گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی توركیا (48) كاتژمێری ماوە

Draw Media

2023-05-26 15:02:47



درەو:
راپۆرتی: رۆیتەرز 

رۆژی یەك شەممەی داهاتوو(28)ئایار, هاوڵاتیانی توركیا لەگەڕی دووەمی  هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەنگدەدەن, بۆ یەكلایەكردنەوەی كێبڕكێی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ, ئەم راپۆرتە, زانیاری لەبارەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن و پرسە سەرەكیەكان لەخۆدەگرێت, وێڕای چۆنیەتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە (14)ی ئایاری رابردوو. 
درەو:

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی

هاوڵاتیانی توركیا سەرۆكێك هەڵدەبژێرن, كە ماوەی ویلایەتەكەی بۆ پێنج ساڵە, لەگەڕی یەكەمی دەنگدان كە لە (14)ی ئایار بەڕێوەچوو, ئەردۆغان(49.5٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, ئەوەش كەمێك كەمتربوو لەو زۆرینەیەی پێویستە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەچێتە خولی دووەم, لە پرۆسەیەكدا كە وا تەماشا دەكرێت راپرسیبێت لەسەر دەسەڵاتە پاوانخوازیەكەی ناوبراو.
كڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن كە شەش پارت لەخۆدەگرێت, (44.9٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) بە بەدەستهێنانی(5.2٪) دەنگەكان, پلەی سێیەمی بەدەستهێناو لەكێبڕكێكە دورخرایەوە. 
ئەنجامی هەڵبژاردنەكە, پێشبینی رێكخەرانی راپرسیەكانی توشی شڵەژان كرد, كە كڵیچدار ئۆغلۆیان كردبووە براوەی یەكەم. 

كاندیدەكان

سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان

دوای زیاتر لە (20)ساڵ لەگەیشتنی ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدان بۆ دەسەڵات, دەیەوێت ماوەی ویلایەتەكەی درێژبكاتەوە, كە دەبێتە یەكەم دەسەڵاتدار لەسەردەمی توركیا هاوچەرخدا, ماوەی دەسەڵاتەكەی هێندە درێژەی كێشابێت.
توانایەكی بەهێزی نواند لە(14)ی ئایاردا, كاتێك توانی دەنگدەرە موحافیزكارەكان كۆبكاتەوەو روبەڕوی پێشبینیەكانی ئاوابونی خۆری سیاسی ببێتەوە.
سەركەوتن دەبێتە هۆكاری چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەم رابەرە, كە توركیای گۆڕی, سەرلەنوێ‌ ئەو دەوڵەتە سیكۆلارە پێكدەهێنێتەوە كە (100) ساڵ لەمەوبەر دامەزرا, بۆ ئەوە هاوتەریبی تێڕوانینە ئاینیەكانی بێت و دەسەڵاتەكان لەدەستی خۆیدا كۆبكاتەوە, كە رەخنەگرەكانی بەڕۆیشتن بەرەو سەركوتكاریی دادەنێن. 
ئەردۆغان ئەم هەفتەیە پشتیوانی نەتەوەپەرستی توندڕەو سینان ئۆغانی بەدەستهێنا, ئەوەش ئاستەنگەكانی بەردەم كڵیچدار ئۆغلۆی سەختتركرد, كە لەگەڕی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردندا روبەڕی دەبێتەوە. 
لە دەنگدانی پەرلەماندا كە رۆژی (14)ی ئایار بەڕێوەچوو, پارتی دادو گەشەپێدان بە حەوت خاڵ پاشەكشێیكرد, كە ساڵی (2018) رێژەی (42.6٪) دەنگەكانی بەدەستهێنا, بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانێتیەكەی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا, ئەردۆغان داوا لەدەنگدەران دەكات پشتیوانی بكەن لەپێناو زامنكردنی سەقامگیری سیاسی.

كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ 

كڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی ئۆپۆزسیۆنەو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریە, كە مستەفا كەمال ئەتاتورك_دامەزرێنەری توركیای هاوچەرخ دروستیكردووە.
پرۆگرامێكی گشتگیری خستە بەردەم دەنگدەران و بەڵێنی سەرلەنوێ‌ بەدیموكراسیكردنی توركیایدا, بە گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی و سەربەخۆكردنی دەسەڵاتی دادوەری, كە رەخنەگرانی دەڵێن ئەردۆغان بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانی بەكاریهێناوە.
لەگەڵ ئەوەشدا, گوتارەكەی لە (14)ئایارەوە ئاراستەیەكی توندی وەرگرتووە, بەجۆرێك دەستی بۆ دەنگدەرە نەتەوەپەرستەكان درێژكردووە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەردۆغانداو, بەڵێنیداوە بەگێڕانەوەی ملیۆنەها پەنابەر. 
پارتەكانی لایەنگری كورد لەتوركیا, پشتیوانیان بۆ كڵیچدار ئۆغلۆ لەگەڕی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردندا دووپاتكردەوە, بەبێ‌ ناوهێنانی, ئەوەش دوای رۆژێك لەدەربڕینی توڕەییان لەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی سەركەوتنی راستڕەوی توندڕەو ئەنجامیدا, كە دژی كۆچبەرانن.
رۆژی چوارشەممە, ئومیت ئۆزداغ سەرۆكی پارتی (ZP) پشتیوانی پارتەكەی بۆ كڵیچدار ئۆغلۆ دەربڕی, كە رەنگە پاڵپشتیەك بێت بۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری, بۆ روبەڕوبونەوەی كاریگەری پشتیوانی سینان ئۆغان بۆ ئەردۆغان, پارتی(ZP) لە(2.2٪) دەنگەكانی لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا بەدەستهێناوە.

مەترسییەكان چین؟

پرۆسەی دەنگدان تەنها بڕیار لەسەر ئەوەنادات كێ‌ سەركردایەتی توركیا دەكات, كە دەوڵەتێكی ئەندامە لە ناتۆو ژمارەی دانیشتوانەكەی (85)ملیۆن كەسە, بەڵكو دەنگدانیشە لەسەر ئەوەی چۆن حوكم دەكرێت, ئابوریەكەی بەچ ئاڕاستەیەكدا دەڕوات, لەنێوەندی قەیرانی قوڵی گرانی بژێوی و شێوازی سیاسەتی دەرەكی.
ئەوانەی رەخنە لە ئەردۆغان دەگرن, دەڵێن: حكومەتەكەی دەمی ئۆپۆزسیۆنی گرتووەو مافەكانی زەوتكردون و دەسەڵاتی دادوەری خستووەتە ژێر هەژمونی خۆیەوە, بەرپرسانی توركیاش ئەو تۆمەتانە رەتدەكەنەوە.
ئابوری توركیا بوارێكی ترە كە سەرنجەكانی لەسەرە, ئابوریناسان دەڵێن:  سیاسەتە نا نەریتیەكانی ئەردۆغان, كە خۆی لە دابەزاندنی نرخی سوددا دەبینێتەوە, سەرەڕای بەرزبونەوەی نرخەكان, هۆكار بووە بۆ ئەوەی رێژەی هەڵئاوسان لەساڵی پاردا بۆ (85%) بەرزبێتەوەو لیرە بگاتە یەك لەسەر دەی بەهاكەی بەرامبەر بە دۆلار, لەماوەی دەیەی رابردوودا.
كڵیچدار بەڵێیندا بە گەڕانەوە بۆ سیاسەتێكی ئابوری كە زیاتر نەریتی بێت, لەگەڵ گێڕانەوەی سەربەخۆیی بۆ بانكی ناوەندی توركیا. 
لەكاروباری دەرەوەشدا, لەسایەی دەسەڵاتی ئەردۆغان, توركیا نمایشی هێزی سەربازی كردووە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەیدا, پەیوەندیەكی توندوتۆڵتری لەگەڵ روسیا دامەزراندووە, پەیوەندیەكانی لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاش بەشێوەیەكی بەرچاو ئاڵۆزبووە.
هەروەك توركیاو نەتەوەیەكگرتوەكان نێوەندگیریان كردووە لەنێوان مۆسكۆ و كیێڤ بۆ هەناردەكردنی گەنمی ئۆكرانیا, ئەردۆغان هەفتەی رابردوو درێژكردنەوەی رێككەوتنەكەی بۆ دوومانگی تر راگەیاند. 

راپرسی

زیاتر لە (64) ملیۆن هاوڵاتی توركیا مافی دەنگدانیان هەیەو نزیكەی (192000) ناوەندی دەنگدان هەیە, بە زیاتر لە (6)ملیۆن دەنگدەریش كە بۆ یەكەمجار لەهەڵبژاردنی (14)ی ئایار مافی دەنگدانیان هەبووە, لەگەڵ (3)ملیۆن و (400)هەزار دەنگدەری دەرەوە, كە لەنێوان (20 بۆ 24)ی ئایار دەنگیاندا. 
ناوەندەكانی دەنگدان لەتوركیا, رۆژی (28)مانگ لە كاتژمێر (8)ی بەیانی دەكرێنەوە, كاتژمێر (5)ئێوارە دادەخرێن, رۆژی هەڵبژاردن فرۆشتنی مادە كهولیەكان قەدەغە دەكرێت.
رێژەی بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی توركیا بەشێوەیەكی گشتی بەرزە, لە (14)ئایاردا, رێژەی بەشداری گەیشتە(87.04٪)ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە, بەرێژەی (88.9٪) لەناوخۆی توركیاو (49.4٪) لەدەرەوە.

ئەنجامەكان

بەگوێرەی رێساكانی هەڵبژاردن, بڵاوكردنەوەی هەواڵ و پێشبینیكردن و كۆمێنتدان لەبارەی هەڵبژاردن, قەدەغەكراوە تا كاتژمێر شەشی ئێوارە, دەزگاكانی راگەیاندن لەكاتژمێر (9)ی شەوەوە بۆیان هەیە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بڵاوبكەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا, دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا دەتوانێت رێگە بە میدیاكان بدات راپۆرت لەبارەی ئەنجامەكان بڵاوبكەنەوە لەكاتێكی زووتردا, زۆربەی كاتیش ئەمە دەكات.
پێدەچێت ئێوارەی یەك شەممە, ئەنجامەكان لەكاتێكی زووتردا دەربكەون بە بەراورد بە هەڵبژاردنی (14)ئایار, بە لەچاوگرتنی ئاسانی جیاكردنەوەی كارتەكانی دەنگدان.

سەرچاوە: رۆیتەرز

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand