کاک مەسعودێکی جیاواز

Draw Media

2023-05-11 11:58:03



كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵڵا

لە وتارەکەی ئەمڕۆ لە کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی، کاک مەسعود جیاوازتربوو لە هەموو کاک مەسعودەکانی دوای 2015 کە بە نایاسایی دەیوست دوو ساڵی تر سەرۆکی هەرێمی کوردستانبێ. ئەم وتارەی بە دەرونێکی زۆر ئارامەوە کرد، پڕی بوو لەشانازیکردن بە سەرکەوتنی لە پڕۆسەی "هەموو شت بە بارزان و بارزانیکردنی کوردستان". هیچ هەڵچوونێکی تێدا نەبوو، هەروەها مەسەلەکانی بە دوای یەکدا ریز دەکردو هەڵەو تێکەڵکردنی تێدا نەبوو.

من زۆرجار بە دیقەتەوە گوێم لە وتارەکانی گرتووە، بەدەگمەن لە دوو هەزارو پانزەوە وتاری هەبووە کە توڕەیی و هەڵچوونی تێدا نەبووبێ. هەڕەشەو تێکەڵکردنی باسەکان یەکێک بووە لە تایبەتمەندییەکانی وتارەکانی کاک مەسعود.

بەپێی خوێدنەوەو ئەزموون و هەڵسەنگاندنی بنەماڵەی بارزانی، ئەو کاتانەی کە هەست بە شکان و دۆڕان دەکەن، ئامادەن هەموو ڕێگایەک.. بە زۆرخراپەکانیشەوە... بگرنەبەر بۆ دەربازبوون و پاشان تۆڵەکردنەوە لە نەیارەکانیان. بۆ نموونە بڕیاری دەرکردنی مەلا مستەفا لە پارتی لەلایەن مەکتەبی سیاسی لە ساڵی شەست و چوارو پاشان لە 31ی ئابدا.

ئەگەریش هەستیان بە سەرکەوتن کردبێ، ئامادەن دەست واڵابکەن بۆ سازش و بەخشینی لێبوردەیی بە بەرامبەرەکانیان.. بۆ نموونە لەدوای رێککەوتننامەی یانزەی ئازارو تێکەڵبوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی و پارتی. مەلا مستەفا نەرمییەکی چاوەڕواننەکراوی نیشاندا بۆ سەرکردەکانی ئەو باڵە. هەرچەندە درزو کەلێنەکە لەوە گەورەتربوو تەنیا بە سەرکردەکانی مەکتەبی سیاسی و مەلامستەفا پڕبکرێنەوە.

کورت و پوخت... بۆ ئەو سیاسییانەی کە دەیانەوێ کێبەرکێ و ململانێی سیاسی بکەن لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا، زۆر گرنگە ئێستا ئەو ئارامیی و هەستی شانازی بە سەرکەوتنانەی کاک مەسعود بقۆزنەوە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ناکۆکییە توندو هەرزەکارانەی دروستبووە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا. کاک مەسعود هان بدەن کە ببێتە میانگیرێکی گوێلێگیراو نەک تەرەفێکی ئەم هەلومەرجە ناسازو خراپە.

هەرچەندە بەهۆی ئەزمونەکانی پێشووی کاک مەسعودەوە زۆر کەس بێئومێدە لەوەی ببێتە میانگیرو کۆکەرەوەی هەمووان، بەڵام ئەم قۆناغە دەتوانێ شتێکی نوێ لە کاک مەسعودێکی خۆبەسەرکوتووزان بخوێنێتەوەو هانی بدەن دوور لە هەڵچوون سەرکردایەتیی ئەم قۆناغە شپرزەو لێکترازاوەی کوردستان بکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand