ئەردۆغان.. لەنێوان تۆپی پێی‌و ئاین‌و پرۆژە زەبەلاحەكاندا

Draw Media

2023-05-06 13:42:31



راپۆرت: فرانس پرێس
وەرگێڕانی: درەو

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ماوەی 20 ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە‌و جێ پەنجەیەكی قوڵی لەسەر وڵاتەكەی بەجێهێشتووە. 
خۆشتبوێت یان رقت لێی بێت، سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەگوێرەی دەستورێك كە سەرلەنوێ دایڕشتەوە بەجۆرێك لەگەڵ خۆیدا بگونجێت، بوو بە سەرۆك كۆمار  بەدەسەڵاتێكی زۆرەوە، چەندین جاریش هەڵبژێردرایەوە. ئەردۆغان چەندین رووی هەیە، ئەمە پێنج لە روخسارەكانیەتی:

-بیناكار-  
ئەردۆغان لە سەرانسەری توركیادا پردو رێگای خێراو فڕۆكەخانەی دروستكرد، وایكرد وڵات بە خێراییەكی زۆر بگاتە سەدەی بیست‌و یەك، لەماوەی 10 ساڵی یەكەمی حوكمڕانییەكەیدا بەشێوەیەكی ناوازە هانی گەشەی ئابوری دا، ئەمە بوو بەهۆی دەركەوتنی چینێكی ناوەندیی نوێ. 
زۆرێك لە پرۆژەكان رەنگدانەوەی ئارەزووەكانی سەرۆكە كە هاوپێچە بە پارانۆیا (جنون العظمة)‌و لەسەر گردێكی پڕ لە دارو درەختی پارێزراو لە ئەنكەرە، كۆشكێكی بۆ خۆی دروستكردووە كە زیاتر لە هەزار ژوور لەخۆدەگرێت، هەروەك سێیەم پردی بۆسفۆرو ئەو پرۆژەیەشی دروستكردووە كە لە ساڵی 2022وە گەرووی دەردەنیل دەبڕێت (4,6 كلم) كە درێژترین پردی هەڵواسراوە لە جیهاندا. 
ئەمە لەپاڵ مزگەوتی (كاملیكا)ی زەبەلاحدا لە ئیستانبوڵ (30 هەزار كورسی)‌و منارەیەك بە بەرزی (107 مەتر)، لەگەڵ سێیەمین فڕۆكەخانە لە شارەكەدا كە ساڵی 2018 كرایەوە، هەروەها هێڵی شەمەندەفەری خێرا‌و وێستگەكانی وزەی كارۆئاویی‌و گەرمیی‌و یەكەم وێستگەی وزەی ئەتۆمیش لەم هەفتەیەدا كرایەوە. 
هەروەك "پرۆژەی شێتانە" هەیە بەپێی دەربڕینی ئەردۆغان بۆ كەناڵی ئیستانبوڵ (بە درێژاریی 45 كیلۆمەتر‌و پانیی 275 مەتر) كە دەیەوێت هاوتای تەنگەی بۆسفۆر لەنێوان دەریای مەرمەڕەو دەریای رەشدا، تێیپەڕێنێت، بەڵام رووبەڕووی كەمی بودجە دەبێتەوە. 

-    یاریزانی تۆپی پێ- 
لە گەڕەكی بەناوبانگی (كاسیم پاشا) لە ئیستانبوڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی لاو بۆ ئەوەی خۆی لە فشارە سەختەكانی خۆپەروەردەكردنی رزگار بكات، لە تۆپێكی هەڵدەدا كە لە پەڕۆو كاغەز دروستكرابوو، ئەمە بەگوێرەی چیرۆكێكی باو. 
لە تەمەنی هەرزەكاریدا باڵابەرزەكەی (1,85 مەتر) وایكرد لای یانەكانی گەڕەكەكە وەكو یاریزانێكی هێرشبەر خواستراو بێت، ئەمە بەرلەوەی ئۆفەری یانە پیشەگەرەكانی پێبگات لەنێویاندا یانەی فەنەرباخچەی بەناوبانگ لە ئیستانبوڵ. بەڵام باوكی كۆنەپارێزی كە دەریاوانێكی دەریای رەش بوو، ناچاریكرد درێژە بە وانە ئاینییەكانی بدات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە نابەدڵی وازی لە تۆپی پێ هێنا، بەڵام هەر لە نزیك یاریگاكان مایەوەو لەگەڵ یاریزانە بەناوبانگەكانی توركیا دەردەكەوت. لە ساڵی 2014دا كەسە نزیكەكانی پارتی دادو گەشەپێدان (ئیسلامی كۆنەپارێز) یانەی "باشاك شەهیر"یان كڕی كە نوێترین یانە بوو لە ئیستانبوڵ، ئەم یانەیە لە ساڵی 2020دا بۆ یەكەمجار نازناوی خولی سۆپەر لیگی بردەوە. 

-    ئاینیی- 
باوكی رەجەب تەیب حەزی لەوە بوو كوڕەكەی ببێت بە ئیمام. لە توركیای عەلمانیدا كە مستەفا كەمال ئەتاتورك دایمەزراندووە، ئەم گەنجە ناوی خۆی لە یەكەمین خوێندنگە ئاینییە گشتییەكاندا تۆمار كرد كە خوێندنی قورئانیان لەگەڵ بابەتە عەلمانییەكاندا تێكەڵ كردبوو. 
خوێندنی لە خوێندنگەی بانگخوازان تاڕادەیەكی زۆر یارمەتیدەر بوو لە دەركەوتنیدا. بە وێنەی پارتەكەی (دادو گەشەپێدان)، ئیسلام بوو بە توخمێكی كۆكەرەوەی دەنگدەرەكانی. 
ئەردۆغان لە وێنەی بانگخوازێكدا بۆ تەقوا و، بەرگریكار لە خێزان، كە وای دەبینی لە بەرەدەم هەڕەشەی بزوتنەوە فیمینیست‌و هاوڕەگەزخوازەكاندایە، دەستی پێكرد، كاتێكیش وەكو سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا (1994- 1998) فرۆشتنی كحولی  (مەی) سنوردار كرد.  
ئەردۆغان ستایشی بەهاكانی دایكایەتی دەركرد‌و رێگەی بەوەدا ژنان لە زانكۆو لە كاروباری گشتیدا باڵاپۆشی بكەن. 
لە ساڵی 2020دا كاتدراڵی (ئایا سۆفیا)ی پێشوو هەروەها كڵێسای پێشووی مەسیحی فریادڕەس (خورا)ی لە ئیستانبوڵ كرد بە دوو مزگەوت. 

- وتارخوێن-
رەجەب تەیب ئەردۆغان سودی بینی لە شارەزایی لە وتاردان بۆ خەڵك‌و دەركەوتن لە تەلەفزیۆنەكاندا، پێدەچێت توانیبێتی رۆژانە نزیكەی 8 كۆبونەوە بكات، ئەوكات وتاری دەدا ئامادەبوانی دەجوڵاند، منداڵانی ماچ دەكرد‌و پیرەژنەكانی لەئامێز دەگرت. 
لەناو ئەو پۆپۆلیزمەدا كە پاڵی پێوەنا بەرەو سەركەوتن، موچەی خانەنشینی زیادكردو، گەیشتە ئاستی ئەوەی بلیتی گەشتكردن بەسەر منداڵاندا دابەش بكات. 
دەزگا راگەیاندنە باڵادەستەكان ئەوانەی سەربە حكومەت بوون، هەموو وتارەكانی ئەویان بەشێوەی راستەوخۆ پەخش دەكرد. 

-سەربە كێشە- 
سەرۆكی توركیا دەیزانی چۆن سود لە هەڵكەوتەی ناوازەی توركیا وەربگرێت كە لەنێوان ئەوروپاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵكەوتووە‌و پاسەوانی كەنارەكانی باشوری دەریای رەشە لە دەرگاكانی بەلقانەوە. 
لە سەرەتای لەشكركێشی روسیاوە بۆسەر ئۆكراینا، ئەردۆغان توانی پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی بكات لەگەڵ هەردوو لایەتی شەڕكەر بەبێ ئەوەی پاڵپشتی ڤلادیمیر پۆتینی هاوتا روسییەكەی لەدەستبدات كە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی توركیا لەڕووی وزەوە پشتی پێدەبەستێت، هەروەها بەبێ وروژاندنی توڕەیی هاوپەیمانەكانی لە پەیمانی باكوری ئەتڵەسی. 
بەڵام لەبەرامبەردا لە پەیوەندییەكی ئاڵۆزدیە لەگەڵ زۆربەی دراوسێكانیدا: لە سوریاوە بە سەرۆكایەتی بەشار ئەسەد بۆ میسر بە سەرۆكایەتی عەبدولفەتاح سیسی، لە یۆنانەوە بۆ عێراق‌و ئیسرائیل‌و وڵاتانی كەنداو.. ئەمەش لە سوربونییەوە بۆ ئایندە، لەماوەی 18 مانگی رابردوودا هەوڵێكی گەورەیدا بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی لەگەڵ زۆربەیاندا. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand