هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكانی بودجەی سێ ساڵەی فیدراڵی

Draw Media

2023-07-21 15:38:37



یاسین تەها، خوێندكاری دكتۆرا لە مێژووی ئایین و ئایینزاكان، هەروەها شارەزا لە كاروباری عێراق

تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵە لە حوزەیرانی 2023 ئەگەرچی زیاتر لە شەش مانگ لە ساڵی دارایی دواكەوت، بەڵام ڕووداوێكی بێپێشینە بوو لە مێژووی عێراقدا. بەگوێرەی ئەم یاسایە تا سێ ساڵی تر حكومەتی سودانی دەبێتە خاوەن بودجەو، لە مشتومڕو سازشەكانی تێپەڕاندنی ڕزگاری دەبێت كە سیمای زاڵی بودجەكانی ئەم ساڵانەی دوایییە. بۆ دوو ساڵی ئایندە (2024و 2025) ئەنجومەنی وەزیران تەنیا خشتەی نوێی داهات و خەرجیی پێش كۆتایهاتنی ساڵی دارایی دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەمەبەستی پەسەندكردنی. سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش بودجەكە لایەنی باش و لێكەوتەی خراپیشی هەیە. ئەم شرۆڤەیە هەوڵ دەدات ئاماژە بە گرنگترین لێكەوتە سیاسی و ئابورییەكانی تێپەڕاندنی یاساكە لەسەر هەرێمی كوردستان بكات.

هەرێم لە ژمارەكانی بودجەدا
پرۆژەی بودجەی گشتیی فیدراڵی عێراق لە 13ی ئازاری 2023 ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كرا. لە پرۆژەكەی حكومەتی سودانی، ڕەچاوی بەرنامەی كاری پەسەندكراوی كابینەكەو ڕێككەوتنی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كرابوو لەبارەی نەوت و پشكی هەرێم و شایستە دارایییەكانی([1])، بەڵام لەماوەی سێ مانگ تاوتوێكردنی پرۆژەكە لە لیژنەی دارایی و فلتەرەكانی پەرلەمان و لە شەوەكانی دەنگدان لەسەر ماددەكان و لە دوا خولەكەكانی پەسەندكردندا لە سپێدەی 12ی حوزەیرانی 2023، گۆڕانكاریی جۆراوجۆر بەسەر بڕگەو ماددەكانی پرۆژەكەی حكومەتدا هات؛ چ ئەوانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان و چ ئەو بڕگەو ماددانەی تری پەیوەست بە حكومەتی فیدراڵ. لە یاساكەدا بودجەكە بۆ ئەمساڵ (2023) لەسەر 196 ترلیۆن دینارو كورتهێنانی 64 ترلیۆن خەمڵێنراوە، لەسەر بنەمای نرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بە هەناردەی 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا؛ لەنێو ئەو بڕە نەوتەیش 400 هەزار بەرمیلی، دەبێت لە هەرێمی كوردستانەوە بێت، ئیتر چ بە هەناردەكردن یان بەكارهێنانی بۆ پاڵاوتنی ناوخۆ([2]).

پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە لەڕووی ڕێژەوە بە 12.67% دیاری كراوە، بەڵام بەشێكیشی به ‌پارە نییه، بەڵكە لە شێوەی بەشەخۆراك و دەرمان و كۆمەڵێك بڕ‌گەی دیكەی خەرجی جۆراوجۆرە كە لەسەر هەرێمی كوردستان ئەژمار كراوەو "خەرجیی سیادی"یە. بە گوێرەی داتاكانی لیژنەی داراییی پەرلەمان، بڕیارە ساڵانە ترلیۆنێك و نزیكەی 250 ملیار دینار بگاتە هەرێمی كوردستان كە بەشێكی شتومەكەو پارەی كاش نییەو، ئەوەی پارەیە دەچێتە سەروو 15 ترلیۆن؛ لەم بڕەیش دەوروبەری 9 ترلیۆنی دەڕوات بۆ موچە. بەگوێرەی یاساكەیش حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێت ئەولەوییەت بدات بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان؛ هەروەها پشكی پارێزگاكان بەپێی بودجەی پڕ‌ۆژەكان و بەپێی ئەو پێوەرانەی لەناو پرۆژەیاسای بودجەدا دانراون دابەش بكات كە ڕێژەی دانیشتووان و ئاستی هەژارییە‌([3]). بەپێی وردكردنەوەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمیش، بڕی شایستە دارایییەكانی هەرێم بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت([4]):

ـ 9 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بۆ موچەی 681 هەزارو 979 فەرمانبەر بە مانگانەی 775 ملیار دینار

ـ  ترلیۆنێك و 346 ملیار دینار بۆ خانەنشینی هەرێم بە مانگانەی 112 ملیار دینار كە كەمترە لە 2021.

ـ 228 ملیارو 304 ملیۆن دینار بۆ پێشمەرگە بە مانگانەی 19 ملیار دینارو، ئەمەیش پاڵپشتییەكی یاسایییە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگەی هەرێم بەشێكە لە سیستەمی بەرگری.

شایستە دارایییەكانی هەرێم مەرجدار كراوە بە كۆمەڵێك پابەندی كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

ـ باركردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، چ بۆ هەناردە یان پاڵاوتن.

ـ گیڕانەوەی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان بۆ خەزێنەی فیدراڵی.

ـ گیڕانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانیی عێراقی (TBI) بەشێوەی قیست.

ـ وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی بەغداو هەرێم و ڕاسپاردنی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بۆ وردبینیی داهات و خەرجیی هەرێم.

گرێی بڕگەی 8ی ماددەی 13
لە یاسای بودجەدا ئەو ماددەو بڕگانەی پەیوەستن بە هەرێمی كوردستان، بریتین لە 11و 12و 13. یەكێك لە بڕگەكانی ماددەی 13 بە دەق باس لەوە دەكات؛ ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی بودجەدا یەكسانی و دادپەروەریی پەیڕەو نەكرد، ئەوا سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەستوەردان دەكات بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە‌یاساكه،‌ تەنانەت ئەگەر به ‌پێدانی پارەیش بێت (تمویل) بەو پارێزگایەی هەرێم كە ناڕ‌ازییە. ئەم بڕگەیە كە زیادكراوی ناو لیژنەی داراییەو هەموو پاڵپشتییەكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، كێشمەكێش و مشتومڕی زۆری دروستكردووە لەبارەی گونجانی لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی و دژوەستانەوەی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ تا ئەو ئاستەی سەرۆكوەزیران، هەڵوێستی پشتیوانانی تێپەڕاندنی ئەم بڕگەی، پەیوەست كردەوە بە "ناپاكیی نیشتمانفرۆشی"و بە هەوڵی لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و پێشێلكردنی مافە دەستورییەكانی لە قەڵەمدا([5])، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێیوایە لەم بڕگەیەدا "كوردستانی دیموكرات و كوردایەتیی ڕاستەقینە بەسەر مەیلی جیاكاری و ناوەندێتیی حوكمڕانیدا سەر كەوت"([6]). هەروەها فراكسیۆنەكەیشی پێدادەگرێت لەسەر ئەوەی هیچ مەترسییەك لەم بڕگەیەدا نییە، چونكە "ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایە لە دادپەروەری، ئەم بڕگەیە هیچ مانایەكی نامێنێت بەڵكو كۆتاییی پێ دێت"([7]). لە كاتی تێپەڕاندنی ئەم بڕگەیەیشدا لە پەرلەمان، هەراو بشێوی هۆڵەكەی گرتەوە بەهۆی ناڕەزاییی پەرلەمانتارانی پارتییەوە؛ لە دەمی تێپەڕاندنیشیدا فراكسیۆنی پارتی چوونە دەرەوەی هۆڵەكەو پەرلەمانتارە شیعە ڕكابەرو نەیارەكانیشیان دەستیان كردە چەپڵەڕێزان و خۆشیدەربڕین و دواتریش "سەركەوتنیان بەسەر هەرێمی كوردستان" ڕاگەیاند([8]). 

داوە دارایییەكانی بودجە
لەسەر ئاستی فەرمی لە كوردستان تێپەڕاندنی بودجە وەك دیفاكتۆ قبووڵ كرا؛ بەهۆی ئەوەیشی پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە پلانگێڕیی گەورەتر لە بودجەدا هەبووە، خێرا پەڕییەوە بۆ قۆناغی پاش پەسەندكردنی بودجەو چاودێریكردنی چۆنێتیی جێبەجێكردنی([9])و، پاشان سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەولێر تانەی دا لە ماددەكانی (2، 11، 12، 13)ی بودجە([10]). لە دەرەوەی ئەم هەڵوێستە فەرمییەو ڕازیبوونی فراكسیۆنە كوردییەكان بە كۆی بودجەكە، هێشتا هەر مەترسی و نیگەرانی و بەدگومانیی زۆر هەن لە "مینەكانی بودجە" كە هەندێك بە "تەڵە" ناوی دەبەن لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە([11]):

ـ  لە ماددەی 12یشدا كە تایبەتە بە ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم، خەرجكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەسەر هەمان پشكی تەرخانكراو بۆ هەرێم ئەژمار كراوە.

ـ واڵاكردنی دەستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دەستوەردان لە خەرجییە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەگەری گۆڕانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق بۆ فیدراڵیزمی پارێزگاكان لەڕووی دارایییەوە لانی كەم.

ـ حیسابنەكردن بۆ گرانیی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە نەوتی بەغداو قورسكردنی باری بەشە بودجەی هەرێم بە خستنەئەستۆی تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت كە دەگاتە نزیكەی 4 ترلیۆن و 500 هەزار دینار لە كۆی 16 ترلیۆن كە كۆی گشتیی پشكی هەرێم.

ـ هەرزانیی نرخی نەوتی بەكارهاتووی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆ بەراورد بە هەناردە، پاش ڕاگرتنی بۆریی توركیا. ئەمەیش كۆمپانیاكان تووشی مایەپووچی و زیانی زۆر و ئەگەری دەستبەرداربوون لە نەوتی هەرێم دەكاتەوەو، سەرەنجامیش دەبێتە شكست بۆ كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان.

هەندێكی تر لە شارەزایانی كارگێڕی و دارایی لەوە زیاتر ڕەشبینن و پێ دادەگرن لەسەر ئەوەی تەنانەت یەك ماددەو بڕگەیش نییە لە بودجەكە كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بێت، لەبەر هۆكارێكی سەرەكی ئەویش ئەوەیە كە، لە سەرجەم ماددەو بڕگەكانی پەیوەست بە داهات و كۆكردنەوەی، هەرێمی كوردستان خراوەتە پاڵ پارێزگاكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ و ناچار كراوە بە بەشداریكردن لە پارەداركردنی خەزێنەی گشتی، بەڵام بەپێچەوانەی ئەمەوە لە خەرجییەكان و تەرخانكردنەكان هەرێمی كوردستان هەڵاواردە كراوەو وەك پارێزگاكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی سودمەند نابێت لە خەرجییەكان([12]). بەپێی زانیارییە فەرمییەكانیش ئەگەر نەوتی هەرێم بە نرخی كۆمپانیای سۆمۆ بفرۆشرێت، زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەكات بۆ ساڵی 2023 ([13])؛ جگە لە داهاتەكانی ناوخۆ كە بەپێی بودجە، دەبێت 50% بگەڕێتەوە بۆ بەغدا وەك پێشتر ئاماژەی پێ كرا.

لێكەوتە سیاسییەكانی ناوەندگەراییی دارایی
گەڕانەوەی داراییی هەرێمی كوردستان بۆ ژێر دەستی حكومەتی فیدراڵی لە بودجەی سێ ساڵە، تەنیا دۆسیەی نەوت ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو ئەو داهاتانەی دەست هەرێمی كوردستان دەكەون ملكەچ دەبن بۆ وردبینی و چاودێریی داراییی بەغدا. جگە لەوەیش دەسەڵاتی خەرجكردنیش لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دیسانەوە ملكەچە بۆ ئەگەری دەستوەردان، كە ئەمەیش لێكەوتەیەكی سیاسیی هەیە كە مافی دەستوەردانە لە كێشەو سكاڵا كوردییە ناوخۆیییەكان؛ ئەمە لە كاتێكدا كۆی دۆسیە دارایی و ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان ملكەچە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی كە جگە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم (شوباتی 2022) دوا داوا كە دادبینیی تێدا كردووە، سكاڵای پەرلەمانتارێكی بەسرەی سەر بە "بزووتنەوەی عەسائیب"ە لەبارەی هەژماری بانكیی تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان لە Citibankو، سەرنەگرتنی سكاڵاكەیش بەهۆی ئەوە بووە ئەم ڕێكارە لە یاسای بودجەدا هەڵگیراوەو دادگەكەیش دەڵێت "تەنیا دادبینی لە یاساو ڕێنماییی بەركاردا دەكات" ([14]).

لە یاسای بودجەداو لە ماددەی 13 كە لە پەرلەمان داڕێژرایەوە، دوو هەژماری بانكی دەكرێنەوە: هەژماری یەكەم تایبەتە بە حیسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم؛ ئەم هەژمارە سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت لە بانكی ناوەندیی عێراق و، كەسی تر مافی نییە هیچ بڕەپارەیەكی لێ گل بداتەوە، تەنانەت بۆ هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان و خەرجیی گواستنەوەكەیشی. هاوكات لەگەڵ ئەمەیشدا سەرجەم هەژمارەكانی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەخرێن، لەناویشیاندا هەژماری Citibank كە تاوەكو 25-03-2023 داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەو بانكە نێودەوڵەتییە گل دەدرایەوە([15]).

بەپێی هەندێك هەڵسەنگاندیش كە لە ناوەندی ئەمریكییەكان بڵاوكراونەتەوە، كۆی ئەم پاشەكشەی لە بودجەدا بەسەر دەسەڵاتی هەرێمدا هات، بە دیوێكی تردا پاشەكشەیە لە حوكمڕانی و گەشەپێدان؛ هەروەها لاوازیی توانای هەرێم پیشان دەدات لە بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز. لەمەیش خراپتر، متمانەو پێگەی حكومەتی هەرێم لە ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەخاتە بەر مەترسی، بەتایبەت كە لەكاتی مشتومڕی بودجەدا كە زۆر هەستیارە، لایەنە كوردییەكان نەیانتوانی سیاسەتێكی هاوسەنگ دابڕێژن و لەسەر بنەماو نەگۆڕەكانی پەیوەست بە پێگەو دۆخی هەرێمی كوردستان ڕێكبكەون؛ بگرە بەپێچەوانەوە "خەریكی زیانگەیاندن بوون بە خۆیان". ئەمەیش هەرێمی لە هەموو كات لاوازتر كرد([16]).

هەندێكی تر لە شارەزایانی ئەمریكی باس لەوە دەكەن، ڕەنگە بودجەی ئێستای عێراق ببێتە هۆی ئەوەی حكومەتی فیدراڵ زیاتر كۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی كوردستان بكا. لەم نێوەیشدا ئیمیلی هاوسۆرن، گەورە شرۆڤەكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكووری ئەفریقا لە كۆمپانیای RANE دەڵێت: "نەوت بەرامبەر بە پێدانی پارە لە بودجەكەدا زیاتر كۆد كراوە." هەروەها ڤلادیمیر ڤان ویلگنبێرگ، پسپۆڕی كاروباری كورد، باسی لەوە كردووە ڕەنگە ئەو بودجەیە پلانی بووژاندنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڕاوەستاویش لە هەرێم ئاڵۆزتر بكات"([17]). 

دیوە سیاسییە پشتپەردەكانی بودجەكە
ئەگەرچی ئامادەكردن و پەسەندكردنی بودجە پرۆسەیەكی ئابوری و دارایییە، بەڵام بەدەر نییە لە هەژموونی سیاسەت و هەڵوێستی هێزە حوكمڕانەكان. لە تێپەڕاندنی بودجەی سێ ساڵەدا ئاماژەكانی هەوڵی كەمكردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستوری لەسەر حسابی ناوەند، تا ڕاددەیەكی زۆر ڕوون بوون، بەتایبەت لە ڕێگەی گروپێكی بچوككراوە لە پەرلەمانتارانی هێزە شیعەكانەوە كە لە میدیادا بە "هەڵۆكانی لیژنەی دارایی" ناسران. ئەم پەرلەمانتارانە بەشی زۆریان لینكی بەهێزیان لەگەڵ هێزە ڕاستڕەوەكانی حەشدی شەعبی هەیە([18])؛ هەندێكیشیان بەكردەیی هەر ئەندامی گرووپ و هێزە شیعەكانن وەك: بزوتنەوەی عەسائیب (عودەی عەواد)، كەتیبەكانی حزبوڵڵا (حسێن موئنیس)؛ هەیشیانە پێشتر بەرپرسیارێتیی لە حەشدی شەعبی هەبووە (یوسف كیلابی)، ئەوانی تریش كە لەم گرووپە پەرلەمانییەن یان پاڵپشتییان لێ دەكەن، هەر لە بەرەی حەشدن (مستەفا سەنەد) یان لەو بازنەیەن كە لە ئەدەبیاتی شیعیدا ناو نراوە "أمە الحشد". ئەم گرووپە پەرلەمانتارە شیعەیە كە دوا خولەكی تێپەڕاندنی بودجە خۆیان وەك ڕكابەرو نەیاری هەرێمی كوردستان ناساند، كەڵكی زۆریان لە دابەشبوون و پەرتەوازەییی هێزە كوردییەكان لە هۆڵی پەرلەمان وەرگرت. ئەم گرووپە ئەگەر بە ئاراستەكردنی ڕاستەوخۆی چوارچێوەی شیعە كاریان نەكردبێت، ئەوە بەناڕاستەوخۆ خزمەتی زۆریان بە سیاسەتەكانی چوارچێوەی شیعەی حوكمڕان كردووە لە بەهێزكردنی ناوەندگەرایی و سنورداركردنی تواناو پێگەو دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە سەرباری هەموو كێشە كەڵەكەبووەكانی ناوخۆی، لە ئێستادا تەنیا قەوارەی خۆبەڕێوەبەرە لە چوارچێوەی سیستەمێكی شلۆق و نەمەییوی فیدراڵی لە عێراق.

یارمەتیدەرو هاندەری ئەم گرووپەو چوارچێوەی شیعەیش لە سنورداركردنی توانای جموجۆڵی هەرێم، جگە لە پلانە شیعییەكان دوو فاكتەری تر بوون كە یەكەمیان كێشە ناوخۆیییەكانی هەرێم و دابەشبوونی قووڵی هەردوو جەمسەری حوكمڕانی (پارتی و یەكێتی) بوو لەناو پەرلەمان؛ دووەمیشیان كەڵكوەرگرتنی پەرلەمانتارانی شیعەیە لەو ناڕەزایی و گلەیی و ڕەخنە ناوخۆیییانەی هەرێم كە لەشێوازی حوكمڕانی و سیاسەتی نەوت و كێشەو لێكەوتە خراپەكانی ئابوریی سەربەخۆ هەبوون و، لەم چوارچێوەیەیشدا ئەو پەرلەمانتارە شیعانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ ناڕازییەكانی هەرێم كردووەو پێشوازییان لێ كردوون و لە گوتارو بەیاننامەكانیشیاندا هەوڵیان داوە بیاندوێنن و سەرنجیان ڕابكێشن([19]).

ئەگەر بارودۆخە سیاسییە شڵۆقەكەیش نەبێت، لە ڕووی یاسایییەوە لیژنەی داراییی پەرلەمان و هیچ گرووپێكی تری پەرلەمانی بەپێی دوو بڕیاری پێشووی دادگەی فیدراڵی (25/2012) و (35/2021)، دەسەڵاتی ئەوەی نییە هەمواری جەوهەری لە پرۆژەیاسای بودجەی ڕەوانەكراو لە حكومەتەوە بكات. هەر بەهۆی ئەم پڕەنسیپە یاسایییەیشەوە، حەیدەر عەبادی لە كابینەی خۆیدا (2017) كۆمەڵێك تانەی یاساییی دژی هەمواری بودجە لە پەرلەمان بردەوەو جێبەجێكردنی ئەو ماددانەیشی ڕاگرت كە پەرلەمان بۆ پرۆژەكەی حكومەت زیادی كردبوو([20]).

تانەی بەغداو تانەی هەرێم
وەك چاوەڕوان دەكرا حكومەتی فیدراڵی تانەی لە یاسای بودجە دا، پاش بڵاوبوونەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی، بەڵام سەرباری ئەوەی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێم (11، 12، 13) جیاواز لە كارنامەی پەسەندكراو تێپەڕێنران و ناڕەزاییی توندی وەزارەتی دارایی و سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەدوادا هات، بەڵام هیچ لە تانەكانی حكومەتی سودانی، كە سێ هەفتە پاش پەسەندكردنی بودجە پێشكەش كران، بە لای پشكی هەرێمدا نەچوون و بەڵكوو 12 ماددەی پەیوەست بە گرێبەست و دامەزراندن و قەرەبووكردنەوە و لێبڕینی موچەی لەخۆگرتبوو كە خۆیان لە ماددەكانی 2، 16، 20، 28، 62، 63، 65، 70، 71، 72 و 75دا دەبیننەوە([21]). ئەمەیش گومانی ئەوە دروستدەكات كە سەرجەم دەستكارییەكانی پشكی هەرێم، كاری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بێت. تانەكانی سودانییش تەنیا لەو ماددانەیە كە بارگرانیی بودجە زیاتر دەكەن؛ ئەمەیش پێچەوانەو دژ نییە لەگەڵ خواست و سیاسەتی چوارچێوەی شیعە كە لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجیدان و، ئەمەیش بەڕوونی لە لێدوانی سەركردەكانیاندا دیارەو لەم چوارچێوەیەیشدا عەممار حەكیم لە وتاری نوێژی جەژنی قوربان باسی لەوە كرد؛ دامەزراندنی زۆر لە كەرتی گشتی، بۆمبێكی چێنراوە لەناو بودجەو كاتێك دێت بتەقێتەوە([22]).

باوەڕێكیش هەیە لە پەرلەمان كە حكومەت تانەكەی بباتەوە چونكە دادگەی فیدراڵی بە فرمانی سالاری (ولائی) جێبەجێكردنی هەڵپەساردوون تا یەكلاییكردنەوەیان؛ ئەگەریش ماددەكان جێبەجێ بكرێن، ئەوە بوودجە كورتهێنانی زۆری دەبێت و بە ڕاگرتنیشیان دەستكارییەكانی لیژنەی دارایی و فراوانكردنی خەرجی كەم دەبنەوە([23]). ئەوەیشی پەیوەندیی بە هەرێمەوە هەیە، هەر ئەوەی كە هیچ تانەیەكی حكومەت گۆڕانكارییەكانی ماددەكانی پەیوەست بە هەرێم ناگرێتەوە، ئاماژەیەكە كە ئەگەرچی چوارچێوەی شیعەو حكومەتی سودانی بەڕواڵەت پشتیوانی "هەڵۆكانی داراییی پەرلەمان" نەبوون، بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئەم گرووپە بەرنامەی پشتپەردەی چوارچێوەی شیعەیان جێبەجێ كردووە یان خزمەتی گەورەیان پێشكەش كردوون بەبێ ئەوەی لەڕووی سیاسییەوە لەسەریان بكەوێت.

پوختە

ـ بودجەی سێ ساڵە هەنگاوێكی بێپێشینە بوو لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەشپرزەییی زۆرەوە چووە ناو ئەم نەخشەڕێ ئابوری و دارایییەی، كە بارودۆخی پاش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ ڕێكدەخات و سەردەم و قۆناغێكی جومگەیی و نوێیە.

ـ دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان لەم بودجەیەدا بەرەنجام و ڕەنگدانەوەی دابەشبوون و كێشە ناوخۆیییەكانی هەردوو جەمسەری حوكمڕانین لە كوردستان. جگە لەوەیش لێكەوتەی كێشە كەڵەكەبووەكانی دۆسیەی نەوت و هەبوونی ناڕەزایین لە ناوخۆی كوردستان؛ بە جۆرێك دەنگێكی بیستراو هەیە لەبەر بێهیوایی بە ناوخۆ، بەغدا وەك چارەسەرو فریادڕەس دەبینێت و بە دوای ئۆقرەییی دارایی و ئابووریدا دەگەڕێت كە نزیكەی 10 ساڵە شلۆق و شێواوە. 

ـ ئەم بودجەیە سیاسەتی پشتپەردەو ڕاستەقینەی چوارچێوەی شیعەی بۆ حوكمڕانیی عێراق و مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم ئاشكرا كرد لە ڕێگەی بێدەنگی لە هەموارەكانی لیژنەی دارایی و مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەنجامی بودجە؛ لە كاتێكدا حكومەتەكەی، تانەی لەو ماددەو بڕگانە دا كە بارگرانی بوون بۆ بودجەی فیدراڵی لەسەر ئاستی ناوەند.

ـ ماددەو بڕگەكانی بودجە پێشینەو بنەما دەبن بۆ یاسای نەوت و گازی فیدراڵی كە بڕیارە لە وەرزی نوێی یاسادانان لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدا بێت كە تێدەپەڕێنرێت.

ـ بودجەی سێ ساڵی لێكەوتەی سیاسیی دەبێت لەسەر دۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە كاتی جێبەجێكردن. ئەمەیش وریایی و پەیوەندیی بەردەوامی پێویستە لەگەڵ بەغدا بۆ زاڵبوون بەسەر كەندو كۆسپەكانی ئەو "داو"انەی لە بودجەدا هەن لەم ڕێگەیانەی خوارەوە:

- چڕكردنەوەی هەوڵ بۆ چارەسەركردنی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەسەر بنەمایەكی گونجاو بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی شكستهێنانی پیشەسازیی نەوت.

- هەوڵدانی بەردەوام بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و كەڵكوەرگرتن لە نرخەكانی سۆمۆ. دەستپێكردنەوەی هەناردە بە میكانیزمی نوێ، كوردستان دەخاتەوە سەر نەخشەی وزە لە لایەك و، نرخە نوێیەكانیش چارەسەری ناڕەزایی و كێشە كەڵەكەبووەكانی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ دەكات.

- هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی ڕەوشی داراییی هەرێم لە ململانێ سیاسییە ناوخۆیییەكانی هەرێم و لە ناكۆكییە درێژخایەنە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەوپێیەی دۆسیەی دارایی هۆكارێكە بۆ ڕاگرتنی ئۆقرەییی سیاسی و كۆمەڵایەتی.

([1])https://2u.pw/EoLJHyt

([2])https://moj.gov.iq/view.7273/

([3])https://2u.pw/8Zqfv3M

([4])https://2u.pw/52PjdJR

([5])https://2u.pw/OyqNn26

([6])https://2u.pw/RDuliwu

([7])https://2u.pw/uXmkCXj

([8])https://2u.pw/bOeSZYo

([9])https://2u.pw/rJ8psXV

([10])https://2u.pw/uJMlyq4

([11])https://2u.pw/B8cFPLs

([12])https://2u.pw/mFEty7X

([13])https://2u.pw/GwOlJNu

([14])https://2u.pw/hm4zE0z

([15])https://2u.pw/GwOlJNu

([16])https://2u.pw/iSc7TxY

([17])https://2u.pw/ZyXZJhI

([18])https://2u.pw/bOeSZYo

([19])https://2u.pw/HhCY0PR ؛ https://2u.pw/yBGfmaJ ؛ https://2u.pw/uGm7qge ؛ https://2u.pw/tqIGDVe

([20])https://2u.pw/FuexlyU

([21])https://2u.pw/cnXeFsN

([22])https://2u.pw/MTaHyQu

([23])https://2u.pw/odKUchJ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand