ئەندامبوونی ئۆكراینا‌و سوید‌و ناڕەزایەتیی توركیا

Draw Media

2023-07-10 14:06:25



راپۆرت: درەو
بەر لە دەستپێكردنی لوتكەی وڵاتانی "ناتۆ"، ئەردۆغان ستراتیژێكی نوێی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سوید خستەڕوو، جارێكی تر پرسی ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتیی ئەوروپا هێنایە پێشەوە، ئۆكراینا لەم لوتكەیەدا داوای ئەندامبوون لە رێكخراوی "ناتۆ" دەكات، بەڵام ئەمریكا‌و هاوپەیمانەكانی لەئەوروپا جارێ نایانەوێ لەمبارەیەوە هیچ خشتەیەكی زەمەنی دیاری بكەن، پێشبینی دەكرێت لەبری باسكردن لە ئەندامبوونی ئۆكراینا لە ناتۆ، ئەمریكا یارمەتییەكی دارایی ساڵانە هاوشێوەی ئەوەی بۆ ئیسرائیلی تەرخان كردووە، بۆ ئۆكراینا دابین بكات. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

لوتكەی ڤیلنیۆس
سەركردەكانی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" كە لە پایتەختی لیتوانیا كۆدەبنەوە، زۆر پرس لە بەردەمیاندا هەیە بۆ  ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بكەن، چونكە ئەم هاوپەیمانێتییە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرۆكایەتیی دەكات، روبەڕووی ئاڵنگاری بێ پێشینە بووەتەوە. 
رۆژانی سێ شەممەو چوار شەممە، شاری (ڤیلنیۆس)ی پایتەختی لیتوانیا میوانداری لوتكەی ناتۆ دەكات، بڕیارە پرسی وەڵامدانەوەی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا‌و داواكاریی ئۆكراینا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ، باڵ بەسەر لوتكەی ئەمجارەدا بكێشێت. 
لە دیارترین ئەو پرسانەی سەركردەكانی ناتۆ لە لوتكەی ڤیلنیۆس قسەوباسی لەبارەوە دەكەن بریتین لە:

ئەندامبوونی ئۆكراینا لە ناتۆ
پێشبینی دەكرێت ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا لە سەردانەكەیدا بۆ پایتەختی لیتوانیا، نامەیەك بۆ 31 وڵاتە ئەندامەكەی ناتۆ ببات: دەبێت هاوكات لەگەڵ كۆتایهاتنی جەنگ، ئۆكراینا ببێت بە ئەندام لە ناتۆ. 
ئۆكراینا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات داوای نەخشەڕێگایەكی ڕوون دەكات، بەو پێیەی گرنگە كیێڤ پەیوەندی بە چەتری "بەرگری" ناتۆوە بكات، ئەمەش بۆ راگرتنی هەر هێرشێكی روسیا لە داهاتوودا. 
بەڵام دوودڵییەكی روون لەلایەن واشنتۆن‌و بەرلینەوە هەیە لەبارەی پێدانی بەڵێنی زیاتر بە ئۆكراینا، بەڵێنی زیاتر لەوەی كە پێشتر ناتۆ داویەتی‌و وتویەتی " رۆژێك لە رۆژان ئۆكراینا دەبێت بە ئەندامی ناتۆ" بەبێ دیاریكردنی خشتەی زەمەنی بۆ ئەم هەنگاوە.
دیپلۆماتماران ماوەی چەند هەفتەیەكە سەرقاڵی ئامادەكردنی پەیامێكن كە ئاماژەیەكی "ئەرێنی" بە ئۆكراینا بدات. بڕیارە سەركردەكانی ناتۆ لەڕێگەی دروستكردنی ئەنجومەنی ناتۆو ئۆكرایناوە، پەیوەندییە سیاسییەكانیان بەهێز بكەن‌و بەرنامەیەكی چەند ساڵە دابنێن بۆ یارمەتیدانی كیێڤ لەپێناو "نزیكبوونەوە"ی لە پێوەرە سەربازییەكانی خۆرئاوا. 
بەڵام پرسیار هەیە لەبارەی ئەوەی ئایا تەنیا ئەم هەنگاوە بەسە بۆ قایلكردنی سەرۆكی ئۆكراینا، ئۆریسیا لۆتسیفیش لە ناوەندی توێژینەوەی "چاتام هاوس" دەڵێ:" تیمی زیلینسكی تا دوا سات دەجەنگێت لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین ئیمتیاز". 

گرەنتی ئەمنیی
وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەندامبوون، زۆرێك لە وڵاتانی خاوەن قورسایی لە ناتۆدا لەوانە ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و ئەڵمانیا‌و فەڕەنسا تاوتوێ پابەندبوونیان دەكەن بۆ ناردنی چەك بەمەبەستی یارمەتیدانی ئۆكراینا بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بكات، بەگوێرەی قسەی سەرچاوە دیپلۆماسییەكان، ئەم پابەندبوونانە لە دەرەوەی چوارچێوەی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" دەبێت. 
دوای زیاتر لە 500 رۆژ لە دەستپێكردنی هێرشی روسیا، بەبەهای دەیان ملیار دۆلار چەك‌و كەلوپەل بە ئۆكراینا دراوە، پێشبینی ئەوەش دەكرێت رێككەوتنێك لەگەڵ ئۆكراینا بكرێت هاوشێوەی رێككەوتنی نێوان ئەمریكا‌و ئیسرائیل، كە ئەمریكا ساڵانە چەند ملیار دۆلارێك لەشێوەی یارمەتی سەربازیدا بە ئیسرائیل دەدات. 
هەروەك رەنگە رێككەوتن لەبواری ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری، راهێنان‌و دووبارە بنیادنانەوەی پیشەسازی چەكی ئۆكراینا رابگەیەندرێت، بەڵام هەندێك لە وڵاتان هۆشداری دەدەن لەوەی رەنگە ئەم جۆرە پابەندبوونانە نەبن بە بەدیلی ئەندامبوونی ئۆكراینا لە ناتۆ‌و كارەكە زیاتر دوابخات. 
كریسجانیس كارینز سەرۆك وەزیرانی لاتیڤیا بەمدواییە رایگەیاند" باشترین گرەنتی بۆ ئۆكراینا ئەوەیە، لەگەڵ كۆتایهاتنی جەنگ، ئەندامێتی تەواوی لە ناتۆدا پێبدرێت". 

ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ
جارێكی تر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە لوتكەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا دەكەوێتەوە بەر رووناكی، بەوپێیەی دژی ئەندامبوونی سویدە لە ناتۆدا. 
وڵاتانی ئەندام پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن ئەردۆغان لە كۆتایدا دەستبەرداری ناڕەزایەتییەكانی دەبێت سەبارەت بە ئەندامبوونی سوید‌و ژمارەی ئەندامانی ناتۆ بۆ (32) وڵات زیاد دەكات. 
سەرباری ئەوەی لە نیسانی رابردوودا، ئەنكەرە گڵۆپی سەوزی بۆ ئەندامبوونی فینلەندا لە ناتۆ هەڵكرد، بەڵام هێشتا بەربەستە لەبەردەم ئەندامبوونی سویددا، لە دۆخێكی لەمشێوەیەشدا پێویستە هەموو ئەندامانی ناتۆ هاوڕابن بەر لە وەرگرتنی هەر ئەندامێكی نوێ لە هاوپەیمانێتییەكەدا.
پێشتر بۆ رێگریكردن لە ئەندامبوونی سوید، ئەردۆغان بابەتی پشتیوانیكردنی سویدی لە پارتی كرێكارانی كوردستان كردبوو بە بەهانە، بەڵام ئەمڕۆ ستراتیژێكی نوێ داڕشت‌و وتی:" دەرگای بەڕووی ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا بكەنەوە، ئێمەش دەرگا بەڕووی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆدا  دەكەینەوە".  
لە كۆبونەوەی لوتكەی پێشووی ناتۆدا كە بەر لە ساڵێك لە مەدرید بەڕێوەچوو، كارەكە چەندین كاتژمێر دانوستانی ویست تا ئەردۆغان قایل بوو بەوەی بانگهێشتی فەرمی ئاڕاستەی سوید بكرێت بۆ ئەندامبوونی لە هاوپەیمانێتییەكەدا، ئەمەش تەنیا وەكو هەنگاوێكی بەرایی. 
بڕیارە لە ڤیلنیوس، ئەردۆغان چاوی بكەوێت بە هەریەكە لە (ئۆڵف كریسترسۆن) سەرۆك وەزیرانی سوید‌و (ینس ستۆڵتنبرگ) ئەمینداری گشتی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی، لەم دیدارەدا، بەر لە دەستپێكردنی كۆبونەوەی لوتكەی هاوپەیمانێتییەكە  جارێكی تر دۆسیەی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بكرێتەوە. 

خەرجی سەربازیی
دوای ئەوەی ساڵی 2014 روسیا نیمچە دورگەی (كریمیا)ی خستە سەر خاكی وڵاتەكەی، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەڵێنیاندا لە ساڵی 2024وە بڕی (2%)ی تێكڕای داهاتی ناوخۆییان بۆ خەرجی سەربازی تەرخان بكەن، پێشبینی دەكرێت لەمساڵدا لە كۆی 31 وڵاتی ئەندامی ناتۆ 11 وڵاتیان خەرجی سەربازییان لە رێژەی دیاریكراو زیاتر بەرزكردبێتەوە، ئەمەش بەگوێرەی نوێترین ئامار كە ناتۆ دەریكردووە. 
لەمبارەیەوە، ینس ستۆڵتنبرگ ئەمینداری ناتۆ رایگەیاند" دڵنیام لەوەی ساڵی داهاتوو ئەم ژمارەیە بەرزتریش دەبێتەوە"،  لە ساڵی 2014وە هاوپەیمانان جارێكی تر دانوستانیان كرد لەبارەی ئەم پایەندییەوە، ئەمەش لەرێگەی بەرزكردنەوەی خەرجی سەربازی، بۆ زانیاری رێژەی 2% بۆ خەرجی سەربازیی ئێستا نزمترین ئاستە. 
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا زۆر پرسیار هەن كە وەڵامدانەوەیان یەكلانەبووەتەوە لەنمونەی خشتە زەمەنییەكە‌و هەندێك لە وڵاتان پێیانوایە ئەم كارە بەدیهێنانی چەندین ساڵ دەخایەنێت. 

پلانی ستراتیژی 
هێرشی روسیا بۆسەر ئۆكراینا وای لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی كرد پێداچونەوەیەكی گشتگیر بە سیستمی بەرگری خۆیدا بكات لە بەرەی خۆرهەڵاتەوە. سەركردەكانی ناتۆ پلانێكی ناوچەییان داڕشت لەگەڵ چوارچێوەی جیۆستراتیژی نوێدا بگونجێت، كە بە وردی هەڕەشە سەرەكییەكان‌و ئامرازە پێویستەكانی بەرگریكردن لە هەموو ناوچەكەو رێڕەوی ئەگەری كاركردن ڕوون دەكاتەوە.
دیپلۆماتكاران دەڵێن توركیا ناڕازیەتی لە هەندێك لە پلانەكانی ناتۆ دەربڕیوە، بەڵام دەبێت لە كۆتایداو لە لوتكەكەدا "گڵۆپی سەوز" بۆ پلانەكان هەڵبكات. 
سەرچاوە: ئاژانسەكان
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand