راگرتنی نەوت؛ ترلیۆنێك دینار زیانی هەبووە

Draw Media

2023-04-24 16:11:35




(درەو):
ماوەی (30) رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، ئەمە (ترلیۆنێك) دینار زیانی لە داهاتی هەرێم داوە.
بەپێی نوسراوی رەسمی بەڕێوەبەری نوسینگەی باركردنی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهانی توركیا، لە كاتژمێر (12:35) خولەكی رۆژی 25/3/2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهانی توركیا راگیراوە.
نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستانە، بەجۆرێك رێژەی (77%)ی كۆی گشتی داهاتەكانی بەردەستی حكومەت پێكدەهێنێت. 
ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا (82) دۆلارە، بەپێی دواین راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت)، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (19) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان فرۆشتووە، واتا هەرێم هەر بەرمیلێكی نەوتەكەی بە (63) دۆلار دەفرۆشێت.
ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە بە تێكڕا (400) هەزار بەرمیل نەوتی بەو نرخە بۆ ئەژمار بكرێت، ئەوا زیانی كۆی داهاتی (30) رۆژی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهاكەی دەبێت بە (756 ملیۆن) دۆلار، واتا بەنرخی ئەمڕۆی دۆلار لە بازاڕی كوردستان نزیكەی (ترلیۆنێك‌و 81 ملیار) دینار. 
راوەستانی هەناردەی نەوت وایكردووە، ئێستا حكومەتی هەرێم تەنیا یەك سەرچاوەی داهاتی بەدەستەوە ماوە، كە ئەویش داهاتی ناوخۆیە‌و مانگانە نزیكەی (200 بۆ 250 ملیار) دینارە، ئەمە لەپاڵ ئەو بڕە پارەی كە هاوپەیمانان وەكو یارمەتی بە وەزارەتی پێشمەرگەی دەدەن كە مانگانە بڕەكەی نزیكەی (20 ملیۆن) دۆلارە.
ئەم دۆخە لە كاتێكدایە هێشتا حكومەت موچەی مانگی نیسانی موچەخۆرانی دابەش نەكردووە‌و وەزارەتی دارایی هەرێم چاوەڕوانی گەڕانەوەی داهاتی ناوخۆو قسەی حكومەتی عێراق دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا دەتوانێت خەرجی موچە دابین بكات یان نا. 
حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵی عێراق رێككەوتنیان كردووە لەسەر ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە، بەڵام هێشتا حكومەتی توركیا ئامادە نییە هەناردە دەستپێبكاتەوە.
بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە بڕیارەكەیدا سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، توركیای پابەند كردووە بەوەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بە حكومەتی عێراق بداتەوە، دەسەڵاتدارانی توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكەنەوە تاوەكو عێراق بابەتی قەرەبووەكە بەلایەكدا دەخات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا رەجەب تەیب ئەردۆغان مانگی داهاتوو دەچێتە ناو هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازی سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانییەوە‌و نایەوێت ئەم بابەتە لەلایەن نەیارە سیاسییەكانییەوە لەدژی بەكاربهێنرێت. 
ئەم دۆخە كۆمپانیاكانی بواری وەبەرهێنان‌و كەشتییەكانی كڕینی نەوتی هەرێمی كوردستانیان نیگەران كردووە‌و نازانن چارەنوسیان چی بەسەردێت. 
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (بلۆمبێرگ)ی ئەمریكی، ئەو بارهەڵگرانەی نەوتی خاوی كوردستانیان دەگواستەوە، دوای مانگێگ چاوەڕوانی بێزاربوون‌و بە بەتاڵی ئاوەكانی نزیك وێستگەی هێڵی بۆرییەكانی توركیایان بەجێهێشتووە. 
بلۆمبێرگ دەڵێ" ئەمە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بەمزوانە دەستپێناكاتەوە، بەهۆی چارەسەرەكردنی كێشەكان لەنێوان حكومەتە پەیوەندیدارەكان".
"پێنج بارهەڵگری گواستنەوەی نەوت لەنزیك بەندەری جەیهانی توركی لەچاوەڕوانیدابوون، هەردوو كەشتی (Neverland and Amax Anthem) لەپشووەكانی كۆتایی هەفتە بەبێ‌ هەڵگرتنی نەوتی خاو ناوچەكەیان بەجێهێشتووە" ئاژانسە ئەمریكییەكە وای نوسیوە.    
"تائێستا سێ‌ بارهەڵگری كرێ بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی كوردستان لەنزیك بەندەرەكە چاوەڕوانیدەكەن.. ئەو پێنج بارهەڵگرە بۆ گواستنەوەی نزیكەی (4)ملیۆن بەرمیل نەوت بەكارهێنراون". 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand