هەرێم لەبەردەم دوڕیانی بەرژەوەندیيەکانی پارتی و یەکێتیدا

Draw Media

2023-05-28 11:19:05



کاروان مەحمود حاجی 

 پرۆسەی نەوتیی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای هاتنی (داعش)، گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی کورد بوو! بەڵام کە پارەکەی لەلایەن سەرانی دوو بنەماڵەو دوو حیزبی حوکمڕانەوە ئەدزرا، بوو بەگەورەترین بەڵا بۆ ئێستاو ئایندەی کورد.
گەر پارەی نەوتی ئەو خەڵکەی هەرێمی کوردستان نەدزرایە، پانزە ساڵ زۆر بوو، کوردستانیان بکردایە بە هەرێمێکی پێشکەوتووی بوارەکانی ئابوری، ئاوەدانی، ئەمنی، ئازادی و دیموکراسی، دەخلی ساڵانەی تاکی کوردیان بەرزکردایەتەوە، لەجیاتی داگیرکردن و تاڵانی موڵکی گشتی و برەویان بەو کەرتە بدایە بەتایبەت لەبوارەکانی خوێندن و تەندروستی، بیمەی ژیان و بیمەی موڵک و ماڵیان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمەکە دابینبکردایە، هێزێکی تۆکمەی پێشمەرگەی نیشتیمانیان بۆ پارێزگاری هەرێمەکە دروستبکردایە.. بەدڵنیاییەوە گەر وابا گەلی کورد لەهەمو کونجێکی دنیاوە بۆ پارێزگاریکردن لەو هەرێمە ئامادەی گیانفیدایی ئەبوو، هیچ کوردێکیش سازش و تەسلیمبونی بۆکەس قەبوڵ نەئەکرد .
ئەگەر ماڵی مەسولەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، خاوەنی هێزی تایبەت بەخۆیان و کەناڵی راگەیاندنی تایبەت و کۆمپانیای تایبەت بەخۆیان نەبونایە، گەمژەو نەزانیان نەخستایەتە جومگەکانی بەڕێوەبردنی کاری فکرو سیاسەت و رێکخراوەیی،  جاشیان نەکردایە بەباش و باشیش بەجاش... کورد توشی ئەو خود نەفرەتیە نەدەبوو، ئەو رقەی لەخۆی و نیشتیمان و مێژووەکەی نەدەبووەوه‌! تۆوی ئەو رقە بەپلان و پیلان لەناخی کوردا چێنرا .گەر وانەبا کەس زاتی ئەوەی نەدەکرد وەک نوێنەری هەڵبژێردراوی کورد دەنگ بەلاوازکردنی پێگەی هەرێم لەبەغدا بدات.
دەستوری عێراق لەوپەڕی هێزی کوردو لاوازی ئەوانیترا نوسراوەتەوە، ماف و ئیمتیازی زۆری بۆ گەلی کوردستان و ئەو پارێزگایانە دەستەبەر کردوە کە لە هەرێمێکدا، رێکخراون، مافی بڕیارو نوسینەوەی دەستوری تایبەت بەخۆیان، دروستکردنی هێزی نیشتیمانی تایبەت بۆ پارێزگاریکردن و فەرزیشی کردوە کە بەپێی سەرژمێری دانیشتوان میزانیەی تایبەت بەخۆی لەناوەندەوە بۆ دابینبکرێت . 
دەکرێت پابەندی دەستوری عێراق و دیدو روانینێکی جیاوازتر لەو پۆخڵەواتەی پارتی و یەکێتی ببین، ئاخر ئەوان گەر ئامانجیان دروستکردنی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز بوایە لەعێراقا ئەبوایە لای کەمی لەو سێ بەندە دەستوریە ( کە لەدەستی خۆیاندا بووە) یەکێکیان جێبەجێبکردایە.
جگەلەوەش دەستوری عێراق مافی داوە بەدانیشتوانی هەر پارێزگایەکی عێراق، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، کە بتوانن بەدەنگی زۆرینە هەرێمێکی سەربەخۆ بەهەمو ئیمتیازو مافە دەستورییەکانەوە دروستبکەن . ئێمە چەند هاوڕێیەک پرۆژەیەکمان بۆ (بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی) نوسی، کاری باشمان بۆ کرد، بەڵام دواجار بنکەو بارەگاکەیان بەتۆپزی پێچاینەوە، ئێمەش (لاحول و لا قوە) کارەکەمان لەبەغدا کەوتە نێو ململانێی هێزە عێراقییەکان و دیسانەوە یەکێتی و پارتییەوە. 
دەسەڵاتدارانی یەکێتی، هەرکات لەسەر پلەو پۆست و پارە لەگەڵ پارتی رێکنەکەون هەڕەشەی رێکكەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ بەغدا ئەکەن بەمەبەستی وەرگرتنی میزانیەی پارێزگای سلێمانی بەڵام هەرگیز جورئەتی باسکردنی هەرێمی سلێمانیان نیە چونکە لەبنەڕەتدا، کارەکەیان بۆ موزایەدەو بەدەستخستی ئیمتیازاتی زیاترە لە هەولێر، دەنا وەرگرتنی موچەی فەرمانەرانی پارێزگای سلێمانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکێتی و تەنانەت پارێزگارەکەشیەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوری نیە. ئەگەر راستدەکەن و لەخەمی غەدری پارێزگای سلێمانیدان با روون و ئاشکرا لە حکومەتی هەرێم بکشێنەوەو تەبەنی پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی بکەن کەهەمو رێکارێکی یاسایی خۆی بڕیوە و بەدەست نوێنەرەکانی پارتی و یەکێتیەوە لەبەغدا گیریخواردوە .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand