خواناس "پاشای شەقام" بۆ كوژرا؟

Draw Media

2023-06-23 12:38:17



درەو:
لەناو سەنتەری شاری چەمچەماڵ بە 10 فیشەك خواناس وریا گلی كوژرا، بكوژ ناسراوەو بانگەشەكاری رەوتێكی ئیسلامیە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراوە، كەسە نزیكەكانی دەڵێن: خواناس لەسەر فیكر و بیرورا كوژراوەو پەیوەندی بە كێشەی كۆمەڵایەتی و شەڕ و كێشەی هاوڕێیەتیەوە نیە، ئەو پێشتر لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت"هیچ تاوانێك بایی ئەوە نیە تۆ رووح لە مرۆڤێك بسەنیتەوەو بیكوژیت"، خواناس لەیەك كاتدا شانۆكارو وێنەكێشەو یاریزانی كۆنگفۆ بووە، خۆیشی دەڵێت من "پاشای شەقام"م.

چۆن كوژرا؟
كاتژمێر 5:50 خولەكی دوێنێ، لەناو سەنتەری شاری چەمچەماڵ ماتوڕسوارێك بە 10 فیشەك كۆتایی بە ژیانی خواناس وریا گلی هێنا، ئەو دوو رۆژبوو لە ئیمارات گەڕابووە، بە وتەی باوكی "لەوێ كرێكاری دەكردو لە یەكێك لە گەراجەكانی ئۆتۆمبێل كاریكردووە".
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كە لەگەڵ بەشێك لە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی گفتوگۆی كردووە، خواناس لە خانەوادەیەكی دیارو بێ كێشەی چەمچەماڵ و هۆزی گلین، باوكی خواناس (وریا گلی) یەكێكە لە رۆماننوسە دیارەكان و خاوەنی دەیان رۆمانە (ئەم برینە ساڕێژ نابێت، مادر بزرگ، پاسەكەی نەنكم، ئەو مامم بوو، جێسیكا.. كچی شیرینم...).
خواناس گەنجێكی خوێندەوارو خاوەن فیكرو بیروڕای تایبەتی خۆی بوو، لە كوڕو سمینارو دانیشتنەكاندا قسەو رەخنەی تایبەتی خۆی هەبوو، تەنانەت لە مەراسیمی بڵاوكردنەوەی كتێبی (جێسیكا.. كچی شیرینم) لە 28/3/2023 بەڕێوەچووە، خواناس یەكێك لەوانەبووە قسەی كردووەو گفتوگۆی كردووە، خۆی دەڵێت: هەڵدەستێت و قسەی خۆی دەكات و لە ئاكاوتنی تایبەتی خۆی نوسیویەتی: ئێوارەی ئەمڕۆ بەشداریمان كرد لە ناساندنی كتێبی نوسەر مامۆستا Wrya Glee باوكی ئازیزم بەناوی: "جێسیكا-كچی شیرەكە" (ڕۆمان)، هاوكات هەندێك تێڕوانینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزیان كرد.

پاشای شەقام
خواناس وریا گلی لەدایكبووی ساڵی 2001ی چەمچەماڵە، خێزاندارەو خاوەنی منداڵێكە بەناوی رامین تەمەن 3 ساڵە، ئەو گەنجێكی شیكپۆش و بەڕەونەق بوو، هونەرمەندو شێوەكاربوو، لە ئاكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی (ئەكتەر، شێوەكار، پاڵەوانی كۆنگفو شاوڵین و یاریزانی هونەری جەنگی تێكەڵ) نازناویشم (پــــــاشای شەقــام)ە.
خواناس وەكو ئەكتەرو شانۆكارو دەرهێنەر كاریكردووە لە رۆژی 8ی مارسی 2023 نوسیویەتی "پیرۆزمان بێت خەڵاتی یەكەم باشترین ئەكتەرو خەڵاتی یەكەم باشترین دەق بۆ نمایشی شانۆی (پاڵیۆراو) كە وەكو دەرهێنەرو ئامادەكارو رێكخەری دەق تییایدا بەشداربووم"، خواناس وەك وێنەكێش چەند وێنەیەكی داناوەو وەك كاری وێنەی خۆی لە ئاكاوتنی خۆی، لە هەمانكاتدا سەرقاڵی هونەری كۆنگفۆ بووەو چەندین وێنەی خۆی لەكاتی وەرزشكردندا بڵاوكردووەتەوە.
خواناس لە كاتی كوشتنی ماریا سام لە 10ی ئازاری 2022 لە هەولێر، نوسیویەتی: هیچ تاوانێك بایی ئەوە نیە تۆ رووح لە مرۆڤێك بسەنیتەوە، بیكوژیت. ناكرێت هیچ كەسێك بكوژرێت لەسەر سەرپۆشلادان و جگەرەكێشان و ئایین گۆڕین، شانازی بەوەوە دەكەم بۆ یەك دەقەش چاوم نە نوقاندووە لە ناهەقی.

خواناس بۆ كوژرا؟
لەسەرەتاداو لە چەند كاتژمێری دوای كوشتنی خواناس وریا گلی، رەمەك رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ بە میدیاكانی وت" تاوانبارەكە ناسراوە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە بە زووترین كات دەستگیردەكرێت، بكوژ هاوڕێی خواناس بووەو پێشتر كێشەیان هەبووە". بەڵام وریا گلی باوكی رەتیدەكاتەوە خواناس كێشەی لەگەڵ كەس هەبووبێ و دەڵێت" كوشتنی خواناس هیچ پەیوەندی بە شەڕو دەمەقاڵیەوە نیە چونكە ئەو مانگێكە لێرە نیەو دوو رۆژە لە ئیمارات گەڕاوەتەوە".
لە ئێستادا باس لە دوو بۆچوون دەكرێت یەكەمیان دەڵێن: بكوژ كێشەی لەگەڵ خواناس هەبووەو بۆیە پەنای بردووە بۆ كوشتنی، بەڵام بۆچوونی دووەم كە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی خواناس دەڵێن: رووداوەكە زۆر روونە، هیچ پەیوەندی بە قسەو فیكر و بیروڕای تایبەتی خواناسەوە هەبووە، كە بانگەشەی تاكەكەسی و ئازادی بیرورای كردووە، ئەو لەسەر فیكری خۆی تیرۆركراوە.
خواناس لە هۆزی گلیە، هۆزەكەی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لەسەر فیكر تیرۆر كراوە، پەیجی فەرمی هۆزی گلی نوسیویه‌تی "  خواناس وریا نازم گلی گەنجێكی شانۆكارو چالاكی عەشیرەتی گلی و چەمچەماڵەو ماتۆڕسوارێك بە دەستڕێژی گولـلە لە ناوبازاڕی چەمچەماڵ تیرۆری كرد، هۆكاری تیرۆر كردنەكەی نە كێشەی كۆمەڵایەتییەو نە لەسەر قەرزو پارەیە، بەڵكو لەسەر فیكر ئەم گەنجە تیرۆر كرا".
(درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی كرد، هەموویان جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە خواناس خاوەنی شێوازێك لە بیروبۆچون و رای شەخسی خۆی بووەو لەسەر فیكرو بیڕای جیاوازی خۆی تیرۆركراوە. بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی (خواناس)، بكوژ ناوی (هێرش كەریم)ەو پێشمەرگەیە لە هێزەكانی (70)ی یەكێتیی، بەڵام بكوژ لە ئێستادا لە ژێر كاریگەری رەوتێكی ئیسلامیدایەو لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك  (Hersh karim) لەدوای كوشتنی (خواناس)ه‌وه‌ نوسیویەتی:" نا رێگە نادەم جنێو بە رسول الله صلی الله علیه وسلم بدرێت نا رێگە نادەم... هەر كەسێك دومنی پێغەمبەر (ص) بێت دوژمنمانە هەتا قیامەت".
لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تیك تۆك)یش بەناوی هێرش شوانی (Hersh Shwani) ئاكاونتی هەیەو تەواوی ئەو بابەتانەی بڵاویكردووەته‌وە وتارو لێدوانەكانی (مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید) بانخوازی ئیسلامیە. تائێستا دەزگا حكومی و ئەمنییەكان بەرەسمی راگەیاندراویان لەسەر كوشتنی خواناس بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام خانەوادەكەی دەڵێن" بۆمان روون نەبووەتەوە هۆكاری سەرەكی كوشتنی خواناس چیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دیارە لەسەر بابەتی ئایینی و جیاوازی بیروڕا كوژراوە".

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand