دەقی ماددەكانی هەرێم لە بودجەی عێراقدا

Draw Media

2023-06-17 12:38:16



(درەو):
بودجەی 2023ی عێراق لە پەرلەمانەوە رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار كرا بەمەبەستی پەسەندكردن‌و دواتریش بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی "وەقایع"ی عێراقیدا، ئەم یاسایە بۆ سێ ساڵ (2023-2024-2025) كاری پێدەكرێت، ماددەكانی (11-12-13)ی یاساكە تایبەتن بە هەرێمی كوردستانەوە.

دەقی ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا: 
ماددەی 11: 
یەكەم:
خەرجی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای خەرجی راستەقینە دیاری دەكرێت، كە لە خشتەی (د)ی هاوپێچی ئەم یاسایەدا هاتووە (خەرجی حاكیمە)، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەرەزامەندی سەرۆك وەزیران، خەرجدەكرێت. 
دووەم: پشكی هەرێمی كوردستان لەتێكڕای خەرجی راستەقینە (خەرجی رەوەن‌و خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) دیاری دەكرێت، دوای لێدەركردنی خەرجییە سیادییەكان كە خۆی دەبینێتەوە لە (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەستەی حەشدی شەعبی، وەزارەتی دەرەوە، دەزگای دژەتیرۆر، وەزارەتی بەرگریی، دیاریكردنی رێژەیەك لە تەرخانكراوی هێزی وشكانی سوپای عێراق لەبواری وەبەرهێنان‌و بەكارخستن بۆ هێزی پێشمەرگە بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی هێزی ناوبراو بەوپێیەی بەشێكە لە سیستمی ئەمنی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە خەرجی هەڵبژاردنەكانیشەوە، دەستەی لێپرسینەوە‌و دادەپەروەریی، دەستەی سكاڵاكانی موڵكایەتی جگە لە قەرەبووەكان، دەستەی عێراقی بۆ سەرچاوە تیشكدەرەكان، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، تێچووی دانوستان‌و داواكارییە یاساییەكان، پشكداری لە خەرجی وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو، خەرجی بەكاربردن لە وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو و گواستنەوەی لەلایەن هەرێمەوە، بڕی پشكدارییە عەرەبی‌و نێودەوڵەتییەكان، خەرجی رەوەنی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی‌و پاسپۆرت‌و مانەوە‌و فەرماندەیی هێزی سنورو پۆلیسی فیدراڵی، پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی باری شارستانی‌و مانەوە لەنێویشیاندا كارتی نیشتمانی‌و فەرماندەیی هێزی سنور، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، پارەداركردنی هاوبەش، پرۆژەی بەندەرەكان، پرۆژەكانی هێڵی ئاسن، پرۆژەی پردو سودی گشتی پرۆژەكانی بەڕێوەبردنی ئاسمانیی، پرۆژەی گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدان، سودی سەر قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتی، سودەكان لەسەر قەرزی جایكا JICA، سودی سەر قەرزەكانی ئیتالیا، سودی قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان، سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە، سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای ما بین النهرین-ی گشتی بۆ بازرگانی بنەتۆو، سودەكان لەسەر قەرزی ئەڵمانی KFW، سودەكان لەسەر قەرزی بانكی ژاپۆن بۆ هاوكاری نێودەوڵەتیی JBICی ژاپۆنی، سودەكانی لەسەر قەرزی سویدی، سودەكان لەسەر قەرزی چین، سودەكان لەسەر قەرزی سیمنسی ئەڵمانی، سودەكانی بیمەی هەناردەكردن، سودەكانی بیمەی سیادی، سودەكان لەسەر قەرزی فەڕەنسا، سودەكان لەسەر قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی، سودەكانی سەر قەرزی سعودیە، سودی سەر قەرزی ئیتالی SACE، سودی سەر قەرزی كوەیت، سودی سەر قەرزی ئەمریكا، سودی سەر قەرزی فەڕەنسا BPI، سود لەسەر قەرزی بەریتانیا UKEF، سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی كۆری، سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی هیندی، سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی ئەمریكی، سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی یانەی پاریس، سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس، سودەكانی قەواڵەی سڕینەوەی قەرزی كەرتی تایبەت لە دەرەوە، سودی سەر شایستەكانی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری، سودی سەر حەواڵە كۆنەكانی خەزێنە، سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەلایەن هەریەكە لە بانكی رەشیدو رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە، سودی حەواڵە داشكێندراوەكانی خەزێنە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی/ 2015و 2016، سودی سەر قەرزی قەواڵەی دەرەكی- یۆریۆبۆند، سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكان‌و بانكی بازرگانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی ساڵی/ 2015، پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنەی كۆن، قیستی ئەو قەرزانەی كە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە بەخشراوە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2015‌و 2016، پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی یانەی پاریس، پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس، پاكتاوی قەرزەكان لە دەرەوە، پاكتاوی خەختینەیی قەرزی بچوكی كەرتی تایبەت لە دەرەوە، پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتیی، پێدانەوەی قیستی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەوانە SDR، پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی ئەمریكی، پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی JICA، پێدانەوەی قیستی بیمە سیادییەكان، پێدانەوەی قیستی بیمەی هەناردەكردن، پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی، پێدانەوەی قیستی قەرزی سیمنسی ئەڵمانی، قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان، پێدانەوەی قیستی قەرزی ئەڵمانی KFW، پێدانەوەی قیستی قەرزی سعودیە، پێدانەوەی قیستی قەرزی بەریتانی UKEF، پێدانەوەی قیستی قەرزی چین، پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی SACE، پێدانەوەی قیستی قەرزی JBICی ژاپۆنی، پێدانەوەی قیستی قەرزی سویدی، پێدانی شایستەی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری، پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان، پێدانەوەی قەرزی سندوقی نێودەوڵەتیی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی، پێدانەوەی قەرزی كوەیت، پێدانەوەی قەرزی فەڕەنسی BPI، پێدانەوەی قەرزی فەرەنسی، پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی كۆری، پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی هیندی، پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی ئەمریكی، پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان بۆ سڕینەوەی قەرزەكان، پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە‌و كۆمپانیای ما بین النهرین بۆ بنەتۆو، پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانەوە، پێدانەوەی قیستی قەواڵە خۆجێییەكان، قیستەكانی سەر حەواڵەی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەریەكە لە بانكەكانی رەشید‌و رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە‌و كرێی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی گیارە). 

ماددەی 12: 
یەكەم:
شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، پشتبەست بەو ماف‌و پابەندییانەی كە لە یاساكانی بودجەی فیدراڵی تایبەت بە هەر ساڵێكی دارایی هاتووە.
دووەم: 
ا-
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە باركردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو كێڵگانەی دەكەونە هەرێم بۆ ئەمبارەكانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) لە بەندەری جەیهانی توركیا، بەجۆرێك لە (400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە) كەمتر نەبێت، بەگوێرەی داتای مانگانەی پێشكەشكراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان‌و پەسەندكردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، كۆمپانیای سۆمۆ بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بە هەمان نرخ‌و میكانیزمی پشت پێ بەستراوی فرۆشتن لەلایەن كۆمپانیای ناوبراوەوە، هەناردەكردنی ئەو بڕە لە ئەستۆدەگرێت‌و داهاتەكانی وەكو داهاتی كۆتایی بۆ خەزێنەی فیدراڵ، تۆماردەكرێت. 
ب- لە حاڵێكدا نەتوانرا لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركی یان هەر دەروازەیەكی فەرمی ترەوە كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری بكات، هەناردە بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی بڕی نەوتی ئاماژەبۆكراو لە بڕگەی (دووەم/ا)ی ئەم ماددەیە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بەمەبەستی بەكارهێنانی لەناوخۆدا‌و بەگوێرەی ئەو پێداویستییەی كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری دەكات. 
ج- وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووكردنەوەی خەرجییەكانی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی بڕی ئەو نەوتە وەبەرهێنراوەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ، كە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكرێت بەگوێرەی هەردوو بڕگەی (1)‌و (ب)ی ئەم ماددەیە، بەمەرجێك خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوە هاوتای خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت بێت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و بە لێدانی لەگەڵ ژمارەی ئەو بەرمیلانەی كە رادەستدەكرێن، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم ماددەیە.  
د- حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ، بەمەرجێك دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی بكات لەو تۆمارانەی كە تایبەتن بەم داهاتانەوە. 
ه- وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت بە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە، دوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ا، ب، ج، د)ی ئەم ماددەیە، دەبێت هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێم بكرێت‌و ئەو وەزارەتە بودجەی پێداچونەوەی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری بنێرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو تێكڕای حساباتی مانگانەی دەوڵەتەوە، بەمەرجێك حسابی تایبەت بە ماف‌و پابەندییە نەوتی‌و نانەوتییەكانی هەردوولا پاكتاو بكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ‌و بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، لەسەر بنەمای وەرزیی، بەجۆرێك گرەنتی پێدان‌و پاكتاوی ئەو شایستانە بكات بەشێوەیەكی رێكوپێك.
و- ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق، كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومی‌و تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت‌و وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەڵدەسێت بە دانانی خشتەی قیستی مانگانە‌و لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، پێدانەوەی قیستەكان لە ساڵی دارایی 2023وە دەستپێدەكات بۆ ماوەی (7) ساڵ. 

ماددەی 13: 
یەكەم: 
ا-
تەواوی داهاتی نەوتی هەناردەكراو و فرۆشراوی ناوخۆ، لەو كێگانەی كە دەكەونە هەرێمەوە، لە حساب بانكییەكدا دادەنرێت كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەلای بانكی ناوەندیی عێراق دەیكاتەوە، هەموو ئەو داهاتانەی لە هەناردە یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكانەوە بەدەست دەهێنرێن، بەبێ لێبڕین لەم حسابەدا دادەنرێن، هەموو حسابە هاوشێوەكانی تر دادەخرێن.
ب- وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێم دەگرێتەئەستۆ‌و دەیخاتە حسابێكی حكومەتی هەرێمەوە كە لە بانكێكی باوەڕپێكراو لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دەكرێتەوە، سەرۆك وەزیرانی هەرێم یان هەر كەسێك  كە ئەو سەرپشكی دەكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی لە حسابی ناوبراو هەیە بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە، حسابەكە ملكەچ دەبێت بۆ چاودێری حكومەتی فیدراڵ‌و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ. 
دووەم: دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ‌و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، وردبینیكردن‌و چاودێریكردنی ئەو دوو حسابە دەگرێنە ئەستۆ كە لەبڕگەی (یەكەم)دا هاتووە، ئەگەر ئەمە نەكرا، گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی وردبینی نێودەوڵەتی تایبەتمەندا دەكرێت بەدەر لە رێنمایی‌و رێوشوێنەكانی گرێبەست، بۆ چاودێریكردن‌و وردبینی جوڵەی حسابەكە‌و مافی ئەوەی دەبێت تەماشای وردەكاری گرێبەست‌و بار‌و هەموو وردەكارییە پەیوەندیدارەكانی تر بكات هەروەها شایستەی هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە گرێبەستی دەرهێنان‌و گواستنەوە‌و هەناردەكردنیان هەیە، دەبێت وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێم بودجەی پێداچوونەوەی مانگانە بدات بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ، بۆ ئەوەی دیوان بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا بكات‌و رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ/ فەرمانگەی ژمێریاری بكات بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی حساباتی دەوڵەتدا دابنرێت. 
سێیەم: ئەو حسابە بانكییەی كە لە بڕگەی (یەكەم)دا هاتووە بەهەموو هاتوو و رۆیشتووەكانیەوە لەلایەن ئەو كۆمپانیای نێودەوڵەتییەی كە لە بڕگەی (دووەم)دا هاتووە، وردبینی تێدا دەكرێت‌و راپۆرتی خولی لەوبارەیەوە پێشكەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی‌و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەكات. 
چوارەم: تۆماری دارایی ساڵانەو نیوە ساڵانە بە ئیمزای وەزیری دارایی‌و ئابوری هەرێم‌و چاودێری حسابەكان (كۆمپانیا نێودەوڵەتی وردبینی) پێشكەش دەكرێت‌و كۆپییەكی پەسەندكراوی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دادەنرێت. 
پێنجەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا، كە ئەركی ئەنجامدانی پێداچوونەوەی گشتگیر بۆ ماوەی پێشوو لەئەستۆدەگرێت، بۆ هەمووی ئەوانەی پەیوەندیدارن بە كەرتی نەوت‌و غاز لە هەرێم‌و پەیوەندی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و هەرێم، بۆ دەرچوون بە روانگەیەكەوە كە گونجاو بێت لەگەڵ دەستور‌و قابیلی جێبەجێكردن بێت، بۆ ئەنجامدانی پاكتاوی قۆناغی پێشوو. 
شەشەم: حوكمی بڕگەكانی (یەكەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم)ی ئەم ماددەیەدا، لە رۆژی جێبەجیێكردنی ئەم یاسایەوە تاوەكو جێبەجێكردنی یاسای نەوت‌و غاز، جێبەجێ دەكرێت. 
حەوتەم: لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، پێشنیازو چارەسەرەكانی بەرزبكاتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرا ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە بڕیاری پێویست بدات. 
هەشتەم:
ا-
حكومەتی هەرێم پابەندە بەوەی ئەولەویەت بدات بە خەرجكردنی شایستەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و خانەنشینان، ئەمە لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجكردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاكانی هەرێم بەگوێرەی ئەو پێوەرانەی لەم یاسایەدا چەسپێندراوە. 
ب- بەپێچەوانەی ئەمەوە، دەبێت سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی (ا)ی سەرەوە، لەنێویدا پێدانی پارە. 

وێنه‌ی ده‌قه‌كان له‌ زمانی عه‌ره‌بی:

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand