تەنیا کارت یەکهەڵوێستیی کوردستانییە!

Draw Media

2023-05-30 06:25:03



كاوه‌ مه‌حمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان

ماراتۆنی ململانێ سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێراقدا، بەشێکە لە ناکۆکی سیاسی سەبارەت بە شوناسی پرۆسەی سیاسیی، کە بیست ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوەو دەقەکانی دەستوری ساڵی 2005ی دەوڵەتی عێراق، نەک بەڕوونی توانای یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نەبووە، بەڵکو بەشێکی تەواوی ماددەکانی خودی ئەو دەستوورە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا جێبەجێنەکراوە.

سیناریۆی باسکردنی ماف و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە سایەی حوکمی دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، لەسەرەتاوە بە زنجیرەی ناڕەزاییەکان دژ بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە دەستپێدەکات و، دواتر دوای هەر دانوستانێکی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، کە کار بگاتە ڕێکكەوتنی سیاسی، ئەوا مارتۆنی ونکە دروستکردن لە جێبەجێکردنداو هەڵوەشاندنی ڕێکكەوتننامەکان سەرهەڵدەدا، هەروەک بابەتی ناردنی پشکی دوو سەد ملیارەکەی ساڵانی پێشتر، کە لە ساڵێکدا دوو یان سێ جار دەنێردراو، کاتێکیش سەرۆک وەزیران قایل دەبوو، وەزیری دارایی لەمپەری دادەناو، مەسەلەکەش دەگەیشتە کۆسپدانانی بەڕێوبەرێکی گشتی و بەرپرسی بانک و، دەرەئەنجام ئەندامێکی پەرلەمانی نەتەوەو تایفەی زۆربە لە دادگای ئیتحادی سکاڵای دەکردو، بڕیارەکانی دادگای ئیتحادیش وەک چەکوشی ئامادەکراو بەسەر هەرێمی کوردستاندا بەرزدەکرایەوە.

سیناریۆی ئەمجارەی پشکی هەرێم لە بودجەی عێڕاقدا دوای بڕیاڕی دادگای پاریس، ڕێکكەوتنی هەردوو حکومەتی عێڕاق و حکومەتی کوردستانی لێهاتەکایەوەو، هەرچەندە حکومەتی هەرێم دانبەوەدانانێت، کە بڕیاری دادگای پاریس و ڕێکكەوتنی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوت کە تائێستا نەفرۆشراوەو، پشکی هەرێم پاشەکشەیەو، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا لەوەدەچێ بەو پاشەکشەیەش قایل نەبن و، لەسەر ڕێبازی کارکردن بۆ سەپاندنی خولیای ناوەندیتی ڕەها لە حوکمی دەوڵەتی عێراق بەردەوامن و، ئەمجارەش حکومەتی ناوەند هەروەک ڕەفتاری جارانیان، لەسەرەتاوە بەوپەڕی پشوودرێژی دانوستان دەکات و لەچوارچێوەی هاوسەنگی هێزەکان و بە ڕه‌چاوکردنی فشاری جۆراجۆریش ڕێکكەوتن دەکات، بەڵام کاتێک کار دەگاتە جێبەجێکردن، مانۆڕەکان لە لێژنە تایبەتمەندییەکان و لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکات و، کار بۆ بڕگە لادان و بڕگە زیادکردن دەکرێت، هەروەک لە قانونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سەبارەت بە هەڵبژاردن لە کەرکوک کردیان.

ئەم لۆجیکەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێراقدا دووبارەکرایەوەو، هەرچەندە ڕێکكەوتن لەنێوان هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، کە ئەمەش تەواوکەری بابەتی پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێراق و بەشداری لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە تیایدا، بەڵام خودی پەرلەمانتارانی حوکمڕان لە لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆمەڵێک خاڵ و مەرج و لەمپەریان لەبەردەم دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەکارهێنانی پشکی هەرێم لەو بودجەیە داناوە، کە کرۆکی ئەو خاڵانە بریتییە لە وشککردن و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەی ئابوری و، مامەڵەکردن لە گەڵ هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەک و، چەمکی فیدڕاڵیش لە دەوڵەتدا دەکا بە حوکمە زاتییە کارتۆنییەکەی سەردەمی بەعس.

بەو مەبەستەی تەواوی تابلۆی سیاسیمان بۆ دەرکەوێت ئەم هەنگاوەی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناکرێت لە کۆمەڵێک بابەتی دیکە جیابکرێتەوە لەوانە: بەردەوامبوونی تەعریب و شاڵاوی عەرەبی هاوردە لە تۆپزاوەو داواکردنی قەرەبووکردنەوەی بیست ساڵ و هێنانی بڕیاری دادگای عێراق بۆ ئەم مەبەستە، لەکاتێکدا تاپۆی ئەو زەوی کشتوکاڵیانە بە ناوی جوتیارە کوردە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیەن و، بابەتی وەرنەگرتنی سەرجەم داهاتی گەنم و جۆی جوتیارانی کوردستان لەکاتێکدا تەواوی داهاتی جوتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەردەگیری و، جگە لە بریاری ڕاگرتنی تێپەڕاندنی هێڵی ئاسنینی نێوان بەندەری فاو بۆ تورکیا بە خاکی کوردستانی باشورەوە.

هەرچەندە هەموو ئەزمونەکانی بنیاتنانی فیدڕاڵی ئەوەمان پێدەڵێت، کە پەیڕەوکردنی فیدراڵیزم بێ دیموکراسی و شەراکەت و بابەتی هاوڵاتیبوون نایەتەدێ و، ئەم سێ فاکترە لە ڕەوشی عێراقدا ونە و، لەهیچ کاتێکدا سازدانی هەڵبژاردن بە دیموکراسی یەکسان نییە، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە سەرجەم پاشەکشەکانی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکان و دواتر لە جێبەجێکردنیاندا، بریتییە لە کۆمەڵێک فاکتر، لەوانە:

ــ نەبوونی یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی لایەنەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بابەتانە و، کارکردن بە سیاسەت (کارو کاردانەوە) له‌نێوان خۆیان لەچوارچێوەی ململانێ و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.

ـ گواستنەوەی گۆڕەپانی ناکۆکی و ململانێکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی کوردستان پێشتر دەیانوت: ئەگەر لە کوردستاندا ناکۆکیش بین، لە بەغدا سەبارەت بە مافەکانی گەلی کوردستان یەکهەڵوێست دەبین. بەڵام هەڵوێست و کارەکانی حوکمڕانانی کوردستان گواستنەوەی ململانێکان بۆ بەغدا بوو.

ـ بەردەوام شاندی هەرێمی کوردستان لە دانوستاندا لەگەڵ بەغدا بە عەقلیەت و مۆرکی شاندێکی فەرمانبەرانی حکومی لەگەڵ شاندێکی دەستەیەکی حکومی سەروتری خۆی بابەتی پشک و مافەکانی هەرێمی کوردستانی خستۆتەڕوو، چاوەڕێی قایلبوونی بەرامبەر بووەو، ئەمەش بەپێچەوانەی چەمکی توافق و شەراکەت و هاوسەنگییە، کە پرۆسەی سیاسیی پێکهێنانی عێراقی نوێی لەسەر بنیاتنراوەو، جێبەجێکردنی ئەم ئاڕاستەیەش وا دەخوازێ، کە شوناسی هەر شاندێکی هەرێمی کوردستان شوناسی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان و ئەرکەکانی ئەم بزوتنەوەیەی لەخۆبگرێت و، بابه‌تەکان لەبواری ئیداری و دارایی فراوانترە.

لە ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و دوای لاوازی کارتێکردنمان لەسەر دۆستانی گەلەکەمان و، بەهۆی لاوازی متمانەی خەڵک بە توانای دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و، بەهۆی ئەو پاشەکشەیەی کە لە ئاکامی بڕیاری دادگای پاریس و، هەڵوێستی نەیاری هەرێمایەتی لەئارادایەو، لە ئاکامی لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی دۆستان و، دوای سوتانی چەندین کارت لە ململانێ لەگەڵ بەغدا بۆ وەدیهێنان و پاراستنی ڕادەی نزمی مافەکانمان، لەوانەش کارتی وازهێنان لە بەشداریکردنی پرۆسەی سیاسی عێڕاق، تەنیا کارت بۆ زەمینەی کاراکردنی بەرەنگاربوونەوەو متمانەوەرگرتنەوەی تەواوی خەڵکی کوردستان و، بەردەوامبوونی ململانێ بەشێوەیکی گشتگیرو، بۆ پاراستنی ڕادەی نزمی پشکی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عێراقدا لەم هەلومەرجەدا یەکهەڵوێستی کوردستانی پێویستە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand