واشنتۆن ئاگاداری یاخیبوونەكەی پریگۆژین بووە

Draw Media

2023-06-27 08:55:59



(درەو): 
دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ئاگاداری وردەكاری پلانەكانی یەڤگینی پریگۆژینی سەرۆكی گروپی ڤاگنەر بووە، تەنها چەند وڵاتێكی دیاریكراوی لە هاوپەیمانەكانی لێ ئاگادار كردووەتەوە، تەنانەت واشنتۆن نەیهێشتووە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆو سەرۆكایەتی ئۆكرانیاش بەوردەكاری پلانەكە بزانن، لەترسی ئاشكرابوونی.
تائێستا زۆرێك لە وردەكاریەكانی روداوەكەی رۆژی شەممەی رابردوو لە روسیا، بەناڕوونی ماوەتەوە، كە یەفگینی پریگۆژین سەرۆكی گروپی ڤاگنەر، بەشێوەیەكی كتوپڕ یاخبونی سەربازی ئەنجامدا. 
بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكریانكردووە، بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا توانیویانە وێنەیەكی وردو گشتی لەبارەی پلانی سەرۆكی ڤاگنەر كۆبكەنەوە، بەوەی كەی‌و چۆن پلانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی ئەنجامدەدات.
بەگوێرەی زانیاریەكانی تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكی، بەرپرسانی واشنتۆن تەنها ژمارەیەك لەهاوپەیمانە دیاریكراوەكانی لەو پلانە ئاگادار كردووە، لەنێویاندا بەریتانییەكان، بەڵام ئەو زانیارییانەیان بە وردەكارییەوە نەداوە بە ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ. لەسەر ئاستی ناوخۆش، تەنها چەند گەورە بەرپرسێكی ئیدارەی ئەمریكاو (8) ئەندامی كۆنگرێس، زانیارییەكانیان پێدراوە.

ئاماژەكانی یاخیبوون
تەنانەت واشنتۆن پێشتر پلانەكەی پریگۆژینی بە سەرۆكایەتی ئۆكرانیا رانه‌گەیاندووە، لەترسی گوێگرتن لەپەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا لەلایەن مۆسكۆو ئاشكرابوونی زانیارییەكان. 
لەگەڵ ئەوەی كاتی دەستپێكردنی ئەو یاخیبوونە كورتە، زانراو نەبووە، بەڵام ئاماژەكانی لە رۆژی (10)ی ئەم مانگەوە بەشێوەیەكی ئاشكرا دەركەوتن، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری روسیا، داوای لەسەرجەم كۆمپانیا سەربازییە تایبەتەكان كرد، لەنێویشیاندا ڤاگنەر، كە پێویستە لەسەرەتای مانگی تەموزەوە‌ گرێبەست لەگەڵ سوپای واژوبكەن‌و ببنە بەشێك لە سوپای روسیا.

دۆخەكە مەقۆزنەوە
لە رۆژی دەستپێكردنی یاخیبونەكەدا، پەیامێكی روون گەیشتە كیێڤ، كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە" دۆخەكە نەقۆزنەوە بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجەكان لە ناوخۆی روسیا".
بەرپرسێكی خۆرئاوای ئاشكرایكردووە، ژمارەیەك لە هاوپەیمانە خۆرئاواییەكان لەئاستی جیاوازدا ئۆكرانیایان ئاگاداركردووەتەوە، بە نە قۆستنەوەی ئەو ئاژاوەیە بۆ هێرشكردنە سەر هیچ ئامانجێك لە ناوخۆی روسیا. 
ئەو بەرپرسە جەختیكردووە، بە ئۆكرانیانییەكان راگەیاندراوە ئەوە "كێشەیەكی ناوخۆیی روسیایە".
هۆشداری ئەوەشیان پێدراوە، نەبنە بەشێك لە كێشە ناوخۆییەكانی روسیا، تەنها درەفەتەكە دژی هێزەكانی روسیا بقۆزنەوە، كە لەسەر خاكی ئۆكرانیان.
رۆژی شەممەی رابردوو، سەرۆكی گروپی ڤاگنەر بەشێوەیەكی كتوپڕ چوونە ناوەوەی هێزەكانی بۆ روسیاو رۆیشتن بەرەو مۆسكۆی پایتەخت راگەیاند، بەڵام دوای نزیكەی (24) كاتژمێر لەگەڵ بیلاروسیا كەوتە گفتوگۆو سەرەنجام ئەو سەركێشییە كتوپڕە، بە دورخستنەوەی سەرۆكی ڤاگنەر بۆ ناو خاكی بیلاروسیا كۆتایهات. 
دواتریش لەوێوە رایگەیاند، ئامانجی روخاندنی حكومەتی روسیاو دەسەڵاتی سەرۆك ڤلادیمێر پۆتین نەبووە، بەڵكو ئامانجی پاراستنی گروپی ڤاگنەر بووە. 
لەتازەترین لێدوانیدا، ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا، ئەندامانی گروپی ڤاگنەری سەرپشكردووە لەنێوان سێ‌ بژاردەدا:
•    رۆیشتن بۆ بیلاروسیا
•    ئەنجامدانی گرێبەست‌و چوونە ناو هێزەكانی روسیا
•    گەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand