هەڵبژاردن لە كوردستان دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی

Draw Media

2023-05-30 16:45:38



راپۆرت: درەو
لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا (6) كەس وەكو ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە، ئەمانە بەبڕیاری دادگای فیدراڵی سوێنەكەیان هەڵوەشایەوە‌و موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان گۆڕانكارییە وەزارییەكانی پارتی‌و یەكێتیی لە حكومەت رادەگرێت، لەدوای رادەستكردنی نەوت، هەرێمی كوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنیشی رادەستی عێراق كرد، بڕیاری دادگای فیدراڵی لەوەدا لە سودی یەكێتییە كە كۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردن بەڕێوەببات، پارتیش لەوەدا براوە دەبێت هەڵبژاردن بە یاسا كۆنەكە دەكرێت، یەك بازنەیی وەكو خۆی دەمێنێتەوە‌و كورسی كۆتاكانیش بەشی سلێمانی لێنادرێت. وردەكاری لێكەوتەكانی بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لەم راپۆرتەدا. 

پەرلەمانی درێژكراوە هەڵوەشایەوە
نزیكەی 15 مانگ مشتومڕو ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بە هەڵوەشاندنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان كۆتایی هات، بەبێ ئەوەی پەرلەمانی ماوەدرێژكراوە بتوانێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوە‌و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكات. 
دوای زیاتر لە 5 مانگ دانیشتنی دادبینی‌و دواخستن، دواجار ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون. 
دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، هەڵدەوەشێنەوە. 
سكاڵاكارەكانی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دادگای فیدراڵی بریتی بوون لە هەریەكە لە (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان‌، (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق‌و (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان. 
یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، تێیدا دادگای فیدراڵی هەموو سكاڵاكانی یەكخست. واتا زیاتر لە پێنج مانگە ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادا بوو‌.
دواین دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 29ی ئازاری رابردوودا بەڕێوەچوو، ئەمە شەشەم دانیشتنی دادبینی بوو، تێیدا دادگا كۆتایی بە دادبینییەكان هێناو رۆژی 3/5/2023ی دیاریكرد بۆ دەركردنی بڕیار، بەڵام بۆ وەرگرتنی بۆچوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دادگای فیدراڵی جارێكی تر دەرگای دادبینی لە رۆژی 24ی ئەم مانگەدا كردەوە‌و بڕیاری كۆتایی خۆی بۆ ئەمڕۆ دواخست.
وەرگرتنی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەوە بوو، دەرەچە لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان بكرێتەوە ئەگەر هاتوو دادگا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. 

لەگەڵ پەرلەمانی شتی تریش هەڵوەشایەوە !
بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاسا‌و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون. 
رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، واتا لەدوای ئەم رێكەوتەوە هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لە پەرلەمانەوە دەرچوون، بە پوچەڵ ئەژماردەكرێن، كە دیارترینیان ئەمانەن: 
•    یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق
•    یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی‌و بێلانەكان
•    یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردن‌و هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی‌و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان-عێراق
•    یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق
•    یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008
•    بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لە هەرێمی كوردستان 

دەستلەكاركێشانەوە‌و سوێندخواردن
سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەمان دەرچوون، هەموو ئەو دەستلەكاركێشانەوە‌و سوێندخواردنانەی پەرلەمانتارانیش بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت كە لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەماندا كراون. 
لەماوەی درێژكراوەی پەرلەماندا، ژمارەیەك پەرلەمانتار دەستیانلەكاركێشایەوە، كە ئەمانەن: 
-    شایان عەسكەری 
-    عەلی حەمەساڵح 
-    كازم فاروق
-    شێركۆ جەودەت- یەكگرتوو
-    هلز ئەحمەد- یەكگرتوو
-    ئەبوبەكر هەڵەدنی- یەكگرتوو
-    سەرچنار ئەحمەد- یەكگرتوو 
-    ئیسماعیل سگێری- یەكگرتوو 
ژمارەیەك پەرلەمانتاری نوێ لە شوێنی دەستلەكاركێشاوەكان سوێندی یاساییان خوارد، بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی سوێندەكەی هەڵوەشاندنەوە، بەم پێیە ئەم كەسانە نابن بە پەرلەمانتارو موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، ئەو كەسانە ئەمانەن: 
-    سۆز عەبدولقادر- لیستی گۆڕان 
-    دلێر عەبدولخالق- لیستی گۆڕان 
 - مەهدی خاكی- لیستی نەوەی نوێ
- عەبدوڵا وەرتی- لیستی بەرەو ئیسڵاح (بزوتنەوەی ئیسلامی)
-    لەیلا عەلی عەبدولعەزیز-  لیستی بەرەو ئیسڵاح (بزوتنەوەی ئیسلامی)
-    بێریڤان فەقی ئیسماعیل- لیستی بەرەو ئیسڵاح (یەكگرتوو بوو، وازی هێنا‌و بوو بە پەرلەمانتار) 

كێ هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەدەبات ؟
رۆژی 22ی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ رەزامەندی یەكێتیی نیشتمانی‌و لایەنەكانی تر، درێژەی بە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا، تێیدا زۆرینەی بەكارهێناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستانی كاراكردەوە، ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە.
پەلەكردنی پارتی بۆ ئەوە بوو، پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی بكەوێت‌و كۆمسیۆن كارا بكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، كۆبونەوەی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەكرێت، واتا دادگای فیدراڵی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، چونكە دادگا لە حوكمەكەیدا دەڵێ: هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، پوچەڵن. 
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانی شكایەوە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بوو، سەرۆكی پەرلەمان (رێواز فایەق) كە سەربە یەكێتییە، دانیشتنەكەی 22ی مانگی هەڵگرت، بەڵام هێمن هەورامی جێگری كە سەربە پارتییە، درێژەی بە دانیشتنەكەدا، ئەمە ناكۆكییەكی تری لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی دروستكرد. 
بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی گورزێكیش بوو كە بەر ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان كەوت وەكو دەسەڵاتی سێیەم لەئاستی هەرێم، چونكە رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم سەرباری دژایەتی سەرۆكی پەرلەمان، نوسراوی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی جێبەجێكردو لەسەر ئەو بنەمایە سوێندخواردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی پەسەند كرد، بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكەی هێمن هەورامی، ئەنجومەنی دادوەریی تەنانەت نیسابی یاسایی خۆشی شكاند.
ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بە كۆبونەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت. 
بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی دەربكات، یەكێتیی بەپێی رێككەوتنێك كە لەگەڵ پارتی كردبووی، داوای دەكرد كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان‌و هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە لە یەك رۆژدا لە پەرلەمان ئەنجام بدرێن. 
پارتی‌و یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەدیاریكراویش لەسەر بابەتی چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان ناكۆك بوون، ئەم ناكۆكییە درێژەی كێشا تا ئەوكاتەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە. 
سەرباری ئەوەی بە فەرمی هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە نەكردووە، بەڵام یەكێتیی دڵخۆشە بەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان بەڕێوەببات، بەتایبەتیش كە بەمدواییە دادوەرێكی خەڵكی سلێمانی كراوە بە سەرۆكی كۆمسیۆنەكەی عێراق.

بەكام یاسا هەڵبژاردن دەكرێت ؟
ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەو بابەتەدا بە سودی یەكێتیی نیشتمانی شكابێتەوە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم بەڕێوەببات، ئەوا لەبەرامبەردا لەوەدا بە زیانی یەكێتیی دەشكێتەوە كە هەڵبژاردنەكە دەبێت بە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان بكرێت. 
لەماوەی 15 مانگی رابردوودا یەكێتیی چووە ناو كێشمەكێشێكی زۆرەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەم كێشمەكێش‌و دانوستانانەدا پارتی قایل كرد بەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، سەرباری ئەمە لە پرسی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكاندا، لەكۆی (11) كورسی پەرلەمان داوای دەكرد (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی، لەسەر ئەم بابەتە تاڕادەیەك گەرەنتی بەدەستهێنانی (2) كورسی كۆتاكانی كرد. 
بەڵام ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردبێتەوە، ئیتر دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن ببرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتییە، بەتایبەتیش كە یاساكە شێوازی (یەك بازنە)ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان دیاریكردووە، ئەم شێوازە یەكێتیی‌و زۆرینەی لایەنەكانی دژی بوون، چونكە پێیانوابوو لە شێوازی (یەك بازنە)یدا پارتی دەتوانێت جارێكی تر (زۆرینە) لەناو پەرلەمانی كوردستان دروست بكات.
سەرباری ئەمە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن بەبێ هەموار، 11 كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان وەكو خۆی لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوە‌و هیچ كورسییەكی بە سلێمانی‌و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نادرێت.  
یەكێتیی لەم مانگەدا لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە، هێشتا دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایانە بەڕێوەنەبردووە، رەنگە ئەمە هەندێك كێشە دروست بكات، هەرچەندە ئیتر پەرلەمانێك نەماوە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە بەوشێوەی كە یەكێتیی دەیەوێت. 

هەڵبژاردن دەكرێت ؟
رۆژی 24ی شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، لە ئایار بۆ ئابی 2022 لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراویش (پارتی‌و یەكێتیی) چونە ناو زنجیرەیەك كۆبونەوە بۆ رێككەوتن لەسەر سازدانی هەڵبژاردن، بەڵام رێكنەكەوتن، بەمشێوەیە سازدانی هەڵبژاردنی لە رۆژی 1ی تشرینی یەكەمی 2022دا لەبارچوو. 
رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی (یەك ساڵ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە. بەدەنگی (80) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، هەشت پەرلەمانتاری گۆڕان، پێكهاتەكان) تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە. 
درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بەبەهانەی ئەوە بوو بۆشایی یاسایی دروست نەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن، درێژكردنەوەیەك كە عاقیبەتی باش نەبوو، دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە.
26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكرد، ئەم وادەیەش لەبەردەم ئەگەری دواكەوتنێكی تردایە، بەتایبەتی ئەگەر دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنی عێراق‌و یاسا كۆنەكە نەگەنە رێككەوتن. 
ئەم دۆخە نوێیە گەڕێكی نوێی دانوستانی دەوێت لەنێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنەكانی تر، كە دیار نییە چەند مانگ دەخایەنێت.

حكومەت بەبێ پەرلەمان!
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات لە رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2022وە بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر، چونكە پەرلەمان وادە یاساییەكەی تەواو بووە. 
ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە، سەرباری بڕیارەكە لێكەوتی لەسەر چارەنوسی هەڵبژاردنێكی نوێ لە كوردستان دەبێت، كاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی كابینەی نۆیەمیش دەبێت، چونكە: 
•    پۆستێكی یەكێتیی لە حكومەت كە پۆستی وەزارەتی (هەرێم بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم‌و بەغداد) چۆڵ بووە، وەزیری ئەم وەزارەتە خالید شوانی بوو، ئەم پیاوە پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی وەرگرت‌و پۆستەكەی چۆڵ بوو، لەوكاتەوە پڕنەكراوەتەوە، یەكێتیی دوای گەڕانەوەی بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران چاوی لەوە بوو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەم پۆستە پڕبكاتەوە، بەڵام كە ئێستا پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، هیچ دەرفەتێك بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە نەماوەتەوە. 
•    وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) كە سەربە یەكێتییە، دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكردووە‌و ناوی كاندیدی شوێنگرەوەی ئەم پۆستەی كە (رێباز بێركۆتی)یە ناردووە بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پێدانی متمانە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەبێتە هۆی ئەوەی یەكێتیی جێگۆڕكێكە نەكات، هیچ دەرفەتێك لەبەردەم یەكێتییدا نامێنێت جگە لەوەی قایل بێت بە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، ئەمەش ئەگەر مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر بدات. 
•    پارتی لەدوای كۆنگرەی 14ی خۆیەوە بڕیاریدا ئەوانەی پۆستی ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەردەگرن دەبێت دەست لە پۆستە حكومییەكانیان بكێشنەوە، (پشتیوان سادق) وەزیری ئەوقاف بووە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی، بڕیاربوو لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی یەكێتیدا ئەویش لە پۆستەكەی لابچێت‌و (ئەحمەد كانی) شوێنەكەی پڕبكاتەوە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان تەگەرە بۆ ئەم گۆڕانكارییەش دروست دەكات. 
سەرباری گۆڕانكارییە وزارییەكان، بڕیاربوو پارتی لەناو پەرلەمانی كوردستانیش گۆڕانكاری بكات، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەدوای كۆنگرەی 14ی پارتی بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، دەبوو دەستلەكاربكێشێتەوە‌و (زانا مەلا خالید) شوێنەكەی پڕبكاتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانەوە روونادات، بەڵام كۆتاییهاتنی خولی پێنجەم بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەرفەتی ئەوە بە هێمن هەورامی دەدات ئیتر لەمەودوا خۆی بۆ كاروبارەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی یەكلابكاتەوە.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand