قەیرانی ئابووری و بوومەلەرزە  ئەنجامی هەڵبژاردنەكان یەكلادەكەنەوە

Draw Media

2023-05-06 09:54:31



(درەو):
قەیرانی دارایی و بومەلەرزەكەی توركیا ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلا دەكەنەوە، بەپێی دوایین راپرسی كلیچدار ئۆغڵو (47.3%) و ئەردۆغان (42.1%)ە.
بەپێی دوایین راپرسی كە لەلایەن كۆمپانیای توێژینەوەی (ئاكسۆی) لە 1ی ئایاری 2023 بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە كە كەمال كلیچدارئۆغڵو كاندیدی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی نەتەوەیی بە 5.2 خاڵ لە پێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی گەلەوەیە (47.3%) و ئەردۆغان (42.1%) .
🔹لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا لە 14ی ئایاردا، ئەگەر و كاریگەرییەكانی هەڵبژاردنەكان لە چاپەمەنییەكانی جیهاندا لێكدانەوەی بۆ دەكرێت:
ئاژانسی هەواڵی ئەی پی، لە شیكارییەكدا بەناونیشانی "ئەردۆغان روبەڕووی هەڵبژاردنێكی قورس دەبێتەوە لەگەڵ كارەساتی بوومەلەرزە و بەردەوامبوونی هەڵاوسان"، باس لەوە دەكات كە "سەركردایەتی ئەردۆغان، كە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی ساڵی 1999ی مەرمەرە و قەیرانی ئابووری هێنرایە سەر دەسەڵات، ئایندەی سیاسی لە مەترسیدایە چونكە بارودۆخەكە هاوشێوەی 20 ساڵ لەمەو پێشە و قەیرانەكان بەردەوامن.
بەگوێرەی راپۆرتی دەنگی ئەمریكا بە زمانی توركی، شارەزایان هۆشدارییان داوە لەوەی كە نابێت ئەردۆغان بە كەم سەیر بكرێت، سەرەڕای تووڕەیی لە سەرۆك ئەردۆغان بەهۆی وەڵامدانەوەی ناتەواو بۆ بوومەلەرزەكانی ٦ی شوبات كە سەنتەری مەراش بوو، هێشتا لە نێو دەنگدەرانی موحافیزكار و چینی ناوەڕاستدا كە هەوادار و لایەنگری هەیە.
 سابیت چەلیك، كاسبكارێكە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئەی پی وتی، لە توركیا قەیرانی ئابووری هەیە، ناتوانین نكۆڵی لەوە بكەین، بەڵێ ئەم قەیرانە ئابوورییە كاریگەری زۆری لەسەر ئێمە هەبووە بەڵام هێشتا پێموانییە جگە لە ئەردۆغان كەسی تر چاكی بكاتەوە. 
دەنگدەرێكی دیكەی ئەستەنبوڵ، مستەفا ئاغائۆغڵو، كە پشتیوانی ئەردۆغان دەكات، وتی، “كاتێك ئێمە وڵاتێك بووین كە تەنانەت دەرزیشمان بەرهەم نەهێنا، ئێستا فڕۆكەی جەنگی، ڕێگاوبان، پرد، نەخۆشخانەی شارمان هەیە.
ڕۆژنامەی WSJ بە ئاماژەدان بەوەی كە بوومەلەرزەكەی مەراش كە لە 6ی شوبات ڕوویدا و زیاتر لە 50 هەزار كەس تێیدا گیانیان لەدەستدا، سەختترین كارەسات بوو كە توركیا لە سەدەی ڕابردوودا روبەڕووی بووەتەوە، ڕۆژنامەی WSJ ڕایگەیاندووە كە كاریگەریی بوومەلەرزەكان رۆڵێكی گرنگی لە هەڵبژاردنی 14ی ئایاردا دەبێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، حكومەت بانگەوازی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی رەتكردووەتەوە بۆ دانانی سندوقی دەنگدان لە ناوچە دوورەدەستەكان بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەكان.
وەهاپ سێچەر، سەرۆكی شارەوانیی شارەوانیی مێرسین ، دەڵێت: “زۆرێك لە قوربانیانی بوومەلەرزە ناتوانن دەنگ بدەن، چونكە یان دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ئەو ناوچانە نییە كە تێیدا دەژین یان ئەوان لە ڕووی دەروونییەوە ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ زێدی وێرانبووی خۆیان”. 
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست نووسیویەتی، ئەو هەڵبژاردنانەی بڕیارە لە 14ی ئایاردا لە توركیا بەڕێوەبچێت، لە هەموو جیهاندا بە وردی چاودێری دەكرێت، ئەنجامەكانیش كاریگەرییان دەبێت لەسەر ململانێكانی سوریا و ئۆكرانیا، لەگەڵ پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریكا.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست هاوشێوەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بە چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ دەنگدەران كردووە، ئەو دەنگدەرانەی گلەیییان لە سنوورداركردنی ئازادییەكان و دیموكراسی و لێشاوی پەنابەران و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و زیادبوونی كردەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەبوو، دەیانگوت دەبێت ئەردۆغان تێكبشكێنرێت.
دویگو چەلیكی تەمەن 44 ساڵ كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا پاڵپشتی ئەردۆغانی كرد بەڵام رایگەیاندووە لەم هەڵبژاردنەدا موحەرەم ئینجەی پێ باشترە، هەشت مانگ لەمەوبەر ژنی ماڵەوە بووە، بەڵام بەهۆی هەڵاوسانی زۆرەوە دەستی بە كاری پاككردنەوە كردووە بۆ ئەوەی داهاتی زیاتر بەدەستبهێنێت.
 هاتیس ئۆزەیدین، تەمەن ٦٨ ساڵ، گلەیی لە گرانی كردووە بەڵام ئە هۆكاری دابەزینی گەشەی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان نازانێت.
نوری بۆرا دەمیر، تەمەن 28 ساڵ، دەڵێت، تەنها بیری لە گۆڕانكارییە نەرێنییەكانی ئاستی ژیان كردووەتەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەكاتێكدا كەسانی وەك ئەو پلانی جەژنیان دانابوو، ئێستا هیچ هێزێكی ئابوورییان نییە بۆ كڕینی هیچ شتێك.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand