کەوتنی ئەردۆغان

Draw Media

2023-05-08 07:38:20



ئومێد قەرەداغی

لە دوای مستەفا کەمالەوە ، هیچ سەرۆکیکی تورکیا بەقەد ئەردۆغان مەترسی نەبوە لەسەر کورد، کەس بەقەد ئەو  پرۆژەی سرینەوەی کوردی نەبوە ، کەسیش وەک ئەو زیندانەکانی پڕ نەکردوە لە رۆژنامەنووس، لە سیاسەتمەداری نارازی ، لە ئەکادیمیست و هەڵسوراوی مەدەنی ،  لە مێژوی تورکیادا لە دوای مستەفا کەمالەوە کەس وەک ئەردۆغان نەیتوانیوە لە یەککاتدا سوپا و دادگا و میدیا و پەرلەمان و توانای ئابووری بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و هەموو ئەمانەش بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی رەهای  خۆی و دوژمنایەتی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازییەکەی  ئاراستە بکات، بۆیە کەوتنی ئەردۆغان گرنگترین دەستکەوتی ئەم قۆناغەیە، کەمال بێت یان جەمال  یان شەیتان، هەرگیز نیوەی ئەو دەسەڵاتەی نابێت ئەردۆغان هەیەتی ، هەرگیزیش نیوەی ئەو مەترسیەی نابێت کە ئەردۆغان لەسەر کورد هەیەتی
 کەوتنی ئەردۆغان کەوتنی یەکێک لە مەترسیدارترین دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتە ، ئەم پیاوە مەترسیدارە ، لە یەککاتدا یاری بە کارتی ئایین و نەتەوە و گەشەی ئابووری و جوڵاندنی یادەوەری رابردوو ئەکات ، لە مێژووی تورکیادا کەس وەک ئەردۆغان یاری بە شعوری  دینی نەکردوە ، رۆژێک    پەنجەی رابیعە بەرزئەکاتەوە ، رۆژێکی دیکە ئەیاسۆفیا ئەکات بە مزگەوت ، ساتێکی تر ئەردۆغان وەک فاشیستیکی نەتەوەیی  رەفتار ئەکات ، پەنجەی وەک هێمای گورگە بۆرەکان بەرز ئەکاتەوە ، یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت ئەکات بە دروشمی سەرەکی  دەوڵەت ، رۆژێکی دیکە  کەڵکەڵەی فروانخوازیی عوسمانی زیندوو ئەکات و و لە  یەکاتدا لە سوریا و عێراق و لیبیا و ئازەربایحان و قەتەر و زۆر شوینی دنیا هێزی هەیە و شەر ئەکات یان ئامادەیە بۆ شەر، رۆژێکی دیکە  سەرقاڵی بونیدنان و گەشەی ئابوورییە و پرۆژەی  ستراتیژی پرد و تونێل و رێگاو  پرۆژەی پیشەسازی قورسە ، بە بێ دوو دڵی هەموو ئەمانەش بۆ سەپاندنی دەسەلاتی خۆی و دوژمنایەتی کورد تەرخان ئەکات ، لەسەر ئەم رەفتارانەی  نزیکترین هاورێکانی خۆی بەجێیانهێشت ، عەبدوڵا گویل و  عەلی باباجان و  داود ئۆغلۆ و زۆری تر ،تەنانەت ئەردۆغان  دەیان هەزار لەو پیاوە ریشدار و ژنە باڵاپۆشە گولەنیانەی خستە زیندانەوە کە لەیەکەم سەنگەرەوە پشت و پەنای ئەردۆغان بوون بۆ گەیشتنی بەدەسەڵات
ئەم هەڵبژاردنە  روداوێکی گرنگە ،  کەوتنی ئەردۆغان سەردەمێکی زۆر تاریک کۆتایی دێت، هەرچەندە من باوەرم وایە ئەردۆغان  بێ کێشە دەسەڵات رادەست ناکات ، ئەو هەژموونی بەسەر هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا هەیە و ئەگەری زۆر هەیە دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکات ، بەڵام پێویستە بە  هەموو کوردێک ، هەموو ئازادیخوازێک بەشدار بێت بۆ کۆتایهێنان بە سەردەمی تاریکی ، سەردەمی ئەردۆغان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand