"ئەردۆغان كورسی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پەرلەمانیش لەدەستدەدات"

Draw Media

2023-05-11 20:42:55



درەو:

بەپێی تازەترین ڕاپرسی, كە هەفتەیەك بەر لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی لەتوركیا ئەنجامدراوە, ئەردۆغان جەماوەری دابەزیوەو كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بەجیاوازیەكی زۆر لێیدەباتەوە, ئەگەریش هەیە لەخولی یەكەمدا هەڵبژاردن بەكلابێتەوە.
لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیش, هەرچەندە هاوپەیمانێتیەكەی ئەردۆغان (كۆمار) لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن (میللەت)ی دەباتەوە, بەڵام بەهۆی كورسیەكانی كوردەوە, زۆرینەی پەرلەمانیش لەدەستدات.

بەپێی تازەترین ڕوپێوی كۆمپانیای (KONDA)ی توركی. لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا:
•كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت (49.3%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.
•ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیی هاوپەیمانی كۆمار (43.7%)دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.
 ئەگەریش هەیە هەڵبژاردن لەخولی یەكەم یەكلابێتەوە.
پڕۆسەی گەڕان و ڕاپرسی كۆمپانیاكە, لەماوەی نێوان (6_7) ئەم مانگە ئەنجامدراوە, لەڕێی چاوپێكەوتنی روبەڕو لەگەڵ (3480)كەس لە (194)گەڕەك و لادێ‌ و (120) شارەدێ‌, بەناوەندی (35) پارێزگاشەوە.
بەگوێرەی ئەنجامی دواین ڕوپێو و ڕاپرسی كە كۆمپانیای (KONDA) بڵاویكردووەتەوە, سەبارەت بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هاوڵاتیان, لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا, كە بڕیاڕە ڕۆژی یەك شەممەی داهاتوو (14)ئایار بەڕێوەبچێت:   

•كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ (49.3%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.
•ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (43.7%) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.
•سەنان ئۆغان (4.8٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.
•موحرەم ئینجە (2.2٪) دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.(كشایەوە )

ئەم ئەنجامانە دوای دابەشكردنی ڕێژەیی (7.8٪) دەنگی ئەو كەسانە دێت كە هێشتا بڕیاریان نەداوە دەنگ بەكێ‌ دەدەن و (2.2٪) ئەو كەسانەی وتویانە بەشداری دەنگدان ناكەن.

كۆمپانیاكە ڕونیكردووەتەوە, ئەنجامی گەڕانەكەی لە (6_7)ی ئایاردا دەریخستووە, رەنگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بچێتە خولی دووەم.


دۆخی هاوپەیمانێتەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان

سەبارەت بە ئەنجامی هاوپەیمانێتیەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی توركیا, (11.5٪) دەنگەدران تائێستا خۆیان یەكلاینەكردووەتەوەو (2.2٪) دەنگدەرانیش وتویانە بەشداری پرۆسەی دەنگدان ناكەن.

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا بەمشێوەیەیە:

•هاوپەیمانی كۆمار, بەسەرۆكایەتی پارتی دادو گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی, نزیكەی (44%) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.
•لەو ڕێژەیە (35%)پارتی دادو گەشەپێدان بەدەستیدەهێنێت و (8%)یشی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی بەدەستی دەهێنێت.
•ڕێژەی دەنگی هاوپەیمانی میللەت, كە لەپارتی گەلی كۆماری و پێنچ پارتی تری ئۆپۆزسیۆن پێكدێت (39.9%)دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.
•پارتی گەلی كۆماری (27.3%)دەنگەكان و پارتەكانی تری هاوپەیمانێتەیەكە, (12.4%) بەدەستدەهێنێن. 
•هاوپەیمانی كارو ئازادی, كە پێكهاتوون لە پارتی چەپی سەوزو پارتی (TIP)  رێژەی(12.3٪) دەنگەكان بەدەستدەهێنێت.
بەگوێرەی ڕونكردنەوەكانی كۆمپانیای (KONDA), ئەو روداوانەی لە ماوەی نێوان (6_7)ئایارەوە تا رۆژی هەڵبژاردن رودەدەن, لەگەڵ گۆڕانكاریە ستراتیجیەكان لەهەڵژاردنی سەرۆكایەتی و ناوچە بومەلەرزە لێدراوەكان و رێژەی بەشداری دەنگەدرانی ناوخۆ و دەرەوەو, دابەشبونی دەنگدەران, رەنگە كارگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی (14)ی ئایار دروستبكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand