داهات بەشی موچە ناكات 

Draw Media

2023-06-13 17:28:07



(درەو):
بۆ  خەرجی موچەی مانگی 5، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕی (300 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە، پڕكردنەوەی ئەم كورتهێنانە بە درێژكردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچە‌و كۆكردنەوەی زیاتری داهاتی ناوخۆ چارەسەر دەبێت. 
هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی 6 نزیك دەبێتەوە، هێشتا حكومەت لیستی موچەی مانگی 5ی رانەگەیاندووە. وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی هاتنی (400 ملیار) دیناری تر لە بەغدادەوە دەكات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی موچە بكات. 
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تاوەكو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی موچە تەنیا بڕی (200 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ‌و بڕی (30 ملیار) دیناری یارمەتی هاوپەیمانانی بۆ هێزی پێشمەرگە لەبەردەستدایە. 
بە گەیشتنی (400 ملیار) دینارەكەی بەغداد، تێكڕای داهاتی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە دەبێت بە (630 ملیار) دینار، ئەمە لەكاتێكدایە خەرجی مانگانەی حكومەت تەنیا بۆ موچە بڕەكەی (912 ملیار) دینارە، واتا سەرباری هاتنی (400 ملیار) دینارەكەی بەغداد هێشتا وەزارەتی دارایی نزیكەی (300 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ دابینكردنی خەرجی موچە. 
ئەم كورتهێنانە وادەكات حكومەت پرۆسەی دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكان زیاتر دوابخات بۆ ئەوەی داهاتی ناوخۆ كۆبكاتەوە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە. موچەخۆران چاوەڕوانن تاوەكو بەر لە جەژنی قوربان، موچەكانیان وەربگرن، بەڵام هێشتا یاسای بودجەی پەسەندكراوی عێراق لە رۆژنامەی "وەقایع" بڵاونەكراوەتەوە‌و نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. 
حكومەتی هەرێم سەرباری ئەوەی مانگانە ناتوانێت لەكاتی دیاریكراودا موچەی موچەخۆران دابین بكات، لە شەش مانگی رابردووشدا بۆ تەواوكردنی خەرجی موچە، بڕێك پارەی وەكو قەرز هاتوەتە سەر شان. 
بەهۆی پەسەندنەكردنی بودجەوە، لە (6) مانگی رابردوودا حكومەتی هەرێم بڕی (800 ملیار) دینار وەكو قەرز لە بانكەكانی عێراق وەرگرتووە، ئەمە لەپاڵ بڕی (400 ملیار) دیناری تر كە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بگات، تێكڕای ئەو پارانەی كە حكومەتی هەرێم لەمساڵدا وەكو قەرز لە بانكەكانی عێراق بۆ تەواوكردنی خەرجی موچە وەریگرتووە بڕەكەی دەگاتە (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دینار، دوای جێبەجێكردنی بودجە ئەم بڕە پارەیە لە شایستە داراییەكانی شەش مانگی رابردووی حكومەتی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق دەبڕدرێت. 
سەرباری رەخنەكان لە هەندێك بڕگەی دیاریكراو لەو ماددانەی كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان، هێشتا بەرپرسانی حكومەتی هەرێم گەشبینن بەوەی بودجەكە چارەسەری قەیرانی موچە لە هەرێمدا بكات. 
بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراقدا پەسەندكراوە، حكومەتی فیدراڵ تەنیا بۆ موچە (فەرمانبەران- خانەنشینیی- پێشمەرگە) بۆ هەر مانگێك بڕی (906 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، ئەگەر خەرجی مانگانەی موچە لە هەرێم بڕی (912 ملیار) دینار بێت، لەم حاڵەدا حكومەتی هەرێم بۆ خەرجی موچە مانگانە تەنیا بڕی (6 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، ئەمەش كورتهێنانێكی كەمە‌و حكومەت دەتوانێت بە ئاسانیی بە داهاتی ناوخۆ پڕی بكاتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئاخۆ یاسای بودجە وەكو خۆی جێبەجێ دەكرێت یان وەكو ساڵانی پێشتر بەهۆی ناكۆكییەكانەوە بەغداد ناردنی پارە بۆ هەرێم رادەگرێت. 
حكومەتی هەرێم ئێستا هیچ دەرفەتێكی لەبەردەمدا نەماوە جگە لەوەی پابەند بێت بە یاسای بودجەی عێراقەوە، چونكە توركیا لە 25ی ئازاری ئەمساڵەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە‌و لەدوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە چیتر توركیا توانای ئەوەی نییە بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق نەوتی كوردستان هەناردە بكات، ئەم هەنگاوە رێژەی 77%ی تێكڕای داهاتی حكومەتی هەرێم (داهاتی نەوت)ی خستوەتە ژێر كۆنترۆڵی بەغدادەوە، ئەمە وادەكات حكومەتی هەرێم نەتوانێت وەكو ساڵانی پێشتر لە حاڵی پابەندنەبوون بە یاسای بودجەوە، نەوت هەناردە بكات‌و داهات كۆبكاتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand