هەڵبژاردنەکانی تورکیا.. کورد، ئەردۆگان و کلکچدار ئۆغڵو!

Draw Media

2023-04-28 13:13:19



شوان سدیق- خوێندکاری زانستەسیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئیتاڵیا

هەڵبژاردنە گشتییەکانی خولی 28ی پەرلەمانی تورکیاو سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕۆژی 14ی مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێ.
 + ژمارەی دەنگدەران 64 ملیۆن و 133 هەزار کەسن.
+ ژمارەی پارت و لیستەکان 24 بۆ پەرلەمان.
+ ژمارەی کاندیدان بۆ سەرکۆمار 4 کەسن.
هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمجارەیان سیستەمەکە پەرلەمانی و سەرۆکایەتییە واتە دەنگدەر دەتوانن کاندیدی سەرۆکایەتیش هەڵبژێرن. ڕکابەری سەرۆکایەتی زیاتر لەنێوان دوو کارەکتەردایە، رەجەب تەیب ئەردۆگان 69 ساڵان و سەرۆکی گشتیی جەهەپە کەمال کلکچدار ئۆغڵو 74 ساڵان.
هەردوولا دوو بەرەی جیاواز دوو ئاراستەی جیاوازن.
یەکەم ئەردۆگان ئیسلامییەو لەگەڵ سیستەمی سەرۆکایەتییە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەت و ئیدارەدانی وڵات.
دووەم: کەمال ئیسلامی نییە بەکەسێکی عەلمانی ناسراوەو لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.
ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی وڵات لەڕوانگەی دوو جەمسەری جیاواز وڵاتانی ڕۆژئاوایش چاودێری هەڵبژاردنی تورکیا دەکەن، چونکە تورکیا هەم وەکو وڵاتێکی گەورەی ناوچەکەو هاوسنووریان و کاندید بۆ ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.
بێگومان تورکیا بەلای ڕۆژئاوا بەتایبەتی گرنگە، لە چەند ساڵی رابردووی دەسەڵاتی ئەردۆگان ڕووبەڕووی ڕەخنە بووه‌وەو شەقامی ئەوروپا پشتیوانی تورکیای نەکردوە، ئەردۆگانیان بەکەسێکی باش وێنا نەکردوە، بەڵام وڵاتە ئەوروپیەکان لەسەر ئاستی دەوڵەت مامەڵەی سیاسی و ئابوری و چەکیان لەگەڵ کردوە.

کوردو بانگەشەی هەڵبژادن
هەردوو ڕکابەری سەرەکی باسی کورد ناکەن، هۆکاری باسنەکردنیش بۆ ئەوەیە بەزیانیان نەشکێتەوە بۆ هەڵبژاردنەکان. بۆنموونە کڵچدارئۆغڵو لەبانگەشەی ڕۆژانی ڕابردوو بەشێوەیەکی گشتگیر قسەی کردو گوتی "نەک تەنها لە هۆڵی دادگادا، بەڵکو لە کێڵگە، کارگەو هەموو شوێنێکدا داوای دادپەروەریی دەکەن، هیچ جیاکارییەک ناکەین و جیاکاری بوونی نییە. مرۆڤ مرۆڤەو جێگەی سەر سەرمانە. خزمەتی هەموو کەسێک دەکەین".
کوردەکانیش دابەشبوون بەسەر سێ بەش.
+ بەشی یەکەم، لەگەڵ هەدەپەدان.
+ بەشی دووەم. لەنێو پارتەکەی ئەردۆگانن و بەناوی ئاکپارتی ئیسلامی کاردەکەن.
+ بەشێکی دیکەیان لەنێو پارتی ئیسلامین و هاوپەیمانی ئەردۆگانن.
سەبارەت بە پشتیوانی زۆرینەی کورد لە کاندیدانی سەرکۆمار ڕۆژی هەینی 28ی نیسان میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە ئاشکرای کردوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت دەکەن، چونکە ئەوان کاندیدی سەرۆکایەتیان نابێ. ئامانجی هەدەپەو هاوپەیمانە چەپەکانی ئەوەیە به‌شداربن لە کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی تاکە کەسی لە رێگەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوەیە، لەلایەک ئەردۆغان بەربژێری هاوپەیمانیی جمهور هەیە کە دەیەوێ دەسەڵات لە تورکیا بکاتە هەمیشەیی.
بەپێی دواین بانگەشەی هەڵبژاردن، رکابەری سەرەکی ئەردۆگان، بەناوی کەمال کڵچدارئۆغڵو بەڵێنی گۆڕینی سیستەمە سیاسییه‌کەی لەتورکیا داوە بۆ پەرلەمانی. دیارە ئامانجی سەرەکی ئێستای هەدەپە کە پشتیوانی کەمال دەکەن، بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاکە کەسی ئەردۆگان. هەدەپە تەنیا پشتیوانی خۆیان بۆ کلکچدار ئۆغلو دەربڕیوە، بەڵام هێشتا دیارنییە چۆن کار دەکەن پێکەوە لە پەرلەمان. چونکە سەرەتا ئامانجی سەرەکیان گۆڕینی سیستەمەکەیە بۆ پەرلەمانی و لاوازکردنی پێگەی سەرۆکایەتی!
سەبارەت بەماف و داخوازیەکانی کورد لە تورکیا تائێستە هیچکام لە کاندیدەکان باسیان نەکردوە. لەبانگەشەی هەڵبژاردن. کوردیش وەکو خۆی ئێستە سەرقاڵی ئەوەیە چۆن تورکیا لە سەرۆکایەتییەوە بگۆڕدرێ بۆ پەرلەمانی. چونکە پێیانوایە سیستەمی پەرلەمانی گونجاوترەو کورد باشتر دەتوانێ داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات.
لە تورکیا دوو جۆر ململانێ هەبووە، سیاسی هەروەها شەڕی عەسکەرو پەکەکە، پاش باڵادەستبوونی ئاکپارتی و هەوڵی کودەتای سەربازی بەسەر ئەردۆگاندا. ئەردۆگان، هەستا بەگۆڕینی دەسەڵاتی عەسکەر لەتورکیاو تەواوی دەسەڵاتەکانی عەسکەرو میتی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و کەسانی باوەڕپێکراوی وەکو خولوسی ئاکار بە وەزیری وەزیری بەرگریی و هاکان فیدان، وەکو سەرۆکی دەزگای هەواڵگری/میتی تورکیا دامەزراند.
ئەردۆگان مەترسی میت و عەسکەری لەپێگەی خۆی دوورخستەوە، ساڵانێکیشە شەڕی پەکەکەی کردوە، کەم تازۆر توانیویەتی دەسەڵاتی پەکەکە لەسنوری باکوری کوردستان/تورکیا لاواز بکات.

کەوتنی ئەردۆگان و سیناریۆکان
ئێستە ئەردۆگان بەراورد بەسەرۆکانی دیکەی تورکیا بەهێزترین سەرۆکەو پێگەی خۆی لە تورکیا قایمکردوە، بەڕێگەی هێزو هەواڵگری و جەماوەریش ماوەتەوە سەر سندوقی هەڵبژاردنەکان. ئایا زۆرینە مسۆگەر دەکات یان دەکەوێ؟! ئەگەر ئەردۆگان بکەوێ و سیستەمەکە ببێتەوە پەرلەمانی ئەدی دارودەستەی عەسکەرو میت زوو دەگۆڕدرێن؟ ئەمە ئاسان نابێ! بێگومان شەڕی عەسکەرو پەکه‌کە هەر دەمێنێ تاکو قۆناغێکی دیکە، چونکە پەکەکەیش بەئاسانی ناچێتە ژێرباری سیاسەت و ڕێکكەوتنی پەرلەمانی تەنانەت پەکەکە وەکو پێویست گوێ بەسیاسەتی هەدەپەیش نادات.

پەکەکە لەکاتی بومەرزەکەی تورکیاوە تائێستە تاکلایەنانە دووجار ئاگربەستی راگەیاندوە، بەڵام دەسەڵاتی تورکیا هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە، تەنانەت تورکە دەسەڵاتدارەکان گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی بەدوور دەزانن. بەپێچەوانەوە ئۆپۆزیسیۆن لە ئێستەدا چارەسەرکردنی کێشەکان بەگرنگ دەزانن، دیار نییە دوای هەڵبژاردن ئەوانیش هەڵوێستیان چی دەبێ ئەگەر هاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام پێگەی هەدەپە بەهێز دەبێ لەپەرلەمان بەتایبەتیش دەسەڵاتەکە بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی و بەئاسانی هیچ لایەنێک ناتوانێ ڕۆڵی کورد لە داهاتووی کاری پەرلەمانی داهاتووی تورکیا نادیدە بگرێ!!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand