بڕیاری ٢١٩ی ئەنجومەنی وەزیران بۆ نەهێشتنی لێکەوتەکانی دوو زۆنی دارایی

Draw Media

2023-07-03 12:19:11



د. ئامانج رەحیم- سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران

یەکەم: سەرەتای دوو زۆنی دارایی:

لە ساڵی ٢٠٠٦ کە هەردوو ئیدارەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر یەکیانگرتەوەو کابینەی پێنجەمی یەکگرتووی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێ پێکهات، بەڵام وەزارەتەکانی (دارایی و ئابووری)و (ناوخۆ)و (پێشمەرگە)و (داد) هەر بە دوو ئیدارەیی مانەوە لە کابینەکە.

هەرچەندە لە کابینەی شەشەم و کابینەکانی دواتردا وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابووری هەڵوەشایەوەو بوو بە یەک وەزارەتی دارایی و ئابووری و کاک شێخ باییز تاڵەبانی (یادی پڕ خێر بێ) بوو بە وەزیری دارایی هەرێم، بەڵام لەواقیعدا لێکەوت و کاریگەریی دوو دارایی بەردەوام بوو، بەتایبەتیش دابەشکاریی بودجە لەسەر بنەمای رێژەی ٤٣%و ٥٧% کە ئەم رێژەکارییەش لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی (نەوت بەرامبەر خۆراک)ی پێش ساڵی ٢٠٠٣، بەجۆرێک تەنانەت لە ساڵانی ٢٠٠٦ تاوەکو ٢٠١٤ کە مانگانە بەشە بودجەی هەرێم بە رێکی لە بەغداوە دەهات، لەلایەن هەرێمەوە هەر بەو دوو رێژەیە بەسەر دوو زۆنی ئیدارەی پێشووی سلێمانی و هەولێر دابەشدەکرا، ئەمە سەرەڕای جیاوازی لە رێنمایی و پرۆسەو رێکارە داراییەکانی کۆکردنەوەی داهات و بڕو رێژەکان لە هەردوو زۆنەکە.

دووەم: بڕیاری (٢١٩)ی ئەنجومەنی وەزیران:

ئەنجومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەم لە کۆبوونەوەی ژمارە (١١٠) لە رۆژی ٢٤/٥/٢٠٢٣ و بەبڕیاری ژمارە (٢١٩) لە هەنگاوێکی گرنگدا بە کۆدەنگی بەڕێزان سەرۆک و جێگرو ئەندامەکانی بڕیاریدا بە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە لێکەوتەکانی دابەشکاریی دوو دارایی، کە لە ٢٠٠٦ەوە بۆ ١٧ ساڵە کاریگەرییەکانی بەردەوام بوو.

بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران کە لە (١٠) دە بڕگەو (١٠) دە لاپەڕە پێکهاتووە، وردەکاریی و میکانیزمی وردی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی لە خۆگرتووەو لە رۆژنامەی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.

بڕیارەکە دابەش بووە بەسەر بڕگەکانی (بنەما سەرەکییەکان، بۆردی باڵای جێبەجێکردن، داهات، گومرگ، دەروازە سنورییەکان، باج، رسومات، خەرجی، سیولە، گەنجینەکان، بانکەکان و پڕکردنەوەی کورتهێنان).

سێیەم: یەک سەبەتەی دارایی:

لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، کە بۆ لەمەودوا داهات و خەرجییەکان بە ناوەندیی دەکرێن و رێنمایی و رێکارە داراییەکان لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێن و بە یەک رێنمایی و رێکارو پرۆسەی یەکگرتوو لە سەرتاسەری هەرێم داهاتی گشتی کۆدەکرێتەوە. داهاتەکان لە سەرتاسەری هەرێم بەبێ رەچاوکردنی شوێنی جوگرافی سەرچاوەی داهاتەکە، بەبێ هیچ لێبڕین و گلدانەوەو (استقطاع)ێک دەچێتە ناو یەک سەبەتەی دارایی و یەک حسابی بانکی لە وەزارەتی دارایی و هەموو حسابە بانکییە لاوەکییەکانیش، کە سەرچاوەکانی داهاتیان تێدا دادەنرێن، لە هەر پارێزگاو ئیدارەیەک بن بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی پێکەوە گرێ دەدرێن و راستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

چوارەم: پێشینە (ئەولەویەت) بە موچەو پەیڕەوکردنی ژمارەی دانیشتوان لە بودجەی بەکارخستن و پڕۆژەکان

بەگوێرەی بڕیارەکە وەزارەتی دارایی و ئابووری پابەند کراوە لە رۆژی ٢٤/٥/٢٠٢٣ەوە ئەولەویەت لە خەرجییەکان بۆ موچە بێت، واتە لەو داهاتەی کە لە سەرتاسەری هەرێمدا کۆدەکرێتەوە، دەبێت یەکەم شت موچەی موچەخۆرانی هەرێمی لێ بدرێت و موچەخۆرەکە لە هەر پارێزگاو ئیدارەیەک بێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لەدوای موچە بۆ خەرجی بەکارخستن و پڕۆژەکان خەرج دەکرێت، ئەویش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان نەک رێژەکاریی دوو زۆنی.

پێنجەم: یەکخستنەوەی ڕێنماییە داراییەکان و پرۆسە و رێکاریی داهاتەکان و هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی نایاسایی باج و گومرگ:

لە بڕیارەکەدا ئاماژە دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەر لێخۆشبوونێکی نایاسایی لە پێدانی باج و گومرگ و رسومات، هەروەها هەڵسەنگاندنی بەرپرسەکانی گومرگ و دەروازە سنورییەکان و ئۆفیسەکانی باج و رسومات لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دڵسۆزی.

شەشەم: یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان:

بەڵام لە هەموو ئەمانەش گرنگترو کاریگەرتر بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە دوو دارایی لە هەرێم، هەروەک لەناو هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمیش هاتووە بەرجەستەکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانە لە ناو یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، کە بە هۆی تەواوبوونی ئەرکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەستەمە یاسای بودجەی هەرێم هەبێت، کە لە دوای ٢٠١٣ەوە ئەوە بۆ ١٠ ساڵە یاسای بودجە لە هەرێم نییە، بەهۆی ئەو ئاڵەنگارییە سیاسی و داراییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە.

گرنگی یاسای بودجە لەوەدایە، کە تێیدا هەم داهات و خەرجییەکان بە ناوەندیی دەکرێن و هەم بە شێوازێکی هاوسەنگ و دادپەروەرانە و شایستەبوون لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان داهاتەکان دابەش بکرێن، شێوازی پڕکردنەوەی کورتهێنان دیار دەبێت و تەواوی داهات و خەرجی و قەرزو پابەندییەکانی هەرێم بە ژمارە و داتای پێویست لە خشتەکانی بودجەی هەرێم دەخرێنەڕوو، هەتاوەکو هەم شەفافیەت بەرپابێت لە داهاتەکان و دادپەروەرییش لە دابەشکردنی لە سەرتاسەری هەرێم روون بێت بۆ هەموو لایەک و داهاتەکان بخرێنە یەک سەبەتەو ئەوکات دەسەڵاتەکانی خەرجییش بە پێوەری گونجاو رێکبخرێنەوە، بە ئاڕاستەی یەک دارایی و یەک ئیدارەیی.

حەوتەم: لە کۆتاییدا عیبرەت لە جێبەجێکردنە:

لە ناو ئەم کەشە ناسەقامگیرە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم. ئەوەش لەبیر نەکەین کە عیبرەت لە جێبەجێکردنە، وەک ئیمامی عومەری کوڕی خەتاب لە وەسیەتی بۆ ئەبو موسای ئەشعەری فەرمویەتی (فإنه لا ينفع تكلُّمٌ بحقٍّ لا نفاذ له)، بڕیارەکان چەند ڕێکوپێک بن لە داڕشتن و دانانی میکانیزم، لە کۆتاییدا گرنگە خەڵک لەسەر ئەرزی واقیع دەرئەنجامەکانی ببینێت.

هەر بەم ئاڕاستەیەش بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە، بۆردێکی تایبەت بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەرۆک وەزیران و جێگرایەتی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران و ئەندامێتی بەڕێزان وەزیرە پەیوەندیدارەکان دروستکراوە، ئەم بۆردە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی پێدراوە بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارەکەو لابردنی هەر ئاستەنگێک کە دێتەپێش لەمبارەیەوە. بۆردەکە هەر زوو کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداو رێکارو میکانیزمی پێویستیش بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دانراو یەکەم ئەنجامی بڕیارەکەش لە دابەشکردنی موچەی مانگی (٥)ی ساڵی ٢٠٢٣ رەنگی دایەوەو سەرجەم موچەخۆران لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەیەکەوە لە پێش جەژنی پیرۆزی قوربان موچەیان پێدرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand