ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا، بنچینە و لێکەوتە ئابورییەکانی

Draw Media

2023-07-07 12:46:56



د. سەلاح نوری عەبدولحەسەن- ڕاپۆرتی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پالاندانان

پوختە
-    ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەقە دەستوورییەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز کە لە ئاڵۆزترین دەقەکانی دەستوری عێراقن. چونکە ئەو پرسە بە شێوەیەکی پیشەیی دانەڕێژراوە، لەبەرئەوەی بە روون و ڕاشکاوی "خاوەندارێتی گەل" و "خاوەندارێتی دەوڵەت"ی عێراق یەکلانەکراوەتەوە.
-    لەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکەیان لەسەر ڕێچکەی ئابورییەکی "کرێخۆر"ە، وەک ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت، هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی و دەستووری بە هەرێمەکان نادرێت بۆ فرۆشتنی سامانە سروشتییەکان بەشێوەی تاکلایەنە، چونکە ئەم بابەتە نایەکسانی چینایەتی لە نێوان دانیشتوانی هەمان وڵاتدا دروست دەکات، بەهۆی چڕبوونەوەی سەرچاوەو سامانە سروشتییەکان لە شوێن و ناوچە جوگرافییە جیاوازەکاندا.
-    حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی تاکلایەنە مەلەفی نەوت بەگوێرەی رێککەوتنەکە بەڕێوەنابات، بەڵکو لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"ەوە ئەنجام دەدرێت.
-    ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی خێراکردنی بەرژەوەندی لایەنەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر بودجەی ساڵانە و بەردەوامی ڕۆیشتنی سەرچاوە داراییەکان بۆ هەرێم، هەروەها توانای هەرێم بۆ فرۆشتنی نەوت بە نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی، دوور لە نرخ و فرۆشتنی نەوت لە خوار نرخی بازاڕەکانی جیهانەوە.
-    ئەو پێشکەوتنانەی لەم ڕێکەوتنەدا بەدەست هاتوون، ئیلهامبەخش دەبێت بۆ بڕیاردەرانی هەردوو حکومەت بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و خستنەڕووی ڕێکاری زیاتری ڕێککەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان.
-    حکومەتی ناوەندی و بە تایبەتی بانکی ناوەندی عێراق توانای بەدواداچوونی داهاتی فرۆشی نەوت و هەناردەی هەرێم بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەبێت، جگە لەوەش هەژماری دارایی هەرێم لە هەژماری بانکی ناوەندی عێراق بانکێک کە بانکی ناوەندی لەسەر ڕەزامەند دەبێت تۆمار دەکرێت.
-    ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە ئیرادەی سیاسی لایەنەکانی ڕێککەوتنەکەو ڕادەی خواست و توانای پابەندبوون بەو ڕێککەوتنەوە بۆ درێژترین ماوە، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە بۆ لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە لە جێبەجێکردنی دروستی ڕێککەوتنەکەدا دەبێت.

 

سەرەتا
رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی، نێوان بەغدا و هەولێر، بایەخی زۆری بۆ سیاسەتە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە، ڕەنگە ئەم ڕێککەوتنە سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بهێنێتە ئاراوە، بە بەرجەستەکردانی ستایلێکی جیاواز لە پەیوەندییە ئابووری و داراییەکانی پێشتر، کە بنەماکەی لێکتێگەیشتنە بەپێی پێداویستییەکانی گەشەپێدان لە بەغدا و هەولێر.
گرنگی ئەو رێککەوتنە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە یەکەم رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە لەماوەی بیست ساڵدا، کە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابووری و داراییەکان دادەڕێژێت، هەروەها سنوورێک بۆ دەسەڵاتەکانی هەر لایەنێک بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراقی رێکدەخات، تەنانەت ئەو سنووردانانە بۆ پەیوەندییە ئابووری و داراییەکان لەلایەک و لایەکی دیکە وەسفکردنی بە ڕێککەوتێکی کاتی لەلایەن هەردوو لاوە تا پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز. هیچیان لە گرنگی ڕێککەوتنەکە کەمناکەنەوە. چونکە لە ئاکامدا کەشێکی کۆدەنگی و تێڕوانینێکی هاوبەشی هەردوو لایەنە پەیوەندیدارەکە دێنێتە ئاراوە، سەبارەت بە گرنگی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بەردی بناغە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا، ئاکامەکەشی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەهای ڕێککەوتنەکە، هاندانی لایەنەکان بۆ کارکردن لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان و شۆڕبوونەوەی هەوڵەکان بۆ ئەو پرسانەی دیکەش کە ناکۆکییان لەسەرە لە نێوان بەغدا و هەولێر.

پایەکانی ڕێککەوتنەکە
پرسی بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، لەوانەش نەوت و غاز، یەکێکە لەو پرسە مشتومڕاویانەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم و میکانیزمی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکەی، بەو پێیەی حکومەتی ناوەند پێیوایە ئەم گرێبەستانە و پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن هەرێمەوە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت ناوەندی ڕێوشوێنێکی نادەستوورییە. لەسەر بنەمای هەردوو ماددەکانی (111 و 112)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکلایەنە دوور لە دەسەڵاتی بەغدا پرۆسەی نەوتی هەرێمی بەڕێوەدەبرد. لەڕاستیشدا ئەم ناکۆکیانە ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزەری ساڵی )2004(، کە جەختی لەسەر ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێمەکان و پارێزگا  ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێمێک کردووەتەوە، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، پاشان ئەم ناکۆکییە درێژبووەتەوە بۆ نێو دەستووری هەمیشەیی عێراق.
هەروەها دەقەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە ئاڵۆزترین دەقەکانی دەستوورن. چونکە بە شێوەیەکی پیشەیی فۆرمولە نەکراوە، بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێت، وەک چۆن ئەم دەقانە نەوت و غازیان کردە موڵکی گەلی عێراق، و نەیانکردە موڵکی دەوڵەت، ئەمەش جیاوازییەکی زۆری لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا دروستکرد. بەپێی ئەو دەقە دەستوورییە، هەرێمی کوردستان مافی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی مەلەفی سامانی نەوت لەناو هەرێمدا وەک خاوەندارێتی هەرێم دەبینێت  بەو شێوەیەی لە دەقی دەستوریدا هاتووە، لەکاتێکدا ئەم ڕێکارە بە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت دێتە هەژمار، یەکێک لە گرنگترین ئەو شتەکانەی کە ئاگری ناکۆکییەکەی خۆشکردووە، بۆشایی یاسایی و نەبوونی یاسای نەوت و غازی فیدراڵە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ناکۆکیانەی کە ناوبەناو لە نێوان بەغدا و هەولێر سەرهەڵدەدەن و سەریان هەڵداوە، لەسەرو ئەوەشەوە بۆ پاراستنی ئەو سامانە سروشتیانەی کە ئابووری عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی پێ دەبەستێت.
جگە لەوەش ناکۆکی لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەسەر هەناردەکردنی نەوت و ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتدا، ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە پەیوەندیدارن بە سەروەری دەوڵەتەوە، بەو پێیەی ئەو سامانە خاوەندارێتێیەکەی گەلی عێراقە، هەر بۆیە پرسەکانی پەیوەست بە سەروەری دەبێ تەنیا بە حکومەتی ناوەندییەوە ببەسترێنەوە، پێچەوانەی ئەوەش پێشێلکردنی دەستوور وڵات دەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیان گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم دەبوو ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی وەربگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو گرێبەستانە چونکە تایبەتمەندن بە سەروەری عێراقەوە.
بەم شێوەیە تا ئەو شوێنەی مەسەلەکە پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی نەوت و گازەوە هەیە، کێشەی زۆر لەناو دەوڵەتی عێراقدا دروستدەکات، چونکە سەرچاوەی گەورەی داهاتن، خاوەندارێتییەکەشیان گەلی عێراقە بە سەرجەم هاوڵاتیانی پارێزگاو هەرێمەکانەوە، ئەمەش بە مادەی (111)ی دەستوری هەمیشەیی عێراق پشتڕاست دەکرێتەوە. پرۆسەی دابەشکردنی ئەو داهاتانەی کە لە دەرئەنجامی فرۆشتنی نەوت و گازەوە بەدەست دێن ناتوانرێت بە یەکسانی یان دادپەروەرانە دابەشبکرێتەوە، ئەگەر حکومەتە خۆجێیەکان دەست بەسەر ئەم داهاتانەدا بگرن، چونکە جیاوازی گەورە هەیە لە دەستکەوتنی داهات لەنێوان هەرێم و پارێزگاکان.
هەرچەند لە هەندێک سیستمی فیدراڵیدا بەشێک لە داهاتەکان بۆ ویلایەت یان هەرێمەکان تەرخان دەکرێت لە نمونەی وڵاتانی ئەمریکاو کەنەدا.
بەڵام سەبارەت بە عێراق دۆخەکە تەواو جیاوازە، حکومەتی فیدراڵی ناتوانێت ڕێگە بە هەرێم و پارێزگا ڕێکنەخراوەکانی چوارچێوەی هەرێمەکان بدات سامانە سروشتییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن، چ جای ئیدارەدانیان. ئەمەش بەهۆی چڕبوونەوەی ئەم سامانە سروشتیانە لە هەندێک ناوچەی دیاریکراودا، نەک لە سەرجەم ناوچەو پارێزگاکان.
پڕۆسەی بەڕێوەبردنی مەلەفی سامانە سروشتییەکان دەبێت لە چوارچێوەی تایبەتمەندی دەسەڵاتی ناوەنددا بێت، وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا هاتووە، هەر بۆیە بەڕێوەبردنی ئەو کەرتە گرنگە دەبێت لە دەستی حکومەتی ناوەندیدا بێت، وەک نوێنەری گشتی گەلی عێراق. ئەمەش لە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە (15ی شوباتی 2022)ەوە دەربارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم پشتڕاستکرایەوە، کە حوکم لەسەر نادەستووری بوونی یاسای نەوت و گاز دەدات، کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاساکەشیدا بە بیانووی پێشێلکردنی دەستوورەوە، زیاتر لەوەش پابەندکردنی حکومەتی هەرێمە بە ڕادەستکردنی بەرهەمی نەوتەکەی بە حکومەتی فیدراڵی، سەرباری توانای بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەستوری خۆی سەبارەت بە گەڕان و دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت، هەروەها پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی سەرجەم بەرهەمی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بۆ حکومەتی فیدراڵی، ئەو بڕیارەش بڕیارێکی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس ناسرا بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانەوە لە (25ی ئازاری  2023)ەوە لەسەر بنەمای سکاڵای حکومەتی عێراق.
لەسەر ئەو بنەمایە، حکومەتی ناوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ی نیسانی 2023) ڕێککەوتنیان واژۆ کرد، ڕێککەوتنێک کە لە هەندێک لێکتێگەیشتنی سەرەتاییەوە سەرچاوەی گرتبوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە،  لە پێناو چارەسەرێکی کاتی تا یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو لایەنەکە، کە وەک ناکۆی سیاسی دەردەکەون و لە قوڵایشدا سروشتێکی ئابوریان هەیە.
بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتنەی لە بەغدا بە ئامادەبوونی هەدوو سەرۆک وەزیران  محمد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، دەبێت فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە ئەنجام بدرێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چیتر بەشێوەیەکی تاکلایەنە مەلەفی نەوت بەڕێوەنابات، لە ڕێککەوتنەکەدا ئەوەش هاتووە کە کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق یان یەکێک لە بانکە باوەڕپێکراوەکان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا پێدانی پۆستی جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بۆ کورد دەستەبەر دەکرێت، بەمەرجێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کەسە دەستنیشان دەکات کە ئەم پۆستەی پێدەدرێت، هەروەها کار بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی لە چوار ئەندامی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت، کە ئەرکی سەرەکی چاودێری بەدواداچونە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەپێی میکانیزمی فرۆشتنی کۆمپانیای "سومۆ".

لێکەوتە ئابوورییەکانی ڕێککەوتنەکە
واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت نوێنەرایەتی لوتکەی چەند قۆناغێکی دانوستان دەکات، ئەم ڕێککەوتنە چەندین دەرئەنجامی کاتی دەبێت، چ لەسەر ئاستی ئابوری یان دارایی، بەتایبەتی کە ئەم ڕێککەوتنە لە قۆناغێکی هەستیاری پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێمدا واژۆ کراوە.
ڕێککەوتنەکە کلیلی گەیشتن بە چارەسەری کێشەو ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، بە پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە لە بودجەی گشتیدا کە لە ساڵی (2023) بە ڕێژەی (12.67%) جێگیر کراوە و دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی و حاکمە  کە نزیکەی (16 ترلیۆن و 609 ملیار) دینارە و هاوتایە بە زیاتر لە (11 ملیار) دینار دۆلار، هەروەها لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان تێچووی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەکراو لەڕێگەی هەرێمەوە بڕی (ترلیۆنێک و 428 ملیار) دینار تەرخان کراوە، هەروەها تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم (2 ترلیۆن و 448 ملیار) دینارە، هاوکات ڕێککەوتنەکە توانای بەدواداچوون بۆ کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە بەغدا دەبەخشێت، تەنانەت ئەگەر تەنها پەیوەندی بە لایەنی فرۆشتنەوە هەبێت، لە بەرامبەردا هەولێر توانای زیادکردنی داهاتی دەبێت بە ڕاگرتنی پێدانی داشکاندنی گەورە لەسەر فرۆشتنی نەوتەکەی وەکو پێشتر دەیکرد، جگە لە دەستەبەرکردنی، دابینکردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، لە بەرامبەردا ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێگە بە پەسەندکردنی خێرای بودجەی گشتی وڵات دەدات، بەم شێوەیەش دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی پشکی هەرێم لە خەرجییە فیدراڵیەکان لەچوارچێوەی بودجەی گشتیدا.
بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (2023) نرخی بەرمیلێک نەوت (70) خەمڵێندراوە، هەندێک پێیان وایە زیادەڕۆیی لە بودجەی "بەکارخستن"ی حکومەتی هەرێمدا هەبێت، بەمجۆرەش حکومەتی هەرێم زیادەیەکی دارایی گونجاو بەدەست دەهێنێت لە قازانجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بەگەڕخستنەوەینا، بەو پێیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر پێویستی بە بودجەیەک هەیە بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، بەتایبەت دوای تێپەڕاندنی ساڵانێک لە ململانێی ئابووری لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، هەرچەندە ئەم هەلومەجە دۆخێکی نمونەیی "ئایدیاڵ" نابێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە مەرجدران بۆ چاودێریکردن و بەشداریکردنی دەسەڵاتی ناوەندی لە سەرچاوە داراییەکان و چالاکییە ئابوورییەکاندا، چونکە هەرێم پلانی ستراتیژی دادەڕێژێت بۆ پێشخستنی ئابوری خۆبژێوی، زیاتر لەوەش هەرێمی کوردستان پلانی گەشەپێدانی کەرتی غازی هەیە، کە لانیکەم هاوتای قەبارە و سەرچاوەی نەوتە کە ڕۆڵی خۆی دەبێت لە سەقامگیرکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوتدا، کە ئەمەش بابەتێکی ئەستەمە بەبێ ئەوەی ڕێکبکەوێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و بەبێ داڕشتنی بە یاسایەکی ڕوونی نەوت و گاز.
سەرەڕای وەسفکردنی ئەم ڕێککەوتنە بە کاتی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە تا دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، ئەم ڕێککەوتنە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی رووی ئابوورییەوە، یاسای بودجەی گشتی میکانیزمی دابەشکردنی سەرچاوەکان بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراقدا لە خۆدەگرێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، جگە لەوەش ئەم ڕێککەوتنە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت، بە شێوەیەکی بەرفراوان، بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز، کە چارەسەری ناهاوسەنگیەکان دەکات.
لە خشتەکانی خوارەوەدا تێبینی بڕی نەوتی هەناردەکراو و نرخی بەرمیلێک نەوت دەکەین، کە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ هەناردەیان کردووە.
 
 


سەرەڕای گۆڕانکاریی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، وەک لە خشتەی سەرەوەدا دەیبینین، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری وەک: بڕی بەرهەمهێنراو و هەڵگیراو و قەبارەی خواست لەسەر بەکارهێنانی ناوخۆیی و جیهانی، ئاستی بەکارهێنان و پەرەپێدانی پاشەکشە لە کێڵگە نەوتییەکان، بڕی بەفیڕۆدراو لە کاتی کارەکانی پاڵاوتن و دووبارە پرۆسێسکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای توانای هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ساڵانە دەگاتە (152 ملیۆن) بەرمیل.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر ئاستی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، بەپێی ئاماری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، بڕی (97.65 ملیۆن) بەرمیل نەوتی خاو بووە لە مانگی ئازاری ساڵی 2023، بە ڕێژەی هەناردەکردنی ڕۆژانەی (3.255 ملیۆن) بەرمیل، بە نرخی فرۆشتنی (73.37) دۆلار.
لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022 بڕی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق زیاتر لە (25 ملیار) دۆلار بووە، بە نزیکەی (308 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەکراو، بەراورد بە (296.6 ملیۆن) بەرمیل لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
هەربۆیە هەژمارنەکردنی داهاتی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی داهاتە گشتییەکاندا، زیانی بە بودجەی گشتی عێراق گەیاندووە، بە نزیکەی قەبارەی (30 بۆ 35 ملیۆن) دۆلار لە ڕۆژێکدا، بەمانایەکی دیکە نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە مانگێکدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی حکومەتی ناوەندی، ئەمەش کاریگەی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی کورتهێنان دەبێت لە بودجەی گشتی وڵاتدا. وەک لە خشتەی (3)دا بڕی داهاتی نەوت و نرخی بەرمیلێک نەوت لە دواهەمین چارەکی ساڵانی 2021 و 2022ی عێراق نیشان دراوە، بەدەر لە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

 


وەک لە خشتەی (3) دا دیارە، گرنگی بەرهەمهێنانی نەوت وایکردووە هەیمەنەی هەبێت بەسەر کۆی داهاتەکانی دیکەدا، لە کاتێکدا هەموو جۆرەکانی تری داهات پێکەوە کەمتر لە (5%) پێکدەهێنن، ئەمەش سیاسەتی دارایی لاواز دەکات، وەک ئامرازێکی پاڵپشت بۆ سیاسەتی دراو، لە بەرامبەر فشارەکانی هەڵاوسان و پاراستنی یەدەگی دراوی بیانی، پشتبەستنی دەوڵەتی عێراق بە نەوت کاریگەری زۆری لەسەر هاوردەی ئابووری وڵات هەبووە، لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، سەرەڕای هەڵاوسانی نرخی نەوت، کەرتی نەوت و گاز لە عێراق زاڵ بوو بەسەر هەموو کەرتە بەرهەمهێنەرەکانی تردا، دوا ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات لێکتێگەیشتنەکان بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت خاڵێکی گرنگن بۆ کۆکردنەوەی داهاتی زۆرتری نەوت، هەربۆیە، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ناکۆکییە بەردەوامەکان لەسەر کۆنترۆڵکردنی نەوت و سەرچاوەکانی وزە لە عێراق، بە دانانی کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی حکومەتی هەرێم لە بانکی ناوەندی عێراق یان یەکێک لە بانکە باوەڕپێکراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق، ئەم هەنگاوەش سەرەتایەکی نوێیە لەنێو ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵی لە وڵاتدا جێبەجێ بکرێن، کە پێشتر جێبەجێکردنیان بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزەوە ئاستەنگی لەبەردەمدابوو، پڕۆسەی بەدەستهێنانی زۆرترین داهاتی نەوت، کە لە ئەنجامی یەکلاکردنەوەی ناکۆکی سیاسی نێوان حکومەتی هەرێم وحکومەتی ناوەند، بەشداری دەکات لە بەدیهێنانی گەشەکردن لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، چونکە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) ئەنجام دەدرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand