"هەرێم مانگانە بایی (212) ملیار دینار نەوت دەفرۆشێت"

Draw Media

2023-06-17 13:36:06





درەو:
رۆژانە (122) هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم لەناوخۆدا ساغدەكرێتەوەو دەدرێت بە پاڵاوگەكان بە نرخی (40) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، مانگانە داهاتەكەی دەكاتە (212) ملیار دینار، بەڵام داهاتەكەی دیار نیەو رانەگەیەندراوە.  
لەدوای بڕیارەكەی داداگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس و راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركی لە 25ی ئازاری 2023، بەرهەمهێنان و ساغكردنەوەی نەوت لە چەند كێڵگەیەكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە ئێستادا لە بەشێك لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنانی نەوت و ساغكردنەوەی لە ناوخۆدا بەردەوامە، حكومەتی هەرێم نرخی یەك بەرمیل بە (30 بۆ 35) دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی جیهانی دەداتە پاڵاوگەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان.
عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی پێشووی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: بەشێك لە نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم لەناو خۆدا ساغ دەكرێتەوە، ئەوەندەی بەدواداچوونم كردبێت، تەنی بە (250 بە 300) دۆلار دەفرۆشرێت (واتا بەرمیلی بە 40 دۆلار ) بەشێكی دەدرێتە پاڵاوگە فەرمییەكان (لانازو كار) و   بەشێكیشی دەفرۆشرێت بە پاڵاوگە نافەرمییەكان ئەوان بەردەوام كاردەكەن بەرهەمی ناوخۆ دابین دەكەن لە گازوایل و بەنزین، بۆیە لەدوای ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم وەستاوە لەناو خۆدا بەشێك لە نەوتی هەرێم ساغ دەكرێتەوە.
یادگار سدیق گەڵاڵی سەرۆكی رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت بە ووردی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەناوخۆدا روون دەكاتەوەو بە (درەو)ی راگەیاند:
دوای 48 كاتژمێر لەدوای وەستانی هەناردەكردنی نەوت، كێلگەكانی نەوت ئەمبارەكانیان پڕ بوو چونكە ژێرخانی ئەمباركردنی نەوتی هەرێمی كوردستان زۆر زۆر لاوازە تەنیا كێڵگەكانی (سەرسەنگ و تەقتەق) ئاستی ئەمباركردنیان زۆر بەرزە (تەقتەق) بە حوكمی ئەوەی پێشتر ئاستی بەرهەمهێنانی زۆر بووە (146) هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستا (3 هەزارو 610) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
 كێلگەی سەرسەنگ لە (25/4) و سەرقەڵا لە (5/4) دەستیان بە بەرهەمهێنان كردووەوەتەوەو كێڵگەی خورمەڵە چیا سورخ بەرهەمهێنانیان هەر نەوەستاوە، واتا لە ئێستادا ئەم چوار كێڵگەیە ( سەرسەنگ، خۆرمەڵە، چیاسورخ، سەرقەڵا) بەردەوام لە بەرهەمهێنان و بەرهەمەكانیشیان لەناوخۆدا ساغ دەكرێتەوە.
•    كێڵگەی سەرسەنگ  یەكێك بوو لەو كێڵگانەی لە 25/4/2023 دەستی بە بەرهەمهێنان كردووە بۆ پاڵاوگە ناوخۆیەكان بەكاردەهێندرێت رۆژانە لە (25 بۆ 50) هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت بە تێكڕا رۆژانە نزیكەی (40) هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت و پاڵاوگەی (لاناز) سودمەندە لە بەرهەمی كێڵگەی سەرسەنگ كە بەرمیلی بە (41) دۆلار دەیفرۆشێت.
•    گێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە (140) هەزار بەرمیل بووە، لە ئێستادا بە نزیكەی نیوە نەوت بەرهەمدەهێنێت  واتا (70) هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوكەكان دابین دەكات، لەبەر ئەوەی حكومەت خۆی پاڵاوگەی نیە هەموو پاڵاوگەكان كەرتی تایبەتن بۆیە حكومەت پێیان دەفرۆشێت لە بری بڕە پارەیەك.
•    كێڵگەی سەرقەڵا لە گەرمیان ئاستی بەرهەمهێنانی لە كاتی وەستاندا (12) هەزار بەرمیل بووە، لە ئێستادا بەتەنكەر نەوتەكەی دەگوازێتەوە بۆ خورمەڵە.
•     كیڵگەی چیا سورخ لە گەرمیان كە (2) هەزار بەرمیلی رۆژانەیە لەبەرهەمهێنان نەوەستاوەو دەنێردرێت بۆ تەقتەق بۆ ئەمباركردن.
ئەم چوار كێڵگەیە لەدوای بڕیاری وەستانی نەوتی هەرێم، ئەمان بەردەوامن لە بەرهەمهێنان، ئەم نەوتە بۆ پاڵاوگەكان دەچێت.
•    لە هەرێمی كوردستان (5) پاڵاوگە هەیە
•     دوو پاڵاوگە لە سنوری پارێزگای سلێمانییە  (پاڵاوگەی بازیان) پاڵاوگەی بازیان توانای پاڵاوتنی (40) هەزار بەرمیلی هەیە، پاڵاوگەی دوكان توانای بەرهەمهێنانی (25) هەزار بەرمیلی هەیە.
•    لە سنوری هەولێر دوو پاڵاوگە هەیە پاڵاوگەی كار توانی پاڵاوتنی (170) بەرمیلی هەیە، پاڵاوگەی لاناز توانای پەرهەمهێنانی (100) هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.
•     لە پارێزگای دهۆكیش پاڵاوگەیەك هەیە هی (DNO)یە ئاستی بەرهەمهێنانی (6) هەزار بەرمیلی رۆژانە.
•    واتا بەكۆی هەر پێنج پاڵاوگەكەی هەرێمی كوردستان توانای پاڵاوتنی (300) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان هەیە.
واتا بە كۆی گشتی رۆژانە (122) هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم لەناو خۆ ساغ دەكرێتەوە، بەرمیلی بە كەمتر لە (30-35) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕی جیهان دەدرێت بە پاڵاوگەكان واتا بە نزیكەی (40) دۆلار پێیان دەدرێت.
واتا كۆی گشتی داهاتی مانگێكی ئەو نەوتە (122،000 * 40*30= 146،400،000 دۆلار واتا (212 ملیارو 280 ملیۆن) دینار.
واتا لە رۆژی وەستانی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازار تا ئێستا زیاتر لە (80) رۆژ دەكات، بەرهەم حكومەتی هەرێم بەشێك لە نەوتی ئەو كێڵگە نەوتیانەی لەناو خۆدا ساغكردووەتەوە، بەڵام داهاتەكەی رانەگەیەندراوەو نەدراوە بۆ وەزارەتی دارایی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand