرسی ڕەگەزی مێینە، کوردەکان لەناوخۆیاندا هەڵگری چەندین بابەتی دیکەی نامۆ و ناشرینی کەلتوورین، کە بەشێک لەو ناشرینیانە مێژوویەکی دوورو درێژیان هەیە، دیارترینیان دووبەرەکی و ناتەبایی کوردەکانە لەناوخۆیاندا بەجۆرێک هەندێکجار ڕوویداوە تەنانەت کوردەکانی تاراوگە لە شین و شایشدا نەیانتوانیوە لەگەڵ یەکتریدا هەڵبکەن، بۆنموونە زۆرجار ڕوویداوە لە ئەوروپا یان ئەمەریکادا کەسایەتیەکی دیاری کورد کۆچی دوایی کردوە بەلام ململانێی ناوخۆیی وایکردوە لەهەمان شاردا دوو پرسەی جیاوازیان بۆ کەسی کۆچکردو داناوە!، یان لە بۆنەیەکی نەتەوەیی وەک نەورۆزدا زۆرجار سێ بۆ چوار ئاهەنگ سازکراوە لەهەمان شاردا، ئاهەنگێکیان هی کوردانی ڕۆژهەلات و ئەوەیتریان هی باکوور و دوو ئاهەنگیش هی پارتی و یەکێتی بوون.

"کورد و زانست"

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە سەدەیەکە تاکو ئەمڕۆ بە ملیۆنان كورد لە ووڵاتانی تاراوگەدا دەژین بەلام لەناو هەموو زانستەکاندا (زانستی سیاسی، زانستی تەندروستی، زانستی تەکنەلۆژیا، زانستی گەردوون ناسی، زانستی ئابووری و...هتد) کورد زانایەکی ناوداری لێ هەڵنەکەوتوە کە ببێتە مایەی باسکردن و سەرنج و تێڕامانی ئەمریکی و ئەوروپیەکان، ئەگەر هەشبێت ژمارەیان لە پەنجەکانی دەستێک تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا زۆربەی میللەتانی دیکە چەندین زانایان لێ هەڵکەوتوە لە ناوەندە گرنگەکانی ئەمریکا و ئەوروپادا کار دەکەن، جگە لەوە تەنانەت کورد تاکو ئەمڕۆ وەرزشەوانێک یان هونەرمەندێکی بەناوبانگیشی لەسەر ئاستی جیهاندا نیە، لە کاتێکدا چەندین میللەتی دیکەی وەک بەنگالادیشەکان و هیندەکان و تورکەکان و فارسەکان و عەرەبەکان و پاکستانیەکان و ئەرمەنەکان و یۆنانیەکان و فلیپینی و نیپاڵیەکان و...هتد، چەندین کەسایەتی دیاری هونەرمەند و وەرزشەوان و یوتوبەر و کۆمیدیایان تێدا هەڵکەوتوە لە ئەمەریکا و ئەوروپادا کە نموونەکان هێندە زۆرن ناکرێت هەموویان لێرەدا باس بکەین، تەنها باسی بەنگلادیشەکان دەکەین بەتەنها لە ئەمریکادا چەندین کەسایەتی ناوداریان هەیە، لەکاتێکدا بەنگلادیشیەکان یەکێکن لەو نەتەوانەی کە ئەمڕۆ بە سەدان کەسیان لە ماڵەکانی کوردستاندا خزمەتگوزارن و خزمەتی تاکی کورد دەکەن!، تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا زیاد لە 10 کەسایەتی دیاری بەنگلادیشی بەناوبانگ هەیە کە سەرنجی ئەمریکیەکان و جیهانیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشاوە لە بوارەکانی (زانای بایڵۆجی، دیزاینەری ئۆتۆمبێل، ئەندازیاری تەلارسازی لە بینای بەرزدا، بیرۆکەو هاودامەزرێنەری کۆمپانیای یوتوب، بزنسمان، سیاسەتمەدار، ڕۆمان نووس، بڵۆگەر، یوتوبەر، گۆرانیبێژ، میوسیکسیان، کۆمیدیا، ئەکتەر،...هتد).

سەرچاوەکان:
- ماڵپەڕی The Guardian
- ماڵپەڕی BBC News
- ماڵپەڕی CNBC News
- ماڵپەڕی Al Jazeera
- ماڵپەڕی Daily Mail
- ماڵپەڕی The New York Times
- ماڵپەڕی U.S. Department of State
- ماڵپەڕی United Nations OHCHR
- ماڵپەڕی Human Rights Watch
- ماڵپەڕی Amnesty International
- ماڵپەڕی Wales Online
- ماڵپەڕی World Population Review
- ماڵپەڕی Bolt Burdon Kemp
- ماڵپەڕی The Famous People TFP
- ماڵپەڕی Middle East Eye
- ماڵپەڕی Wikipedia

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand