کورسی سوڵتان

Draw Media

2023-05-12 12:09:33



 هاوڕێ تۆفیق

ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی تورکیا چارەنوسازە، بەڵکو دەتوانرێ بڵێین مێژووییە. هەر بۆیە کۆمەڵی تورکیا بە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوە ، لەم هەڵبژاردنەدا هەر یەکە لە هاوپەیمانی (ئیتیفاقی میللەت )بەسەرۆکایەتی (کەمال کلیجدار ئۆغلۆیە )پێکهاتوە لە بەرەیەکی تێکەڵاو لە عەلمانی و چەپ و کورد، بەرەی دووەم کە پێی دەڵێن ئیتیفاقی جمهوریی بەسەرۆکایەتی ئەردۆگانە .کە لە رووی فکریەوە بەرەیەکی راسترەوی میانرەوی ئیسلامین ئەمە جگە لەوەی مەهەپە وەکو گروپێکی نەتەوەیی راسترەو بەشدارن. هەر بۆیە لەسەر ئاستی دونیا هاوسۆزییەکانیش دابەشبوون .وەکو دیارە خۆرئاوا دڵخۆش دەبن بە دەرچونی کەمال ئۆغلۆ ،بە پێچەوانەوە روسیاو هەندێک وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێشوازی لەسەرکەوتنی ئەردۆگان دەکەن. 
گرنگترین خاڵی جیاوازی جەهەری کە نێوان هەردوو بەرەکە بەسەرۆکایەتی ئەردۆگان و کەمال ئۆغلۆ ئەمانەن:
١: کەمال ئۆغلۆ و هاوپەیمانەکانی سیستەمی سەرۆکایەتی کە لەساڵی ٢٠١٨ وە پەیرەو دەکرێ هەڵدەوەشێنەوە و جارێکی تر پەیرەوی سیستەمی پەرلەمانی دەکەنەوە.ئەمەش لە رێگای هەمواری دەستورییەوە دەیکەن.بەمەش چیتر سەرۆکی تورکیا راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێت .بەڵکو هاوشێوەی جاران هەموو دەسەڵاتەکان دەدرێتەوە بە سەرۆک وەزیران و پۆستی سەرۆک کۆماریش تەنها پۆستێکی تەشریفاتی دەبێت، جگەلەوەش سەرۆک کۆمار بۆ یەک خول دەتوانێ خۆی کاندید بکات و ماوەکەشی تەنها حەوت ساڵەو ئیتر ناتوانێ بۆ جاری دووەم خۆی کاندید بکاتەوە .هاوپەیمانی ئیتیفاق ئەم هەنگاوە بە کۆتایهێنان بە تاکرەویی و دەسەڵاتخوازی دەزانن.
٢: هاوپەیمانی ئیتیفاق جارێکی تر دەرگای داخراوی مەسەلەی بونی تورکیا بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەکەنەوەو پرۆسەی گفتوگۆ دەستپێدەکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیەدا تا رادەیەکی زۆر داخراوە. 
٣:دادگاکان سەربەخۆ دەکەن و زیندانیانی سیاسی ئازاد دەکەن ،لەسەروو هەمویانەوە سەرۆکی هەدەپەی جاران دەمیرتاش ئازاد دەکەن کە لەساڵی ٢٠١٦ وە بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ تیرۆر زیندانیکراوە.
٤: ئازادی رۆژنامەوانی و بیرورای ئازاد فەراهەم دەکەن و تاوانی ( ئیهانەکردنی سەرۆک) هەڵدەوەشێننەوە کە بە هۆیەوە دەیان رۆژنامەوان زیندانی کراون. 
٥: پاراستی مافی ژنان پەیرەو دەکەن و جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ واژوکردنی  رێکەوتنامەی ئیستانبوڵ بۆ بەرەنگاربونەی توندوتیژی دژی ژنان کە ئەردۆگان لەساڵی ٢٠٢١ لەم رێکەوتنە پاشەکشەی کرد.
٦: گەرانەوەی بەهای لیرەی تورکی ، بەمەش بازاری دارایی تورکیا جێگیردەبێت.هەرچەندە چاودێرانی دارایی پێیان پێیانوایە گەرانەوەی خێرای بەهای لیرە کەمێک ئەستەمەرووبدات.
٧: دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵی حکومەتی سوریی و گەرانەوەی ئاوارە سورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان.
٨ : بەرەی ئۆپۆزیسۆن هیچ بەرنامەو پرۆژەیەکیان بۆ کێشەی کورد نیە.
٩: ئەردۆگان و هاوپەیمانییەکەی سەرەوەری بریاری سەربەخۆی تورکی دەپارێزن و دەستبەرداری نابن و ناچنە ژێر هەژمونی هیچ وڵاتێکی زلهێز.
١٠: ئەردۆگان تارادەیەکی باش خزمەتگوزاری گشتی پێشکەشی ناوچە کوردییەکان کردوەو کارتی خزمەتگوزاری بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەرزکردۆتەوە جگە لە چەکی برایەتی ئاینیی.
١١.تارادەیەک هەندێک مافی سەرەتایی رۆشنبیریی و کلتوریی بۆ کورد مسۆگەرکردەو بەستەڵەکی گرێی زمانی کوردیی تواندۆتەوە.
١٢: ئیتیفاقیی جمهوریی گوتاری رەوشتی کۆمەڵ و خێزانی بەرزکردۆتەوەو ئەمەش زیاتر لە رووحی کۆمەڵی تورکیەوە نزیکە، وەکو ئاشکراشە لە ئێستادا کۆمەڵی تورکی نەریت پارێزترە لە جاران هەتاوەکو کاریگەریی کلتوریی کۆمەڵێکی کراوە لەژێر سێبەری فەرهەنگی ئەوروپیدا.

 کێ دەیباتەوە؟

وەڵامی ئەو پرسیارە لەلای گەلی تورکیایە، ئەنجامی راپرسیەکان لەبەرژەوەندی کەمال ئۆغلۆیە، بەڵام مەرج نیە هەموو کاتێک ئەنجامی دەنگدان هاوشێوەی پێشبینی و راپرسیەکان بێت ، ئەمە نەک هەر لە تورکیا ،بگرە لە هەموو دونیا ئەمە راستە ، کاتی خۆی راپرسیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا هەموو راپرسیەکان بردنەوەی هیلاری کلینتۆنیان مسۆگەر کردبوو. بەڵام ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی ترەمپ بون . پێشبینیکردنی ئەم هەڵبژاردنە ئاڵۆزبوە. بەڵام بە گوێرەی قانون لە تورکیا پێویستە کاندید زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بە پێچەوانەوە کاتێک هیچ کام لە کاندیدەکان ئەو رێژەیەی بەدەست نەهێنا. جارێکی بۆ خولی دووەم هەڵبژاردن دەکرێتەوە لە نێوان دوان لەو کاندیدانەی کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. یەکێک لە پێشبینیەکان بۆ هەڵبژاردنی تورکیا ئەوەیە کە لە خولی یەکەم هیچ کام لە کاندیدەکان نیوەی دەنگەکان بە دەست ناهێنێت، لەلایەکی تر کەمال ئوغلۆ بانگەشە دەکات کە ئەو هەر لە خولی یەکەم براوە دەبێت. بەڵام هەتاوەکو ئێستا ئەرۆدۆگان کاندێکی بەهێزە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand