ژمارەی دادوەر و داواکاری گشتی نزیک دەبێتەوە کە (470) کەس

Draw Media

2023-07-02 20:55:02




درەو:

# لە هەرێمی کوردستان (408) دادوەرو داواکاری گشتی لە دامەزراوە دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن کە نیوە زیاتریان دادوەرن. بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (2/1/2022 تا 31/12/2022) ژمارەی ئەو مامەڵانەی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون بریتین لە (116 هەزار و 575) مامەڵە.
# ئەنجومەنی دادوەری رۆژی (20/1/2019)ەوە داوا لە ئەنجومەنی پەیمانگای دادوەری هەرێمی کوردستان کردووە، دادگاکانی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی داواکاری گشتی پێویستیان بە (45) دادوەر و (15) داواکاری گشتی هەیە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری بکات، دوای شیاندنی ئەو (60) کەسە لە (2/7/2023) نێچیرڤان بارزانی فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ دامه‌زراندنی (45) دادوه‌رەکە ده‌ركرد.

داتاکانی دادبینی و ژمارەی دادوەر و داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان
ئەنجومەنی دادوەری بە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و دەسەڵاتی سێیەمە لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت)، كاروباری ئەم ئەنجومەنە بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان ژمارە (23)ی ساڵی (2007) ڕێكخراوە.
پاڵپشت بە زانیارییەکانی ئەنجومەنەکە لە هەرێمی کوردستان (408) دادوەرو داواکاری گشتی لە دامەزراوە دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن، کە نیوە زیاتریان دادوەرن.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی (2/1/2022 تا 31/12/2022) ژمارەی ئەو مامەڵانەی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون بریتین لە (116 هەزار و 575) مامەڵە. بە جۆرێک؛
لە پارێزگای هەولێر؛ (40 هەزار و 81) مامەڵە
لە پارێزگای سلێمانی؛ (46 هەزار و 282) مامەڵە
لە پارێزگای دهۆک؛ (25 هەزار و 70) مامەڵە
لە دادگاکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و گەرمیان؛ (5 هەزار و 42) مامەڵە.
بەڵام ژمارەی دادوەر و داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان، لە ئاستی پێویستی ئەو خواستەی هاوڵاتیان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نیە، چونکە بەهۆی کەمی دادوەر و داواکاری گشتی دەیان و سەدان کەیسی دادبینی لە داداگاکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیاندا جێبەجێ ناکرێن، دادوەرو دادگاکان بە فریای ڕایی کردنیان ناکەون، یان ناچارن بەشێک لە دادبینییەکان بەخێرایی تێپەڕێنن.
بۆ نمونە بەپێی (یاسای مورافەعاتی مەدەنی) پێویستە هەر دەعوایەک لە دانیشتنێکەوە بۆ دانیشتنێکی دیکەی دادگا ماوەی (20) رۆژە زیاتر دوانەخرێت، بەڵام بەهۆی کەمی دادوەرەوە لە بەشێک لە دادگاکان ئەو ماوەیە زۆر زیاترەو کەمترین دواخستن لە نێوان (3 - 5) مانگ دەخایەنێت جاری واش هەیە دەگاتە (10) مانگ.
ئەمە سەرباری ئەوەی فەرمانی کردنەوەی دەیان دادگای بوارە جیاوازەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بە هۆی نەبوونی داوەری پێویستەوە نەتوانراوە بکرێنەوە.

پەیمانگای دادوەری بۆ پێگەیاندنی دادوەرو داواکاری گشتی    
پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەپێ ی یاسای ژمارە (7) ساڵی 2009 دامەزراوە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە (102) لە رێکەوتی  13/7/2009 بڵاوکراوەتەوە، بە شێوەیەکی فەرمی لە 26/6/2011 دەستی بە کارەکانی کردووە.
لە ماددەی (دووەم)ی یاسای پەیمانگای دادوەری چەند ئامانجێکی گرنگی دامەزراندنی ئەم دەزگایەی ئاماژە پێکردووە کە بریتیە لە؛
یەکەم: ئامادەکردنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی .
دووەم: شیاندنی دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی، ئەوانەی کە لە پلەی سێهەم و چوارەمن و هێشتا لە وەزیفەدان.
سێیه‌م: شایاندنی كادیره‌ یاساییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان له‌فه‌رمانبه‌رانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و وه‌زاره‌تی دادو، وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانی تری حكومه‌ت و به‌رزكردنه‌وه‌ی كاراییان.
وەک لە مادەی سێیەمی یاساکەدا هاتووە؛ پەیمانگەی دادوەری لەلایەن ئەنجومەنێکەوە سەرپەرشتی دەکرێ کە لە (9) کەس پێك دێت و بریتین لە (سەرۆك و جێگر و حەوت ئەندام).
ئەم پەیمانگەیە لەسەر خواست داواکاری ئەنجومەنی دادوەری و پێویستی پێگەیاندنی کادر، خول دەکاتەوەو تا ئێستا پەیمانگاکە چوار خولی پێگەیاندنی دادوەران و داواکاری گشتی کۆتایی پێهێناوە .
بەپێی توێژینەوەیەکی (د. ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا ئه‌لموده‌ڕیس؛ مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین) لە ژێر ناونیشانی "ئاڵنگارییەكانی بەردەم سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان" لە بارەی پەیمانگای دادوەرییەوە نوسیویەتی؛ "ئەوەی جێگەی تێبینییە ئەم پەیمانگایە، كە تاكە كەناڵی یاساییی پێگەیاندنی دادەوەرانە، كەچی سەر بە وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەویش پاڵپشت بە یاسای ژمارە (13)ی ساڵی (2007). لكاندنی ئەم پەیمانگایە لە ڕووی كارگێڕییەوە بە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، بە شێوازێكی دەستوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری هەژمار دەكرێت، چونكە نابێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن هیچ ڕۆڵێكی لە دامەزراندنی دادوەرەكان هەبێت و، پێویستە ئەم ئەركە بە دەسەڵاتی دادوەری بسپێردرێت".

دامەزراندنی دەرچوانی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان
بەپێی بە دواداچونێک، تایبەت بە دەرچوانی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان، بە پێی نوسراوێکی ئەنجومەنی دادوەری، کە ژمارە (122) رۆژی (20/1/2019)ی لەسەرە (هاوپێچە)، داوا لە ئەنجومەنی پەیمانگای دادوەری لە هەرێمی کوردستان کراوە، دادگاکانی هەرێمی و کوردستان و فەرمانگەی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان پێویستیان بە (60) دادوەر و داواکاری گشتی هەیە (بەو شێوەیەی لە خوارەوە رونکراوەتەوە)، بۆ خولی چوارەمی ساڵی خوێندنی (2019 - 2020).

 
دواتر نوسراوێکی وەزارەتی دادی هەرێم بە ژمارە (6/1296) لە (19/4/2021) بە واژۆی وەزیری داد ئاراستەی (ئەنجومەنی دادوەری) کراوە سەبارەت بە ڕاو بۆچونیان دەربارەی ژمارەی ئەو دادوەرانەی لە پێشتر و لە نوسراوی (122)ی (20/1/2019) دوایان کردبوو هەمان ئەو ژمارەیەیە (هاوپێچە).
بۆیە بە نوسراوێکی دیکە کە ژمارە (1/3/1769)ی رۆژی (21/6/2022)ی لە سەرە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دانیشتنی رۆژی (14/6/2022) بە کۆی دەنگ ڕایان سپارد کە هەمان رێژەی دیاریکراو لە ناوەرۆکی نوسراوی ژمارە (122 لە 20/1/2019) بە بێ گۆڕانکاری جێبەجێ بکرێت (هاوپێچە).
بۆیە لە (27/6/2022) وەزیری دادی هەرێم بە هامشێک لەسەر نوسراوەکەی ئەنجومەنی دادوەری بۆ (بەڕێوەبەری گشتی داد) دەنوسێت؛ "ئەگەر پەیوەندی لەگەڵیان بکەی هەر کاتەک معامەلە دامەزراندنی دادوەرەکان جوڵان ئاگادارمان بکەن داکو وەزارەت هەمان کار بۆ ئەندامانی داواکاری گشتی بکات".
دوای ئەوەی دەرچوانی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری لە (28/3/2022)ەوە، سەرجەم ڕێکارە یاساییەکانی شیاوێتیان بۆ دامەزراندن وەک (دادوەر و داواکاری گشتی) تەواوکردووە.
بەپێی مادده‌ی هه‌ژده‌م: یاسای ژماره‌ (7) ی ساڵی 2009 یاسای په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق "ده‌رچووی په‌یمانگه‌ به‌پێی فه‌رمانی (مرسوم) هه‌رێم داده‌مه‌زرێ، له‌مه‌نسه‌بی قازی سنفی چواره‌م ئه‌گه‌ر بۆ قازێتی شیاو كرابوو، یان به‌ وه‌زیفه‌ی جێگری داواكاره‌ گشتی له‌سنفی چواره‌م داده‌مه‌زرێ ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌م وه‌زیفه‌یه‌ شایان كرابوو، ئه‌وه‌ش به‌ مووچه‌ و سنف و ئه‌و پله‌یه‌ی كه‌به‌پێی بڕوانامه‌كه‌ و خزمه‌ت و ئیش و ئه‌و (قدم)ه‌ی كه‌ به‌پێی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ پێی ده‌درێ. ماوه‌ی خوێندن له‌ په‌یمانگه‌كه‌دا به‌ موماره‌سه‌ داده‌نرێت بۆ مه‌به‌ستی دامه‌زراندن و دیاریكردنی مووچه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ خاوه‌ن وه‌زیفه‌ نه‌بێت".
دوای تێپەڕبوونی (ساڵێک و سێ مانگ) بەسەر تەواوبوونی خولی چوارەمی پەیمانگای دادوەری و پێگەیاندنی (60) کادری شیاو بۆ (دادوەر و داواکاری گشتی).
‌دلشاد شهاب - وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان (2023/7/2) ڕایگەیاند؛ "ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، فه‌رمانی هه‌رێمی بۆ دامه‌زراندنی (45) دادوه‌ر ده‌ركرد كه‌ ده‌رچووی خولی چواره‌می په‌یمانگه‌ی دادوه‌رین و له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا له‌ڕووی زاستی و پراكتیكییه‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ی دادبینی، ئاماده ‌كراون".
هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ "دوای گه‌یشتنی داواكاریی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌ دامه‌زراندنیان، دادوه‌ران له‌ ڕۆژی ده‌رچوونی فه‌رمانی هه‌رێمی و واژۆكردنییه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، داده‌مه‌زرێن و دوای سوێندخواردنی یاسایی، له‌ دامو‌ده‌زگاكانی دادوه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستبه‌كار ده‌بن".
ئەوەشی ئاشکرا کردووە "هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا (15) جێگری داواكاری گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن كه‌ پێشتر فه‌رمانی دامه‌زراندیان له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ واژۆ كراوه‌".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand