لە تورکیا چی ڕوو دەدات؟

Draw Media

2023-05-13 08:42:31




سەروەت هەڵەبجەیی

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەموو هەوڵێکی لە پێناو سەرکەوتن یان خۆدزینەوە لە شکست لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەکار هێناوە. ڕکابەرەکان و نەیارانی ئەردۆغان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەگەر ناوبراو دۆڕاوی هەڵبژاردنەکان بێت، بە ڕێکاری نایاسایی و لە پێناو ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەنا بۆ توندووتیژی ببات. ئەمە بووەتە نیگەرانییەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە سەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا.
ئەردۆغان لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە چەندین ئامرازی بۆ سەرکەوتنی خۆی و پارتەکەی تاقیکردەوە، لە کردنەوەی پرۆژەکان و ئەوانەی کە بە ناو دەسکەوتی سەربازی ناوی بردوون، زیاترکردنی مووچە بە تایبەت مووچەی کرێکاران تا لێخۆشبوون لە قەرزە بانکییەکان. ئەمانەش ڕەنگە یارمەتیدەری ئەردۆغان و ئاکەپە نەبێت. ئەوەی کە لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا باس دەکرێت، سەرۆک کۆمار و تاقمە نزیکەکەی سەرقاڵی داڕشتنی پلانی جێگرەوەن تا لە ئەگەری دۆڕان و شکستی 14 ی ئایار، جێبەجێی بکەن، بە دیاریکراوی لە تورکیا باس لە ئەگەری توندووتیژی دەکرێت، بە تایبەت لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکان، لە بەر ئەوەی کە نەک تەنیا کێشە دەکەوێتە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەڵکوو هەوڵی چالاکوانانی مەدەنی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی تەندرووست لە ناو دەبرێت.
ئەگەر ئەردۆغان واز لە دەسەڵات نەهێنێت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ئەگەری شکستی خۆی، ڕەتبکاتەوە، ڕەنگە توندووتیژی تورکیا بگرێتەوە و دوو جەمسەری یار و نەیاری سەرۆک کۆمار لەم وڵاتەدا ببینرێت. ئەگەر سەیری وتار و لێدوانەکانی ئەردۆغان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە زمانی هەڕەشەکانی ناوبراو بەرامبەر بە نەیارانی توندتر بووە و ئەمەش وایکردووە کە مەترسییەک لە سەر ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات هەبێت.
لە تورکیا بە نیگەرانییەوە لە ڕۆژانی پاش هەڵبژاردنەکان دەڕوانرێت، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی 14 ی ئایار یان گەڕی دووەم کە دوو هەفتە پاشتر بەڕێوە دەچێت، سەرکەوتن بە دەست بێنێت، بەم لێدوانە توند و زمانی هەڕەشەی کاربەدەستانی باڵای حکومەتەوە، ئەگەری دەستاودەستنەکردنی دەسەڵات لە ئارادایە.
تاقمە نزیکەکەی ئەردۆغان بە تایبەت وەزیری ناوخۆی تورکیا بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ناوبراو شکست بێنێت وەک کودەتایەکی سیاسی دەبێت.
مەترسی توندووتیژی سیاسی لە تورکیا مێژوویەکی زۆری هەیە و ئەمەش وایکردووە کە بە نیگەرانییەوە لە دۆخی داهاتووی ئەم وڵاتە بڕوانرێت. ئێستا نیگەرانییەکان لەوەدایە کە ئەردۆغان تەنانەت ئەگەر ئاکەپەش لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە شکست بێنێت، دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بە دەستەوە نادات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand