چی دەگۆڕێت لەتوركیا ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لەهەڵبژاردنەكاندا بیباتەوە؟

Draw Media

2023-04-30 18:19:25



 

درەو:

گەڕانەوە بۆ گەمەی دیموكراسی

"كۆمارەكەمان دەبێتە دیموكراسی", كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆكایەتی وادەڵێت,  دەیەوێت كۆتایی بە"سیستمی تاكە كەسی بهێنێت", ئەمە دەستەواژەیەكە بەردەوام دووبارەی دەكاتەوە, بۆ سەرزەنشتكردنی كۆكردنەوەی تەواوی دەسەڵاتەكان لەدەستی سەرۆك ئەردۆغاندا. 
لەپرۆگرامە(240)لاپەڕەیەكەیدا, هاوپەیمانی میللەت كە شەش پارت لەخۆ دەگرێت, بەڵێنیداوە دەستبەرداری سیستمی سەرۆكایەتی ببێت, كە لەساڵی (2018)وە پیادە دەكرێت و توركیا بگێڕێتەوە بۆ جیاكردنەوەی توندی دەسەڵاتەكان, لەگەڵ "دەسەڵاتێكی جێبەجێكردن" كە لێپرسینەوەی لێبكرێت لەبەرامبەر بڕیاڕەكانی.
ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی, كە لەوێوە دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەسپێرێت بەسەرۆك وەزیرانی هەڵبژێردراو, سەرۆك وەزیران تەنها بۆ یەك ولایەت هەڵدەبژێرێت كە ماوەكەی (7)ساڵ دەبێت.  
برتێل ئودر مامۆستای یاسای دەستوری لەزانكۆی كوش لە ئەستەنبوڵ دەڵێت:" گۆڕینی سیستم ئاسان نابێت, بەهۆی ئەو ڕێژە بەرزە پەرلەمانیەی پێویستیەتی (سێ‌ لەسەرپێنجی دەنگی پەرلەمانتارانی پێویستە) بۆ پێداچونەوە دەستوریەكان.

ئازادیەكان

ئۆپۆزسیۆن بەڵێندەدات بە"دادگایەكی پاك و بێگەرد"و ئازادكردنی بەشێكی زۆری زیندانیان لەنێویاندا خاوەنكارێكی ناسراو بە چالاكیە خێرخوازیەكانی, كە بەزیندانی هەتاهەتایی سزادراوە.
قڵیچدار ئۆغلۆ جەختدەكات, كە سەڵاحەدین دەمیرتاش كەسایەتی سەرەكی لەپارتی دیموكراتی گەلانی لایەنگری كوردەكان و دوژمنی سەرسەختی ئەردۆغان ئازاد دەكات. كە لەساڵی (2016)وە لەزیندانە بەتۆمەتی"بانگەشەی تیرۆرستی". 
هاوپەیمانی میللەت پارتی "باش" لەخۆدەگرێت, كە ڕێكخراوێكی نەتەوەپەرستی فرە جەماوەرە, هیچ پێشنیازێكی بەرجەستەی بۆ چارەسەری كێشەی كورد پێشكەش نەكردووە. 
ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت ئازادی ڕادەڕبڕین و ئازادی ڕۆژنامەوانی زیندووبكاتەوە, سەرۆكەكەی دەیەوێت بەتاوانناساندی "ئیهانەی سەرۆك"هەڵبوەشێنێتەوە, كە وایكردووە دەنگە ناڕازییەكان بخنكێنرێن و بەڵێنی بە توركەكان داوە بەوەی دەتوانن بەشێوەیەكی ئاسایی "ڕەخنە لەسەرۆك بگرن".  

بەرگریكردن لە"هەموو ژنان" و ناسنامەكان

كمال قڵیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری"سیكۆلار" دەیەوێت بەیاسا زامنی باڵاپۆشی بكات, بە ئامانجی دڵنیاكردنەوەی ئەو ژنە دەنگدەر محافزكارانەی ترسیان هەیە پارتەكەی دژایەتی باڵاپۆشی بكات, كە بە مێژووی خۆی واناسراوە, بەوەش ئەو دەستكەوتە لەدەست بدەن كە لەسایەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بەدەستیانهێناوە. 
دەشڵێت:"بەرگری لەمافی تەواوی ژنان"دەكەین, بەڵێنیشدەدات ڕێز لە"بیروباوەڕو ستایلی ژیان و ناسنامەی تاكەكان بگرێت" بەپێچەوانەی ئەردۆغان كە زۆرینەی كات هاوڕەگەزخوازەكان و ئەوانەی ڕەگەزیان گۆڕیوە بە "لادەر" وەسفدەكات.  
كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ خوازیارە توركیا بگێڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەستەنبوڵ, كە لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكات توندوتیژی دژی ژنان بەكاردەهێنن, كە ئەنقەرە لەساڵی (2021)وە لێی كشاوەتەوە.

ئابوری: گەڕانەوە بۆ سیستمی نەریتی  

ئۆپۆزسیۆن بەڵێندەدات بەدابڕان لە سیاسەتی ئەردۆغان, كە بەپێچەوانەی هەموو بیردۆزە ئابوریە نەرێتیەكان, بەنیازە درێژە بدات كە بەكەمكردنەوەی ڕێژەی سود, سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان (50%) تێپەڕاندووە.  
هاوپەیمانی میللەت جەخت دەكات لەوەی, هەڵئاوسان دەگێڕێتەوە بۆ "خوار ڕێژەی (10%)لەماوەی دووساڵدا"و "متمانە بۆ لیرەی توركی دەگێڕێتەوە" دوای ئەوەی لەماوەی پێنج ساڵدا نزیكەی (80%)بەهاكەی بەرامبەر بەدۆلار لەدەستداوە.
بەڵام ئەرداڵ یاڵچین, مامۆستای ئابوری نێودەوڵەتی لەزانكۆی كۆنستانس(ئەڵمانیا) دەڵێت:"براوەی هەڵبژاردن هەر كەسێك بێت, پێناچێت ئابوری توركیا بەخێرایی باشببێتەوە".

دیپلۆماسیەتیەكی لەسەرخۆ

ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بگات بە"ئەندامبونی تەواوەتی لەیەكێتی ئەوروپا" وەك ئەوەی ئەحمەد ئۆنال چفیكوز ڕاوێژكاری تایبەتی كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ دەڵێت, بەڵام دیپلۆماتكاران و چاودێران پێشبینی ناكەن هیچ پێشكەوتنێك لەمەودای نزیك و مامناوەند لەو بوارەدا بەدیبێت.
ئەنقەرە, لەساڵی (2016)وە پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ مۆسكۆ دروستكردووە, ئەوەش هاوپەیمانەكانی لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی نیگەران كردووە, بۆ ڕێككردنەوەی ئەمە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت بۆ جەختكردنەوە لەپێگەی توركیا لەناو هاوپەیمانی باكور لەگەڵ پاراستنی "گفتوگۆیەكی هاوسەنگ"  لەگەڵ ڕوسیا, لەو بڕوایەشدایە كە دەتوانێت هاوكاربێت لەكۆتایهێنان بەجەنگ لەئۆكرانیا.
بەڵام وەك چفیكوز دەڵێت: ئەولەویەت بۆ سەرلەنوێ‌ دروستكردنەوەی پەیوەندیەكانە لەگەڵ سوریا, ئەو ئاشتبونەوەش بەگرنگ دەزانێت لەپێناو گێڕانەوەی (3)ملیۆن و(700)هەزار پەنابەری سوری كە لەتوركیا نیشتەجێن"لەسەر خواستی خۆیان"و لەماوەی كەمتر لەدوو ساڵدا, ئەوەش بەڵێنێكە بەرگریكارانی لەمافەكانی مرۆڤ نیگەران كردووە.

سەرچاوە: euronews

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand