یەكێتیی لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا

Draw Media

2023-07-08 15:34:33



راپۆرت: درەو
ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر رووداوەكانی 8ی تەموزدا تێپەڕ دەبێت، رووداوێك كە بەتەواوەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانی رادەستی كوڕە گەورەكەی جەلال تاڵەبانی كرد، ئەو دەسەڵاتەی ئێستا بافڵ تاڵەبانی هەیەتی، لەماوەی نزیكەی نیو سەدەدا جەلال تاڵەبانی باوكی لەناو یەكێتیدا بەخۆیەوە نەبینیوە، دوو ساڵ سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی چی لە یەكێتیی‌و زۆنی سەوز كردووە ؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا.

8ی تەموز.. گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ
دواینجار كە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایدا دەركەوت رۆژی 24ی حوزەیرانی 2021 بوو، هەردووكیان وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی پێكەوە پێشوازییان لە (خەمیس خەنجەر) سیاسەتمەداری سوننەكانی عێراق كرد، بۆ ئێوارەكەشی بافڵ تاڵەبانی لە باخەكەی خۆی لە "مێرگەپان" میواندارییەكی رێكخست.
میواندارییەكەی مێرگەپان وەكو بافڵ تاڵەبانی خۆی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە لە كۆبونەوە داخراوەكاندا باسی دەكرد، بۆ ئەوە بوو ئاشتەوایی لەنێوان (پولو شاڵاو عەلی عەسكەری)‌و (پۆڵاد شێخ جەنگی) بكات، ئەم دوانە یەكەمیان ئەوكات یاریدەدەری بافڵ تاڵەبانی بوو (ئێستا بەرپرسی هەواڵگری هێزەكانی 70یە)‌و دووەمیشیان برای لاهور شێخ جەنگی‌و سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆر بوو، كێشە كەوتبووە نێوانیان.
لە ئێوارە خوانەكەی مێرگەپاندا، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی‌و دوو كوڕەكەی كۆسرەت رەسوڵ (دەربازو شاڵاو) بەشداربوون، میواندارییەكە بۆ ئاشتەوایی (پۆلۆ و پۆڵاد) بوو، بەڵام بەجیابونەوەی ئامۆزاكان لەیەكتری كۆتایی هات.
بەپێی گێڕانەوەی خۆی، لەم ئێوارە خوانەدا ژەهر كراوەتە ناو شەربەتەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە، تەندروستی تێكچووە‌و لە نەخۆشخانە خەوێندراوەو 12 بوتڵ ئاوی بۆ هەڵواسراوە.
دوو هەفتە دوای میواندارییەكەی مێرگەپان، لە بەیانی رۆژی 8ی تەموزی 2021دا بافڵ تاڵەبانی چووە قەلاچوالان‌و دەزگای زانیاری كۆنترۆڵكرد، هەمان رۆژ دەزگای دژەتیرۆری گرت‌و پۆڵاد شێخ جەنگی برای لاهور شێخ جەنگی دورخستەوە، بافڵ تاڵەبانی لەرووداوی ژەهرخواردكردنەكەدا لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای تۆمەتبار كرد، لاهور لە دادگا سكاڵای تۆمار كرد، بەڵام تاوەكو ئێستا راست‌و دروستی ئەم كەیسە بۆ رایگشتی روون نەبووەتەوە، لاهور وەكو بەهانە بۆ كودەتاكردن لەناو یەكێتیی ناوی دەبات.
لێكدابڕانی دوو هاوسەرۆكەكە، یەكێك لە پێشبینییەكان بوو بۆ دەرەنجامی كۆنگرەی (4)ی یەكێتیی، كۆنگرەیەك كە لە دوا رۆژەكانی ساڵی 2019دا بەڕێوەچوو، بۆ یەكەمجار لەدوای مردنی تاڵەبانی باوكەوە دەسەڵاتی یەكێتیی رادەستی كوڕو برازاكانی كرد.
 
یەكێتیی لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا
بەبۆنەی یادی دوو ساڵەی رووداوی 8ی تەموزەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نمایشێكی سەربازیی رێكخست، لەدوای 8ی تەموزەوە یەكێتیی زیاتر لەوەی وەكو حزبێكی سیاسی مەدەنی دەربكەوێت، وەكو گروپێكی چەكدار خۆی نمایش دەكات، بافڵ تاڵەبانی زۆربەی دەركەوتنەكانی بە جلوبەرگی سەربازییەوەیە، زیاتر لە سیاسییەكان‌و خەڵكی مەدەنی، لەگەڵ پلەدارەكانی هێزی دژەتیرۆرو كۆماندۆ دەبینرێت، بافڵ تاڵەبانی خەرجی ئۆرگانە مەدەنییەكانی یەكێتیی كەمكردوەتەوە‌و خەرجی هێزە چەكدارەكانی زیاد كردووە.
لەسەر ئاستی ناوخۆی یەكێتیی، كۆنگرەی 4ی یەكێتیی، كاستی سیاسی كۆنی حزبی لەناو ئەنجومەنێكدا بەناوی (ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەندییەكانی یەكێتیی) خانەنشین كرد، بافڵ تاڵەبانیش لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە سەركردایەتی یەكێتیی ناكاراو بێ رۆڵ كردووە، ئەوەی ئێستا لە پەیكەری یەكێتیی ماوەتەوە تانەنەت مەكتەبی سیاسیش نییە، بەڵكو كارگێڕانی مەكتەبی سیاسییە كە ناو بەناو كۆبونەوە دەكەن.
ئەو گروپانەی كە بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز لەناو یەكێتیدا هەبوون، ئێستا لەبەردەم هەژمونی بافڵ تاڵەبانیدا نەماون یان زۆر لاواز بوون، گروپی كەركوكییەكان كە لە كۆنگرەی چوارەمدا وەكو بەهێزترین تەكەتول دەركەوتن، ئێستا ئەو پێگە بەهێزەیان نەماوە، كوڕانی كۆسرەت رەسوڵ بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز خۆیان بۆ بافڵ تاڵەبانی یەكلاكردەوە‌و چاویان لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتیی بوو، ئەم پۆستەیان وەرنەگرت‌و ئەوەی بەم دۆستایەتییە پێیان كرا هەر ئەوە بوو لیوا هاوبەشەكانی (3و 7)ی كۆسرەت رەسوڵ لە هەڵوەشاندنەوە یان تێكەڵكردن یان گۆڕانكاری رزگار بكەن، ئەم هێزانەش لەبەردەم هەژموونی هێزەكانی دژەتیرۆرو كۆماندۆدا كە راستەوخۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە فەرمانیان پێدەكرێت‌و داراییان بۆ دابین دەكرێت، زۆر لاوازن.
بەرهەم ساڵح وەكو كارەكتەرێكی سیاسی بەهێزی ناو یەكێتیی، لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە لەپێناو زامنكردنی ولایەتی دووەمی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی یەكێتیی لەبەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی قبوڵ كرد‌و لە دیداری یەكێتیدا كە كۆتا رۆژەكانی ئایاری 2022 بەڕێوەچوو، بەشداری كرد‌و بەفەرمی بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆكی یەكێتیی ناساند، بەڵام ئەمە زەمانەتی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری نەكرد‌و بەرهەم ساڵح ئێستا لەماڵەوە دانیشتووە‌و هیچ قسەیەكی لەبارەی دۆخ‌و سیاسەتەكانی یەكێتییەوە نییە، گروپی "جافەكان" كە بریتین لە هەریەكە لە (مەحمود سەنگاوی- عەدنان حەمەی مینا- حامید حاجی غالی) بەهۆی بەرهەم ساڵحەوە لەناو یەكێتیدا لە پێگەیان دراو ئەوانیش ئێستا ئەو رۆڵ‌و كاریگەرییەیان نەماوە.
یەكێتیی لەدوای كۆنگرەی چوارو رووداوەكانی 8ی تەموزەوە، ئەوەندە دەستكاری پەیڕەوی ناوخۆی كردووە، ئێستا كادیرەكانی بە زەحمەت دواین كۆپی هەمواركراوی پەیڕەوی ناوخۆیان دەستدەكەوێت‌و لەناو ژمارەیەك رەشنوسدا گیریان خواردووە كە لە بنەڕەتەوە كاریان پێناكرێت‌و پەیڕەو بەرنامە لە خودی بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی برایدا كورت بوەتەوە.
جڵەوەی بڕیاری سیاسی، دارایی، پەیوەندییەكان هەمووی لە دەستی بافڵ تاڵەبانیدایە.

سیاسەتی بافڵ تاڵەبانی
دوو ساڵی رابردوو، خەڵك زیاتر لەوەی لە دوورەوە ناویان بیستبوو،  بە كەسایەتی بافڵ تاڵەبانی ئاشنا بوون، ئەو سیاسەتێكی چەسپاوی نییە، لە یەككاتدا وەكو فەرماندەیەكی سەربازی توڕەو هاوكات وەكو كەسێكی كراوەو دڵساف دەردەكەوێت، جارێك وەكو سیاسەتمەدارێكی پراگماتی‌و هەندێكجاری تر وەكو خواناسێك خۆی نمایش كردووە، دەیەوێت ئاڵای كوردایەتیی لە دەستی بارزانی‌و پارتی وەربگرێتەوە، باسی مافی 40 ملیۆن كورد دەكات، دۆستی عەبدوللەتیف ئەحمەد رێبەری سەلەفییەكانەو (یونس راوی)شی كردووە بە راوێژكاری خۆی، واتا دژبەیەكی زۆری لەخۆیدا كۆكردوەتەوە.
لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانی سەرباری راوەستانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە زۆنی سەوز، لەرووی ئازادی رادەربڕینیشەوە زۆنەكە هەندێك پاشەكشەی كردووە، بەپێی ئامارەكان تەنیا لەرۆژی 6ی ئابی 2022 پێشێلكاری بەرامبەر بە (78) رۆژنامەنووس كراو (27) رۆژنامەنووس دەستگیركرا لەكاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانێكدا لە سلێمانی، هەرلەو ماوەیەدا یەكێتی رێگری لە بەڕێوەچوونی چەندین خۆپیشاندان كردووە، لە ئۆكتۆبەری 2022 لەلایەن هێزی دژە تیرۆرەوە دوو رۆژنامەنووس دەستگیركران و رفێندران یەك هەفتە ئەشكەنجەدران.  
دوای رووداوەكانی 8ی تەموز، لاهور شێخ جەنگی توركیای تۆمەتبار دەكرد بەوەی لە پشت "كودەتاكەی بافڵ تاڵەبانی"وە بووە، پێشبینی دەكرا لەسەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا پەیوەندی یەكێتیی‌و توركیا بەرەوپێشچوون بەخۆوە ببینێ، بەڵام توركیا زیاتر لە سنوری زۆنی سەوزدا رۆچوو، ئۆپراسیۆنەكانی دژی پارتی كرێكاران لەم سنورەدا زیاتر كرد‌و لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵیشەوە ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخستووە.
لەدوو ساڵی رابردوودا، لەڕووی سیاسییەوە، بافڵ تاڵەبانی بەتەواوەتی ئاڕاستەی یەكێتیی لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد گۆڕیوە، لەسەردەمی ئەودا یەكێتیی بۆ جاری یەكەم سەرباری ناڕەزایەتییەكانی پارتی، توانی بە پاڵپشتی لایەنە شیعەكانی دۆستی ئێران، بڕگەیەك لە یاسای بودجەی عێراقدا بچەسپێنێت كە رێگەی بە ئیدارەی سلێمانی دەدات لە حاڵی ناڕەزایەتیدا دژی دەسەڵات لە هەولێر، راستەوخۆ لە بەغدادەوە بەشە بودجەی خۆی وەربگرێت، پارتی ئەم هەنگاوە وەكو هەوڵێك بۆ دابەشكردنی كوردستان لێكدەداتەوە.
سەرباری ئەمە، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەی عێراقەوە لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021دا، بافڵ تاڵەبانی لەناو دابەشبوونی ماڵی شیعەدا، بەرە سەركەتووەكەی هەڵبژارد كە لایەنەكانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) بوو، ئەوانەی كە بە وەلائییەكانی ئێران ناودەبرێن، ئەم بەرەیە دواجار پاشەكشێی بە موقتەدا سەدر كرد‌و سەرباری ئەوەی هەڵبژاردنی دۆڕاندبوو، كابینەی نوێی حكومەتی لە عێراق دروستكرد، پارتی وەكو نەیارێكی مێژووی یەكێتیی، سەرباری سەقامگیریی دۆخی ناوخۆیی، لە گەمەی سیاسی ئەمدواییەی عێراقدا خوێندنەوەی بۆ هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ موقتەدا سەدر دروست نەبوو، سەدر لەناو ململانێ ناوخۆییەكەی شیعەدا زۆر پشوو درێژ نەبوو، كشایەوە‌و پارتی بە تەنیا بەجێهێشت، پارتی بەلاوازییەوە پەیوەندی بە بەرەكەی تری شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگیی)یەوە كرد.
لەم گەمەیەدا بۆ یەكەمجار، یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی توانی سەرباری بردنی پۆستی سەرۆك كۆمار، هاوتای پارتی پۆستی وزاری لە حكومەتی عێراقدا وەربگرێت، هەندێك دەڵێن ئێرانییەكان رۆڵیان هەبووە لەسەر بڕیارەكانی یەكێتیی، ئەمەش وەكو سزادانێكی بارزانی كە لەگەڵ سەدر هاوپەیمانێتی كردو ماڵی شیعەی عێراقی خستە مەترسییەوە.
بافڵ تاڵەبانی بەو پەیوەندییە بەهێزەی كە لەگەڵ بەغداد دروستی كرد، سودی لەوەی بینی كۆتایی بە سكاڵا یاساییەكەی لاهور شێخ جەنگی بهێنێت لەبارەی پرسی هاوسەرۆكایەتی‌و گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆ.  
لەسەر ئاستی ناوخۆش، بافڵ تاڵەبانی لەوەدا سەركەوتوو بوو سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دوابخات، ئەم دواخستنە بۆ ئەو گرنگ بوو، چونكە لەدوای 8ی تەموزەوە هێشتا بەتەواوەتی حزبەكەی رێكنەخستوەتەوە‌و ناڕەزایەتییەكانی خەڵكیش لە سلێمانی زیاتر بوون كەم نەبوونەتەوە، سەرباری ئەمە ناڕەزایەتیی لایەنگرانی یەكێتیشی هاتوەتە سەرو هێشتا بایكۆتی هەڵبژاردن بژاردەی بەهێزی خەڵكی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەیە.

بافڵ تاڵەبانی‌و دۆخی دارایی
لەڕووی دارییەوە، بافڵ تاڵەبانی لە دوو ساڵی رابردوودا ئیدارەی گشتی یەكێتیی بە تەواوەتی كۆنترۆڵكردووە، سیاسەتی دارایی ئەو لە ناوخۆی حزبدا بریتیی بووە لە كەمكردنەوەی خەرجی ئۆرگانەكان‌و زیادكردنی داهاتی ئیدارەی گشتی یەكێتیی لەرێگەی دروستكردنی كۆمپانیای نوێ‌و وەرگرتنی پشك لە كۆمپانیاكان بەبێ لێخۆشبوون.
بەڵام سیاسەتی دارایی سەرۆكی یەكێتیی بۆ دۆخی سلێمانی لە جاران باشتر نیە، كێشەی نەمانی نەختینەی دارایی هەیە، گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە ئەوەیە، پرسی نەختینەی دارایی لەلایەن حكومەتەوە بكرێت بە بابەتێكی سیادی، مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر ئەم داواكارییە نیشانداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتیی رێككەوتنێكی گشتگیر نییە، دیارنییە ئەم بابەتە چارەنوسی بە كوێ دەگات، واتا بەشێوەیەكی گشتی لە دوو ساڵی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی دارایی یەكێتیی لەدەستی خۆیدا گرێداوە‌و دارایی سلێمانیشی بۆ قوباد تاڵەبانی برای بەجێهێشتووە كە جێگری سەرۆك وەزیرانە، دارایی سلێمانی‌و داهاتەكانی هێشتا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتە گلەیی‌و گومانی لەسەرە، تۆمەتباریان دەكات بەوەی داهاتی سلێمانیان بۆ مەبەستی تایبەتی بەكارهێناوە‌و لە دەروازە سنورییەكان قاچاخچێتی دەكەن.
لە دوو ساڵی رابردوو چەند حاڵەتێكی بردنە دەرەوەی پارە بە شێوەی كاش لە فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاشكرابوون و  یەكێتی ئەم بابەتەی لە رای گشتی شاردووەتەوە، سەرباری ئەمە رووداوی هەڵكوتانە سەر سەرمایەدار و بازرگانەكان زیادی كردووە، بەشێك لە سەرمایەدارەكان، سەروەت و سامانەكانیان بردووەتە دەرەوەی سلێمانی.  

بافڵ تاڵەبانی‌و پەیوەندییەكانی
لەگەڵ پارتی وەكو هێزێكی سەرەكی دەسەڵاتدار، لە دوو ساڵی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی بەردەوام لە نیوە شەڕو نیوە ئاشتیدا بووە، ئەم ناكۆكییە لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوودا دوای كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) لە تەقینەوەیەكدا لە هەولێر، گەیشتە حاڵەتی دابەشبوونەوەی كوردستان بەسەر دوو زۆندا، چونكە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و دواتریش تیمی یەكێتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆت كرد، نێوەندگیری ئەمریكا‌و وڵاتانی ئەوروپا دۆخەكە راگرت‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا تیمی یەكێتیی گەڕانەوە بۆ ناو حكومەت.
لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیش كە هاوبەشێكی سەرەكی حكومەتە، لە دوو ساڵی رابردوودا یەكێتیی نەیتوانیوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ گرێ بدات. بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز، یەكێتیی رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كرد‌و پێكەوە چوونە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021، لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنەوەی گۆڕان هەموو ئەو كورسیانەی لەدەستدا كە لە پەرلەمانی عێراق هەیبوو، ئەمە بزوتنەوەكەی دوچاری كێشەی ناوخۆیی كردەوە، رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی گۆڕانی ناچاركرد دەست لە پۆستەكانیان بكێشنەوە‌و لەوكاتەوە تائێستا گۆڕان بێ سەر ماوەتەوە، گۆڕانەكان نیگەرانن لەو رێككەوتنە، پێیانوایە یەكێتیی‌و بە دیاریكراویش بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی هۆكار بوون بە شكستی گۆڕان لە هاوپەیمانێتییەكەدا، بەم دۆخەشەوە هێشتا بافڵ تاڵەبانی چاوی لە بزوتنەوەی گۆڕانە‌و بەمدواییانە پێشنیازی ئەوەی بۆ عومەر سەید عەلی كردووە گۆڕان‌و یەكێتیی یەكبگرن، ئێستاش خوازیارە گۆڕان‌و یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ناوچە جێناكۆكەكان بە یەك لیست بەشداری بكەن، ئەو نایشارێتەوە كە گۆڕان وەكو بەشێك لە یەكێتیی دەبینێت‌و ستراتیژیەتی خۆی لەسەر كۆتایهێنان بە گۆڕان داڕشتووە.
لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكانیش، سەرباری هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی بەرەیەك لەگەڵ كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، بەڵام هێشتا بافڵ تاڵەبانی ئەو متمانەی پێ دروست نەكراوە.

یەكێتی‌.. لە سكرتێرەوە بۆ سەرۆك
یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 48 ساڵ تەمەندا تەنیا (4) كۆنگرە‌و دوو (پلینیۆم)‌و یەك (دیدار)ی كردووە.
كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترس‌و دابەشبوون‌و لێكترازانی نێوان هاوڕێ‌و هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی چوارەم لەمەش مەترسیدارتر بوو، چونكە بووە هۆی لێكترازانی ئامۆزاكان (كوڕەكانی تاڵەبانی‌و شێخ جەنگی برای).
ئێستا یەكێتیی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی پێنجەم دەكەن، ئەوانەی ئاگادارن دەڵێن كۆنگرەكە مانگی 12ی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت جارێكی ترو لە كۆنگرەیەكدا یەكێتیی بەوشێوەیە رێكبخاتەوە كە خۆی دەیەوێت.  
یەكێتی هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، ‏بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، ‏هێڵی گشتی) دروستبووە‌و هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەكانیدا پارسەنگ تێكبچێت‌و حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانەو ناكۆكی فیكری  لەناو یەكێتیدا نەماوە، زیاتر پرسی دارایی‌و هێز رۆڵ دەبینێت.
رۆژی 28ی ئابی 2022 سەركردایەتی یەكێتیی كۆبونەوەیەكی كرد‌و تێیدا بەزۆرینەی دەنگ سیستمی "هاوسەرۆكایەتیی" هەڵوەشاندەوە‌و بۆ یەكەمجار لە مێژووی یەكێتیدا ناونیشانی كەسی یەكەمی حزبی لە "سكرتێر"ەوە بۆ "سەرۆك" گۆڕی، مام جەلال نیو سەدە سكرتێری یەكێتیی بوو، بافڵی كوڕی بوو بە سەرۆكی یەكێتیی.
دوای نزیكەی (نیو سەدە) لە رەخنەگرتن لە پارتی وەكو حزبێكی بنەماڵەیی، ماوەی ساڵێكە یەكێتیش بەتەواوەتی كەوتوەتە دەست ماڵباتی تاڵەبانی‌و ئەمە دەرفەتی بۆ حزبە سیاسییەكانی تریش خۆشكردووە هەمان شێوازی بە بنەماڵەیكردن‌و گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ پەیڕەو بكەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand