گۆڕینی دەسەڵات یاخود سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێم؟

Draw Media

2023-06-15 08:06:46



چیا عەباس
وەڵامی ئەم پرسیارە لای ئەوانەی خۆیان بە ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی لەقەڵەم دەدەن چەندین تەوەر لەخۆدەگرێت، هێزە ئیسلامییەکان وەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتوە:" اعتصموا جمیعا بحبل اللە و لاتفرقوا" کەم یاخود زۆر پێڕەو دەکەن، هاوکاتیش بەشیک لێیان کێشەی ئەوتۆیان لەگەڵ دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی نیە چونکە سەبری ئەیوبیان هەیەو پێشیان وایە خراپیەکانی دەسەڵات نیعمەت و بەرەکەتە بۆ ئەوان تا لە سایەیاندا گەشە بکەن. هەرچەندە سەلـمێنراوە ئەم چاوەڕوانیەیان واقیعی نیە بەڵام بیر لە ئەڵتەرنەتیڤەکانی تر ناکەنەوەو پشتیشیان ئەستورە بە جەمسەرە مەزهەبیەکانی ناوچەکە، بەکورتی پەلەیان نیەو شوێنیان گەرمە. هەرچەندە چەند کەسانێکی زۆر دڵسۆزو بەئاگا کاریان لەگەڵ دەکەن بەڵام لەخودی دەسەڵاتدارەکانیانەوە ناوبەناو گوێبیستی نوزەیەک دەبین.
ئەوەی لە پەرڵەمان دەمێنێتەوە نەوەی نوێ و چەند ئەندام پەرلەمانی بەناو سەربەخۆیە. نەوەی نوێ کۆپیەکی ئەزمونی شکستخواردووی بزوتنەوەی گۆڕانە، گۆڕانێک کە سەرکردەو کەسایەتیەکی مەزنی وەک نەوشیروان مستەفا رابەرایەتی دەکرد جامی ژەهرەکەی خواردەوە کاتێک ویستی بە رێگەی پەرلەمانەوە سیستەمی دەسەڵات بگۆڕێت، بۆیە دواتر رایگەیاند ژیانی پەرلەمانی لە کوردستان کەوتۆتەژێر پرسیارەوە، بە واتەیەکی تر کێشە بنەڕەتیەکە لە دەسەڵاتدا نیە بەڵکو لە سیستەمی حوکمڕانیدایەو بەم لێدوانەشی شکستی شێوازی هزری گۆڕانی راگەیاند. ئێستا خێزانێکی چەند کەسی سەرقاڵی بازرگانی نەوەی نوێ ئاڕاستە دەکەن و خەونە نەزۆکەکەیان بۆ گۆڕینی دەسەڵات بەخێرایی سەر پشتی کیسەڵ بەڕێدەکەن. ناشێت باس لەوە نەکرێت چەند کەسێکی موخەزرەمی ئەم حزب و ئەو هێز کە ئیستا لە هیچ شوێنێک شوێنیان نابێتەوە خۆیان بەم نەوە نوێیەوە هەڵواسیوەو تەماعی چەند دەسکەوتێکی تایبەتیان هەیە، چونکە سیستەمی حوکمڕانیەکە دەرفەتی بۆ ئە جۆرە هێزو کەسایەتی و گەمەچیانەی رەخساندوە.
ئەوەی دەمێنێتەوە دەیان گروپ و ئاڕاستەو رەوت و تاقمە لە دەرەوەی پەرلەمان کە لەسەر یەک خاڵی هاوبەش کۆکن، ئەویش رەخنەگرتن لە دەسەڵات و وەستانەوە بەرامبەری، ئەم هێزە پەرتەوازەو تاڕادەیەک چەواشەکەرە لە سایەی سیستەمی حوکمڕانیدا کە بەناو پەرلەمانییە زەمینەی بازاری سیاسییان گەرم و خۆشە دەکەن، دەسەڵاتیش بەم گەمەیەیان دڵخۆشەو بەمەترسی نازانێت چونکە دەسەڵات لە باشوری کوردستان بەزەبری مێژوو و چەک و پارەو ستەم کاردەکات نەک بەپێوەرەکانی دیموکراسی و پەرلەمانی.
بەشێکی بچوک و سنورداری ناڕازییەکان لە دەسەڵات دیدگایەکی واقعی و لۆژیکیان هەیە بەرامبەر دەسەڵات، ئەویش کارکردن بۆ گۆڕێنی دەسەڵاتی کوردی لەسایەی ئەم سیستەمی حوکمڕانیەدا خەونێکی نەزۆکەو کوتنیەوەی ئاسنی ساردە، ئەوەی چەقی گۆڕانکاری ریشەییە لە باشوری کوردستان گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیە، کە هاوڵاتی کەرەستە بنەڕەتیەکەیەتی، کاتێک ئەوە ئەنجامدرا ئەم دەسەڵاتە وەک گەڵای پایزان هەڵدەوەرێت.
دەیان ئەزمونی میللەتەکانی دنیا ئەم راستیە دەسەلمێنن... با بڕۆین ئاوڕێکی ورد لە مێژوویان بدەینەوە ئەوسات تێدەگەین چۆن زۆربەمان دوای سەرابێک کەوتوین. با چی زیاتر میللەتەکەمان چەواشە نەکەین.
سیستەمی پەرلەمانی لە عێراق و کوردستان و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەمان ئارایشتەکردنێکی ساختەکاری کرۆک و ناوەڕۆکە بەسەرچوو و خواستە ناڕەواکانی هێزە دەسەڵاتدارەکانە. پلاسیبۆیەکی دیموکراسی زەرەربەخشە، نوسەری ناوداری مەغربی، فاطمة المرنیسي، دەربارەی سیستەمی دیموکراسی لە ناوچەکەمان دەڵێت: انها جرحها المتعفن....! ونستۆن چەرچڵ، سەرکردەی ناوداری ئینگلیزیش دەڵێت: باشترینە لە سیستەمە هەرە خراپەکانی دنیا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand