خولی پێنجەم خۆی خانەنشین دەكات

Draw Media

2023-07-02 14:18:51




راپۆرت:درەو
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ خۆی خانەنشینكرد، بەپێی یاسا ئەو پەرلەمانتارانەشی كە مەرجی خانەنشینییان تێدا نییە مانگانە لانی كەم بە (ملیۆنێك‌و 700 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێن، لە خولی پێنجەمدا تەنیا (7) پەرلەمانتار موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە، ئەو (6) پەرلەمانتارەی كە لەدوای درێژكردنەوەكەوە سوێندیانخوارد موچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە، بەڵام لە پەرلەمانی داهاتووی كوردستانەوە ئیتر ئەوانەی مەرجی یاساییان تێدا نەبێت، خانەنشین ناكرێن. دیوانی پەرلەمان بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقەوە لە 30 حوزەیرانەوە پەرلەمانتارانی رەوانەی خانەنشینی كردووە، ئەگەر سكاڵای یاسایی تۆمار بكرێت، لە 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن‌و موچەی 8 مانگی رابردووشیان لێوەردەگیرێتەوەو بە موچەی خانەنشینیەكەیان مەقاسەیان بۆ دەكرێت، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  

پەرلەمان خۆی خانەنشین دەكات
پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ دەستیپكرد بە مامەڵەی خانەنشینبوونی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم، دیوانی پەرلەمان لەكۆی (111) پەرلەمانتار، نوسراوی خانەنشینبوونی بۆ (104) پەرلەمانتار كرد، نوسراوەكەی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی كرد لە وەزارەتی دارایی.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، دیوانی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30 حوزەیرانی ئەمساڵی وەكو دواین رۆژی كاری پەرلەمان دیاریكردووە، ئەم رۆژەی كردووە بە بنەما بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران، ئەمە بەواتای ئەوە دێت پەرلەمانتاران بۆ مانگی حوزەیرانیش كە هێشتا موچە دابەش نەكراوە، هەمان موچەی خۆیان وەكو پەرلەمانتار وەردەگرن نەك موچەی خانەنشینی.
(درەو) زانیویەتی، دیوانی پەرلەمان بە دوو لیست ناوی پەرلەمانتارانی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی كردووە:
•    لیستی یەكەم لەناوی (104) ئەندام پەرلەمان پێكهاتووە.
•    لیستی دووەم ناوی (7) پەرلەمانتار لە خۆدەگرێت كە، (5) پەرلەمانتاریان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامین‌و لە رۆژی 1ی ئازاری ئەمساڵەوە نوسراوی خانەنشینبوونیان بۆ كراوە، (2) پەرلەمانتارەكەی تریش كە بریتین لە هەریەكە لە (عەلی حەمەساڵح‌و شایان عەسكەری) لە بنەڕەتەوە وەرگرتنی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارییان رەتكردوەتەوە.

كێن ئەوانەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە ؟
یاسای چاكسازی كە رۆژی 16ی كانونی دووەمی 2020 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، بۆ رێگریكردن لە موزایەدەكردن، بڕگەیەكی تێیدا جێگیر كراوە كە دەڵێ:" ئەندام پەرلەمان بە ئارەزوومەندانە مافی دەستبەرداربوونی لە ماف‌و شایستە خانەنشینییەكانی وەك راسپێردراو هەیە، بەمەرجێك لە ماوەیەك كە لە (30)رۆژ تێپەڕن نەكات لە رێكەوتی بەركاربوونی ئەم یاسایە، داواكاری پێشكەش بە دیوانی پەرلەمان بكات بەمەبەستی وەرگرتنی رێكاری یاسایی پێویست.
لەكۆی (111) ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان، تەنیا (7) پەرلەمانتار فۆرمی رەتكردنەوەی وەرگرتنی موچەی خانەنشینییان پڕكردوەتەوە‌و موچەی خانەنشینی وەرناگرن، كە ئەمانەن:
•    عەلی حەمەساڵح
•    شایان عەسكەری
•    شیرین ئەمین
•    كازم فاروق
•    موژدە مەحمود
•    كاوە عەبدولقادر
•    سیپان ئامێدی

خانەنشینیی بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی
دیوانی پەرلەمان لە رۆژی 30 حوزەیرانەوە پەرلەمانتارانی خانەنشین كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە ماوەی یاسایی تەواوبووەو درێژكردنەوەكەی هەڵوەشاوەتەوە.
ئێستا لەسەر بنەمای نوسراوی دیوانی پەرلەمان، بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێم لە رۆژی یەكی تەموزەوە موچەی خانەنشینی بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم دەبەستێت، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران لە 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە رەوانەی خانەنشینی بكرێن بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویست بەوە دەكات لە دادگاكان سكاڵای یاسایی لەسەر ئەم بابەتە تۆمار بكرێت.
رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق حوكمی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە دژی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون، دادگا بڕیاریدا درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە رۆژی درێژكردنەوەكەیەوە واتا لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە نادەستورییە.
پابەندبوون بەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، دوو لێكەوتی دارایی لەسەر ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەجێدەهێڵت، كە ئەمانەن:
لێكەوتی یەكەم: دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە موچەی خانەنشینییان بۆ ببەسترێت، چونكە پەرلەمان لەوكاتەوە وادەی یاسایی كۆتایی هاتووە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دەبێت سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و پەرلەمانتاران ئەو پارانە بگەڕێننەوە كە مانگانە وەكو موچەی پەرلەمانتاریی لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا وەریانگرتووە، واتا بە تێكڕا دەبێت  پەرلەمانتاران موچەی (8) مانگ بگەڕێننەوە كە بۆ هەر پەرلەمانتارێك بە تێكڕا بڕی ئەم پارەیە دەكاتە (64 ملیۆن‌و 680 هەزار) دینار، چونكە موچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێك بڕەكەی (8 ملیۆن‌و 85 هەزار) دینارە، ئەگەر پەرلەمان پابەند بێت بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە‌و موچەی ئەو مانگانە بگەڕێنێتەوە كە دوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە پەرلەمانتاران وەریانگرتووە، ئەوا تێكڕای ئەو پارەیە بڕەگەی دەگاتە زیاتر لە (7 ملیارو 200 ملیۆن) دینار.
ئەگەر بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی پەرلەمانتاران موچەی 8 مانگی رابردوویان بگەڕێننەوە، ئەوا دەبێت بۆ ئەو 8 مانگە موچەی خانەنشینیان بۆ ئەژمار بكرێت، ئیتر لەم رێگەیەوە دەتوانرێت پاكتاوی ئەو پارانە بكرێت كە وەكو پەرلەمانتار وەریانگرتووە، ئەمەش بەشێوەی لێبڕینی مانگانە لە موچەی خانەنشینییەكەیان (ئەم حساباتە بۆ ئەو 7 پەرلەمانتارەی موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە جیاوازە، ئەمانە دەبێت لەسەر گیرفانی خۆیان پارەی ئەو 8 مانگە بگەڕێننەوە، چونكە موچەی خانەنشینییان نییە تاوەكو مەقاسەیان بۆ بكرێت).
لێكەوتی دووەم:  
هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی كە لەدوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە واتا لەدوای رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022، موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریی نایانگرێتەوە، چونكە:
-    بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان لەو رۆژەوە كە درێژكراوەتەوە هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت ئەوانەی لەدوای 6ی تشرینی دووەمی 2022ەوە سوێندیان خواردووە، سوێندەكەیان هەڵوەشاوەتەوە‌و نابن بە پەرلەمانتار، ئەمانە ژمارەیان (6) پەرلەمانتارە‌و موچەی خانەنشینی پەرلەمان نایانگرێتەوە، ئەم كەسانە نەك موچەی خانەنشینی وەرناگرن، دەبێت ئەو پارانەش بگەڕێننەوە كە مانگانە وەكو موچەی پەرلەمانتاریی وەریانگرتووە، ئەم پەرلەمانتارانە بریتین لە هەریەكە لە:
•    سۆز عەبدولقادر
•    دلێر عەبدولخالق
•    مەهدی خاكی
•    عەبدوڵا وەرتێ
•    لەیلا عەلی عەبدولعەزیز
•    بێریڤان فەقێ ئیسماعیل
-    تەنانەت ئەگەر گریمانە بكرێت بڕیاری دادگای فیدراڵیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی پەرلەمان بوونی نییە‌و جێبەجێ ناكرێت، هێشتا ئەوانەی لە تەموزی 2020وە بوون بە پەرلەمانتار، خانەنشینی پەرلەمان نایانگرێتەوە، چونكە بەپێی خاڵی (3) لە بڕگەی (سێیەم)ی ماددەی (7)ی یاسای (چاكسازیی لە موچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكان‌و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان)، ئەو كەسانەی لەدوای بەركاربوونی یاساكە وەك راسپێردراو بە خزمەتی گشتی رادەسپێردرێن، موچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە)، یاسای چاكسازی لە رۆژی 1ی تەموزی 2020ەوە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، واتا ئەوانەی لەدوای 1ی تەموزی 2020 وەكو پەرلەمانتار دەستبەكاربوون، موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار نایانگرێتەوە، ئەم بڕگەی یاساكە (6) پەرلەمانتار دەگرێتەوە كە بریتین لە هەریەكە لە:
•    سۆز عەبدولقادر
•    دلێر عەبدولخالق
•    مەهدی خاكی
•    عەبدوڵا وەرتێ
•    لەیلا عەلی عەبدولعەزیز
•    بێریڤان فەقێ ئیسماعیل

48 ملیۆن دینار لە پاداشتی خزمەتدا
سەرباری موچەی خانەنشینی، بەگوێرەی یاسای بەركار، هەموو فەرمانبەرێك دوای خانەنشینبوونی بڕی (6) موچەی تەواوی بەسەریەكەوە وەكو رێزلێنان پێدەدرێت، پەرلەمانتاران لەم بڕگە یاساییە سودمەند دەبن.
كۆی گشتی ئەو پارەی كە بە یەكجارو وەكو رێزلێنانی خزمەت بە پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەدرێت دوای خانەنشینبوونیان، بڕی (48 ملیۆن‌و 510 هەزار) دینارە بۆ هەر پەرلەمانتارێكی خانەنشین، ئەم بڕە پارەیە ئەو (7) پەرلەمانتارە ناگرێتەوە كە وەرگرتنی موچەی خانەنشینییان رەتكردوەتەوە.
ئەم پارەیە كە پێی دەوترێت "تەكریمی" خانەنەنشینیی، بۆ خانەنشینی خولی پێنجەمی پەرلەمان بە تێكڕا بڕەكەی نزیكەی (5 ملیار) دینارە.

یاسای چاكسازی‌و خانەنشینی پەرلەمانتاران
16ی كانونی دووەمی 2020 پەرلەمانی كوردستان یاسای (چاكسازی لە موچە‌و دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكان‌و خانەنشینی) پەسەند كرد، ئەم یاسایە بە گەورەترین دەستكەوتی خولی پێنجەمی پەرلەمان‌و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم تەماشا دەكرێت.
بەگوێرەی ئەم یاسایە هەندێك موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو رێكخرایەوە‌و بۆ داهاتووش رێگری كراوە لە خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران بەبێ بوونی مەرجی یاسایی.
یاسای چاكسازی بۆ خولەكانی داهاتووی پەرلەمان دوو مەرجی دیاریكردووە بۆ خانەنشینبوونی پەرلەمانتار كە ئەمانەن:
•    تەمەنی 45 ساڵی تەواو كردبێت
•    ماوەی 15 ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت
واتا بەگوێرەی یاساكە بەبێ بوونی ئەم دوو مەرجە یاساییە لە داهاتوودا پەرلەمانتاران خانەنشین نابن.
یاساكە كە لە خولی پێنجەمدا دەرچووە، هەندێك بواردنی بۆ پەرلەمانتارانی ئەم خولەكە كردووە، ئەمە بۆ ئەوەی دژی یاساكە نەوەستنەوە‌و دەنگی پێبدەن، بواردنەكە بەوشێوەیە، ئەو ئەندامانەی خولی پێنجەم كە تەمەن‌و مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بە رێژەیەك كە لە 25%ی تێكڕای خەرجی دوا موچەو دەرماڵەكەی زیاتر نەبێت، خانەنشین بكرێن.
تێكڕای موچەو دەرماڵەی پەرلەمانتار بریتییە لە (8 ملیۆن‌و 85 هەزار) دینار، واتا ئەو پەرلەمانتارانەی خولی پێنجەم كە مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بە بڕی 25%ی تێكڕای موچەكەیان خانەنشین دەكرێن‌و موچەی خانەنشینییان دەبێت نزیكەی (2 ملیۆن) دیناری مانگانە، ئەمە بە ئەژماركردنی دەرماڵەی بڕوانامەشەوە.
نمونەیەك
بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێكی خولی پێنجەم كە تەنیا چوار ساڵ كاروباری گشتی راپەڕاندووە‌و مەرجی (15) ساڵ خزمەتی نییە‌و تەمەنیشی نەگەیشتووەتە (45) ساڵ، لە بەرزترین ئاستدا ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێت‌ لەگەڵ چوار ساڵی خزمەتی پەرلەماندا، رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی وەكو خانەنشینی بۆ ئەژماردەكرێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لە كۆی (8 ملیۆن‌و 85 هەزار) دینار كە ئێستا وەریدەگرێت، بە (2 ملیۆن‌و 21 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، خۆ ئەگەر بڕوانامەشی نەبێت لە كەمترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی بەپێی یاساكە دەگاتە زیاتر لە (ملیۆنێك‌و 700 هەزار) دینار.
تەنیا لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا، ئەوانەی ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوەو مەرجی یاساییان تێدا نییە، (77) پەرلەمانتارە لەكۆی (111) پەرلەمانتار، واتای 69%ی ئەندامانی خولی پێنجەم مەرجی یاسایی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، ئەمە هۆكارەكەیە كە لە یاساكەدا بواردنیان بۆ خۆیان كردووە‌و بەرێژەی 25%ی موچەكەیان خانەنشین دەبن.

ئەوانەی خانەنشین بوون
پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو كە بەرێژەی 80%ی تێكڕای موچەكانیان خانەنشین بوون‌و مانگانە بڕی (6 ملیۆن‌و 464 هەزار) دیناریان وەردەگرت، بەپێی یاسای چاكسازی موچەكەیان كەمكرایەوە.
یاسای چاكسازی مەرجی خانەنشینبوونی بەسەردا سەپاندن، واتا تەمەنی 45 ساڵ‌و 15 ساڵ خزمەت، بەڵام یاساكە هەمان دەرفەتی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پێداون‌و ئەوانەیان كە مەرجی خانەنشینبوونیان تێدا نییە، بەرێژەی 25%ی تێكڕای موچەكانیان لەكاتی پەرلەمانتاریدا خانەنشین كراون.
ئەم توێژە لە پەرلەمانتاری خانەنشین، دوای چەند مانگێك لە بەركاربوونی یاسای چاكسازیش هەر بە پێوەرە كۆنەكە مانگانە زیاتر لە (6 ملیۆن 464 هەزار) دیناریان وەردەگرت، بەڵام ئێستا ئەو پارە زیادەیان لێوەردەگیرێتەوە‌و مانگانە لە موچەی خانەنشینییەكەیان دەبڕدرێت.

خانەنشیی پەرلەمان لە كوردستان
بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، لە  هەرێمی كوردستان (394) پەرلەمانتاری خانەنشین هەیە، ئەگەر لیستی خانەنشینی خولی پێنجەمیشی بۆ زیاد بكرێت كە (104) پەرلەمانتارە، ئەوا بە تێكڕا ژمارەی پەرلەمانتاری خانەنشین لە هەرێم بۆ (498) كەس بەرزدەبێتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand