دیدگای نیشتمانیی!

Draw Media

2023-05-09 08:57:28



نووری بێخاڵی

کاتێک باس لە گرنگیی تەباییی پارتی و یەکێتی دەکەین، ئاگاداری ئەوەین کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو حزبە، بەر لەوەی بە قازانجی ئەوان بشکێتەوە، بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندیی ستاتووی هەرێمی کوردستان و ئاییندەی گەلی کوردستاندا تەواو دەبێت. 
باشبوون، یان باشترکردنی ئەو پەیوەندییەی نێوانیان، کە ئەرک و بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەخلاقیی سەر شانی ئەم دوو حزبەیە، لەسەر ئاستەکانی ناوخۆ و عێراق و نێودەوڵەتییش گرنگە. واتە هەر بۆ سەقامگیریی دۆخی سیاسیی ناوخۆ نا، بەڵکوو بۆ دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە گشتی و داهاتووی ئەم ئەزموونە و چارەنووسی گەلی کوردستان، هەروەها بۆ پێگە و قورسایی هەرێم لەناو عێراقدا، دواجاریش لە پەیوەست بە ڕوانگەی نێودەوڵەتیی بۆ بوونی هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو و ئارام و سەقامگیر، زۆر گرنگە. 
پێداگریی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەسەر پێویستیی ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەکێتی و سووربوونیان لەسەر ئەوەی، کە دەبێ هەردوو حزب بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، لەو هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە دەستووری و مێژوویی و نیشتمانییەی سەر شانیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بەرامبەر گەلی کوردستان هەیانە. هاوکات دەرەنجامی تێگەیشتنیانە لە قەبارەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی، کە ڕەنگە لە ئەگەری بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو حزبە و قووڵتربوونەوەیاندا، ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی ببنەوە.
لەم ڕوانگەیەوە، سەرگرتنی هەموو هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەکێتی، هەموو ئاساییبوونەوە و باشتربوونێکی پەیوەندییەکانی نێوانیان، هەموو هەنگاوێکیان بۆ بەیەکەوە کارکردن و گەڕانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، دواجار سەرکەوتنی ئەو گوتارە نیشتمانی و ئاشتیخوازانەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، کە بە درێژایی ماوەی ململانێکە، پشوودرێژ و ماندوویی نەناسانە، بە بۆنە و بە بێ بۆنە و لە شوێنکاتی جیاوازدا، جەختیان لەسەری دەکردەوە بەوەی "جگە لە پێکەوەیی و ڕێککەوتن و پێکهاتن، هیچ ڕێگایەکی تر لە بەردەم پارتی و یەکێتیدا نییە."
هەتا دێت ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە خێرا و خێراتر تێدەپەڕن، ڕووداوگەلێک کە هەست دەکرێت لەگەڵ خۆیاندا گۆڕانکاریی لە هاوکێشەی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا دێنن و گۆڕانکارییەک، کە وێدەچێت پارسەنگی تەرازووی هێز و هاوپەیمانییەتەکانی ناوچەکەش لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا بە ئاقارێکی دیکەدا بخات، کە ڕەنگە بۆ کورد جێی دڵخۆشیی و ئومێدبەخش نەبێت. بۆیە بچووکترین ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، بە زیانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و گەلی کوردستان دەبێ باجەکەی بدات.
ناکۆکی و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، جەبری مێژوو و قەدەرێکی داسەپاو نییە، تا بۆ هەمیشە بەرەوام بێت و نەتوانن خۆیان لەم تەل و تەلیسمە ڕابپکسێنن. ئەم دوو حزبە نابێ خۆیان لەبیر بچێتەوە، کە تا ئێستاش بەیەکەوە نوێنەرایەتیی دۆزی نەتەوە و نیشتمانێک دەکەن و پێویستە لە ئاست هەلگرتنی ئەم بەرپرسیارێتتیە نیشتمانی و نەتەوەییە و قوربانیدانی گەلی کوردستان و خوێنی شەهیداندا بن. لەوەش گرنگتر، دەبێ ئەو ڕاستییە لەبیر نەکەن کە "کوردستان هی هەمووانە و شوێنی هەمووانی تێدا دەبێتەوە – نێچیرڤان بارزانی".
دواجار، نیازپاکی و بوونی متمانە، مەرجی سەرەکیی سەرگرتنی هەموو هەوڵێکی ئاشتەوایین. کاتێکیش لایەنە ناکۆکەکان لە بورجی عاجی غرووری سیاسیی دێنە خوار و لە ئاست یەکتری بەدگومان نابن و دەستەبەرداری یەکتر نەخوێندنەوە دەبن، متمانە نەک هەر دروست دەبێت، بەڵکوو دەبێتە بەردی بناغەی دڵنیایی سیاسی و پاڵنەری بەیەکەوە کارکردن. خودی ئەم دڵنیایی و بەیەکەوەییەش، دەبنە هۆکاری بەرقەراربوونی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand