جیاوازییە نەتەوەییەكان لە نێوان كلیچدار ئۆغڵو و ئەردۆغاندا

Draw Media

2023-04-26 20:21:50



درەو:

ڕاپۆرتی: Middle East Institute

قڵیچدار ئۆغلۆ قەدەغەكراوەكان لەتوركیا تێكدەشكێنێت, بەدەنگی بەرز دەڵێت: "من عەلەویم", ڤیدیۆكەی لەماوەیەكی كورتدا (100)ملیۆن بینەری بووە, زۆرینە ستایشی كردوەو بەهەنگاوێكی گرنگی زانیوە بۆ تێپەڕاندنی جیاوازیەكان, بەدوایدا ڤیدیۆیەكی ئازایانەتری بڵاوكردووەتەوەو تیادا وتویەتی: مەكەونە دوای بانگەشەكانی ئەردۆغان كوردەكان "تیرۆرست"نین خوشك و براتانن, ئامێزیان بۆ بكەنەوە. 


هەڵمەتەكەی قڵیچدار ئۆغلۆ سەرنج ڕاكێش بووە

كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ, كاندیدی سەرۆكایەتی ئۆپۆزسیۆن هەفتەی ڕابردوو قەدەغەكراوەكانی تێكشكاند, لەڕێی قسەكردنی بەشێوەیەكی ئاشكرا لەڤیدیۆیەكی نوێی هەڵمەتی هەڵبژاردندا, كاتێك وتی ئەو كەسێكی عەلەویە, عەلەویەكان ئەو موسڵمانە سەرەتاییەن كە چەندین سەدە لەلایەن زۆرینەی سوننەی ئەو وڵاتەوە سەركوتكراون و ناچاركراون ناسنامەكەیان بشارنەوە.
سەرۆك ڕەجەب تەیب ئەردۆغان, پێشتر عەلەویەكانی تۆمەتباركرد بە داهێنانی "ئاینێكی نوێ‌" لەوەشدا خودی قڵیچدار ئۆغلۆی كردە ئامانج, بەڵام سەرەڕای فشارەكان بۆ كەمكردنەوەی لەبایەخی ڕەچەڵەكە ئاینیەكەی, كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن عەلەویبونی نەشاردەوە, بەڵام زۆر بەدەگمەن بەشێوەیەكی ئاشكرا قسەی لەبارەوە كردووە. 
لەو ڤیدیۆیەی كە بەم دواییە بڵاوكرایەوە, قڵیچدار ئۆغلۆ قسەكانی  ئاڕاستەی گەنجەكان بوو, داوای لێكردن شانازی بە ناسنامەكەیانەوە بكەن, بەڵام دەبێت تێیپەڕێنن لەپێناو بنیادنانی وڵاتێك كە شانازی بكات بە سەركەوتنەكان و بەدیهێنانی خەونە هاوبەشەكان, نەك ناكۆكی و دابەشبونەوەكان.  
ڤیدیۆكە لەلایەن (100)ملیۆن هاوڵاتیەوە بینرا, ستایشێكی زۆری ئەوانەی بەدەستهێناوە كە بینویانە, وەك پەیامێكی یەكڕیزی كە وڵات زۆر پێویستی پێیەتی لێكدانەوەیان بۆ كردووە كە لەئێستادا ڕوبەڕوی دابەشبونێكی توند بووەتەوە, حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش ستایشی ڤیدیۆكەیان كردووە, بە حزبی سەعادەتی ئیسلامیشەوە. 
دوای ماوەیەكی كورت لەبڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە,  قڵیچدار ئۆغلۆ گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئازایانەی تری بڵاوكردەوە, تیایدا ڕەخنەی توندی لەئەردۆغان كرد كە كوردانی توركیا بە "تیرۆرست" پۆلێن دەكات لەپێناو زامنكردنی دەنگی نەتەوەپەرستەكان, قڵیچدار ئۆغلۆ داوای لەگەلی تورك كرد "نەكەونە داوی بانگەشەكانی ئەردۆغان"و, پێویستە خوشك و برا كوردەكان لەئامێز بگیرێن.
داواكاری تێپەڕاندنی جیاوازیە ڕەگەزی و ئاینی و ڕۆشنبیریەكان و گرنگیدان بە بەبنیادنانی ئایندەیەكی دیموكراسی گەشەسەندوو بۆ توركیا, بە بەشێكی گەورە لەهەڵمەتەكەی قڵیچدار ئۆغلۆ دادەنرێت , كە چارەسەری بەرجەستە بۆ كێشە ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانی وڵات دەستبەردەكات.

ئەردۆغان بەناوی پەراوێزخراوەكانەوە هات بەڵام لەبیریكردن 

ئەردۆغان بەناوی هاوڵاتیە پەراوێزخراوەكانەوە گەیشتە دەسەڵات, بەڵام دوای دوو دەیە لەدەسەڵات, پێدەچێت كێشەكانی ڕۆژانەی خەڵكی لەیادكردبێت, ئەردۆغان و بەرپرسانی تری پارتی دادوگەشەپێدان گاڵتەیان بە ڤیدیۆیەكی قڵیچدار ئۆغلۆ كرد كە تیایدا ڕەخنەی لەبەرزبونەوەی نرخی مادە خۆراكیەكان گرتبوو لەڕێی بەرزكردنەوەی پیازێكەوە, كە بووەتە هێمایەكی دیاری بەرزبونەوەی نرخی مادە خۆراكیەكان. 
جێگری سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدان گاڵتەی بە ئۆپۆزسیۆن كرد بەهۆی ئەوەی بەردەوام بایەخ بەنرخی پیاز دەدات, دەڵێت:" ئێمە قسە لەسەر TOGG " دەكەین, كە یەكەم ئۆتۆمبیلی كارەباییە لەتوركیا دروست دەكرێت, بەڵام "ئەوان باسی پیاز دەكەن".
گرنگیدانی بەردەوامی ئۆپۆزسیۆن بە دۆخی خراپی ئابوری, ئەردۆغانی ناچار كرد بەڵێنی كەمكردنەوەی نرخی غازی سروشتی بدات بۆ ماڵان بۆ ماوەی یەك ساڵ و مانگی داهاتووش بەخۆڕایی بێت, ئەوەش هاوشانی كۆمەڵێك هاوكاری تری پێش هەڵبژاردنە, بەزیادكردنی لایەنی كەمی كرێ و قەرزی پشتیوانیكراو خانەنشینی پێشوەختەی ملیۆنان كەس.
پێدەچێت ئەم جوڵانە جەماوەری زیادبكات, بەڵام بەدەستهێنانی دەنگی پێویستی بۆ زامن ناكات بۆ سەركەوتن بەسەر ڕكابەرەكەیدا لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی, بۆیە ئەردۆغان پەنای بردووە بۆ باشترین ڕێگا, كە زیادكردنی ئاستی پشێویە لەڕێی دابەشكردنی وڵات لەسەربنەمای ڕەگەزو تائیفەو كلتورەوە.

ئەردۆغان ئاڵۆزیەكان توندەكاتەوە  

دوای ماوەیەكی كورت لەبڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەی "عەلەوی" قڵیچدار ئۆغلۆ, ئەردۆغان لەیەكەم ڕۆژی پشوی جەژنی ڕەمەزان لەیەكێك لەمزگەوتەكانەوە هێرشێكی توندی كردو, بەساختە بانگەشەی ئەوەیكرد كە ئۆپۆزسیۆن بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ئاینی (ئاینەكان) دادەخات ئەگەر بگاتە دەسەڵات.
داوای لەئامادەبوان كرد كە بەدەنگی بەرز ئیدانەی ئەو هەنگاوەی ئۆپۆزسیۆنیان دەكرد, هەنگاوی زیاتر لە هاواری ئیدانە كردن بنێنن بۆ "كوشتنی سیاسی" ئەوانەی پشتیوانی "تیرۆرستان"دەكەن, لەهەمان ڕۆژدا, قڵیچدار ئۆغلۆ سێ‌ جار لەهەرێمی ئەدیامانی باشوری خۆرهەڵات كرایە ئامانج.
دوای ماوەیەكی كورت لەهێرشی میدیای بەهۆی ناسنامە عەلویەكەی, كەژاوەكەی ڕوبەڕوی پەلاماردانی جەستەی بوەوە لەلایەن لایەنگرانی پارتی دادو گەشەپێدانەوە, كە ئەوەش مەترسی ئەوەی زیاتر كردووە, ئەردۆغان هەوڵی نانەوەی پشێوی زیاتر بدات, بەتایبەت ئەگەر هەڵبژاردن بچێتە خولی دووەم.

بڕیارێكی كتوپڕ لەئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەوە

وەك زانراوە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن وەڵامی داواكاریەكانی ئەردۆغان دەداتەوە, لەیەكێك لەدیارترین جوڵە ئاشكراكانیدا, لەڕۆژی ڕاپرسیە جێی مشتومڕەكە (گۆڕینی سیسمی پەرلەمانیی بۆ سەرۆكایەتی) كە دەسەڵاتی فراوانی دا بە ئەردۆغان لەساڵی (2017)دا, ئەنجومەنی باڵا لەساتەكانی كۆتایدا ڕایگەیاند, ئەو كارتی دەنگدانانەی مۆری پێوە نیە ئەگەر نەسەلمێت ساختەن بەدەنگی دروست ئەژمار دەكرێن, ئەوەش پرسیاری زۆری لەسەر پاكی پرۆسەی دەنگدان دروستكرد.
لەهەفتەی ڕابردودا, حزبی گەنجانی كوردستانی بیرۆكەیەكی جێی مشتومڕی پێشنیازكرد, كە مەترسی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی زیاتر كرد, پارتی گەلی كۆماری (CHP)و پارتی باش(İyi)ڕێككەوتون لەسەر پشتیوانیكردنی كاندیدەكانی یەكتر بۆ پەرلەمان لە (16) ناوچە, بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە, لە (9)ناوچە, پارتی گەلی كۆماری كاندیدەكانی خستووەتە پێشەوەی لیستەكە, لەكاتێكدا نوێنەرەكانی پارتی باش لەناوچەكانی تر لەپێشەوەی لیستەكەدان.
یاسای هەڵبژاردن لەتوركیا ڕێگەدەدات بە حزبەكان لیستی هاوبەشیان هەبێت و لەو ڕێگەیەوە دەنگی زیاتر بەدەستبهێنن, بۆ بێبەشكردنی پارتی گەلی كۆماری و پارتی باش لەمە, پارتی دادو گەشەپێدان داوایكردووە دەنگەگانی ئەو حزبانە بەشێوەیەكی سەربەخۆ ئەژماربكرێن و ناوی ئەو هاوپەیمانێتیە (میللەت) لەپرۆسەی هەڵبژاردن بسڕدرێتەوە كە كۆیكردونەتەوە.
ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی پەرلەمانتارانی پارتی گەلی كۆماری ناڕەزایی دەرببڕن و ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن تۆمەتبار بكەن بەوەی ڕێساكان لەبەرژەوەندی حزبی دەسەڵاتدار دەنوسێتەوە, بەڵام لەپێشهاتێكی كتوپڕدا, ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن داواكەی پارتی دادو گەشەپێدانی ڕەتكردەوە. 
لێكەوتەكانی بڕیاڕەكەی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن تەنها بۆ ئاسۆی پەرلەمانیی پارتی گەلی كۆماری و پارتی باش لەو (16)ناوچەیە گرنگ نییە, بەڵكو گوزارشتە لەوەی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن دووجار بیردەكاتەوە پێشئەوەی لەجوڵەیەكەوە بگلێت كە وادەربكەوێت لەبەرژەوەندی پارتی دادو گەشەپێدانە, بەتایبەت ئەو كاتانەی كە دەكەونە پێش و دوای هەڵبژاردنەكان.
ئەوە تاكە نیشانەی بیرۆكراسیەتی توركی نیە, لەمانگی كانونی دووەمیشدا دادگای دەستوری ڕێگری لەپارتی دیموكراتی گەلان كرد سود لەپشتیوانی دارایی حكومی تەرخانكراو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بگرێت, بەهۆی بانگەشەكانی بوونی پەیوەندی بەو گروپە چەكدارانەی هێرشیان لەتوركیا ئەنجامداوە.
بەڵام مانگی ڕابردوو, دادگا بڕیاڕەكەی ڕەتكردەوە, سەرەڕای ناڕەزایەتیەكانی ئەردۆغان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand