كێشه‌ی كورد له‌ بودجه‌ی 2023ی عێراقدا

Draw Media

2023-06-10 15:38:38



(درەو):
ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بووە بە كرۆكی كێشەی لایەنە كوردییەكان لەناو خۆیان لەلایەك‌و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەلایەكی تر، پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر لەسەر بڕگەكانی ئەم ماددەیە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا.
بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بڕگەی (حەوتەم) لە ماددەی 14ی یاسای بودجە، سەرلەنوێ فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق چووە ناو كۆبونەوە لەگەڵ فوئاد حسێن سەرۆكی تیمی پارتی لە بەغداد. 
ئێستا زەنگی ئاگاداركردنەوە لەناو پەرلەمانی عێراق لێدرا بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنی تایبەت بە پەسەندكردنی بودجە، دانیشتنێك كە ماوەی دوو رۆژە بە كراوەیی هێڵدراوەتەوە. ماددەی 12‌و 13ی پرۆژەیاسای بودجە دوێنێ شەو دەنگی لەسەر دراو تێپەڕی، بەڵام ماددەی 14 بەهۆی ناكۆكییەكانەوە بەجێهێڵدرا بۆ ئەمڕۆ، كرۆكی كێشەی كوردە لەناو بودجەی عێراقدا لەناو ماددەی 14دایە، كێشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەلایەك‌و كێشەی پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر لەلایەكی تر لەناو ئەم ماددەیەدا رەنگیداوەتەوە. 
پارتی دژی بڕگەی حەوتەمی ماددەی 14یە، ئەم بڕگەیە دەڵێ:
•    لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لەنێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێم لە پەیوەندیدار بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشەكان‌و لیژنەكە لەماوەی (30) رۆژدا لەدوای دروستكردنی، پیشنیازی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزدەكاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات. 
لیژنەی دارایی پەرلەمان دەستكاری ئەم ماددەی كردووە‌و بەمشێوەیە گۆڕیویەتی:
•    ئەگەر كێشە دروستبوو حكومەتی فیدراڵ لەماوەی 15 رۆژدا ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم رادەگرێت. 
بەپێی رێككەوتنێك كە دوێنێ لەنێوان فوئاد حسێن‌و هادی عامریدا كراوە، بەڵام هێشتا روون نییە دەستكاریكردنەكە بە چ شێوەیەكە. 
شیروان دووبەردانی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ رێككەوتن لەسەر ماددەی 14 كراوە، بەڵام بەپێی ئەوەی سەباح سوبحی ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە سایتی فەرمی حزبەكەی رایگەیاندووە، هێشتا ئەم بڕگەیە یەكلانەكراوەتەوە. 
پارتی دژی هەردوو دەقەكەیە، چ ئەوەی لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە چ  ئەوەی لیژنەی دارایی پێشنیازی كردووە، لە دەقەكەی حكومەتدا دژی ئەوەیە لەكاتی دروستبوونی كێشەدا بڕیاری كۆتایی لای سەرۆك وەزیرانی عێراق بێت، لە دەقەكەی لیژنەی دارایشدا دژی ئەوەیە بەوشێوە خێرایە‌و لەماوەی 15 رۆژدا دوای دروستبوونی ناكۆكی یەكسەر دەست بۆ راگرتنی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم ببرێت. 
ئەم بڕگەیە هێشتا یەكلانەبوەتەوە، تەنانەت پەرلەمانتارانیش نازانن چۆن داڕێژراوەتەوە.   
هەر لە ماددەی 14دا بڕگەیەكی تر هەیە كە كێشەی لەسەرە، ئەم بڕگەیە تایبەتە بە پرسی مامەڵەی راستەوخۆی دارایی بەغداد لەگەڵ پارێزگایەكی هەرێمی كوردستاندا ئەگەر ئەو پارێزگایە ناڕەزایەتی دەربڕی، ئەم بڕگەیەش لە دەقەكەی حكومەتدا نەبوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای یەكێتیی زیادی كرد، بەڵام بەپێی دەقێكی هەمواركراو كە دوێنێ شەو بڵاوكرایەوە، ئەم بڕگەیە بەتەواوەتی سڕاوەتەوە‌و لەبری ئەوە ئەم دەقە جێگیركراوە: 
•    حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە دابینكردنی شایستەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و خانەنشینان‌و پابەندبوون بە شایستە داراییەكانی پارێزگاكان، بەپێی ئەو پێوەرانەی لەم یاسایەدا هاتووە.
•    بەپێچەوانەی ئەمە، پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵی هەموو رێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵە.
یەكێتیی ئەم دەستكاریكردنەی بەدڵ نییە، پێیوایە دەستكارییەكە بەجۆرێكە ئەو بڕگەیەی كە بۆ مامەڵەی راستەوخۆ حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ پارێزگاكان دانرابوو، بەتەواوی لادراوە‌و ناناسرێتەوە، پارتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و نەوەی نوێ دژی جێگیركردنی ئەم بڕگەیەن، پێیانوایە مامەڵەی راستەوخۆی بەغداد لەگەڵ پارێزگای سلێمانی لەڕووی داراییەوە، هەرێمی كوردستان پەرت دەكات.  
بڕگەی دوانزەی ماددەكەش بابەتێكی كێشەلەسەرە، ئەم بڕگەیە حكومەتی هەرێم پابەند دەكات دوای پەسەندكردنی بودجە مانگانە رێژەی 10%ی موچە پاشەكەوتكراوەكانی ساڵانی پێشووی فەرمانبەرانی هەرێم بگەڕێنێتەوە، ئەم بڕگەیەش لە دەقەكەی حكومەتدا نەبوو، لیژنەی دارایی زیادی كرد، دوێنێ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لەناو پەرلەماندا ئەم بڕگەیەی سڕیەوە، رایگەیاند، ئەمە بارگرانی لەسەر حكومەتی هەرێم دروستدەكات، یەكێتی‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو و نەوەی نوێ خۆیان بە بەرگریكار لەم بڕگەیە نیشان دەدەن، پارتیش كە ئێستا سەرۆكایەتی حكومەتی بەدەستەوەیە دژی جێگیركردنی ئەم بڕگەیە، دەڵێ بەبێ دابینكردنی پارە بڕگەكە دانراوە‌و تەنیا بۆ موزایەدەكردنە. 
بەگشتی هێشتا دیار نییە بڕگە كێشەلەسەرەكانی ماددەی 14 ئێستا چییان بەسەر هاتووە‌و لەرێككەوتنەكانی پشتی پەردەدا چۆن دەستكاری كراون، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە جارێكی تر فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ فوئاد حسێندا چونەتە ناو كۆبونەوە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand